نوسینی .. نیهاد جامی

ئەنتوان ئارتۆ
فەیلەسووفێک لەشانۆیەکی فەلسەفیدا

نوسینی .. نیهاد جامی

ئەو پەیوەندیە قوڵەی لەنێوان فەلسەفە وشانۆدا دەرکەوت، پەیوەندیەک بوو بە مەرگی تراژیدیا گەیشتە لووتکەی خۆی، ئێمە باسمان لەو دیدە نیتچەییە کرد بۆ تراژیدیا، دیارە دەرکەوتنی ئەنتوان ئارتۆ لەشانۆدا ڕووی دووەمی فەلسەفەی نیتچەییە، کە بەبڕوای فەیلەسوفی فەڕەنسی ژاک دیریدا ئەو ڕۆڵەی بە ئارتۆ دەبێت بدرێت لەشانۆدا هەمان ڕۆڵی نیتچەیە لەفەلسەفەدا، بەتایبەت کاتێک ئاڕتۆ پێی وایە بیرکردنەوە لەناو شانۆدا بوونی نەبووە، ئامادەنەبوونی بەو مانایەی کە لەدەرەوەی شانۆ بیر کراوەتەوە، ئەوەش لەو بڕواییەوە هاتووە کەوا “هەموو نووسەرە شانۆییە گەورەکان لەدەرەوەی شانۆدا بیریان کردۆتەوە” (١)
لێرەدا لەسەر لایەنەکانی ئەزموونی شانۆی ئارتۆ قسە ناکەین، بەڵکو قسەکردنەکانمان وابەستەی ئەو ئاراستەییە کە پەیوەندی بە شانۆی فەلسەفیەوە هەیە کە تیایدا ئارتۆ وەک فەیلەسووفێک دەبینین (٢)
ئارتۆ، نیتچە ئاسا کۆتایی بە فەلسەفەی شانۆ وقۆناغی تراژیدیا دێنێت، بۆیە دەرکەوتنی لەشانۆدا پڕۆسەی تێکشکان نیە، بەڵکو پڕۆژەی کۆتایی قۆناغێک و سەرهەڵدانی قۆناغێکی نوێیە کە شانۆی فەلسەفیە، شانۆیەک بیرکردنەوە وابەستەی ناو شانۆیە لەڕێگەی سرووت و جولە و بیرکردنەوەی شانۆیی، ئەوەش لەلای یەکێک لەئارتۆناسان بەناوی مونیک بوری ئاماژە بۆ ئەو شانۆیە دەکات کە شانۆیەکە لەناو زانستە مرۆییەکانەوە دەخوڵقێت، ئیستاتیکایەکی تایبەتمەند دەخوڵقێنێت و شانۆ بەرەو ئەنترۆپۆلۆژیا “مرۆڤناسی” دەهێنێت، بەواتای ئارتۆ وەک ئەنترۆپۆلۆژیستێک لەناو ئەو شانۆ فەلسەفیەدا دەردەکەوێت.
فەیلەسوفی فەرەنسی ژاک دیریدا لەڕێی ڕەخنەگرتنی لەگراماتۆلۆژیا “زانستی نووسین” دەتوانێت ئەو دیدگا ئارتۆییە بەگرنگ وەربگرێت، کە دەگەڕێتەوە بۆ دەنگ، نەک بۆ نووسین، ئەوەتا ئارتۆ لەیەکێک لەنووسینەکانیدا لەبارەی کولتووەرەوە دەنووسێت “كولتوور نووسراو نیە، وەك ئەفلاتون دەڵێت (فكر لەو ڕۆژەوە لە دەستدرا كە یەكەم ووشەی نووسرایەوە) ئەگەر نووسیمان، مانای فیكر قەدەغە دەكەین لە جولە كردن لەناو فۆڕمەكان، بەو پێیەی هەناسە دانێكی فراوانە” (٣)
ئەوە گرنگیەکی زیاتر بە ئارتۆ دەبەخشێت وەک فەیلەسووفێک، بۆیە دیریدا هەمیشە بەرەو لای دەگەڕێتەوە، چونکە لێرەدا پێویستە ئەوە بخەینە ڕوو گرنگی ئارتۆ بۆ فەیلەسووفێکی وەک دیریدا زیاتر ئەو ڕوانینە فەلسەفیەیەتی لەشانۆدا کەهەمان ڕەخنەیە لەگراماتۆلۆژیا (زانستی نووسین) یاخود دەتوانین کۆمەکێکی گرنگ و ئارگۆمێنتێک بێت بۆ ڕەخنەگرتن لە نووسین، چونکە شانۆ بۆ ئارتۆ هەمان وەزیفەی هەیە، شانۆ بەلایەوە نووسراو نیە، وەك كولتوور دەخوڵقێنرێت.
پڕۆسەی خوڵقاندن لەناو ریتوالدا ساتەوەختی ئامادە بوونی جەستەیە لە زەمەنی غەیبانی و دابڕانیەتی لە زەمەنی دەرەوەی سرووت، ئەوەش ئیشكردنەوەیەتی لەسەر چەمكی سرووت، خوڵقاندنی پەیوەندی جەستەكان بە یەكتریەوە، لە جەستەی تاكەوە بۆ جەستەی كۆ، لە جەستەی كۆ وە بۆ جەستەی تاك، لە جەستەی نێرەوە بۆ جەستەی مێ‌، لە جەستەی مێینە شەوە بۆ جەستەی نێر، هەموو ئەو پەیوەندیە جەستەییانە ئامادە بوونی گوتاری ئەنترۆپۆلۆژی شانۆیە لەناو چەمكی سرووت لە رێگەی جەستەی ئەكتەرەوە چڕ دەكرێنەوە، مانای جیاواز و نوێ‌ دەبەخشن، مانایەك پەیوەستە بە شانۆ وەك پرۆسەیەكی ئیبداعی و زانستی، ئەوەش گۆڕینی شانۆیە لە نووسینەوە بۆ خوڵقاندن. (٤)
دریدا جگە لەو گەڕانەوەیە بۆ شانۆی ئارتۆ لەڕێگەی توێژینەوەیەکدا کە لەکتێبی نووسین و جیاوازی بڵاوی کردۆتەوە، کتێبێکیتری بۆ ئارتۆ تەرخان دەکات “دریدا لەم کتێبەدا، ١٩٨٦(ئەنتۆنان ئارتۆ/هێڵکاری و پۆترێت)، کە لە ساڵی کارەکانی ئارتۆ: ئاوی، هێڵکاری جلوبەرگی شانۆیی، نەخشەی سینۆگرافیا، بەشێکی زۆر لە پۆترێتەکانی خۆی و پۆترێتی هاوڕێکانی، کە لە کات و شوێنی جیاوازدا کێشاونی، بەسەر دەکاتەوە. دریدا هەر لەم کتێبەدا، هەندێک لەو نامانەیش بڵاو دەکاتەوە، کە ئارتۆ وەک تابلۆ و بە ئاگری جگەرەکەی دەستی سووتاندویەتی، وەک ئەوەی وێنەی خوێنی تیا کێشابێت. ئەم نامانە، کە لە نەخۆشخانە دەروونییەکانەوە بۆ هاوڕێکانی ناردووە، بێگومان زەنگێکی پڕ مەترسی ئارتۆ بووە لەم نەخۆشخانانەدا و هاوارێک بووە بۆ یارمەتی و ڕزگارکردنی لەم شوێنانەدا” (٥)
فەلسەفەی شانۆ بەشانازیەوە وەک دەستکەوت سەیری “شاعیریەتی ڕووداو” ی کردووە، شانۆی کلاسیکی و تراژیدیای شانۆی لەسەر پێکهاتووە، بەڵام لەڕێی ئارتۆوە ئەو شاعیریەتە بەتەواوی دەکەوێت، لەشوێنیدا “شاعیریەتی شوێن” جێی دەگرێتەوە، ئەوەش گرنگترین ڕووداوی ناو شانۆی فەلسەفیە، لەو سەرەتایەوە ئارتۆ دەست پێشخەری بۆ دەکات، دەبێتە لەدایکبوونی ڕاستەقینەی شانۆی فەلسەفی، هەڵبەت شاعیریەتی شوێن بۆ ئارتۆ “زیاتر بیرە ڕووتەکەی (فکرة المجردة) نزیک دەخاتەوە لە مێشک و هەست و سۆزی بینەرەوە، بەوەی شێوەیەکی بەڵگەداری پێ دەبەخشێت. نموونەیش بۆ ئەمە (مرۆڤێک) نەفرەت لە خواوەندێک دەکات، خێرا لەشێکی گەورەی زەبەلاح لەبەردەمیدا دەربکەوێت، کە وێنەیەک بێت لەو نەفرەتەی، کە لەدەمی هاتۆتە دەرەوە” (٦)
بۆ ئەوەی ئەو دیدە بەتەواوی وێنەیەکی ڕوون بدات بەدەستەوە، پێویستە لەوە تێبگەین کەوا ئەو شانۆ فەلسەفیە لەناو هونەری شانۆ خۆی بەرهەم دێت، نەک لەناو دەسەڵاتی ئەدەبی و شاکارە گەورەکانی ئەدەبی شانۆدا، لێرەدا کاتێک بۆ کتێبە گرنگەکەی ئارتۆ دەگەڕێینەوە دەبینین چۆن هەڵوەستە لەسەر ئەو تێگەیشتنە دەکات، چەندە بە بوێریەوە داکۆکی لەتێگەیشتنە شانۆییەکانی دەکات، ئەوەتا ڕاستەوخۆ دەنووسێت “شاکارەکانی ڕابردوو بۆ ڕابردوو بەکەلک بوون، بۆ ئێمە بەکەلک نین، ئێمەش مافی خۆمانە ئەوەی وتراوە و تەنانەت ئەوەشی نەوتراوە، بڵێین، بەشێوازێک، پابەند بێ بە ئێمەوە” (٧)
بەواتای ئێمە بەتەنیا لەدەرەوەی ووتراوەکانەوە نایەین، بەڵکو دەگەڕێینەوە سەر ئەو بابەتانەش کە پێشتر ئەدەبی شانۆ باسیکردووە، بەڵام ئێستا دەکرێت لەدەرەوەی شاکارەکانەوە سەر لەنوێ لەسەریان بووەستینەوە، ئەوە لەپاڵ هەموو ئەو باسانەی کە ئەدەبی شانۆ خۆی لێی نەداوە، هەردووکی لەیەک خاڵدا چڕ دەکاتەوە، ئەویش ئەوەیە بۆ ئەوەی پابەند بێت بە ئێمەوە. (٨)
ئەوە وا دەکات کێشەی بینەر لەڕوانگەی ئارتۆدا کێشەیەک نەبێت وابەستەی بینەر بێت، هێندەی وابەستەی خودی تێکستەکەیە، لێرەدا ئەوە دابڕانی زەمەنیە دەکەوێتە نێوان شانۆنامە و بینەر، بۆ ئەوەی ئەو دابڕانە چارەسەر بکرێت، پێویست بە ئارایشتکردنی تێکستەکان ناکات بەناوی ئامادەکردن، بەڵکو دەبێت لەناو شانۆدا دیدی زەمەنی لەڕێگەی دۆزینەوەی پەیوەندی ونهێنیەکانی بدۆزرێتەوە، ئەوەش ئەو ئەفسونەیە کە شانۆ دەکاتە ڕووبەری فەلسەفی بۆ بیرکردنەوە، گرنگی شانۆش لێرەدا وەک گرنگی فەلسەفە دەبێت، کە پردێک بەیەکیان دەگەیەنێت ئەویش بیرکردنەوەیە.
پێشنیارێک ئارتۆ لەرۆژگاری کتێبەکەیدا دەیخاتە ڕوو بەمەبەستی جیاکردنەوە لەوەهمی وێنەی شیعریی، بۆیە دەنووسێت “پێشنیاز دەکەم واز لەئەزموونگەریی بێمانای وێنەگەرایی بێنن، ئەو وێنانەی نائاگایی بەڕێکەوت بەرهەمیان دێنێ و ئێمەش هەر بەڕێکەوت پیشانیان دەدەین و پێێان دەڵێین وێنەی شیعریی” (٩)
ئەو پێشنیارە بەتەنیا بۆ ساتەوەختێکی زەمەنی نیە، بەڵکو پرۆژەیەکی ئایندەگەریە تا بتوانین وەهم و ڕاستی لەیەکتری جیا بکەینەوە، وێنەی شیعریی و شیعری پانتایی وەک لەیەکچوون نەبینین، بەڵكو وەک چەمکی جیاوازبوون سەیری بکەین (١٠)
وێنەی شیعریی هەرەمەکیەت شانۆیەکی وێنەیی دەخوڵقێنێت، بەڵام شیعری پانتایی دەروازەیە بۆ چوونە نێو شانۆیەکی فەلسەفی، کەوابەستەی ئامادەبوونی زەمەنی بێت.

پەراوێز وسەرچاوەکان:
(١) شانۆی توندوتیژیی لەنێوان تیئۆر وپراکتیکدا/ دانا رەئوف، ئەمینداریەتی گشتی ڕۆشنبیریی ولاوان، چاپی یەکەم ١٩٨٨، لا ٤٠
(٢) لەکتێبێکی ترماندا بەناوی “پلەی سفری شانۆ” لەسەر لایەنەکانی شانۆی ئارتۆ هەڵوەستەمان کرد، لەوێش هەر وەک فەیلەسووفێک باسمان کردووە، جگە لەوەی کتێبە ناوازەکەی شانۆکار دانا رەووف سەرەتاو بنەمایەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لەشانۆی ئارتۆ، کە لەسەر تەواوی لایەنە شانۆییەکانی توێژینەوەی کردووە، ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە قسەی لەبارەوە بکەین دەرخستنی ئارتۆیە وەک یەکەم فەیلەسووفی شانۆیی کە شانۆی لە فەلسەفەی شانۆ گۆڕی بۆ شانۆی فەلسەفی
(٣) المسرح و الالهە/ انطوان ارطو، ترجمە (سعید كریمی) فكر و نقد، العدد34
(٤) پلەی سفری شانۆ/ نیهاد جامی، لەبڵاوکراوەکانی فێستڤاڵی شانۆی نێو دەوڵەتی هەولێر ٢٠١٢، لا ٢٨
(٥) شانۆی توندوتیژ لەنێوان تیۆر وپراکتیکدا/ دانا رەئووف، دەستنووسی چاپی دووەم ٢٠٢٠، لاپەرە ٦٦
(٦) هەمان سەرچاوەی پێشوو، لاپەڕە ٧٤
(٧) شانۆ و هەمبەرەکەی/ ئەنتوان ئارتۆ، وەرگێڕانی مستەفا قەسیم، دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم ٢٠١٧، لا ١١٦
(٨) جێی خۆیەتی ئەو خاڵە لێرەدا ڕاست بکەینەوە، بۆ زۆربەی هەوڵە ئەزموونگەریەکانی دنیای ئێمە و شانۆی عەرەبیش، دەبێت بزانین ئەو نمایشەی بەرهەمی دێنین تاچەند پابەندە بە زەمەنی ئێمەوە، چونکە تێگەیشتنی ئاڕتۆ هێندەی وەک مانای ڕووکەشی مەبەست بینراوە، وەک مانای نەبینراو نەخوێنراوەتەوە، ویستومانە فۆرمێکی نوێ ببەخشین کە تا ئاستێکی زۆر دوورە لەپابەندبوونی زەمەنیمان.
(٩) شانۆ و هەمبەرەکەی/ ئەنتوان ئارتۆ، وەرگێڕانی مستەفا قەسیم، دەزگای چاپ وپەخشی سەردەم ٢٠١٧، لا ١٢٧
(١٠) پێویستمان بەوەیە رەخنەیەک ئاراستەی کارەکانی پێشووی خۆمان ونەوەی ئەزمونکاری پێش ئێمە و گەنجانی ئەمرۆ و شانۆی عێراقی و عەرەبیش بکەین، کە دروستکردنی شانۆی وێنەیی لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ئارتۆیی، نەک شانۆکەی ناکات بەشانۆیەکی ئارتۆیی، بەڵکو خولقاندنی شانۆیەکی دژە ئارتۆییە، چونکە ئەوە فەرامۆشکردنی پێشنیارە ئارتۆییەکەیە، ئەو پێشنیارە گەر بۆ ئەو ڕۆژگارە نووسیبێتی، ئەمڕۆ وەک ئەوە وایە کە هەستی کردبێت لەداهاتوودا تیۆرەکانی بەلاڕێدا دەبەین، بۆیە هۆشداری ئەوەمان دەداتێ، کە وێنەی شیعریی نەمانکات بەخاوەنی ئەزموونگەری بێمانای وێنەگەرایی، لەهەشتاکانی سەدەی بیستەمەوە تا ئەمڕۆ ئارتۆ وەک ناو لەنەخشەی شانۆی ئەزموونگەری کوردی و عەرەبی.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like