ئەفسانەکانی_پەیدابوون

لە ئینگلیزییەوە

سەنگەر عەبدولکەریم موسته فا

ئەچۆماوی

هۆزی ئەچۆماوی ( هەندێکجار پێیان دەگوترێت کۆمادیوم یان ” گەلی بەفر” ) باکووری کالیفۆڕنیا خەڵکانێکی ئاشتیخوازن کە بە ڕاوکردن و ڕاوەماسی دەژین و ڕووەکە کێوییەکان کۆدەکەنەوە بەمەبەستی پزیشکی. وەک زۆرێک لە هۆزەکانی دیکەی کالیفۆڕنیا، قوربانی بەدبەختی توندوتیژی تەوژمی زێر* بوون لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا. ئەچۆماویەکان ئەفسانەیەک دەگێڕنەوە دەربارەی دوو دروستکار ــــ یەکێکیان ڕێوی زیوینی دانایە، ئەوی تریان کایۆتی تەڵەکەبازی بەدڕەوشتە.

***************

لەسەرەتادا تەنیا ئاو و ئاسمانی ساماڵ هەبوو، کاتێک لەناکاو هەورێک دەرکەوت و بوو بە کایۆتی. ئەو تەمەی لە ئاوەکەوە پەیداببوو گۆڕا بۆ ڕێوی زیوین. دوو بوونەوەرە تازە دروستکراوەکە بیریان لە بەلەم کردەوە و بەلەمێک پەیدابوو. کایۆتی و ڕێویەکە بۆ چەندین ساڵ گەڕان بەڵام لە سەرئەنجام ماندوو بوون. بۆ ئەوەی گۆڕانکاریەک بکات، ڕێوی زیوین کایۆتیی پاڵخست و یەکسەر خەوی لێ کەوت. کاتێک هاوەڵەکەی خەوتبوو، هەوداکانی تووکی هاوەڵەکەی بەکارهێنا بۆ دروستکردنی جۆرە ڕاخەرێک و بەسەر ئاوەکەدا ڕایخست. دواتر بیری لە درەختەکان، تاوێرەکان، دەوەنەکان، گیا و میوەکان کردەوە. دوای ئەوە هاوەڵەکەی بەئاگا هێنا کە پرسی لەکوێن. ڕێوی زیوین گوتی، ” هەر تەنیا لێرەین.” کایۆتی کە هیچ خۆ کۆنتڕۆڵکردنێکی نەبوو شاگەشکە بوو بەدڵی خۆی دەستی کرد بە خواردن. دوو بوونەوەرەکە قایلبوون کە لە شوێنە نوێیەکەدا بژین و ڕێوی زیوین یەکەمین کووخی گومەزداری دروستکرد.

********************

ئەفسانەکە دەستپێدەکات بەهەبوونی ئاوە ئەزەلییە سەرتاپاگیرەکە کە هەڵگری تایبەتمەندی ژیانە. هەرچەندە ئاوەکانی ئەم ئەفسانەی پەیدابوونە لە ئاژاوەوەیە نوێنەرایەتی پەیدابوونی بێ شێوە، یان ئاژاوە دەکات، بەڵام سەرچاوەی خاویشن؛ دایکی پەیدابوون. لەو دایکە دوو بوونەوەری سروشت جیاواز لەدایکدەبن ـــ دوالیزمێکی بنچینەیی کە خەڵکی تێدەگەن لە ژیاندا هەیە، کەواتە لە پەیدابوونیشدا هەیە. لەم ئەفسانەیەدا کاریگەریەکانی دوالیزم خۆی لەو بیرۆکەیەدا دەبینێتەوە کە لایەنی ژیانیی ڕێوی زیون ( مرۆڤایەتی) بەرهەمهێنەرە، لایەنی کایۆتیی تەڵەکەبازی بەدرەوشت بەکاربەرە. ڕێوی زیوین دانایە و کایۆتی تەمبەڵ و بیرنەکەرەوەیە.کەواتە چیرۆکەکە پێشنیازی وانەیەکی ڕەوشتی دەکات دەربارەی ڕەفتارەی بنیاتنەر.

هەرچەندە ئەمە ئەفسانەی پەیدابوونە لە ئاژاوەوە، بەڵام هەڵگری توخمی ئەفسانەی جۆری پەیدابوونە لە هیچەوە، بەتایبەتی لەو بەشەدا کە ڕێوی زیوین بیر لە درەختەکان و توخمەکانی تری پەیدابوون دەکاتەوە و پەیدا دەبن.

*تەوژمی زێر: ئەو هوروژمە گەورەیە بوو بۆ گەڕان بەدوای زێڕدا لە سەدەی نۆزدەدا. خەڵکانێکی زۆر هروژمیان برد بۆ کالیفۆڕنیا و چەند ناوچەیەکی تر بۆ دۆزینەوەی زێڕ و ڕووبار و چەمەکان ئاوەژوو کرانەوە و گەلێک دانیشتووی ڕەسەن بوونە قوربانی.

* کایۆتی: جۆرە گیاندارێکی شێوە گورگە. نیشتیمانی ڕەسەنی ئەمریکایە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like