تەمتومانی رەخنەی کوردی

رەحیم عەبدولڕەحیم زاده 
پرسیارێکی گەوره که له بابەت رەخنەوه دێته گۆڕێ ئەوەیه که رەخنه تا چەنده گرێ دراوه به دەقەوه، واته به بێ بوونی دەق رەخنه دەتوانێ به شێوەیەکی سەربەخۆ له گۆڕێ دابێ یان سەرەتا دەق بەدی دێ و ئەمجا بۆ ناسینی یاساکانی دەق پێویستیمان به رەخنه هەیه؟ بۆ وڵام دانەوه بەم پرسیاره که بۆ ناسینی رەخنەی کوردیش ئێجگار  پرسیارێکی گرینگه، پێویسته بەر له هەر شتێ شێوازه سەرەکییەکانی رەخنه بناسین. رەخنه به شێوەیەکی گشتی دەکرێ به دوو جۆر دابەش کەین:

1-خوێندنەوه (Review)

2-لێکدانەوه(Critique)

خوێندنەوه:مەبەست له خوێنەوه ئەو هەڵوێسته سەرەتاییەیه که رەخنەگر له رووبەرووبوونەوه له گەڵ دەقی هونەری¬دا دەیگرێ. واته دوای ئەوەی بەرهەمێک بڵاو دەبێتەوه و دەکەوێته بەر دەستی بەردەنگەکانی، رەخنەگران و به تایبەت رەخنەگرانی پرۆفیشناڵ زۆر زوو هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بەو بەرهەمه دەردەبڕن. تەنانەت لەو وڵاتانەی له بواری رەخنەدا پێشکەوتوون پیش بڵاوبوونەوەی فیلمێک،کتێبێک یان شانۆیەک دەیخەنه بەر دەستی رەخنەگران تا رای خۆیان سەبارەت بەو بەرهەمه دەرببڕن. ئەم هەڵوێسته که دەکرێ وەک خوێندنەوه یان کاردانەوەی بەر له رەخنه ناودێری کەین له وڵاتانی پێشکەوتوو دەورێکی ئێجگار گرینگ له بزاوتی ئەدەبی و هونەری ئەو وڵاتانه دەبینێ و زۆرجار هەڵوێستی یەک یا چەن رەخنەگر دەتوانێ ببێته هۆی سەرکەوتن یان هەرەس هێنانی بەرهەمێک لانی کەم له بواری ئابووریەوه. لەم وڵاتانه زۆرینەی خەڵک بەر له بڵاوبوونەوەی بەرهەمێک یان پێش کڕینی چاوەڕوانی هەڵوێستی رەخنەگران دەبن تا بزانن کات بۆ ئەو بەرهەمه تەرخان بکەن یان نا.

به پێی ئەو ئاستەی ئەم شێوازه رەخنەییه به تایبەت له بواری ئابوورییەوه هەیەتی و کاردانەوەی له سەر فرۆش و دیترانی بەرهەمێک، ئەم جۆره رەخنەیەش پله و پایەیەکی ئێجگار گەورەی چ لای هونەرمەندان و چ لای خەڵک هەیه و هەموو گۆڤار و رۆژنامەکان لاپەڕەی تایبەتیان بۆ ئەم جۆره رەخنەیه دابین کردووه.

ئەم شێوازه رەخنەییه شێوازێکی تێۆریک نییه و هێنده ناچێته بنج و بناوانی بەرهەمەوه، بەڵکوو خوێندنەوەیەکی خێرا و چاوخشاندنێکه به سەر تایبەمەندییەکانی ئەو بەرهەمەدا.

ئەگەر بگەڕێینەوه سەر ئەو پرسیارەی له سەرەتا هاته ئارا دەکرێ بڵێین رەخنەی خوێندنەوه به شێوەیەکی قایم بەستراوەتەوه به دەقەوه واته تا دەق نەبێ رەخنەیەکیش بەدی نایه بەڵام له هەمان کات¬دا ئەم رەخنەیه دەتوانێ دەقێک بێنێته بەرچاو یان له پێش چاوی بخا.

هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی ئاماژەمان پێکرد وڵاتانی پێشکەوتوو له بواری ئەدەبی و هونەری دەگرێتەوه و له پانتاییەکی بەرتەسکی وەک رەخنەی کوردی و تەنانەت وڵاتانی دراوسێ ناتوانین باس له بوونی ئەم شێوازه رەخنەییه یان باشتره بڵێین بوونی بەهێزی ئەم شێوازه بکەین. هەرچەن زۆرینەی ئەو رەخنانەی به زمانی کوردی نووسراون لەم شێوازەدا جێ¬دەگرن بەڵام له بەر چەن هۆکار که له درێژەی ئەم وتارەدا دەیانخەینه بەرباس ئەم شێوازه لەگەڵ هەموو گرینگییەک که هەیەتی نەیتوانیوه کاریگەرییەکی ئەوتۆی له فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی¬دا هەبێ.

یەکەم هۆکار دەگەڕێتەوه بۆ خول (چرخه)ی ئابووری هونەر و ئەدەبیات له وڵاتی ئێمه. کاتێک ئەژماری کتێبێک ئەویش له باشترین ئاستی¬دا له هەزاردانه تێناپەڕێ، کاتێک ئەو کتێبانەی له ساڵێک¬دا بڵاو دەبنەوه ئەژماریان ناگاته پەنجەکانی دوو دەست و هەر ئەو ئەژماره کەمەش زۆر به سەختی بڵاو دەبێتەوه و سیستەمێکی کارامەی بڵاوکردنەوەی کتێب له ئارادا نییه، زۆر ئاساییه که ئەم خوله هیچ کاردانەوەیەکی ئابووری نه بۆ نووسەر و وەرگێڕ و نه بۆ ناوەندی بڵاوکردنەوه نییه و دیاره خوێنەری کوردیش به تایبەت له وەها سیستەمێک¬¬دا هێنده تامەزرۆی کتێبی تازه نییه، کەوابوو رەخنەیەکیش که لەو کتێبه دەگیرێ خوێنەرێکی وای نییه کاردانەوەیەکی ئەوتۆی نابێ. ئەم بابەته جیا له کتێب له بوارەکانی¬تری هونەر وەک شانۆ و سینەما و وێنەگەری به شێوەیەکی زۆر بەرچاوتر خۆ دەردەخا. بۆنموونه تا ئێستاش فیلمی کوردی به شێوەیەکی ئاماتۆر و تەنیا بۆ فستیواله دەرەکی و ناوەکییەکان بەرهەم دێت و هیچ کات بۆ فرۆش ئەویش له ئاستێکی بەربڵاودا ساز نەکراوه دەیجا رەخنەی خوێندنەوه دەتوانێ چ پێگەیەکی له ئاوەها سینەمایەک¬دا هەبێ.
دووهەم هۆکاری گرینگ بۆ لاواز بوونی ئەم شێوازه رەخنەییه نەبوونی گۆڤار و رۆژنامەیه. چما له وڵاتانی پێشکەوتوو رەخنەی خوێندنەوه زیاتر له هەر شوێنێ له رۆژنامەکان¬دا رەنگ دەداتەوه و رۆژانه هەر رەخنەگرێک له بواری خۆی¬دا له سەر کتێبی تازه، فیلمی تازه، پیشانگای تازه و ….هتد دەدوێ، بەڵام لای ئێمه تا ئێستاش رۆژنامەیەک به زمانی کوردی بڵاو نەبۆتەوه، حەوتەنامه و دووحەوتەنامەکانیش ئەژماریان ئێجگار کەمه و له لاپەڕەکانیان¬دا بەستێنێک بۆ ئەم جۆره بابەتانه به شێوەیەکی هەمیشەیی ساز نەکراوه. به گشتی ئەگەر چاو له حەوتەنامه و دووحەوتەنامه کوردییەکان بکەین جێگیر نەبوونی ئەم شێوازه رەخنەییەمان زیاتر بۆ دەسەلمێ.

سێهەم هۆکاری گرینگ نەبوونی رەخنەگری پرۆفیشناڵه که بتوانێ به شێوەیەکی خێرا هەڵوێستی خۆی سەبارەت به بەرهەمی تازه بڵاوکراوه دەربڕێ. هەرچەن وەک کوتمان رەخنەی خوێندنەوه رەخنەیەکی تێۆریک نییه و رەخنەگر هێنده پشت به سەرچاوه نابەستێ، بەڵام ئەم شێوازه رەخنەیه له وڵاتانی پێشکەوتوو زیاتر به رەخنەگرانی زۆر کارامه دەسپێردرێ، رەخنەگرانێک که خوێنەر متمانه به رای ئەوان دەکا و رای ئەوان دەتوانێ بەرهەمێک هەڵکێشێته سەرێ یان دایکێشێته خوارێ.

تا ئەم سێ¬کوچکەیه پێک نەیه رەنگه نەتوانین هیوایەکی وامان به جێ¬کەوتنی ئەم شێوازه رەخنەییه له رۆژهەڵاتی کوردستان هەبێت و تەنیا دەبێ دڵ به هێندێ حەولی تاک و تەرا خۆش کەین.

لێکدانەوه:دووهەم شێوازی گرینگی رەخنه لێکدانەوه یان کریتیکه. ئەم شێوازه زیاتر شێوازێکی تێۆریکه و له سەر بونیادی بیرۆکەیەک و به ستراتێژییەکی تایبەتەوه دەخولقێ. رەخنەی لێکدانەوه هێنده پێداگری له سەر تازه بوون یان کۆن بوونی دەقێک نییه، شایەد رەخنەگرێکی سەدەی 21 لێکدانەوەیەکی نوێی له سەر بەرهەمێکی سەدەی 17 و18 هەبێ یان دەکرێ ئەو دەقه تەنیا بەهانەیەک بێ بۆ هێنانەی ئارای باسێک یان باسێک بێته گۆڕێ که باس له دەقی جیاجیای تێدا بکرێ و یان دەکرێ باسی هیچ بەرهەمێک نەکا و تەنیا باسی تێۆرییەکانی هونەر و ئەدەبیات بکا. کەوابوو ئەگەر بگڵڕێینەوه سەر پرسیارەکەی سەرەتای ئەم وتاره دەکرێ بڵێین رەخنەی لێکدانەوه هێنده پابەندی دەق نییه و به بێ بوونی دەق یان دەقی تازه بڵاوکراوەش دەتوانێ بوونی سەربەخۆی هەبێ و خۆی دەتوانێ دەقێک بێ که دەکرێ لێک درێتەوه و رەخنەی لێ بگیرێ.

رەخنەی لێکدانەوه به پێچەوانەی رەخنەی خوێندنەوه جێی له دووتوێی رۆژنامه و حەوتەنامەکان که بابەتی هەمەرەنگ له خۆ دەگرن نییه، چما ئەم شێوازه رەخنەییە شێوازێکی پسپۆرانەیه و زیاتر له چوارچێوەی وەرزنامه و مانگنامه تایبەتییەکان¬دا دەگونجێ

ئەم شێوازه رەخنەییه له لایەنی جۆراوجۆرەوه دەروانێته دەق که دەکرێ لایەنەکان له دەرەوەی هونەر بن وەک لایەنی کۆمەڵناسانه، دەروونناسانه و…. هتد یان دەکرێ هەر له چوارچێوەی یاساکانی دەق¬دا بن وەک لایەنی فۆرمالیستی، پێکهاتەخوازانه و…. هتد. بەڵام ئەوەی گرینگه هەڵبژاردنی مێتۆدێکی زانستییه بۆ رووبەرووبوونەوه له گەڵ دەق یا بابەت. زۆرینەی ئەو رەخنانەی تا ئێستا له زمانی بیانییەوه راگوێزراونەته ناو ئێمەوه و به هۆی وەرگێڕانەوه له گەڵیان ئاشنا بووین دەچنه خانەی رەخنەی لێکدانەوه.

به هێنانه ئارای ئەو تایبەتمەندییانه زۆر زوو لامان روون دەبێتەوه که رەخنەی کوردی لەم بوارەش¬دا تا ئێستا نەیتوانیوه حەولێکی بەرچاو بدا و بەرهەمێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتۆتەوه که هۆکارەکانی دەگەڕێنەوه بۆ چەن بابەت:

یەکەم ئەوەی که رەخنەی لێکدانەوه رەخنەیەکه که له سەر بونیادی نەزەریەسازی دامەزراوه. واته هەر وتارێک بۆیه دەنووسرێ چون بڕیاره تێزێکی تازه دەربڕێ بەڵام ئەدەبیاتی ئێمه به تایبەت له بواری رەخنەدا هێشتا ئەدەبێکی لاسایی¬کەرەوەیه و نەگەیشتۆته ئاستێک که خۆی بتوانێ نەزەریەی تازه بێنێته ئارا.
دووهەم گرفتی گرینگ که به راشکاوییەوه دەتوانم بڵێم یەکێک له گەورەترین گرفتەکانی رەخنەی کوردییه، گرفتی مێتۆدۆلۆژییه. وەک پێشتر ئاماژەمان پێ کرد، رەخنەی لێکدانەوه پشت به ستراتێژییەکی دەرەکی یان ناوەکی دەبەستێ و له چوارچێوەی رێسایەکی تایبەت¬دا دەرواته پێشێ. ئەمه له کاتێک¬دایه که زۆرینەی ئەو رەخنه کوردییانەی به رواڵەت له چوارچێوەی رەخنەی لێکدانەوه دەنووسرێن خاوەنی مێتۆدۆلۆژی نین و هەرجارەی باز دەدەنه مێتۆدێک و پێکهاتەخوازی و هێرمێنۆتیک و فۆرمالیسم و رەخنەی دەروونناسانه له دوو توێی وتارێکی کورت¬دا پێکەوه دەلکێنن بێ ئەوەی یاسا و رێسایەکی تایبەت رەچاو بکەن. ئەمه دەتوانین بخەینه پاڵ ئەو خەسارە گەورەیەی که به داخەوه زۆری رەخنه کوردییەکان یان هەر ئاماژه به سەرچاوه و رێفرێنس ناکەن و یا ئەگەر دەیکەن به شێوەیەکی هەڵه کەڵک له رێفرێنس وەردەگرن که سەر به هیچ کام له شێوازه ستانداردەکانی رێفرێنس هێنانەوه له دونیادا نییه. جاری وا بووه هێنانەوەی رستەی نووسەرانی جۆراوجۆر وەها دەقی تەنیوه که شوێنێک بۆ دیتنەوەی رای نووسەر وتار نەماوه و بەشێکی زۆری ئەم خەسارەش دەگەڕێتەوه بۆ ئەوەی نووسەر زانا بوون و دەسەڵاتی خۆی له تێۆری ناسی به خوێنەران بسەلمێنێ. نەبوونی مێتۆدۆلۆژی و کەڵک وەرگرتنی هەڵه له رێفرێنس زۆرجار رەخنەی کوردی تووشی گێژاوێک کردووه که کەس تەنانەت رەخنەگران خۆشیان ناتوانن سەرەندەری لێ بکەن و نووسراوەکان له جێی ئەوەی ببنه هۆی روونتر بوونەوەی دەق یان ئەو بابەتەی له سەری دەدوێن، بۆته هۆی تەماوی بوون تەماوی کردن جا چ به ئانقەست و چ بێ قەست تا جێیەک که زۆرجا رەخنەکان جۆرێک پازێل بوون که پیویستیان به حەل کردن بووه. هەڵبەت نابێ ئەمەش له بیر کەین که بەشێکی زۆری تەمتومانی رەخنەی کوردی دەگەڕێتەوه بۆ نەبوونی زانیاری ئورجینال سەبارەت به تێۆرییەکان و زۆربەی دەقه سەرچاوەکان دەقی وەرگێردراون و رەخنەگرانی ئێمه له رێی وەرگێڕانەوه له گەڵ ئەم تێۆرییانه ئاشنا بوون و زۆر جار چ خۆیان و چ وەرگێڕ به هەڵه له بابەتەکه گەیشتوون و هەر ئەمه ئاڵۆزییەکەی دوو هێنده کردووه.

سێهەم گرفتی سەرەکی بۆ لاواز بوونی رەخنەی لێکدانەوه نەبوون یان کەم بوونی گۆڤار و وەرزنامەی تایبەتییه که ئەمه وای کردووه شوێن و پێگەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم جۆره رەخنانه نەبێ و له گەڵ کەم بوونی گۆڤاری تایبەت کەم بوونی ئەژماری خوێنەری پسپۆریش که بتوانێ له گەڵ ئەم جۆره رەخنەیه پەیوەندی بگرێ خۆی کۆسپێکی¬تره له رێگای رەخنەی لێکدانەوەدا.

هەموو ئەم هۆکارانه ئێمه دەگەیەننه ئەو ئاکامەی رەخنەی لێکدانەوەش وەک رەخنەی خوێندنەوه پێگەیەکی وای له ناو هونەر و ئەدەبیاتی کوردی¬دا نییه و رەخنه تا ئێستاش نەیتوانیوه جێ¬پەنجەیەکی دیاری له ئەدەبی کوردی¬دا هەبێ. به واتایەکی¬تر رەخنەی کوردی هێشتا رەخنەیەکی ساوایه و هەنگاوه سەرەتاییەکانی هەڵدێنێتەوه و ئەمەش له فەرهەنگێک¬دا که هێشتا رەخنه گرتن و رەخنه وەرگرتن نەبۆته بەشێک له ژیانی رۆژانەی خەڵک و رەخنه شەڕی گەورەی لێ دەبێتەوه شتێکی ئاساییه. بەڵام هەر ئەم هەنگاوه سەرەتاییانەش دەبێ زۆر هەستیارانه هەڵگیرێتەوه تا ئەگەر بڕیاره بناغەکانی رەخنەی کوردی دامەزرێ هەر له سەرەتاوه به شێوەیەکی پتەو و زانستی بێ تا بتوانێ له داهاتوودا شوێنی خۆی بەجێ بێڵێ.

تەنیا خاڵێک که له کۆتایی ئەم نووسراوەیەدا پێویسته بخرێته بەرباس ئەوەیه که ئەم نووسراوەیه به شێوەیەکی گشتی باسی رەخنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکا ئەگینا رەنگه بتوانین نموونەی سەرکەوتوو له هەر دوو بواری باسکراودا بدۆزینەوه بەڵام ئەمانه تەنیا هێندێ نموونەی تاک و تەران نەک رەوتێکی بەردەوام. هەروەها بۆ هەرکام لەو خەسارانەی لەم وتارەدا باس کران دەکرا و پێویست نموونه بهێندرێتەوه و بەو جۆرەی باسمان کرد دەبوو له سەر بونیادی رێفرێنس ئەم باسانه بێنه گۆڕێ و به جۆرێک ئەم وتاره خۆی تووشی هەر ئەو خەسارانه دێ که رەخنەی لێ گرتووه بەڵام لەبەر چەن هۆکار ئەم شته پشت گوێ خرا: یەکەم هێنانەوەی نموونه بۆ هەرکام لەو بابەتانه له دوو توێی وتارێکی کورت¬دا نەدەگونجا، بەڵکوو نووسراوەیەکی بڵیند یاخۆ کتێبێک پێویست بوو که بتوانێ هەموو رەخنەی کوردی له خۆ گرێ. دووهەم کارێکی وا پێویستی به ئارشیوی گۆڤار و بڵاڤۆکەکان هەبوو که له وڵاتێکی بێ ئارشیوی وەک وڵاتی ئێمه ئەم کاره ئەگەر نەڵێین ناکرێ، بەڵام کارێکی زۆر چەتوونه و پێویستی به کاتێکی زۆر و تایبەت هەیه. کەوابوو ئەمه تەنیا سەرەداوێک بۆ ئەم باسەیه و رەنگه له داهاتوودا بکرێ زیاتری لێ بکۆڵدرێتەوه و زۆر لایەنی شاراوەی¬تری دیار کەوێ.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like