بێباوەڕى لە ڕۆمانى مۆدێرندا (کافکا، کامۆ و بیکێت)

ئارەش نەراقى

وەرگێڕانى: کەیوان هەورامى

خودا مرد!- وەرگێڕانى: کەیوان هەورامى

خودا مرد!

پیاوە شێتەکەى نیچە (زەردەشت) کە هەراسان بە کێوەوە دادەگەڕێ و ڕوو لە خەڵکى هاوار دەکات:

«خودا مردووە!»

هەر دەڵێیت خەڵکى ئەم هەواڵە تۆقێنەرەیان نەبیستووە.

یان لانیکەم بە چەشنێک دەژین وەک ئەوەى ئەم هەواڵەیان بەر گوێ نەکەوتبێت.

پیرەمێردەکەی نیچە لە کتێبى «زانستى شاد» و زەردەشت لە کتێبى «وەهاى گوت زەردەشت»دا، ئەم خاڵەمان پێ ڕادەگەیەنن:

«خودا مردووە! خودا هەر بە مردوویی دەمێنێتەوە. ئەوە ئێمەش بووین کە ئەومان کوشت!».

بەڵام سەرنج لەوە بدەن کە ئەمە لە دیدى نیچەوە هەواڵێکى خۆش نییە.

مزگێنیی ئەوە نادات کە خەنى لە خۆتان خودا مردووە! لە دیدى ئەوەوە هەواڵەکە هەواڵێکى تۆقێنەرە.

ئەوە ڕاستییەکە و دەبێت پەسەند بکرێت، بەڵام لە قووڵاییدا هەواڵێکى تۆقێنەرە.

خودا بە درێژایی هەزاران ساڵ بنیادى شارستانیەتى ڕۆژئاوا بووە.

نیچەش خەمى ئەوەیەتى کە بە مردنى خوداوەند، کۆمەڵگە ڕوو لە جۆرە ڕەوتێکى پووچگەرایانە بنێ و ژیان ماناى خۆى لەدەست بدات.

بەم پێیە، بە پێچەوانەى ئەوەى کە جاروبار وا دەردەکەوێت، نیچە سەرەڕاى ئەوەى خۆى بێباوەڕ بوو، ئەم هەواڵى «خودا مردووە» بە مزگێنى نازانێت.

بە ڕاشکاوى پێمان دەڵێت ئەم هەواڵە هەواڵێکى سامناکە.

چونکە ئاشکراکردنى ئەم حەقیقەتە و لێکەوتەکانى ئەم هەواڵە لە ژیانى ئێمەدا ترسناک دەبن.

هەوڵى فکریی نیچە لە «خودا مردووە»دا (لانیکەم لەسەر بنەماى شیکاریی بڕێک لە نیچەناسان)، ئەوە بووە کە لە ڕاستیدا دوو خاڵ بۆ ئێمە ڕوون بکاتەوە:

دانەیەکیان ئەوەیە کە ئەو سیستمە ئاکاری، فکرى و کۆمەڵایەتییەى کە ئێمە لە کۆمەڵگەى خۆرئاواوە بە میرات بۆمان ماوەتەوە، لەسەر بنەما و تەوەرى گریمانەى بوونى خودا پێک هاتووە.

با نموونەیەکى سادەتان بۆ بهێنمەوە: بۆ نموونە ئەرکە ئاکارییەکان.

گریمانەى گەلێک لە فەیلەسووفانى ئاکاری ئەوەیە کە ئەرکى ئاکارى لە ماهیەتى خۆیدا جۆرێکە لە فەرمان، بەڵام فەرمان جێبەجێ ناکرێت هەتا فەرماندەرێک نەبێت.

ئەرک ماناى نییە هەتا بەرئەرککەرێک لەئارادا نەبێت؛ کەسێک کە بەرئەرک بکات.

ئەم سیستمە ئاکارییەى کە لاى نیچە سیستمێکى ئاکاریی مەسیحی بوو، ڕاستییەکەى ئەوەیە کە لەو هزرەوە سەرچاوەى گرتبوو کە خودایەکى فەرماندەر بوونى هەیە، ئاکاریش لەم جیهانەدا فەرمانە ئاکارییەکانى خودان.

بەڵام ئەى ئێستە کە خودا مردووە چى دەبێت؟

ئەگەر خودایەک لەئارادا نەبێت، سەرلەبەرى بنیادى ئەم ئاکارە، کە لەسەر بنەڕەتى گریمانەى هەبوونى ئەم بوونە فەرماندەرە داڕێژراوە، کتوپڕ لەناو دەچێت.

ئەمەش هەمان ئەو خاڵەیە کە دۆستۆیڤسکى لە «برایانى کارامۆزۆف»دا پێمانى دەڵێت.

ئەو دەڵێت: «ئەگەر خودا بوونى نەبێت، هەموو کارێک ڕێپێدراوە.».

ئەمە واتە بنیادى ئاکار یان ئەرکى ئاکارى بریتییە لە گریمانەى هەبوونى بوونەوەرێکى فەرماندەر یان بەرئەرککەر. جا لەگەڵ تیاچوونى ئەو بنەڕەتەدا، ئێوە دەبینن کە سەرلەبەرى ئەو بینا ئاکارییە لە بەرەرەبەرى داڕماندایە، مەگەر ئەوەى کە بنتوانن بنەڕەتێکى شوێنگرەوەى بۆ هەڵبژێرن.

هەر لەبەر ئەوەشە کە ئێوە دەبینن لە سەدەى هەژدەیەم و نۆزدەیەمدا، یەکێک لە گرنگترین هەوڵە فکرییەکانى فەیلەسووفان ئەوە بوو کە بۆ ئەو ئاکارەى کە بنەما ئایینییەکەى لێک هەڵوەشاوە، ئەو ئاکارەى کە لەسەر ئەم ئەم پایانە بنیاد نرابوو و ئێستەش وا ئەم پایانە هەژێنراون، پایەگەلى نائایینى بدۆزنەوە.

بۆ نموونە سوودگەرایی جۆن ستیوارت میلە هەوڵى دەدا توخمى سوود کە توخمێکى سەر بەم جیهانەیە، بکاتە بنەماى ئەرکە ئاکارییەکان.

یان کانت هەوڵى دەدا جۆرێک لە پەیڕەویی ئەقڵانى، کە بابەتێکى سەر بەم جیهانەیە، بکاتە بنەماى ئەرکە ئاکارییەکان.

هەروەها ژمارەیەکى زۆریش لەسەر ئەوە هاوڕان کە یەکێک لەو قەیرانانەى کە ڕووى لە فەلسەفەى ئاکار کردووە، ئەمەیە: ئێوە خوداتان لەژێر بیناى ئاکاردا دەرهێناوە، ئێستەش بۆ ئەوەى ئەم بینایە دانەڕمێت، پێویستە پایەگەلێکى دیکەى بۆ بنیاد بنێن کە ئەم پایانەش بە ئەگەرێکى زۆر تا ئێستەش هێندە سەرکەوتوو نەبوونە، یان هەرچۆنێک بووە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکى نیوەونیوەچڵە…

دۆستۆیڤسکى لە ڕۆمانى «تاوان و سزا»دا ئەو کەشفە نیچەییەمان بۆ نمایش دەکات؛ ئەو کەشفەى کە خودا مردووە، ژیان لە جیهانێکى بێخودادا هەر بە ڕاستى سامناکە.

ئێوە تەماشاکەن ڕاسکۆڵنیکۆفى پاڵەوانى تاوان و سزا، خوێندکارێکى زانکۆ و گەنجە ڕۆشنبیرێکى ڕووسییە کە بە پەیڕەویکردن لە بیروباوەڕوى کۆمەڵگەى سەردەمى خۆى، بڕواى بە خوداوەند لەدەست داوە.

دواجاریش بەو ئەنجامە گەیشتووە کە هەموو شتێک ڕێپێدراوە.

ئەوەى کە چاکە و خراپە دەستنیشان دەکات، خودا نییە، بەڵکە مرۆڤى باڵایە، مرۆڤى بەهێزە، پاڵەوانەکانن. لەم بارەیەوە کەسانى وەک ناپلیۆن نموونەن. ڕاسکۆڵنیکۆف زۆر لەژێر کاریگەریی ناپلیۆندا بوو، لە شوێنێکدا دەڵێت گەر ئێوە کەسێک بکوژن، دەستبەجێ دەتانخەنە زیندانەوە، بەڵام ناپلیۆنێک کە چەندان کەسى بە کوشتن دان، کەچى پەیکەریان بۆ دروست کرد و ڕێزیان لێ نا.

ئەمە بۆچى؟ چونکە ئەو مرۆڤى باڵایە، پاڵەوانە.

ئەوە ئەوە کە ڕێساکان دادەڕێژێت، ئەوە ئەوە کە چاکە و خراپە پێناسە دەکات.

هەر لەبەر ئەوەشە کە ڕاسکۆڵنیکۆف وەک مرۆڤێک کە بڕواى بە مردنى خودا هێناوە، هەوڵ دەدات خۆى داڕێژەرى ئاکار بێت.

جا بۆ ئەوەى خۆى بۆ خۆى بسەلمێنێت، لە کوشتنى یەکێک لە پەچەڵترین کەسانى نێو کۆمەڵگەوە دەگلێت؛ ئەو پیرێژنە سووخۆر و بێبەزەییەى کە خوێنى کۆمەڵگەى دەمژى.

بەڵام هەر کە ڕاسکۆڵنیکۆف ئەم کارە دەکات، واتە لەم تاوانەوە دەگلێت، کتوپڕ خۆى لەنێو بۆشاییەکى دەروونیدا دەبینێتەوە. بۆشاییەک کە خۆى لە هەستى تاوانێکى قووڵ، لە شپرزەییەکى دەروونی و وجوودیی ئێجگار قووڵدا نیشان دەدات.

واتە دۆستۆیڤسکى پێمان دەڵێت ئەزموونى جیهانێکى بێخودا، بۆ ئێمەى مرۆڤە ئاساییەکان ژیانێکى هێندەش ساکار نییە.

هەڵبەتە گەر نیچە ڕاست بکات، تەنیا مرۆڤە باڵاکان و پاڵەوانە ڕیزپەڕەکان تواناى هەڵگرتنى ئەم بارە قورسەیان هەیە.

بەڵام ئەم هەواڵە بۆ ئێمەى مرۆڤە ناوەندییەکان، هێندە سامناکە و ئەو بارە ئەوەندە گرانە کە شانە سستەکانمان بەرگەى ناگرن.

لێرانەدا ڕاسکۆڵنیکۆف لەژێر گوشارى ئەم تاوانەدا، کە ئەنجامى ئەزموونى ژیانى ئەوە لە جیهانێکى بێخودادا، دواجار بەو ئەنجامە دەگات کە دۆستۆیڤسکى بۆى پێشنیار دەکات: واتە ڕووکردنەوە لە جۆرە باوەڕێکى مەسیحیانەى پاکژ.

سۆنیاش، ئەو ژنەى کە ڕاسکۆڵنیکۆف پێى ئاشنا دەبێت و شوێن ئەوینى دەکەوێت، بەیانکەرى ئەم ڕێگەیەیە. سۆنیا، ئەو کچەى کە لەپێناو ڕزگارکردنى خێزانەکەیدا چووە ژێر بارى لەشفرۆشییەوە، نمایشى مریەمى مەجدەلیی نێو کتێبی پیرۆز دەکات و یەکێکە لە توخمە پیرۆزەکانى نێو بەرهەمەکانى دۆستۆیڤسکى.

بەم پێیە، ئەو ئایدیایەى کە نیچە لە «زانستى شاد» و «وەهاى گوت زەردەشت»دا بۆمانى دەردەبڕێت، دۆستۆیڤسکى لە تاوان و سزادا بۆ ئێمەى وێنا دەکات و دەیەوێت نیشانمان بدات ژین لە جیهانێکدا کە خودا تێیدا بارى کردووە و ژیان بەبێ باوەڕبوون بە خوداوەند، هەتا بڵێیت سامناک و سەختە.

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــ

بێباوەڕى لە ڕۆمانى مۆدێرندا (کافکا، کامۆ و بیکێت)

ئارەش نەراقى

وەرگێڕانى: کەیوان هەورامى

تصویر ممکن است موارد زیر را شامل شود: ‏۱ نفر‏


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like