خوێندنه‌وه‌یه‌كی پوخت له‌ سه‌ر ئه‌بزۆردیسم له‌ شانۆدا

خوێندنەوەیەکی پوخت لە سەر ئەبزۆردیسم لە شانۆدا

ئـ : جەمشید بەهرامی

شانۆی ئەبزۆرد(پووچی) لە یەک رەستەدا بە مانای رۆچوونی فەلسەفە و ناوەرۆکێکی پووچ لە فۆرم و رواڵەتدایە، ژان پۆل سارتر ئاماژەی بە پووچی گەردوون دەکرد تا لەم رێگەیەوە مانای بوون ناسانە (onto logic) لە بنەڕەت ترین شوێنی خۆیدا ببینێتەوە و بە کەڵک وەرگرتن لە هەیدگر،کەڵە فەیلەسووفی بوون ناس؛ پێگەی بەجێهێشتنی خۆی، مردن و دواییش لە مانای قووڵی نەبووندا دابنێت.

سارتر بە مانای ئیگزیستانسیالیسم لە پەنانی ڕامانی خۆی لە سیاسەتدا بەوەفا بوو و هەر بەو پێیە بە لە بەرچاوگرتنی ناهومێدی لە بوورژوازی و کۆمەڵگای نوێی ئەورووپایی، بانگەشەی بۆ “هەڵبژاردن” و “ئازادی” دەکرد؛ هەڵبژاردن و ئازادی وەک دوو فاکتەری بنەمای پێگە مرۆییەکان، هەر بۆیە پووچی دەکردە بنەمایەک بۆ دەربڕینی رێگایەکی فەلسەفی، هەر بەو مانایە کە هەیدگر بە گەڵاڵەکردنی جێگیربوونی دوونیا لە نێوان دوو هیچ‌دا بۆ گەیشتن بە بوونی رەسەن، بە ئەنجامی دەگەیاند.

لە لایەکی دیکەوە سارتر، درامای باشی بە درامایەک دەناسی کە کاریگەری لە سەر رەهەندی ئەخلاقیی بەردەنگ دابنێت؛لە کاتێکدا کە ئەبزۆردیسم (پووچی) ناهوومید لە هەر ئەخلاقێکە، و تا ئەو رادەیە جیهان ئاڵۆز دەبینێت کە زۆرتر باوەش بە بیدەنگی‌دا دەکات تاکوو‌ بۆ دەربڕینی هەستەکان لە زمان کەڵک وەرگرێت .

بەڵام ئەلبیر کامۆ بە پووچی ئەمەگدارتر بوو و دونیایەکی خنکاوی لە بێ‌مانایی دەخستە ڕوو.

ئەوەی کە دەبووە هۆی دابڕانی نێوان کامۆ و شانۆی ئەبزۆرد،لۆژیکی گوتاریی کامۆ بوو؛ کامۆ بۆ پیشان‌دانی پووچی پەنای دەبرده زنجیرەیەک لۆژیک و مانابەخشیی گێڕاننەوەی داستانی،و ئەمە دەبووە هۆی ئەوەی کە بە رەچاوکردنی بوونی ناوەڕۆکی پووچ، شێوەی گەش بوونەوەی لۆژیکی شانۆ لە بەرهەمەکانیدا تووشی پارادۆکسێک بێت، بە شێوەیەک کە پووچی دەکاتە خولێکی مانایی،ئەمانە هەمووی لە پەنای هەستی ئەلجێریای ئەودا بوو کە لە توێیەکانی ژێرەوەی بەرهەمەکانیدا لە روانگەی هەندێک لە رخنەگرانەوە دەچۆڕایەوە و لەگەڵ بێ رۆحی هەستیی ئەبزۆردیسمدا نەدەهاتەوە.

بە هۆی ئەلجرایایی بوونی کامۆ؛کە شێوه تیشکێکی لاوەتی کە رنگێکی مەدیتەرانەیی هەیە،ئەو پووچییە و ئەو مەرگەی کە لە بەرهەمەکانیدا هەیە هاوتەریب دەبن.

شانۆی پوچی بەرهەمی دۆخێکە، و وەڵامێکە بۆ ئەو دۆخەی کە خۆی سەرهەڵەداوی کەلتووری بوورژوازیە؛ شانۆی پووچی بەر لە هەموو شتێک رەخنەیەکە لە شێوە ژیانی بوورژوازی.

لە راستیدا ئەبزۆردیسم بە سووک‌کردنی کۆمەڵگای مودێرن، شێوەی ژیان و بایەخەکانی چینی مام ناوەندی کۆمەڵگا، بە پووچ دەزانێت و لەم ڕێگەیەوە مرۆڤی ئەم چینە لە گۆماوێکی مەنگدا دەبینێت.

ئەم مام ناوەندی بوونە بەرهەمی ئامانجە ئیخلاقیی- عەقڵانییەکانی ئەو ئەورووپایە، کە لە سەر بنەما لەرزۆکەکانی دوونیای ئەمنیی لە روانگەی رخنەگرانی مودێرنیتی و بەڵکوو ئەبزۆردیستەکاندا دەستکرد و تەزویرە،و خاڵی لە هەر بنەمایەکە.

شانۆی پووچی و هزری بنەما

شانۆی پووچی و هزری بنەما لەودا، بەرهەمی گەشەکردنی فەلسەفەکانی نهیلیستی و پووچ بینانەیە. شانۆی پووچی لە راستیدا پەرەپێدانی بە چڕووپڕی نهیلیسمی نیچە و نەریتە فیکرییەکانی چۆڕاو لەوە، کە بە روانینی تیژی خۆی شارستانییەتی ئەورووپی دەخاتە ژێر پرسیار.

لە راستیدا نهیلیسم و پووچی بەس لە ژێر سێبەری گەشە و دواتر رەخنە لە فەلسەفە هاتە ئاراوە.

ئەگەر نەریتی رێنسانس و پرۆسەی مودێرنیزاسیۆن نەبووبایە،

ئەگەر فەلسەفەی ئەخلاقی کانت و سنووری مرۆڤایەتی عەقڵی ئەو نەبووبایە و

ئەگەر مێژووی فەلسەفەی هێگل، بە لایەنەکانی ئایدیالیستی هەموو دونیای نەهەژاندایە، نیچە سەری هەڵنەدەدا و

هەیدگر لە گەڕاننەوە بە بوونی رەسەن، لە ژێر تۆزی هزری پێوانەیی نە دەهاتە قسە،

و لە کۆتاییدا ئەگەر لە سەردەمی رێنسانسی ئەورووپادا، کە ڕەچەڵەکی لە نێو بایەخەکانی یۆنانی کۆندا بوو،

روانگەی ئومانیسمی نەدەبوو خاوەن نەریت و پێگە،و گەشەی نەدەکرد؛

هیچ کات ئەبزۆردیسم و هزری پووچی لە شێوەیەکدا کە لە بەرهەمەکانی یۆنسکۆ و بێکێت دەبینرێت، درووست نەدەبوو.

لەبەر ئەوەی کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم شانۆیە، ئومانیسمە.

کۆی رامان

کۆی رامان لەوەدایە :

بوورژوازی لە ئامانجدا خودی مرۆڤ نە لەوێنەی خاڵی بوون، بەڵکوو لەوێنەی بوونێکی مەسخەرە،بەندکرا و داماو گرێ بدەین بە بەرهەمی ئەبزۆردیستانێک وەک یۆنسکۆ و بێکێت،هەروەها کە لە چاوی کافکا تەنانەت خاڵی لە رواڵەتی مرۆڤایەتییە.

هەموو بنەماکانی هزریی و کۆمەڵناسیی شانۆی پووچی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم ژانرە،کە شانۆیەکی سیاسییە و بە تەواوەتی کۆمەڵانسییە- لە وێنەی هەموو رەوتێکی شانۆیی زیندوو و بە بایەخی مێژووی شانۆ- بەڵام نەبوونی ئەم بنەما و ئەساسانە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم ژانرە شانۆییە خاڵی لە تەواوی ئەو کاریگەرییە سیاسی و نارەزایەتییە بێت کە لە ناوەرۆکی خۆیدا دەیبینێت.

هەروەها زۆر روونە، ئەبزۆرد رەوتێکی فیکری و ئەدەبی بووە کە بەرهەمەکەی بێکێت و یۆنسکۆیە، بەڵام گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە ئەم رەوتە لە بەرهەمەکانی بێکێت و ئادامۆف و یۆنسکۆدا مانا پەیدا دەکات؛ لە راستیدا کۆمەڵگایەک کە شانۆنامەکانی ئەوان دەبرایە سەر شانۆ،بە هۆی نەریتە فکرییەکانیەوە ئەم بەرهەمانەی وەردەگرت و مانای دەکردەوە.زۆر بەرچاو و روون بوو کە رەخنەکەی کوێ دەپێکێت و گاڵتەی بە چی دێت.

ئەبزۆردیسم لە شانۆی کوردیدا!!

کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنووکە ئەزموونی سەقامگیری و گەشەی چینەکانی کۆمەڵایەتی بە شێوەیەکی چڕ و پڕ نییە و لەو ڕوەوە هێشتا کرچ و کاڵە؛ قەد شێوەی ژیانی چینی مام ناوەندی کە نیشانەی سەقامگیربوونی کۆمەڵگایەکی مودێرن بێت لە وڵاتانی دەورووبەر و بەتایبەت لە کوردستان نەگەشتووەتە ئەنجام.

کوردستان هەر کات ویستوویەتی دەستپێکی گەشە بە خۆیەوە ببینێت دورووبەریەکان و ئەوی‌دییەکانی ئێمە (کورد وەک نەتەوە) بوونەتە لەمپەر و کۆسپ لە بەرامبەرماندا، لە ئاوەها هەل و مەرجێکدا دەست نیشان کردنی چینی مام ناوەندی زەحمەتە لە بەر ئەوەی کە چینەکانی کۆمەلگا هەنووکە سەقامگیر نەبوون، بۆیە شانۆی ئەبزۆرد ناتوانێ وەڵام دەرەوەی خواستەکانی کۆمەڵگای کوردی بێت و نابێت چاوەڕوان بکرێت کە شانۆی ئەبزورد وەک ژانرێکی شانۆیی کاریگەری لە سەر ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی دابنێت.

بۆ دۆزینەوەی چینەکان و کاریگەری ئەوان لە کۆمەڵگای کوردی‌دا و کاریگەری لە رێگەی بەرهەمێکی هونەریی لە وێنەی شانۆوە رێگایەکی دوور و درێژمان لە پێشە، هەر بۆیە باس لە کەم وکورتییەکان و کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی،بەو شێوەیەی کە لە کۆمەڵگای ئەورووپی‌دایە، لە کوردستاندا و ئەویش لە رێگای بەرهەمی شانۆییەوە ئینتزاعیە،بە هۆی ئەوەی کە بنەما نەریتییەکان هەنووکە لە کۆمەڵگای شاری‌دا کاریگەریان هەیە و چینەکان سەقامگیر نەبوون.

بەم پێیە هەل ومەرجی کۆمەڵایەتی کۆمەلگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیی ، لە ئاستێکدا نییە کە لە کۆتایی هاتنی مۆدێرنیتی دەدوێت و بورژوازی سەرهەڵدراو لە کاپیتالیسم بخاتە ژێر پرسیارەوە.

لە لایەکی دیکەوە شانۆی پووچی بە مانای دوالووتکەی ناهومێدی مرۆڤە، شانۆی پووچی بە ناهومێدی لە زمان و مانابەخشین و رێ‌خۆش کردن لە پەیوەندییە مرۆییەکان،لە مرۆڤ ناهومیدە و هێدی هێدی لە ریگەی هونەرێکەوە کە بنەماکەی مرۆڤە، مرۆڤ لە پووچی و ئیکسپایەر بوونی نیشان دەدات.

ئەمە بەرهەمی گەشەی هزری مرۆییە کە دەبێتە ئەزموونی ژینی مرۆڤی مودێرن و لە ئاکامدا لە شارەزایی فەلسەفییەوە بە راستیەقینەبوونی کۆمەڵایەتی گەیشت.

بەس لەم کاتەدایە کە ناهومێدی لە ئومانیسمدا مانا پەیدا دەکات.


بەم پێیە لە لایەکەوە گەشەی مۆدێرنیتی و سەقامگیری کۆمەڵگای مۆدێرن و لە لایەکی دیکەشەوە روانگەی ئومانیسم و گەشەی فەلسەفی لەم روانگەیەدا، دەبێتە هۆی ئەوەی کە روانگەکانی بێکێت،ئادامۆف و یۆنسکۆ مانا پەیدا بکات و هەستی تێگەیشتن و زیندوو بوون لە بەردەنگدا درووست بێت.نەبوونی هەریەک لەمانە، لە ئاوەها مانا و پەیوەندییەک بەرگری دەکات.

ئەوەی کە زۆربەی ئەم شانۆیانە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بەردەنگ رازی ناکات، بەس ناگەڕێتەوە بۆ کێشەکان و ناشارەزابوون،بەڵکوو کێشەی بنەرەتی ئەوەیە کە:

وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوونیایەکی جیاوازتر لە ئەو دونیایە کە یەکم جار ئەبزۆردیسم لەوێدا دەستی بە گاگۆڵکی کرد، و پێوەندییە مرۆییەکان لە هەرکام لەو دونیایانە بە شێوەیەکی جیاواز دەناسرێت.

هەموو بنەما هزریی و کۆمەڵییەکانی شانۆی پووچی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم ژانرە شانۆییە تا سەر ئێسقان پێوەندی بە کۆمەڵگایەوە هەیە- لە وێنەی هەر رەوتێکی زیندوو و بە نرخی دیکە لە مێژووی شانۆی ئێمەدا- بەڵام نەبوونی بنەماکانی گونجاو دەبیتە هۆی ئەوەی کە ئەم ژانرە شانۆییە خاڵی لە تەواوی کاریگەرییە سیاسی و بەگژداچوونەکاندا بێت کە لە ناخی خۆیدا بەدی دەکرێت.


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like