تارمایی بەختیار عەلی بەسەر نمایشی دواھەمین ھەناری دونیادا
حەمەسوار عەزیز


کارکردن لە تێکستەکانی بەختیار عەلی لە شانۆدا کارێکی ئاسان نییە، بەتایبەتیش رۆمانی دواھەمین ھەناری دونیا، کە پێموایە باشترین رۆمانەکانی بەختیار عەلییەو یەکێکە لە باشترین رۆمانە کوردییەکان و رووبەرێکی زۆری لە زاکیرەی ھەموومان داگیرکردووە، ئەم رۆمانە باس لە رووە تاریکەکەی شۆڕش دەکات، تان لە موقەدەسکردنی شۆڕش و پیاوانی شۆڕش دەدات، ئەو ناشیرینی و قێزەوەنییە وێنا دەکات کە شۆڕشەکان لەسەری دروستبوون ودروستیدەکەن، رۆمانەکە قسەکردنێکی جیاوازە لەسەر مێژووی شۆڕشەکانی کوردو ھەڵگری رووی سێیەمی ئەو دراوەیە کە شۆڕش و قوربانی دوو رووەکەی تری پێکدەھێنن.
بەھەرحاڵ من لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر چەمک و فەلسەفەی ئەو رۆمانە گرنگەی بەختیار عەلی بکەم، ئەوەندەی کارەکە پەیوەستە بە قسەکردن لەسەر ئەو نمایشە شانۆییەی کە ماوەیەک پێش ئێستا لە شاری سەقزی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ژێر ھەمان ئەدرەس نمایشکرا، ئەم شانۆییە لە ئامادەکردن و دەرھێنانی پەروێزی ئەحمەدی و بەرھەمی گروپی شانۆی رۆنیا بوو، کۆمەڵێک لە ئەکتەرە لاوەکانی ئەم گروپە لەو نمایشە بەشداربوون.
ئەمە جاری یەکەم نییە ئەم رۆمانە وەک شانۆیی پێشکەشکرابێت، پێشتر لە نوسینی دلشاد حوسێن و دەرھێنانی ئەرسەڵان دەروێش، شانۆیی من یەکێک نیم لە ئێوە لە شاری سلێمانی پێشکەشکراوەو نمایشەکەش لەو رۆمانەی بەختیار عەلی وەرگیراوەو ئەدرەسی نمایشەکەش رستەیەکی نێو رۆمانەکەیە کە نوسەر بەکاریھێناوە.
دەستبردن بۆ ئەم رۆمانەی بەختیار عەلی و نمایشکردنی لەنێو فۆرمی نمایشێکی شانۆیی کارێکی پڕ مەترسی و سەختەو رەنگە دەرھاوێشتەکانی بەو شێوە خوازراوە نەکەوێتەوە کە دەرھێنەر دەیخوازێت، ئەم رۆمانە فەزایەکی ئالۆزو سەختی ھەیەو ئاوێتەیەکە لە واقیع و سوریالیزم و رووبەرێکی یەکجار فراوانی خەیاڵ و فەنتازیای پێویستە تا بتوانرێت بخرێتە نێو کلێشەیەکی شانۆیی، بە بڕوای من رەنگە بۆ سینەما کارێکی سەخت نەبێت، لەبەر ئەوەی سینەما ھونەرێکی رووبەرفراوانەو تەکنەلۆژیا پانتاییەکی گەورەی تیادا داگیرکردووە، بەتایبەتی ئەگەر دەرھێنەر بیەوێت رۆمانەکە بە فەزا رەسەنەکەی خۆی و بە ھەموو ووردەکارییەکانەوە بگوازێتەوە بۆ سەر شاشە و ستەیج، بە پێچەوانەی شانۆ کە تا ئێستاش لە پەراوێزێکی دیاریکراو نەبێت، شانۆ نەیتوانیوە تەکنەلۆژیا بخاتە خزمەت خۆی وەک فاکتەرو کەرەستەیەکی مۆدیرنی گەیاندن پیادەی بکات، ئەمەش ھۆکاری زۆری ھەیە کە رەنگە لێرەدا شوێنی باسکردنی نەبێت.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئامادەکارو دەرھێنەر لەم نمایشە، ترسە لەناو و سەدای ناوبانگی بەختیار عەلی، دەرھێنەر کە ھەر خۆی ئامادەکاری تێکستە جورئەتی ئەوەی نەکردووە بەختیار عەلی بەجێبیلێت و بەدوای گوتاری خۆی بگەڕێت، پابەندبوونی دەرھێنەر بە نوسەری رۆمان وایکردووە رووبەری خەیاڵکردن و جیاوازبوونی بەرتەسک بێتەوەو فەزای رۆمانەکە زاڵ بێت بەسەر فەزای نمایشە شانۆییەکە، فەزای شانۆییەکەش نەیتوانیوە پارسەنگی ئەو فەزا سوریالییە بداتەوە کە فەزای رۆمانەکەی لەسەر بونیادنراوە، ھەرچەندە دەرھێنەر ھەموو ھەوڵێکی داوە ئەم فەزایەی نمایشەکەی لەو فەزایە نزیکبگاتەوە کە رۆمانەکەی تیا دروستکراوە، لە رێگەی بەکاربردنی روناکی و رەنگ و ماسک و جولەو دابەشکردنی فەزای نمایش بۆ ئاستی بینیی جیاواز، بەڵام ھەموو ئەمانە نابن بە فریادڕەسی نمایش و ئەو فەزایەی پێنابەخشن کە دەیخوازێت.
ئەم تەسلیمبوونە بە جیھانی بەختیار عەلی وایکردووە دەرھێنەر جورئەتی ئەوە نەکات کە ئەو قەرەباڵغییەی سەر شانۆ کەمبکاتەوەو شێوازی گیڕانەوەی چیرۆکەکەی جودا بێت لە شێوازی داڕشتنی رۆمانەکە، بەڵکو بەدرێژایی نمایش ھەست بەوەدەکەین کە نمایشەکە ھەوڵدەدات وەرگێڕانێکی راستگۆی رۆمانەکە بێت، وەک ئەوەی نمایشەکە وەک کلیپێک دەرکەوێت بۆ وێناکردنی رۆمانەکە، ئەم حاڵەتە وایکردووە دەسەڵات و سێبەری بەختیار عەلی زاڵتر و باڵاتر بێت لە دەسەڵاتی دەرھێنەرو ئەکتەر لە نێو نمایشەکە، چونکە مەعلومە رۆمان شێوازی تایبەتی خۆی ھەیە لە دروستکردنی چیرۆک و فەزا، شانۆش بە ھەمانشێوە شێوازو کەرەستەی تایبەتی خۆی ھەیەو دەبێ دەرھێنەر پشتیان پێببەستێت و تەسلیمی شێوازی گێڕانەوەی رۆماننوس نەبێت، یا ھەر ھیچ نەبێت رووبەرێکی تری وێناکردن و بەرجەستەکردن و خەلقکردن پیادە بکات کە ھاوتاو ھاوسەنگ بێت لەگەل گوتاری دیدەیی نمایش، تا شانۆییەکە نەبێتە کلیپ و وێنە بینراوەکانی نێو رۆمانەکە، کارە شانۆییەکە نەبێتە ئەوەی بینەر لەم ھۆڵە چاوەڕێ بن بۆ ئەوەی کۆمەڵە ئەکتەرێک بە ئەمانەتەوە رۆمانەکە بۆ بینەران بگێڕنەوە.
ئەوەی لەم نمایشە زاڵ و سەردەستە بەختیار عەلییەو ئەوەی کە نەیتوانیوە ئەو تارماییەی بەختیار لەنێو نمایشەکە کاڵبکاتەوە، دەرھێنەرو دروستکەرانی ئەم نمایشە شانۆییەن، راستە رەنگە ئەوە کارێکی ئاسان نەبێت دەرھێنەر بتوانێت ئەو باڵادەستییەی نوسەرێکی وەک بەختیار عەلی تێپەڕێنێت، بەڵام شانۆ ھەمیشە پانتایی جیاوازبوون و ھەڵوەشاندنەوەو دروستکردنەوەیە، بۆ ئەم مەبەستە فاکتەری زۆر لە شانۆدا ھەن کە رۆمان نییەتی، وەک دەنگ و رەنگ و روناکی و سێبەرو جەستەو جولەو ماسک و ماکیاژو سروت و کەشە شانۆییەکان و دیکۆڕ و سینۆگرافیا و ئایکۆن و ئاماژەو رەمزو وێنەی دیدەیی، ئەمانە کەرەستەی زۆر کاریگەرن ئەگەر دەرھێنەر بتوانێت بەشێوەیەکی چۆنایەتی و چەندایەتی لە بیناکردنی وێنە شانۆییەکەی بەکاری ببات، بۆیە ھەوڵدان بۆ پیادەکردنی ھەمان شێوازو چەمکی گیڕانەوەو دروستکردن لە رۆمانەوە بۆ شانۆ، لە بەھای ئەو ھونەرە دێنێتە خوارەوە و وەزیفەی شانۆ لە دروستکەرەوە دەگۆرێت بۆ فاکتەرو گەیەنەر.
من ھیوام دەخواست دەرھێنەر شێوازو شێوەی داڕشتنی رۆمانەکە لەبیر خۆی بباتەوەو ھەوڵبدات خۆی بەو کەرەستە گرنگانەی بەردەستی شێوازو فۆرمی بیناکردنی ئەو چیرۆکە دابڕێژێتەوەو تەسلیمی واقیعی ئەو رۆمانە نەبێت و بەدوای کارەکتەرو پاڵەوانە جۆربەجۆرەکانی رابکات و یەک بەدوای یەک بیانخاتە سەر تەختەی شانۆو ھەوڵبدات ئەو فۆرمەیان بۆ بدۆزێتەوە کە لە خەیاڵی بەختیار عەلی رەسمکراوە، ئەم کردارە وایکرد دەرھێنەر لە ھەردوو رووبەرەکە دەست بەتاڵ بێت، نە دەتوانێت بەو کەرەستە شانۆییانە ئەو فەزایەی نێو رۆمانەکە لەسەر تەختەی شانۆ وێنا بکات، نە توانیویەتی سوود لەو ھەموو کەرەستەیە وەربگرێت بۆ ئەوەی بەدوای گوتاری وێنەیی خۆیدا بگەڕێت و بۆ ساتێکیش بەختیار عەلی لە بیربکات و ئەوە بخاتە بەرچاوی کە ئەوەی لەسەر شانۆ دەگوزەرێ بەرھەمی عەقڵ و خەیاڵی ئەوەو بەختیار عەلی تەنھا زەمینەیە بۆ ئەوەی بتوانێت تواناو داھێنانی خۆی لە دەربڕین و دروستکردندا بخاتە گەڕ.
تەنانەت لە وێناکردنی کارەکتەرانیش دەرھێنەر کێشەی زۆری ھەیە کە ناتوانێت چارەی دروستییان بۆ بدۆزێتەوە، سادەکردنەوەی کارەکتەرەکانی بەختیار لە کەسانی سادەو رووکەشدا کە توانای پێناسەکردن و ھەڵگرتنی ھزریان نییە، وا لەو نمایشە دەکات زمانی راستەقینەی خۆی لە دەستبدات و لەڕووی فۆرم و گوتاری بەسەری (دیدەیی) زمانێکی تەواو دامالڕاو لە جوانی و جیاوازبوون بەکار ببات و وا بکات نمایشەکە کۆپییەکی لاوازی رۆمانەکە بێت، ئەوەی زیاتریش ئەم وێنەیە زەقدەکاتەوە، ئەدای زۆرینەی ئەکتەرەکانی ئەم نمایشەیە کە ئامادەو ساز نین بۆ ئەم ئەرکەو زۆرینەیان لە رووی ئەزموون و تەمەنەوە ناتوانن ئیزافەیەک ببەخشن بەو کارەکتەرە ئالۆزانەی بەختیار عەلی، لە ھەمووی خراپتر ئەوەیە کە ئەدای زۆرێک لە ئەکتەرەکان فاکتەرێکی نەرێنییە لە وێناکردنی فۆرمێکی سادەو ساختەی کارەکتەرەکانی ئەم رۆمانە، کارەکتەرەکان جگە لەوەی ناتوانن ببن بەو کارەکتەرانەی بەختیار عەلی وێنەی کێشاون، لە ھەمانکاتتدا توانای ئەوەشیان نییە ببن بە کارەکتەری جیاوازو ھەڵگری دیدگای جیاواز و فۆرم و کڵیشەی تر بە زەین و خەیاڵی بینەر ببەخشن، بێگومان ھەموو ئەکتەرەکان لەم سیمایەدا ھاوشێوە نین و ھەندێ ئەکتەر لە رووبەرێکی تەسکدا جیاوازییان ھەیە، بەڵام بەشێوەی گشتی ئەدای ئەکتەرو ئەو تەسلیمبوونەی دەرھێنەر بە ناوو شۆرەتی بەختیار عەلی، کاریگەری نەرێنی بەسەر نمایش بەجێھێشتووە.
ئەوەی بۆ من مایەی سەرنج بوو لەم نمایشە، سینۆگرافیای نمایش بوو، دەرھێنەر ھەوڵیدابوو لە کەمترین کەرەستە وێنە شانۆییەکان بخوڵقێنێت و سەرتەختە جەنجاڵ نەکات بە کەرەستەی زیادەو قەبە، چونکە بە بوونی ئەم ھەموو کارەکتەرە، دەستگرتن بە سینۆگرافیا و بچووکردنەوەی کوتلەکان جۆرێک لە ھاوسەنگی بە وێنە شانۆییەکان بەخشیبوو، لە ھەمانکاتتدا دابەشکردنی فەزای نمایش بۆ چەند ئاستی بینین، سیمایەکی جوانکاری و جیاوازی بە فۆرمی نمایشەکە بەخشیبوو، خۆزگەم دەخواست دەرھێنەر وەک چۆن بەشێوەیەکی جیاواز و وەک ئاماژەو سیمبوڵ کاری لەسەر روناکی و رەنگ کردبوو، ئاواش لە دیزاینی جل وبەرگ کەمتەرخەم نەبووایەو نمایشەکە لەڕووی رەنگ و شێواز و فۆرمی جل وبەرگ زۆر سادەو رووکەش بوو، دەکرا جل و بەرگ ھاوکارێکی باشتر بێت لە رەسمکردنی فەزای نمایش، بە ھەمانشیوە موزیک و دەنگ وەک دوو کەرەستەی کاریگەری نمایش، بوونی بەھێزیان نییەو بەشداری کارا نین لە داڕشتنی وێنەو فەزای نمایش.
من لە کۆتاییدا زۆر بەداوای لێبووردنەوە ئەم سەرنجانە دەخەمەڕوو، بەڵام ئەمە شانۆیەو شانۆش پێش ھەموو پرسێکە پەیوەستە بەڕاستگۆیی و راشکاوی، من ھەرگیز ناتوانم لە کارێکی وەک نوسین راستگۆ نەبم، چونکە ھەستدەکەم ئەمە ئۆباڵێکی مێژوویەو راستگۆیی و راشکاوی تیاییدا سەنگی مەحەکە، چونکە درۆو ستایش و پیاھەڵدانی ساختە نەوەکو ھەر خزمەتی کەس ناکات، بەڵکو لە داھاتوو زیانی گەوەری لێدەکەین.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like