بۆچی شانۆی كوردی چەقی بەستووە؟

حەیدەرعەبدوڕەحمان                                                                           Haeder Abdulrahman

هەتا ئەگەر هەندێ‌ جیاوازی لەرووی رێژەی بەرهەمهێنان و ئاستی هونەری دا هەبێت لەناوچەیەكەوە بۆناوچەیەكی تر، بەڵام دیسان ئەم جیاوازیەش سەقامگیر نیە و بەگشتی ناتوانین خۆمان لەو هەقیقەتە بدزینەوە، كە بەڵێ‌ ئێستای شانۆی كوردی بەگشتی لەئاستێكی دڵنیا دانیە كە پشتی پێ‌ ببەسترێت و خواستی بینەری شانۆیی بەدی بێنێت و ئەو بۆشاییە زەقەی شانۆ لەكوردستاندا پڕ كاتەوە كە پێویستە.

بەردەوام پرسیاری ئەوەش دەكرێت، ئاخۆ ئەو حاڵەتە سستەی بزاڤی شانۆ بۆ؟

یا فاكتەرەكانی ئەو چەقینە چین ؟

بۆیە ئەگەر بەدیدێكی بابەتیانە لەوهەلومەرجە نائاساییەی ناوچەكە بەگشتی و لەكوردستان بەتایبەتی بڕوانی، ئەوە بەئاسانی دەگەیتە ئەو ئەنجامەی كە كۆمەڵێ‌ زنجیرە هۆكاری لێك بەستراوە بەیەكترەوە هەن كاریگەرییان لەسەر تێكڕای ژیاندا بەجێ‌ هێشتووە، لەوانەش ڕەوتی شانۆ، وەك :

1.هەلومەرجی تەنگەتاوی باری ئابووری وەك دیاردەیەكی جیهانیی و نیشتیمانی و كاریگەرییە نەگەتیفەكانی بەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵك و لاواز بوونی بەهای ئابووری حكومەت بۆ یارمەتی دان و پشتگیریی كردنی كەرتی شانۆیی و ئەو تیپانەی پشت بەبودجەو دارایی حكومەت دەبەستن لەبەرهەمهێنانی كاری شانۆیی دا.

تەنانەت ئەو تیپانەش كە پشت بەكەرتی تایبەتیش دەبەستن، ئەوانیش كەوتونەتە ژێر باری ئەو قەیرانە ئابوورییە، بەهۆی پڕ نەكردنەوەی سەرمایەو كەمی بینەری شانۆیی و پڕ نەكردنەوەی بۆشایی بودجەی بەرهەم هێنان، بەسپۆنسەرو هاوكاری كردنی تاك و تەرای كەسانی دڵسۆز.

بۆیە لەزۆر حاڵەت و بۆ خۆ دوورە پەرێز راگرتن لەو تەنگەتاویە، زۆر لەو تیپانە لەبری ئەنجامدانی فیستیڤاڵ و نمایش كردنی شانۆیی جاد، بەناچاری پەنا بۆ مۆنۆدراما دەبەن، بۆ ئەوەی ئەركی داراییان لەسەر سووك بێت.

بەڵام ئەو خۆ سنوورداركردنەش ئەگەر بەردەوام بێت، ئەوە كاریگەری نەرێنی زیاتر لەسەر ئایندەی ئاستی شانۆ بەگشتی دروست دەكات، بەتایبەت لەسەر ون بوونی شانۆی جاد .

2. ئەو حاڵەتە ناوازەی پەتای كۆرۆناش كە ژیانی سەر زەوی روو بەرووی ئیفلیج كردن بردووە، لەو كاریگەرییە هەرە بەتینانەن، كە خەڵكی بەگشتی ناچاری ئەوە كردووە، لەزۆر لایەندا دەست لەكاری رۆژانەی خۆیان هەڵگرن و لەچاوەڕوانی تێپەڕ بوونیدا بژین، بەتایبەت لەشانۆو سینەمادا كە دوو هونەریی جەماوەرین و شیاوترین سەرچاوەیەكن بۆبڵاو بوونەوەی ئەو پەتایە.

بێگومان ئەمە وای كرد هەموو كەناڵە شانۆییەكان هیچ پلان و بەرنامەیەكیان نەبێت بۆ شانۆ، تاك و تەرا نەبێت كە بەسەركێشی و خۆپارێزیەكی توند، هەندێ‌ بەرهەم پێشكەش بكەن .

3. ناجێگیری باری سیاسی و لاوازی سەقامگیریی كۆمەڵایەتی و دەروونی و هەڵایسانی پێداویستی ژیانی رۆژانەی خەڵك، وایان كرد كەمتر لەو هەلو مەرجە خنكاوەدا بیر لەشانۆ بكەنەوە، بەتایبەت بۆ كۆمەڵگایەكی وەك كوردستان كە تا ئێستا شانۆ نەبۆتە كولتوورێك لەژیانیدا بە شێوەیەك نەتوانێت بێ‌ شانۆو سینەما هەل بكات .

4. شانۆ كارانی ئێمە بەگشتی شانۆیان وەك پیشە وەرنەگرتووە بۆ ئەوەی هەمیشە ئامادە باشیان هەبێت بۆ كاری شانۆیی و بەردەوام بوونی شانۆ، بەڵكو شانۆ بۆتە هونەرێكی ئارەزوو مەندانە و بەردەوام بوونی یان وەستانی،لای ئەوان وەك یەك بێت .

5. لاوازی پێرفۆرمانسی كولێژو پەیمانگانی كوردستان و نغرۆ بوون لەنێو كێشەو ئاریشا بەجێ‌ ماوەكانیان بێ‌ چارەسەر كردن.

ئەم كێشە كەڵەكە بووانە، تەوژمی شانۆی ئەكادیمیان دووچاری سڕ بوون كردو بژاڤی نوێ‌ ی شانۆی كوردییان پەك خست، بۆیە شانۆی كوردی لەو ساڵانەی دوایی دووچاری جۆرێك لە نەزۆكی بوو، كە وزەو توانست ی نوێ‌ بێتە گۆڕەپانەكەو تەكانێكی نوێ‌ بەشانۆی كوردی بدات و ئاستی هوشیاریی و مەعریفی شانۆیی پێ‌ بەرز بكرێتەوە.

6. وەستانی گۆڕینەوەی ئەزموونی شانۆیی لەنێو شارەكانی كوردستان و گۆشەگیر بوون و بەكەنارخستنی شانۆ لەو شارانەو نەگواستنەوەیان لەشارێك بۆ شارێكی تر، وای كرد ئەو جیاوازییە زەقە لەشوێنێ بۆ شوێنێكی تر دروست بكرێت و بینەرێكی زۆر لەشارەكانی كوردستان بێبەش بكرێن لەبینینی ئەو بەرهەمە شانۆییانە، ئەمەش لەئاكامدا جیاوازی لەئاستی هوشیاریی بینەری كورد دروست كرد.

7. مەرجەدا، بە تایبەت لەرووی بایەخ نەدان بەدروست كردنی هۆڵی شانۆیی، بەو ناوەی كە شانۆو سینەما سەرچاوەیەك نین بۆ داهات و بەگەڕ خستنی بازاڕ.

ئەم تێڕوانینە ماددیە بۆ شانۆ و سینەما و لەبەرچاو نەگرتنی حاڵەتە مەعنەوی و كولتووریی و شارستانیەكان، هێندەی دیكە شانۆیان روو بەرووی مردنێكی حەتمی كردۆتەوە، چونكە تا حكومەت هاندەر نەبێت بۆ گەشەپێدانی شانۆ لەرووی دابین كردنی هۆڵ و گەڕاندنەوەی شكۆمەندی شانۆو پشتگیریی كردنی وەزارەتی رۆشنبیریی بۆ دەست گرتنی تیپە شانۆییە حكومی و ناحكومیەكان و تەرخان كردنی بودجە بۆ بەرهەمهێنان، ئەوە شانۆ دەكەوێتە ژێر باری حاڵەتێكی وەستان، هەموو وەستانێكی بەردەوامیش مردنی بەدواوەیە.

8. سیس بوونی هوشیاریی شانۆیی و ون بوونی كولتووری شانۆیی لەنێو كۆمەڵگادا، فاكتەرێكی ترە لە فاكتەرەكانی مردنی شانۆ، چونكە چەند ئەوەندەی دەرگای هۆڵەكانی شانۆ بەداخراوی بمێننەوە، مەودای دوور كەوتنەوەی شانۆو بینەر فرەوانتر دەبێت و ئاستی هوشیاریی كەمتر.

ئەو وەستانە كاریگەری هەر تەنها لەسەر بینەر نابێت، بگرە لەسەر سیس بوونی توانستی دەرهێنەرو ئەكتەرو رەخنەگرو هەموو شانۆكارەكانی تریش، چونكە هەموو ئەزموونێكی نوێ‌ لەبەردەوام بوونی كاردا دروست دەبێت و بەپێچەوانەكەی توانستی تەواوی شانۆكارەكان لە بار دەچێت .

9.هیچ شانۆیەك ناتوانێت بوونی خۆی بسەلمێنێ‌ ئەگەر مەواكەبەی سەردەم و گۆڕانكارییەكانی نەكات، بەپێچەوانەوە هەموو هەولێك لەوەستاندا بەئیفلیجی لەدایك دەبێت.

لەدوای هەر وەستانێكیشدا تۆ پێویستییت بەكاتێكی زۆر دەبێت بۆ زیندوو بوونەوە، بەتایبەت لەرووی فیزیكی جەستەی ئەكتەرو لەرووی سایكۆلۆژییەوە.

هەندێ‌ داهێنانی تری وەك رەخنەی شانۆیی وا بەستەیە بەبەردەوام بوونی شانۆو گەشە سەندنی بەرهەمەكانی، هەر كاتێك شانۆ وەستا رەخنەش نامێنێت، چونكە رەخنە لەرەحمی بەرهەمە شانۆییەكاندا لەدایك دەبێت .

زۆر جاران گلەیی لەسست بوونی رەخنەی شانۆیی و دروست بوونی بۆشایی رەخنە دەكرێت، بەڵام ئەو حاڵەتە بێ‌ بەرهەم و ژاكاوەی شانۆ وەك سەرچاوەی رەخنە لەبەرچاو ناگیرێت.

10. رۆڵی وەزارەتی رۆشنبیریی و لاوان و سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان بەگشتی كزە لەبەرگری كردن لەشانۆو پێداویستیەكانی شانۆ، رەنگە هەندێ‌ جار ئەو هەوڵانە بۆ ئەنجامدانی فیستیڤاڵێكی ساڵانەی مۆنۆ دراما بچووك بكرێتەوە، بەڵام هەوڵەكان بۆ شانۆو دابین كردنی پێداویستیە بنەڕەتیەكانی شانۆو سووك كردنی كێشەو ئاریشاكانی چڕ ناكرێتەوە .

زۆرینەی ئەوانەی لەرووی كارگێریەوە لە دام و دەزگا حكومییەكاندا بەرپرسی شانۆن، یا سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان ئەوەندە پەرۆشی شانۆ نین، بەجدی تەكانێك بەو حاڵەتە چەق بەستووەی شانۆ بدەن و بەرژەوەندی شانۆیان بەلاوە لەهەر بەرژەوەندییەكی تر بەگرنگتر بزانن.

ناچارین لەگەڵ ئەو هەموو كێشەو ئاریشانەی لە گەردنی شانۆی كوردی دا ئاڵاون، ئەو هەلومەرجەی شانۆی كوردی بەحاڵەتێكی چەق بەستوو ناوبەرین، لەبەردوو هۆ:

1.ناتوانین وەك شانۆ خۆمان بەراوردێ‌ لەگەڵ هیچ لەو وڵاتانەی خاوەنی شانۆن و هەرگیز هۆڵەكانی شانۆ بێ‌ نمایش نابن وهەر شارێك بەدەیان هۆڵی شانۆیان تێدایە، بۆ هەمیشە جمەیان دێ‌ لەبینەر ێك كە شانۆ وەك نان و ئاو لە ژیانیاندا بۆتە زەرورە، ئەگەرچی ئەوانیش ئێستا لەگەڵ دیاردەی كۆرۆنا كەوتونەتە قۆناغێكی نائاسایی .

2. ئەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە نەبونایە، كە وڵاتی ئێمەیان كردووە بەوڵاتی بێ‌ شانۆو بێ‌ سینەما، ئێستا ئێمەش لەو وڵاتانە دەبوین كە سەرمان بەناسنامەی هونەریی و نەتەوەیی خۆمان به رزبى و ‌دەچوینە رێزی ئەو كۆمەڵگا مەدەنیانەی كە شانۆو سینەمایان كردۆتە هێما بۆ پێشكەوتنی خۆیان.

ممکن است تصویر ‏‏‏۲‏ نفر‏ و ‏افراد می‌ایستند‏‏ باشد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like