بەشێکی کورت له رۆمانی     

 شەواره

#رەحیم_عەبدولڕەحیم زاده


جوان له بیرمه، نیوەشەوێکی گەرمی هاوین بوو. لەو شەوانەی خەو له چاوت دەزڕێ و حەز دەکەی بچییه حەوشه و خۆت بدەیه دەست شیبای فێنک تا دەروونت ئاهۆن بێتەوه.
یەکەم شت که له حەسار سەرنجی راکێشام ئایشێ بوو که له بەر دار هەنارەکه وەستابوو یان باشتره بڵێم له حاستی خۆی وشک ببوو. مارێکی زەبەلاح که له نێوقەدی دارەکه هاڵابوو بەرامبەر ئایشێ دەمی لێک هەڵپچڕیبوو و ئەو نەیدەتوانی له جێی خۆی
ببزوێ. به پڕتاو خۆم گەیاندێ، رەنگی سپی هەڵگەڕابوو. هەر من گەیشتمێ مارەکه به خێرایی له دارەکه جیا بۆوەو هەر بەو جێیەدا وا من هەمیشه هەڵم دەکۆڵی،رۆچووه بن عەرزەکەوه.
من دەستی ئایشێم گرت که وەک مێوژۆکه دەلەرزی تا بێدەنگ بیبەمەوه ماڵی خۆیان. دەترسام کەسێک ئاگای لێ بێ بەو نیوەشەوه لێرەین و شکمان لێ بکات، بەڵام ئەو خۆی له دەستم راپسکاند و هەڕای کرده بن دارەکه و شێتانه دەستی کرد به هەڵکۆڵینی.
دیتنی ئەم وێنەیه هەموو شتێکی له بیر بردمەوه، کچێکی رەش ئەسمەر که قژی به سەر سیمای دا ئاڵۆز ببوو له ژێر تیشکی مانگەشەودا خەریک بوو بن دارهەنارێکی ویشکی دەداوه.
نازانم چەنده لەم خەیاڵەدا بووم، بەڵام که وەخۆ هاتمەوه دیتم سەرقامکەکانی ئایشێ هەموو خوێنیان لێ دەچۆڕێ و له من دەپاڕێتەوه تا  ئەو قووڵکه بدەمەوه.
به هەموو هێزی خۆم دەستم کرد به هەڵکۆڵینی بن دارەکه. نازانم چەندی خایاند بەڵام هەموو گیانم شەڵاڵی ئارەقه بوو که درگایەک وەدیار کەوت; درگایەکی بەردینه که نووسراوەی سەیری له سەر هەڵکۆڵدرابوو. دەرگاکەم هەڵداوه بەرەو پلیکانێک دەکراوه که له تاریکی ژێرزەمینەکەدا نوقم دەبوو.
یەک…دوو…سێ… حەوت پلیکان رۆ چوومه خوارێ تا گەیشتمه تەختایی عەرزەکه. پێم که گەیشته تەختایی ژێرزەمینەکه رووناک بۆوه; ژوورێکی رەنگه به قەت هەموو ماڵەکه. ریشەی دارەکه شۆڕ ببۆوه خوارێ و کچێکی پێوه بەسترابۆوه که سەری بەردابۆوه. که لێی نزیکتر بوومەوه ریشەی دارەکه مار بوون که له دەستی کچەکه هاڵابوون. سەری هەڵێنا، ئایشێ بوو. ئاوڕم داوه ئایشێ له پشت سەرم بوو و پێدەکەنی. زیاتر لێی نزیک بوومەوه، هەناسەکانی بۆنی هەناریان دەدا، نزیکتر بوومەوه تامی لێوی وەک تامی هەنار مزر بوو. له گەڵی تێکەڵ بووم، ئایشێ له پشت سەرمەوه قا…قای دەکێشا. له گەرمەی تێکەڵ بوون سەرم هەڵێنا کچەکە که نازانم هەر ئایشێ بوو یان کەسێکی تر له بەر چاوم پیر دەبوو. چرچ دەکەوته سەر دەم و چاوی، سەر لەشی، ددانەکانی وەرینه نێو زارمەوه و تووکی سەری به دەستمەوه هات. به ترسەوه لێی کشامەوه و به ئایشێ دا درام که خەریک بوو لیباسەکانی له بەر دەکردەوه و جۆگەلەیەکی باریکی خوێن به لای رانی دا رێچکەی بەستبوو.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like