نووسەرێک لەگەڵ خواردنەوەدا وەک دوانە وا بوون

ئامادەکردن و وەرگێرانی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

هیچ ناڕەوا نییە ئەگەر بڵێین ئێدگار ئاڵن پۆ موعتاد بووە بە خواردنەوە، چونکە ژیانی ئێدگار زنجیرەیەکی درێژە لە مەستبوون و سەرخۆشی.

 ئەم داهێنەرە مەزنەی دونیای ئەدەبی ئەمریکی زۆر زوو لەمنداڵییەوە(لە دوو ساڵییەوە) هەتیو دەکەوێت و خێزانێکی بورژوازی لە شاری ڕیچمۆند لە ویلایەتی ڤێرجینیا هەڵی دەگرنەوە.

لەبەر ئەوەی ئەو خێزانە نەیانتوانی بەجوانی پەروەردەی بکەن و بەخێوی بکەن، ململانێ و کێشمەکێش دەکەوێتە نێوانیان.

ئێدگار ئالن پۆ سه‌ده‌یه‌ک پێش سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی ژیا.

 “هه‌شتا ساڵ دواتر له‌ وتارێکی پرسیار وروژێنه‌ری د.ه.لۆرانس سه‌باره‌ت به‌ نووسه‌رانی ئه‌مریکای ڕێنیسانس، ستایش کرا.

دوورترین شێتگیریی له‌ مۆدێرنیزم یان داهاتووگه‌رایی(ئاینده‌خوازی) فه‌ره‌نسی تا ئێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و جێگایه‌ی که‌ پۆ و مێڵڤیڵ و هاوسۆرن ، وایتمان پێیگه‌یشتن.” (١)

 بەم شێوەیە فلیپ هۆر دەیەوێ جێگا و شوێنی ئێدگار لە بزووتنەوەی ئەدەبی ئەمریکی و جیهانی دەستنیشان بکات.

بەڵام ئێدگار کێ بوو کە سوریالییەکان کرد لەڕادەبەدەر ڕێزیان لێدەگرت؟

 پیته‌ر ئه‌کرۆید له‌ دوایین چاپته‌ری کتێبه‌که‌ی سه‌باره‌ت به‌ ژیانی شاعیر و نووسه‌ر ئێدگار ئاڵن پۆ ئاماژه‌ی پێده‌کات کە “ئێدگار ئالن پۆ کاریگه‌رییه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌سه‌ر کۆتایی سه‌ده‌ی نۆزده‌ و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م هه‌بووه‌، له‌ بۆدلێر و ‌ڕه‌مزگه‌رایییه‌وه‌ تا کۆنان دۆیڵ و  چیرۆکی پۆلیسی،له‌ ڕۆمانی خه‌یاڵی زانستییه‌وه‌ تا فه‌لسه‌فه‌ی نیتشه‌.(٢)

بەڵام ئێدگار بەر لەوەی ببێتە ئەو دەنگ و سیمبوڵەی ئەدەبی ئەمریکی، باری نالەباری ژیانی کۆمەڵایەتی وای لێدەکات هەر زوو لەتەمەنی حەڤدە ساڵییەوە تێکەڵ بە دونیای سەرخۆشبوون و خواردنەوە و ئەلکهول ببێت.

ئەم نووسەرە مەزنە،ئەم ڕابەرەی بزووتنەوەی ئەدەبی ڕۆمانسی ئەمریکی، ئێدگاری شاعیر و چیرۆکنووس و ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگر لە نۆزدەی کانوونی دووەمی ساڵی ١٨٠٩ لە شاری بۆستن لە ویلایەتی ماساجۆستیس لە ئەمریکا لەدایک بووە.

ئێدگار دووەم منداڵی دایک و باوکێکی هونەرمەند بوو کە خەریکی کاری نواندن بوون.

ئێدگار بە ڕەچەڵەک ئێرلەندییە و باپیری لە ئێرلەنداوە لە دەوروبەری ساڵی ١٧٥٠ هاتۆتە ئەمریکا.

باوکی ئێدگار(دەیڤد پۆ) کە کهولی بووە و ئەویش بێ خواردنەوە نەیتوانیوە هەڵبکا، لە ساڵی ١٨١٠ پشت لە ماڵ و منداڵ دەکات و جێیان دەهێڵی و ناگەڕێتەوە.

ئەم سەفەرەی باوکی ئێدگار ئاماژە و نیشانەی داڕووخانی خێزانەکەی بوو.

دایکیشی (ئیلیزابیس پۆ) بۆ ساڵی دواتر لە تەمەنی بیست و چوار ساڵیدا کۆچی دوایی دەکات.

ئەم منداڵە هەتیوە کاتێ دەکەوێتە لای ئەو خێزانە بورژوازییەی ویلایەتی ڤیرجینیا،کە ئێدگار پێیوابوو هەرگیز بە فەرمی و یاسایی هەڵنەگیراوەتەوە.

لەسەردەمی منداڵیدا ئاسایی دەژین و دواتر کاتی هەراش دەبێ، کێشەی نێوانیان دەست پێدەکات.

ئێدگار لە تەمەنی حەڤدە ساڵی لەگەڵ عەشیقەکەی (سارا ئێلمیرا ڕۆیستەر) ئەڵقە دەگۆڕنەوە بەڵام هەرگیز هاوسەرگیری ناکەن، دواتر دەچێتە زانکۆی ڤیرجینیا و دوای خوێندنی یەک کۆرس ناتوانێ درێژە بە خوێندنەکەی بدات لەبەر بێ پارەیی و دواتر ڕوونی دەکەینەوە کە ئەم بێپارەییە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە.

ئێدگار ئاڵن پۆ لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا بەهۆی تەزویرکردنی تەمەنییەوە دەبێتە سەرباز و لەبەندەری بۆستن لەڕیزەکانی هێزەکانی سەربازی ئەمریکا خزمەت دەکات مانگی بە پێنج دۆلار.

هەمان ساڵ واتە ساڵی ١٨٢٧ کۆمەڵە شیعرێکی چل لاپەڕەیی بڵاو دەکاتەوە و دوو ساڵ دواتر کۆمەڵە شیعرێکی تر چاپ دەکات.

ساڵی ١٨٣١ سێیەم کۆشیعری چاپ دەکات بەناوی (شیعرەکان). 

لە تەمەنی بیست و چوار ساڵی کورتەچیرۆک دەنووسێت و دواتریش وەک ڕەخنەگری ئەدەبی دەست بەکار دەبێت.

ساڵی ١٨٣٣ بەهۆی کورتە چیرۆکەکانییەوە خەڵات دەکرێ.

ل ەژیانی کۆمەڵایەتیشدا لە تەمەنی بیست و حەوت ساڵیدا، پۆ کچه‌ ئامۆزای خۆی “ڤرجینیا ئیلزا کلییم” ده‌بینێ و خۆشی ده‌وێت که‌ ئه‌وکات ته‌مه‌نی ته‌نها سیانزه‌ ساڵان بوو.

زۆر کەس پێیان وابوو پەیوەندی خۆشەویستی نێوان ئێدگار و ڤرجینیا وەک پەیوەندی نێوان خوشک و  برا وا بوو، بەڵام لەڕاستیشدا ئێدگار چەندین شیعری خۆشەویستی بۆ ڤرجینیا نووسیوە و خۆشەویستی خۆی نیشان داوە.

تا قەدەر وا لە ئێدگار ئاڵن پۆ دەکات ڤیرجینیا و خۆشەویستی ڤیرجینیا بەهۆی نەخۆشی هەوکردنی سییەکان لە دەست بدات و لەکانوونی دووەمی ساڵی١٨٤٧ ڤرجینیا دەمرێت.

لێرەوە خەم و ئازارێکی زۆر ڕوو لە ژیانی ئێدگار دەکات ئەمەش بەرەو خواردنەوەیەکی زۆر پاڵی پێوە دەنێت.

ئێدگار ئاڵن پۆ لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا لە زانکۆی ڤیرجینیا وەردەگیرێ و پارەی خوێندنی ئەو چوار ساڵەی زانکۆی لە قومار دەدۆڕێنێت و تەنانەت نزیکەی دوو هەزار و پێنجسەد دۆلاری ئەوکات قەرزاری قومارخانەکان دەبێت.

ئەم خووە بە قومار ئێدگار بەرەو خواردنەوە پەل کێش دەکات و تەناتەت بەپێێ ڕاپۆرتی سیستەمی قوتابخانەکەی ئێدگار بە سەرخۆشی دەچێتە پۆلەوە و تاقیکردنەوە دەدات.

سەیر لەوەش دایە ئێدگار بەرزترین نمرە لە تاقیکردنەوەکان دێنێت و دەبێتە قوتابی نموونەیی قوتابخانەکەی لە زیرەکیدا.(٣)

خواردنەوەی ئەلکهول و ئیدمان بوون بە خواردنەوە هەڵگری مانای کۆمەڵایەتی جیاواز بووە و ئەمەش وا دەکات کە ژیانی ئێدگاری هەمیشە سەرخۆش وا ببینین کە خۆش و ڕێک نەبووە لەلایەک و لەلایەکی ترەوە وەک نووسەرێک نیشانی دەەدا کە ئایا شیعر و چیرۆکەکانی ڕەنگدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆی بوونە یان نا.

بەڵام دەبێ لەوە دەڵنیا بین کە هیچ بەرهەمێکی ئەدەبی ئێدگار لەژێر کاریگەری خواردنەوەوە نەنووسراون.

چونکە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر تێروانێنێک سەبارەت بە خواردنەوەی ئەلکهول ئەم نووسەرە مەزنە دەبێ وریا بین چونکە دوژمنانی ئێدگار و ئەوانەی چاویان بە داهێنانەکانیان هەڵنەدەهات خواردنەوەیان وەک سەرچاوەی نەخۆشییەکانی لەقەڵەم دەدا.(٤)

بەڵام ئەمە ئەوە ناگەێنێ کە خواردنەوە و ئیدمان بە خواردنەوە کاریگەری نەبووبێت بەسەر باری تەندروستی ئەم نووسەرە.

تێکەڵییەکی زەرد و کەفچڕم بۆ تێکە

من دەمەوێ پەرداخێ تر بخۆمەوە

وەکو پیاهەڵگەڕانی بینینێکی سەیر

لە مێشکی مندا

جوانترن بیر و سەیرترین خەیاڵ

لەدایک دەبێ و دەکوژێتەوە

چ گوێم لە کاتە

ئەمڕۆ بیرە دەخۆمەوە.(٥)

ئێدگار ئاڵن پۆ زیاد لە سنووری خۆی دەیخواردەوە تەنانەت دوای ئەوەی پەیمانی ئەوەش بەخۆی دەدا کە خۆی لە خواردنەوە بەدوور بگرێت.

باوک و برای ئیدگاریش بەردەوام دەیانخواردەوە.

ئێدگار لە نامەیەکیدا بۆ جان ئاڵن دەنووسێ” هێنری برای بە تەواوەتی تەسلیمی خواردنەوە بووە و لەتوانایدا نییە هیج کۆمەکییەک بە خۆی بکات”(٦)

ئێدگار گەلێجار بەڵێنی داوە کە ئیتر تەواو خواردنەوە بەسە بەڵام بێکەڵک بووە.

ساڵی ١٨٤١ هەندێ دۆکیمێنت لەسەر پەیوەندی نێوان ئێدگار و خواردنەوە هەن.

هۆکارەکانی ئیدمانی بوونی ئێدگار بە خواردنەوە پێدەچێت ئەمانە بەشێکی بن وەک ئەندامانی خێزان و هاوپۆلەکانی قوتابخانەیی و خەفەت و ئەو کارەساتانەی کە بەسەریدا هاتوون.

یەکەمجار ئێدگار لە ساڵی ١٨٢٦ لە تەمەنی حەڤدە ساڵان وەختی دەچێتە زانکۆی ڤیرجینیا لە دەرەوەی کاریگەری و کۆنتڕۆڵی دایک و باوک دەست بە خواردنەوە دەکات،کە ئەو کات زۆربەی گەنجەکان دەستیان دەکرد بە خواردنەوە و قومار و شەڕە دەمانچە.

یەکێک لە هاوپٶلەکانی ئێدگار ئاوا باسی ئێدگار دەکات” یەک پەرداخی پڕ بە ئاو و شەکر بە یەک بین دەخواردەوە”.(٧)

 ئیدگار دوای وازهێنانی لە زانکۆ جاربەجار لە خواردنەوە دوور دەکەوتەوە و تەنانەت کاتێ لە ساڵی ١٨٢٩ واز لە خزمەتکردنی سوپا دەهێنێت لە سێ نامەیدا بۆ ئەفسەر جەی هاورد دەنووسێ کە خولیاکانی باشن و بەتەواوەتی لە خواردنەوە دابڕاوە.

ئەم ژیانەی ئێدگار لەنێوان خواردنەوە و بەئاگاهاتنەوەدا گەر بەخت یاری بوایەو نۆرماڵ بژیایە و ئەو کارەساتانەی بەسەر نەهاتایە ڕەنگە داهێنانەکانی سێ بەرابەری ئێستا دەبوو.

 بەڵام ناوازەیی ژیانی کۆمەڵایەتی وای دەکات کە نووسەرێکی وەک فلیپ هۆر بڕوای وابێت کە” ئه‌دگار ئاڵن پۆ ئه‌لکحولیک نه‌بووه‌، به‌ڵکو ئه‌یخوارده‌وه‌ وه‌ک نیشانه‌ی خه‌م و ئازار.'(٨)

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە بۆدلێر کە بەرهەمەکانی ئێدگاری وەرگێڕاوەتە سەر زمانی فەرەنسی پێیوایە خواردنەوە بۆ ئێدگار ئاڵن پۆ پێویست بووە و خواردنەوە بۆ ئێدگار ئەو سیحری دەربڕینە بووە کە ئەوی گواستۆتەوە بۆ ئەفسونبازی شوێنێکی نا واقع” (٩).

خواردنەوەی ئەکهول و چیرۆکی سەرخۆشییەکانی ئێدگار هێندە هەن کە لەگۆشەنیگایەکی ئینسانییەوە لێی بڕوانین و ئەوە ببینین کە سەرخۆشی هەر خۆلەبیربردنەوە نییە، بەڵکو هەندێجار چوونە دەرەوەیە لە ڕیتواڵ و نەریت و نۆرمەکان.

بۆیە ئێدگار لەئەنجامی سەرخۆش بوون دووچاری سزا بٶتەوە و زیندانی کراوە و خۆشی ئەمە لە نامەیکیدا بۆ ماریا کڵێمن دانی پێدا ناوە” لەو ساوەی هاتوومەتە فلادلیڤیا یەکجار بەهۆی سەرخۆشییەوە زیندانی کراوم.”(١٠)

 یانیش لە ئایاری ساڵی ١٨٤٥ دا هەر بەهۆی سەرخۆشی و خواردنەوەوە ولیەم بورتۆن لە کارەکەی دەریدەکات. (١١)

بەڵام وەک سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژەی پێدەکەن ئیدگار ئاڵن پۆ هەر بە خواردنەوە کهول نەوەستاوە، بەڵکو پەنای بردۆتە بەر ئەفسەنتین

(Absinthe)

یش( ١٢) .

ڕەنگە لێرەشەوە ئەو پرسیارە بێتە پێشەوە ئەی پەیوەندی ئێدگار بە مادە هۆشبەرەکانەوە چۆن بووە؟

 گەرچەندە گەلێ ڕای جیاواز هەیە سەبارەت بەم پەیوەندییە بەڵام لە هەموو حاڵەتەکان زۆر زەحمەتە وا بزانین ئێدگار ئاڵن پۆ مادەی هۆشبەری بەکار نەهێناوە.(١٣)

 ئێدگار ئاڵن پۆ بۆ خۆی ژیا نەک بۆ خەڵک. ئەو وەک نووسەران فلیپ هۆر و ئاکرۆید پێیان وایە کە هەر بەکەڵکی نووسین دەهات.

ئێدگار لە سەرتاپای ژیانیدا بێ پوول و پارە بووە و بەردەوام قەرزو قۆڵی کردووە بۆ ئەوەی خواردنەوەکەی زامن بکات.

ئەم نووسەرە داهێنەرە لەلایەکەوە دۆخێکی دەروونی ناهەموار و پەنا بردن بۆ خواردنەوە و سەرخۆش بوون و ژیان لە دەرەوەی نۆرماڵ و نەریتە باوەکان وای لێ دەکەن لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دووچاری ڕەخنە ببێتەوە.

 لەلایەکی تریشەوە و به‌هۆی بایه‌خدان بە ‌پیشه‌ و کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕه‌خنه‌ و سه‌رنووسه‌ری، به‌رده‌وام خه‌ریکی ماڵ گواستنه‌وه‌‌‌ بووه‌ له‌ نێوان به‌ڵتیمۆرک ڕیچمۆند و نیو یۆرک هه‌ندێک جار ته‌نها بۆ ماوه‌ی مانگێک له‌ جێگایه‌ک گیرساوه‌ته‌وه‌.

ئێدگار ئاڵن پۆ گەرچی هه‌ر خه‌ریکی خۆ خواردنه‌وه‌ بووە به‌ره‌و غه‌فڵه‌ت‌، لەهەمان کاتیشدا لەبواری نووسین و داهێناندا بە داهێنەری چیرۆکی پۆلیسی ئەژمارد دەکرێ. شایانی وتنە لە ناوەڕۆکی شیعر و چیرۆکەکانی ئێدگار غەمباری و تاریکی دوو کارەکتەری سەرەکی و بەهێزن.

مەرگی زوو و لەناوەختی ئەم نووسەرە داهێنەرە، تراژیدیایەکە بۆ خۆی.

چونکە لەلایەکەوە وا لێک دەدرێتەوە گوایە هۆکاری مردنەکەی خۆکوژی بووە لە ئەنجامی خەفەت.

یانیش خواردنەوەی لەڕادەبەدەر کە زۆر زیانی بە تەندروستی ئەم نووسەرە گەیاندووە وەک ئەو زیادەڕییەی کەلەساڵی ١٩٤٨ لە خواردنەوەی

(لەودونام..Laudunam)

 دا کردی و وەک دەڵێن لە قەراغی مردن گەڕایەوە، چونکە پۆ نەخۆشی دیپسۆمانیا

 (Dipsomania)

 ی هەبووە. (١٤).

 تا دواجار ئێدگار لە سێی تشرینی یەکەمی ساڵی 1849 هاوڵاتی جۆزیف وۆڵکەر، ئێدگار ئالن پۆی شاعیر و نووسەری ئەمریکی لەدۆخێکی نالەبار و نیوە ئاگا لەسەر یەکێک لەشەقامەکانی بەڵتیمۆر لەویلایەتی ماریلاند لە ئەمریکا دەدۆزێتەوە و دواتر دەیگەێنێتە نەخۆشخانە و چوار ڕۆژ دواتر لەڕۆژی یەکشەممە حەوتی تشرینی یەکەم سەعات پێنجی بەیانی ئێدگار ئالن پۆ بۆ هەمیشە چاوی لێک دەنێ و ماڵئاوایی لە ژیان و نووسین دەکات.

ئێدگار ئالن پۆ ژیانێکی سەیر ژیاوە. یەکێک لەسەیر و سەمەرەکانی ژیانی ئەو نووسەرە مەزنە ئەوە بوو کە جلی خۆی لەبەر نەدەکرد و جلی خەڵکانی تری لەبەر دەکرد. ئێدگار چل ساڵ ژیا، بەڵام ئەوەی نووسی دەچێتە خانەی نووسینی جوان و داهێنان.

دوا وشە لە کۆتایی ئەم کورتە وتارەدا هێنانەوەی ئەو قسە پڕ مانایەی فلیپ هوڕە کەدەڵێ” به‌زه‌یی ئه‌و شته‌ بوو که‌ ئێدگار ئاڵن پۆ به‌ خۆیدا نه‌هاته‌وه‌.(١٥)

کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠١٤

کەنەدا

سەرچاوە و پەراوێزەکان :

١- فلیپ هۆر  ئێدگار ئالن پۆ کێ بوو ڕۆژنامەی

National Post

ژمارە 107

شەممە یەکی ئازاری

 2008

 لاپەڕە 

.WP7

٢- پیتەر ئەکرۆید

Poe: A Life Cut Short  2008

  هەروەها بڕوانە وتاری ئێدگار ئاڵن پۆ کێ بوو نووسینی فلیپ هور.

٣- بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتی

Interestingfacts

 بەتایبەتی ئێدگار ئاڵن پۆ مادە هۆشبەرەکان و ئەلکهول

http://www.interestingfacts.org/…/edgar-allan-poe-and…

٤- بڕوانە ئێدگار ئاڵن پۆ مادە هۆشبەرەکان و ئەلکهول

http://www.eapoe.org/geninfo/poealchl.htm

٥- دەڵێن ئێدگار ئاڵن پۆ لەبەر ئەوەی پارەی نەبووە، ئەم چەند دێرەی لەبری پارەی بیرەکان نووسیوە. بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە :

http://ebooks.adelaide.edu.au/…/edgar…/p74p/poem65.html

٦- هەمان سەرچاوەی پێشوو.

٧- نامەی تۆماس گوود تاکەر بۆ دۆگڵس شێرلی لە پێنجی نیسانی ١٨٨٠. بڕوانە کتێبی جۆرج ئێدوار ودبیری (تێبینییەکان، ئێدگار ئالن پۆ و ئۆپفیۆم) ژیانی ئەدەبی و تایبەتی ئێدگار ئاڵن پۆ ١٩٠٩ بەرگی دووەم لاپەڕەکانی ٤٢٨-٤٣٠.

٨- بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە سایتی

Interestingfacts

بەتایبەتی ئێدگار ئاڵن پۆ مادە هۆشبەرەکان و ئەلکهول

http://www.interestingfacts.org/…/edgar-allan-poe-and…

٩- هەرچەندە ئاشکرایە کە نە بۆدلێر ئێدگاری بینیوە و نە ئێدگاریش ڕۆژێک بۆدلێری ناسیوە. بۆیە بەپێی سەرچاوەی

(Interestingfacts)

 بێت قسەکانی بۆدلێر لەخۆرا وتراون. هەروەها بڕوانە فلیپ هۆر  ئێدگار ئالن پۆ کێ بوو ڕۆژنامەی

 National Post

ژمارە 107 شەممە یەکی ئازاری 2008

لاپەڕە  .

WP7

١٠- نامەی ئێدگار ئالن پۆ بۆ ماریا کلێم حەوتی تەمووزی ١٨٤٧. بڕوانە کتێبی جان ۆرد ئۆسترۆم نامەکانی ئێدگار ئالن پۆ نیویۆرک چاپخانەی گۆردیان ١٩٦٦ لاپەڕە ٤٥٢.

١١- بڕوانە کتێبی

The Norton Anthology of American literature

Nina Baym General Editor

NewYork  1999 Page 698

١٢- ئەفسەنتین جۆرە خواردنەوەیەکی پاڵێوراوە کە کهول بەپلەیەکی بەرز لە ٤٥% تا ٧٤% ی تیایدایە. ئەم گیراوەیە لە گەڵا و داری سروشتی و بەتایبەتی گەڵای ئەفسەنتین دروست دەکرێ و پێی دەوترێ ئەفسەنتینی تاڵ و هەندێجار بێڕەنگە زۆربەی جارانیش ڕەنگی سەوزە. ئەم خواردنەوەیە گەلێ جۆری هەیە (زیاتر لە ٢٠٠ جۆر) و لەوڵاتانی وەک فەرەنسا و ئوستراڵیا و ئیسپانیا و جیکسلۆڤاکیا ئەمریکا و سویسرا بەرهەم دێت.

١٣- بڕوانە ئێدگار ئاڵن پۆ مادە هۆشبەرەکان و ئەلکهول

http://www.interestingfacts.org/…/edgar-allan-poe-and…

١٤- لەودونام

Laudunam

 جۆرە گیراوەیەکە (تێکەڵییەکە) لە تلیاک و خواردنەوەی ئەلکهولی. هەروەها دیپسۆمانیا

(Dipsomanya)

 جۆرە نەخۆشییەکە کەسی تووش بوو هەرگیز تێر خواردنەوەی مەی و ئەلکهول نابێت.

١٥- فلیپ هۆر  ئێدگار ئالن پۆ کێ بوو ڕۆژنامەی

 National Post

 ژمارە

 107

شەممە یەکی ئازاری 2008 لاپەڕە

  .WP7

تێبینی : ئەم نووسینە لە گۆڤاری ڕامان ژمارە ٢٠٨ی ساڵی ٢٠١٤ بڵاو بۆتەوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like