بەیەل؛ گوندێک لە ناخی ھەمووماندا خوێندنەوەیەک بۆ کۆمەڵەچیرۆکی “تازیەدارانی بەیەل”ی غوڵام حوسێن ساعیدی

سەروەر عومەر

“تازیەبارانی بەیەل” لە ھەشت چیرۆکی پێکەوە پەیوەستی ھاوکات سەربەخۆ پێکھاتووە. چیرۆکنووس، شانۆنامەنووس و فیلمنامەنووسی ناوداری ئێرانی “غولام حوسێن ساعیدی” نووسیویەتی و “بەڕۆژ ئاکرەیی” بە زمانێکی جوان و رەوان کردوونی بە کوردی و لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی (ئاراس)ەوە لە ساڵی ٢٠١٢دا بڵاوکراوەتەوە.
ئەم کۆمەڵەچیرۆکە بەڕای تەواوی نووسەران و رەخنەگرانی ئێرانی بە یەکێک لە شاکارە ھەرە باشەکانی ئەدەبیاتی چیرۆکنووسی فارسی دادەنرێت و لە ساڵی ١٩٦٤دا بڵاوکراوەتەوە و تا ساڵی ١٩٧٧ دوازدە جار چاپکراوەتەوە. شێوازی نووسینی چیرۆکەکان ریالیزمی جادووییە، ھەمان ئەو شێوازەی کە “گابرێل گارسیا مارکیز” رۆمانی “سەد سالڕ تەنیایی” پآ نووسی، بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا جێگەی سەرنج و تێڕامانە، ئەوەیە نووسەران و رەخنەگرانی ئێرانی پێیان وایە ساعیدی بەر لە مارکیز و “سەد سالڕ تەنیایی”ەکەی ئەم شێوازەی بەکارھێناوە. لەوانەش “ئەحمەدی شاملوو” کە دەڵێت: “ئێمە تازیەبارانی بەیەلمان ھەیە، کە بە بڕوای من ساعیدی بەر لە (گارسیا مارکیز) ئەم جیھانە سیحراوییەی خوڵقاندووە”. ھەروەھا رۆماننووس “مەحمودی دەوڵەتئابادی”، کە ھاوڕآ و ھاوسەردەمی ساعیدی بووە لەم بارەیەوە رای وایە: “ئەو فەزایەی ساعیدی ئیشی تێدا کردووە، ھەمان ئەو فەزایەیە کە دواتر مارکیز تەمەنی خۆی تیا دانا”، بەڵام دەوڵەتئابادی پێشی وایە کە ساعیدی بەم داھێنانەی خۆی نەزانی و ھیچ بەلایەوە گرنگ نەبوو. “بێئەوەی بیەوێت و ئەسڵەن بەلایەوە گرنگ بێت، داھێنەری شێوەیەک بوو کە شاملوو راستی دەکرد کاتێک دەیوت ئەم ریالیزمی جادووییە سەرەتا ساعیدی دەستی پێی راگەیشتبوو”. ئەو خۆی نەیدەزانی چ داھێنانێکی گەورەی کردووە و چ توانایەکی سەرسووڕھێنەر و سیحری چیرۆکبێژ ھەیە لە نووسینی چیرۆک و گێڕانەوەدا. لەجیاتی پەرەدان بەم بەھرە و توانا ناوازەیەی، خۆی بە سیاسەت و کۆڕ و کۆبوونەوە و باس ء خواستە نەبڕاوە رۆشنبیرییەکانی ئەو دەمەوە سەرقالڕ کردبوو. بەڕای ھەندێک لە رەخنەگران، سیاسەت و تێکەڵیی زۆر نەیانھێشت ساعیدی وەک نووسەرێک بژی. ساعیدی بەھۆی ھەڵوێست و وتارەکانییەوە لەلایەن دەزگای ئاسایشی ئەوکاتی ئێرانەوە “ساواک” دەستگیر دەکرێت و بۆ ماوەی یەک سالڕ لە زیندانی تاکەکەسیدا ئەشکەنجە دەدرێت. ئەم زیندان و ئەشکەنجانە بە شێوەیەک کاریگەریی خراپیان لەسەر ساعیدی دانا، کە پاش ئازادکردنی و رۆیشتنی بۆ دەرەوەی وڵات ئیتر نەیتوانی لەسەر داھێنانە جوانەکانی بەردەوام بێت و شاکاری ھاوشێوەی “تازیەبارانی بەیەل” بنووسێت. وەک خۆی دوای ئازادکردنی دەیوت: “من ئیتر تەواو بووم…!” مەحمودی دەوڵەتئابادی بە توندی رەخنە لەم ھەڵوێستانەی ساعیدی دەگرێت و پێی وایە ساعیدی نەدەبوو بەم جۆرە خۆی سەرقاڵی سیاسەت کردبایە کە ئاوا زیندانی بکرێت و ئازار بدرێت. لەم بارەیەوە دەڵێت: “ئەو بەم کارانەی لە گەوھەری بوونی خۆی دوور کەوتەوە، ئەو گەوھەرەی کە دەیتوانی چیرۆکێک بنووسێت و لە زەیندا بمێنێتەوە”. یاخود وەک “موجتەبا سوڵەتپوور” دەڵێت: “ئەگەر غوڵام حوسێن ساعیدی لە وڵاتێکی جیھانی سێیەمدا نەھاتایەتە دونیاوە و لە شوێنێکدا بژیایە کە نووسەر ناخەنە زیندانەوە و پاشانیش مەنفای بەسەردا ناسەپێنن، رەنگە ئێستا ناوی ساعیدی لە ریزی گەورەترین نووسەرانی سەدەی رابردوودا بھێنرایە”.

تەکنیک


چیرۆکەکانی ئەم کۆمەڵەیە، ھەشت چیرۆکی سەربەخۆن، کە لە رواڵەتدا ھیچ پەیوەندییەکیان پێکەوە نییە، جگە لەوەی رووداوەکان لە یەک شوێندا روودەدەن “بەیەل”. چیرۆکەکان سەرجەمیان بێناونیشانن و تەنھا بە “چیرۆکی یەکەم” و “چیرۆکی دووەم”و… لە یەک جیاکراونەتەوە و تەنھا ناونیشانی تایبەت، ناونیشانی سەر بەرگی کتێبەکەیە کە ھەر ھەشت چیرۆکەکەی لەژێر سەقفێکدا کۆکردووەتەوە. رووداوەکانی چیرۆکێک تەنھا تایبەتن بەو چیرۆکە و نووسەر لە چیرۆکەکانی تردا ناچێتەوە سەریان، بەڵام ھەندێک لە کەسایەتییەکان “مەشەدی ئیسلام، مەشەدی جەبار و کوێخا” لە سەرجەم چیرۆکەکاندا بوونیان ھەیە. ئەم ژانرەنە رۆمانە نە کورتەچیرۆک، بەڵکو شێوازێکی تازە و فۆرمێکی نوێیە کە چیرۆکنووسێکی وەک ساعیدی لە دەیەی شەستەکانی سەدەی رابردوودا دایھێناوە. ھەندێک پێیان وایە ئەم شێوازە جۆرێک شێوازی ئەو چیرۆکانەیە کە بە ریالیزمی جادوویی نووسراون. ساعیدی لەو نووسەرانە نییە کە زۆر بڵێیی و بانگەشەی رۆشنبیرانە بکات و لە وەسفی چەند لاپەڕەیی شوێن و دیمەنەکاندا نقووم ببێت، ئەگەر وەسفی شتێکیش بکات ئەوە شانبەشانی رەوتی رووداوەکانی چیرۆکەکە دەڕوات. لە کارەکانی ساعیدیدا درێژدادڕیی نابینرێت، ئەو ھێندە بەتوانایە تەنھا بە چەند رستەیەک کۆمەڵێک وێنەی بەرجەستە دەدات بەدەستەوە. وەک دەوڵەتئابادی دەڵێت: “بە رشتنی یەک دوو پەڵە رەنگ، وێنەیەکت بۆ دەکێشێت کە بۆ ھەمیشە لە زەیندا دەمێنێتەوە”. یاخود “من ھیچ کەسێکم نەدیوە وەک ساعیدی بتوانێت لە ژمارەیەکی کەم مرۆڤ لە ژینگەیەکی داخراودا کۆمەڵەچیرۆکێک بخوڵقێنێت کە شاکاربن”. ساعیدی لە تازیەبارانی بەیەلدا لە ژمارەیەکی کەم مرۆڤ، چەند ماڵێک، حەوزێک، تاتە شۆرێک، پەرستگەیەک و کۆنەئاشێک وێنەی گوندێکی واقیعیمان بۆ دەکێشێت، یاخود گوندێکمان نیشان دەدات. لەم چیرۆکانەدا ھەواڵێک لە جوانیناسی و دیمەنی عاشقانە و ژیانی لوکس لەئارادا نییە. نووسەر ھەروەھا پەنا بۆ گەمەی زمان و ئاڵۆزیی و وێنەی سواوی شیعریی و رستەی ئاوس بە ھزر و فەلسەفەی قەبە و تەکنیکی فرەدەنگی و فرەڕەنگی نابات. ھاوکات خۆیشی بە ئامۆژگاریی و وتاردانەوە سەرقالڕ ناکات. چیرۆکەکان لەلایەن چیرۆکبێژی “ھەمووشت زان”ەوە دەگێڕدرێنەوە، بەڵام رەوتی رووداوەکان بە شێوەیەکن کە نەوەک ھیچ شوێنپێیەکی چیرۆکبێژ لە رووداوەکاندا نابینرێت، بەڵکو چیرۆکبێژیش خۆی رادەستی رووداوەکان دەبێت و بە ناچاری باوەڕ دەھێنێت. بۆ نموونە کاتێک لە چیرۆکی چوارەمدا “مەشەدی حەسەن” دوای مردنی مانگاکەی خۆی لێ دەبێت بە مانگا و وەک مانگایەکی راستەقینە رەفتار دەکات، چیرۆکبێژ ھێندە بە ئاسانی رادەستی ئەم حاڵەتە دەبێت کە لە کۆتاییدا ئاوا چیرۆکەکەمان بۆ دەگوازێتەوە: “لە بنی دۆڵەکە و لە تاریکیدا، سآ پیاو مانگایەکیان گوریسپێچ کردبوو و خاوکێش خاوکێش بەرەو جادەیان دەبرد. یەکێک لە پیاوەکان لەپێشەوە دەڕۆیشت و گوریسەکەی رادەکێشا. دووپیاوەکەی تریش پاڵیان دەنا. مانگاکە ملی نەدەدا و پیاوەکانی ماندوو و ھیلاک دەکرد”. ل١٣٦.

گفتوگۆ


لەم چیرۆکانەدا ھەموو شتێک بەھۆی دیالۆگەوە دەچێتە پێشەوە. دیالۆگ لەم چیرۆکانەدا رۆڵێکی سەرەکی ھەیە و ساعیدی خۆی لە چاوپێکەتنێکدا دەڵێت: “من لە گفتوگۆی مرۆڤەکان زۆر چێژ وەردەگرم و گفتوگۆ ئەسڵەن بۆ من بابەتی گاڵتە نەبوو”. گفتوگۆ حاڵەتێکی نمایشی بەم چیرۆکانە بەخشیوە. ھەر بۆیە چیرۆکی چوارەمی ئەم کۆمەڵەیە لەژێر ناوی “مانگا”دا دەکرێت بە فیلم و لەلایەن دەرھێنەری ناوداری ئێرانیی “داریوشی میھرجویی”یەوە کاری دەرھێنانی بۆ ئەنجامدەدرێت. نمایشی ئەم فیلمە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و بەدیھاتنی شەپۆلێکی نوآ لە سینەمای ئێرانیدا.

پەیام


بەڕای ھەندێک لە رەخنەگران، ساعیدی لەم چیرۆکانەدا و لە بەرھەمەکانی تریشیدا باس لە سەردەمی پڕ ترس و بیمی دەیەی پەنجاکانی ئێران دەکات. لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا بەئاشکرا دژی خورافەپەرستی دەوەستێتەوە و ژیانی فەلاکەتباری گوندنشینان و جووتیارانی لە زەوی دابڕاو نمایش دەکات. “ساعیدی بە پێچەوانەی زۆرێک لە نووسەرانی سەردەمی خۆیەوە لە ھەژارپەرستی و ستایشی ھەژاری دوور دەکەوێتەوە و بە زرنگی لە چیرۆکەکانیدا قسە لە دوو جۆر ھەژاریی دەکات؛ ھەژاریی ماددی و ھەژاریی کەلتووریی، کە بەڕای ساعیدی ئەمەی دواییان سەدان و ھەزاران جار لەوەی یەکەمیان زیانبارتر و وێرانکارترە”. ھەر لەم چیرۆکانەدا ساعیدی بە شێوەیەکی زۆر ناسک و ھونەری باس لە داگیرکار دەکات (چیرۆکی شەشەم)، لێرەدا دیکتاتۆرییەت و داگیرکاریی لەشێوەی شمشێرەکەی دیمۆکلیسدا نمایشکراوە؛ کە خەڵکی لەگەلڕ ئەوەدا کە لێی دەترسن، ئەشی پەرستن. بە وتەی “نەسیمی خاکسار؛ نووسەر و شانۆنامەنووسی ھاوچەرخ”، (لەم کارانەدا ئامادەیی رەگەزە ریالیستییەکان، کارەکانی ساعیدی لێوانلێو دەکات لە پەیوەندی و بابەتە کۆمەڵایەتییەکان و نیشانی دەدات کە ئەم نووسەرە لەگەلڕ خەڵکی کۆمەڵگەکەی خۆی لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە و دەستی واقیع ناکاتە قوربانی خەیاڵاتی پاڵەوانی چیرۆکەکانی خۆی. ئەمەش خەسڵەتێکی ریالیستەکانە. نووسەرانی ریالیزم نیشانیان دا کە ھونەرمەند کەسێک نییە لە گۆشەی ژوورەکەیدا دابنیشێت و ژیان و رووداوەکان لە دوورەوە وێنە بکێشێت. ھونەرمەند خۆی لەنێو گۆڕەپانەکەدایە. لەنێو ئەو بەرە فراوانەدا کە لەگەلڕ نەریتە رزیو و ناسازگارەکانی کۆمەڵگەدا دەجەنگێت و تێکیان دەشکێنێت و بۆ دوور فڕێیان دەدات). ساعیدیش بەر لە نووسینی ئەم چیرۆکانە چەندین گەشتی بۆ گوندە دوورەدەستەکانی ئێران ئەنجامداوە و لە نزیکەوە بینەری ژیانی گوندییەکان بووە و دەستی لە ئازار و کۆژانی گوندنشینەکان داوە. لە ئەنجامی ئەم گەشتانەیدا چەند “مۆنۆگراف”*ێکی نووسیوە و دوابەدوای ھەر گەشتێکیش چەند کارێکی ئەدەبی ئەفراندووە، کە “تازیەبارانی بەیەل”یش بەرھەمی یەکێک لەم گەشتانەی نووسەرە.

کەسایەتییەکان


کەسایەتییەکان لەم چیرۆکانەی ساعیدیدا نەگۆڕن، ھەر بەوجۆرەی کە لە سەرەتای چیرۆکەکاندا باس دەکرێن ھەروا دەمێننەوە. ھیچ ھەوڵێک بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژیانیان نادەن و ھەمیشە رازین و لە ھەر ھەلومەرجێکدا نەک ناڕەزامەندی دەرنابڕن، بەڵکو سوپاسگوزاریشن. کەسەکان ھێندە لەنێو باوەڕ و ترس و بیم و خورافاتەکانی خۆیاندا نقووم بوون، کە پێیان وایە ئازار و رەنج و مەینەتییەکانیان بەشێکی جیا نەکراوەیە لە ژیانیان و ھیچ سکاڵایەکیان لەم ھەلومەرجە نییە. مەرگ و ترس و برسییەتی و تاریکی و ھەژاریی پێ بەپآ لەگەلڕ ژیانیاندا دەچێتە پێشەوە. تەواوی کەسایەتییەکان کۆیلەی ترس و لەرز و خەیاڵاتەکانیانن. کاتێکیش رووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە پەنا بۆ تەنیایی و مەرگ دەبەن. مرۆڤەکان لەم کۆمەڵگەیەدا تەنیا و بێکەسن، لە عەشقدا شکست دەخۆن و پەنا بۆ تەنیایی دەبەن، لە چارەسەری کێشەکاندا شکست دەخۆن و پەنا بۆ مەرگ دەبەن. “مەشەدی رەمەزان” پاش مردنی دایکی پەنا بۆ مەرگ دەبات، “عەباس” پاش کوشتنی سەگەکەی بە رق و تووڕەییەوە گوند بەجێدەھێڵێت. “مەشەدی ئیسلام” پاش ئەوەی تۆمەتی ئەخلاقی دەخەنە پالڕ، دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی بە قوڕ دەگرێت و بەرەو شار دەڕوات و دواجار سەر لە نەخۆشخانەی دەروونییەوە دەردەھێنێت. کوڕی مەلای گوند بەدوای ئەو کچەدا کە خۆشی دەوێت، روو دەکاتە شار و لە نەخۆشخانەیەکدا دەیخەوێنن.
تەنھا دوو کەس لەم چیرۆکانەدا لە حاڵەتی نەگۆڕی خۆیان دێنە دەرەوە، ئەوانیش “مەشەدی حەسەن” لە چیرۆکی چوارەمدا و “سەرسوور”ە لە چیرۆکی حەوتەمدا. ئەم دوو کەسایەتییەش دووچاری بەدگۆڕان “مەسخ” و لە خۆبێگانەبوون دەبن. مەشەدی حەسەن بەھۆی مردنی مانگاکەیەوە دەبێت بە مانگا و دواجار لە ھەڵدێرێکەوە بەردەبێتەوە خوارەوە و دەمرێت. سەرسووریش کە دووچاری نەخۆشیی زۆرخۆری بووە، لە بەیەل دەر دەکرێت و دواجار دەبێتە گیانەوەرێکی ترسناک: “لمۆزی وەک لمۆزی مشک درێژ بوو. گوێیەکانی وەک گوێی مانگا قیت وەستا بوو، بەڵام لاق و لپی سمیان پێوە بوو. کلکە کورت و سێگۆشەییەکەی شۆڕ بووبووەوە و دوو شاخی بچووکیش لە خوار گوێیەکانییەوە دەبینران. کە دەتگوت لەژێر پێستیدا خەریکن چووزەرە دەکەن. کە زۆری لەخۆی دەکرد، پێڵووەکانی دەکرانەوە و چاوەکانی لەژێر شاخەکانییەوە دەبینران کە وەکو چاوی بۆقێک لە سەرەوەیان دەڕوانی. چەند لەتە پەڕۆیەکیش بە ئەندامەکانی لەشیدا شۆڕبووبوونەوە. دانیشتبوو و گەنمەکانی ھەڵدەلووشی…” ل٢٠٩-٢١٠.
کەسایەتییەکان لە یەک ئاستی بیرکردنەوەدان و وەک یەک وان. “مەشەدی ئیسلام” کە زرنگترین و رۆشنبیرترین کەسایەتیی چیرۆکەکانە، ئەویش لە ئاستی کێشەکاندا دەستەوتانە و ھیچی پێ ناکرێت. “ئیسلام” رۆشنبیری کۆمەڵگەی جوتیارییە، ئەو ھەمەکارەی گوندە، لە زەماوەندەکاندا ساز لێ دەدات و لە پرسەکاندا سەردولکە دەخوێنێت. ھەمووان بۆ چارەسەری کێشەکان پەنای بۆ دەبەن. بەڕای ھەندێک لە رەخنەگران، “ئیسلام” لەم چیرۆکانەدا نوێنەری ئایدیۆلۆژیای کۆمەڵگەیە. چاو و دلڕ و گوێی گوندە. تەنھا ھۆکاری گواستنەوە لەم گوندەدا عارەبانەکەی ئەوە. ئەو کەسێکی تەنیایە و نە ژنی ھەیە و نە مندالڕ، دواجاریش بەھۆی دروستکردنی تۆمەتێکەوە بۆی، گوند بەجێدەھێڵێت و ئاوارەی سەر شەقامەکانی شار دەبێت.
دەتوانین بڵێین لەم چیرۆکانەدا پاڵەوان بوونی نییە، ئەگەر ھەشبێت ئەوا خودی گوندی “بەیەل”ە، کە تەواوی رووداوەکان لەوێدا روو دەدەن.

فەزا


ئەوەی لەم چیرۆکانەدا سەرنجڕاکێش و تازەیە، فەزایە. فەزا لەم چیرۆکانەدا زۆر تاریک و خنکێنەرە. ئەگەر بەدوای شادی و خۆشی و خەندە و ژیانی پڕ باق و بریقدا ئەگەڕێی ھەرگیز ئەم چیرۆکانە مەخوێنەرەوە. ئەم چیرۆکانە ھەرچەندە باس لە گوند دەکەن و گوندیش سیمبولی سروشت و گولڕ و باخ و شاخ و جوانییە، بەڵام ھیچ کام لەمانە لەم کۆمەڵە چیرۆکەدا نابینرێن. ساعیدی تەنانەت کاتێک باسی سروشتیش دەکات زۆر بەشێوەیەکی ناشیرین و دژە ستاتیکیانە باسی دەکات. سەرنجێک لەم چەند نموونەیە بدەن: “نەنە فاتم بایەکی رەش و چڵکنی بینی کە شتێکی سپی لەگەلڕ خۆی دێنا…”ل٦٥، “بایەکی بۆگەن ھەڵی کرد”، “تیرێژی خۆر بەنێوان لقەکاندا تێدەپەڕی و ھەردووکیانی تەنگەتاو کردبوو… ل٤٨”، “جامی ئاوەکە پڕبوو لە مێشوولە… ل٥٦”، “ریزی سەرەکان تێکڕا ھەڵگەڕانەوە و لە مانگیان روانی کە وەک کۆنە فودانێک لە پورۆسەوە ھەڵدەھات… ل١٢٢”، “مانگ مۆر و ھەڵمساو لە خۆرھەڵاتەوە دەرکەوت… ل٢٠٦”.
“بەیەل” گوندێکە نە کەس تیایدا لەدایک دەبێت، نە کەس زەماوەند دەکات. عەشق بەشێوەیەکی زۆر کالڕ بەرچاو دەکەوێت. نە رووەکێک دەڕووێت، نە بەرھەمێک بەدەست دێت، گوند کە سەرچاوەی خێر و بەرەکەت و بەرھەمی رووەکی و بەخێوکردنی ئاژەلڕ و سوودوەرگرتنە لە بەرھەمەکانی، بەڵام لێرەدا ھیچ بەرھەم و بەروبوومێک نابینرێت. برسێتی و قاتوقڕی تەنگی بە بەیەلییەکان ھەڵچنیوە. گوند لە گۆڕستانێک دەچێت ھەموو شتێک تیایدا راوەستاو و بێجووڵەیە. گوندێک کە تەنھا لە کۆمەڵێک مالڕ، حەوزێک، تاتەشۆرێک، مەزارێک و کۆنەئاشێک پێکھاتووە. لەم گوندەدا ھیچ شتێکی سوودبەخش بەرھەم ناھێنرێت، بەڵام تا حەز بکەیت بەرھەمھێنەری نەفامی، خوارفە، دڵڕەقی و توندوتیژییە. لەم گوندەدا کەس یارمەتی کەس نادات. تەنیایی باڵی بەسەر تەواوی تاکەکاندا کێشاوە. تەنھا پەیوەندییە ئابوورییەکان تاکەکان کۆ دەکاتەوە، ئەو کاتانەی پێکەوە دەچن بۆ سواڵکردن، یاخود کاتێک دەچن بۆ دزی. خەڵکی ئەم گوندە بەو حاڵە خراپەی کە تیایدان زۆر رازین و تەنانەت سوپاسگوزاریشن و ھیچ دەنگی ناڕەزاییەک نابیستین. ئەوان بە رادەیەک لە گۆڕان دەترسن، تەنانەت ئامادە نین سەگێکی بێگانەش قەبوولڕ بکەن و لە ناوی دەبەن. دەنگی کۆمەڵگە پڕە لە خورافات، کەس بیرناکاتەوە و ھەمووان بەدوای نانی شەودا وێڵن. بەردەوام لە خودا دەپاڕێنەوە؛ خودایەک کە خۆیان بۆ خۆیان دروستکردووە. خورافە و نەفامی بەشێوەیەک مێشکی تاکەکانی داگیرکردووە، مەکینەی ئۆتۆمبێلێکیان لێدەبێت بە “ئیمامزادە” و داوای چارەسەر و شەفاعەتی لێ دەکەن. ھەموو شتێک لەم گوندەدا بیانووە بۆ شیوەن و رۆڕۆ و تازیەباری.
خوێنەر دوای خوێندنەوەی چەند لاپەڕەیەک، ھەستێکی سەیری لادروست دەبێت، ماڵەکان زۆر نزمن و ھیچیان دەرکەیان نییە. خەڵکی بەسەر دیوارەکاندا ھاتوچۆ دەکەن، لە پەنجەرە و دەربیجەوە دەرو ژوور دەکەن و لە کڵاوڕۆژنە و کونی سەربانەکانەوە سەر دەر دەھێنن و قسە دەکەن. لەم چەند نموونەیەی خوارەوە بڕوانن:

  • کە گەیشتنە لای حەوزەکە، پەنجەرەیەکی بچووک کرایەوە و سەری پیاوێکی لێوە ھاتە دەر. سەرەکە لە تاریکیدا جووڵەیەکی کرد و وتی… ل٩.
  • پیرەمێردەکانیش کە نەیاندەتوانی لە مالڕ بێنە دەر، سەریان لە کڵاوەڕۆژنەکانەوە ھێنابووە دەرێ… ل١١.
  • مەشەدی بابە سەری لە کڵاوەڕۆژنەی بانەکەیانەوە دەرکێشا و ھاواری کرد…
  • ئیسلام تارەکەی ھەڵگرت و لە پەنجەرەوە ھاتە نێو کۆڵان… ل٢١٩.
  • بابە عەلی کە سەری لە دەربیجەی دیوارەوە ھێنابووە دەرآ وتی… ل١٨٨.
  • عەباس دەربیجە دارینەکەی کردەوە، سەرەتا پێیەکانی و پاشان لەش و ئەوسا سەری بردە ژوورآ… ل١٦١.
  • بەپەلە خۆی گەیاندە سەر نەردیوانەکە و سەری لە کڵاوەڕۆژنەوە بردە دەرآ و سەری بەو ناوەدا گێڕا… ل١٠٧.

  • خەڵکانی ئەم گوندە دەڵێی تەنھا بۆ مەینەتی بەدیھێنراون و ھیچی تر. پێکەنین لەم چیرۆکانەدا بە دەگمەن دەبینرێت، تەنانەت کاتێکیش کەسێک قسەیەکی خۆش دەکات کەس پێناکەنێت، چونکە وەک گێڕانەوەی نوکتەیەک وایە لە کۆڕێکی پرسەدا. تاریکی بە تەواوەتی باڵی بەسەر ئەم گوندەدا کێشاوە و تەنھا رووناکییەک لێرەدا رووناکیی فانۆسەکان، یاخود تریفەی مانگە، کە جارجارە لە درزی ھەورەکانەوە دەردەکەوێت. تاریکی وەک “د. شەھرزاد نوری سەفا” دەڵێت: “سیمبولی نەفامی و نەزانینە کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لەم گوندەدا بڵاوبووەتەوە”. کۆمەڵگە لەم چیرۆکانەدا نووقمی پرسەیە، بە تەنھا لە چیرۆکی دووەمدا چەندین مەرگی یەکلەدوای یەک دەبینین. ناوی کۆمەڵەچیرۆکەکەش “تازیەبارانی بەیەل”ە. بە قەولی “نەنە فاتم” یەکێک لە کەساتییەکانی کۆمەڵەچیرۆکەکە؛ “دەڵێی ھەموو شتێک فاتیحەی لێخوێندراوە…!” مرۆڤەکان زۆر دڵڕەق و بێبەزەیین، کەس بە ھانای کەسەوە نایەت. لە چیرۆکی سێیەمدا “مەشەدی حەسەن” کاتێک مانگاکەی دەمرێت و لەژێر قورسایی باری ئەم خەمەدا لەپآ دەکەوێت، نەوەک کەس بە ھانایەوە ناچێت، بەڵکو گوریسپێچ دەکرێت و لە بەیەل دوور دەخرێتەوە. لێرەدا مرۆڤەکان بە ئەندازەی ئاژەڵەکانیش توانای لێبووردن و لەگەلڕ یەک ھەڵکردنیان نییە. لە چیرۆکی پێنجەمدا ئاماژەیەکی جوان بەمە دراوە، کاتێک “عەباس” سەگێک لە خاتووناواوە دوای دەکەوێت بۆ بەیەل، بە یەکێک لە خاتووناواییەکان دەڵێت: “دەترسێم سەگەکانی بەیەل لەگەڵیدا ھەڵ نەکەن”. خاتووناواییەکەش پێی دەڵێت: “سەگەکان لەگەڵیدا ھەڵدەکەن، بەڵام ئەگەر خەڵک لەگەڵیدا ھەڵیان نەکرد، بەرەڵای بکە، بۆخۆی دێتەوە خاتووناوا”. ل١٤٣.
    ھەروەھا لە چیرۆکی حەوتەمیشدا “سەرسوور” بە دڕندانەترین شێوە لە بەیەل دەردەکرێت و کەسێک نییە دڵی پێی بسووتێت. ھەر بۆیە دەتوانین بڵێین “بەیەل” گوندێکە لە ھەناوی ھەر کۆمەڵگەیەکدا. “بەیەل” شوێنێکە یاخود ناشوێنێکە کە لە ناخی ھەمووماندا ھەیە و لە ناخی ھەریەک لە ئێمەدا بەیەلێک ھەیە کە تیایدا رق و کینە و نەھامەتی و نائومێدیی و تاریکی و تەنیایی و ترس و بیم و خورافە فەرمانڕەوایە. واتە ئەگەر ناخی مرۆڤ وڵاتێک بێت، ھەمیشە لە گۆشەیەکی ئەم وڵاتەدا گوندێکی تاریکی وەک “بەیەل” ھەیە. ساعیدی ھاتووە و لە رێگەی چیرۆکەوە تیشکی خستووەتە سەر ئەم گوندە تاریکە کە تا ئێستا بە نادیاری و شاراوەیی ماوەتەوە. ئەوەی ساعیدی لە “تازیەبارانی بەیەل”دا نیشانمان دەدات، بەشێکە لە ناخی ھەریەک لە ئێمە، کە تا ھەنووکە نادیار بووە و بە رۆشنایی نووکی خامە بە پێز و بڕشتەکەی ساعیدی رووناک کراوەتەوە و خراوەتە بەردەستمان. تاوەکو سەردانی بکەین و بە کون و قوژبن و کەلێنەکانی ئاشنابین.

رووداو


رووداو لەم چیرۆکانەدا رۆڵێکی تەواو گرنگ دەگێڕێت، ساعیدی لەگەلڕ گفتوگۆدا گرنگییەکی زۆریشی بە رووداو داوە، بۆ نموونە تەنھا لە چیرۆکی دووەمدا پێنج رووداوی یەکلەدوای یەک روو دەدەن و ھاوشان لەگەلڕ رەوتی چیرۆکەکەدا دەچنە پێشەوە. ئەم رووداوانە نەوەک تەنھا بینای چیرۆکەکان توندءتۆلڕ دەکەن، بەڵکو کارێکیش دەکەن خوێنەر ھەست بە بێزاریی و یەک ریتمی نەکات و بە دوای رووداوەکاندا، شوێن وشە و رستەکان بکەوێت و لاپەڕەکان بە تامەزرۆییەوە ھەڵبداتەوە. نووسەری چیلیی “ئیزابێل ئالندە” دەڵێت: “چیرۆکی بآ رووداومان نییە”. رووداوەکان لە چیرۆکەکانی ساعیدیدا سینەمایی دەچنە پێشەوە، رەنگە ھەر ئەمەش وایکردبێت، یەکێک لە چیرۆکەکانی ئەم کۆمەڵەیە بکرێتە فیلم و ھەر لەم فیلمەشدا چەندین دیمەن لە چیرۆکەکانی تر بھێنرێت و تێکەلڕ بەم فیلمە بکرێت. ساعیدی لە رێگەی رووداو و گفتوگۆوە دەگات بە کەشێکی نمایشی، کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی رۆمانی پۆست مۆدێرنی ئەمڕۆ.

زمان


زمان لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا، زمانی ئارگۆیە، زمانێکی سادەی نائەدەبی، دژە ئێستاتیکی، ئاسایی و رۆژانەی دانیشتووانی گوندێکی وەک “بەیەل”. ساعیدی ئەم زمانەی بآ رتوش و دەستکاری وەک خۆی داناوەتەوە. ئەم زمانە بە تەواوی سادەیی و رەوانی و بآ گرآ ء گۆڵی خۆیەوە لە “تازیەبارانی بەیەل”دا ئامادەیە. زمانێک کە یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ نیشاندانی ھەژاریی کەلتووری و سادەیی خەڵکانی ئەم گوندە. بۆ نموونە لە چیرۆکی شەشەمدا کاتێک “مەشەدی جەبار” لە شار دەگەڕێتەوە، شتێکی نامۆ لەسەر رێگەکەی دەبینێت و بۆ خەڵکی بەیەلی باس دەکات، ئێستا سەرنج لەم گفتوگۆیانە بدەن:
مەشەدی جەبار: “شتێکی گەورە بوو نەمزانی چی بوو؟”
مەشەدی بابە گوتی: “ئاخر چۆن چۆنی بوو؟”
مەشەدی جەبار گوتی: “شتێکی گەورە بوو، وەکو مانگایەک، ھەرچییەکم کرد نەمتوانی بیجووڵێنمەوە”.
عەبدوڵڵا گوتی: “چۆن بوو؟ سەرءگوێلاکی ھەبوو، نەیبوو؟ ئاخر چۆن چۆنی بوو؟”
مەشەدی جەبار بیرێکی کردەوە و گوتی: “لێم روون نەبووەوە… چاو و گوآ… نا نەیبوو”.
……
ئیسماعیل گوتی: “لە کآ دەچوو؟”
مەشەدی جەبار بیرێکی کردەوە و لە تاک تاکی پیاو و ماڵەکانی رووانی، کۆکەیەکی کرد و گوتی: “لە ھیچ کەس نەدەچوو، شتێکی سەیر و عەجایەب بوو، وەکو… بەخوای نازانم چی بڵێم”. ل١٧٢-١٧٣.
نووسەر ھەروا درێژە بەم گفتوگۆیانە دەدات تەنھا لە پێناوی دەرخستنی عەقڵی سادە و خورافاتی دانیشتووانی بەیەلدا.
ھەرچەندە ساعدی بەم زمانە سادەیە، بآ زۆرلەخۆکردن و ئاڵۆزیی و فەلسەفە لێدان و خۆنواندن، ئەم شاکارە جوانەی ئەفراندووە، بەڵام ھەندێک لە رەخنەگران ئەمە بە خاڵێکی لاوازی کارەکەی ساعیدی دادەنێن و دەڵێن دەبووایە زمانێکی ئەدەبی و جوانتری بەکاربردبا، بەڵام رۆماننووسی ناسراوی ئێرانی “مەحمودی دەوڵەتئابادی” لەگەلڕ ئەم بۆچوونەدا نییە و ئەو پێی وایە: “زمان تەواو ھاوئاھەنگە لەگەلڕ چیرۆکەکاندا. من ھیچ لاوازییەک لە زماندا سەبارەت بە بابەتەکە نابینم. ساعیدی ھیچ کات نەیویست ئەدیب بێت و زمانی ئەدیبانە بەکار بھێنێت، ئەمەش تەواو ھاوئاھەنگییەکی لۆژیکی ھەیە لەگەلڕ دەربڕینەکاندا. ئەگەر بڕیار بووایە زمانێکی ئەدیبانەی بەکار بھێنایە، ئەم چیرۆکانە ناتەواو دەبوون. ئیسلام و عارەبانە و بزنەکەی و ئەو گوندەی کە بە وتەی تۆ ھەموویان خەوتوون ئەمە دەخوازێت. باشە بۆ نموونە ئەگەر “بێکیت” بیویستایە بە زمانێکی ئەدیبانە بنووسێت، نەیدەتوانی؟ ئەو خۆ مامۆستای زمان و کەلتوور و زانستی رۆژئاوا و رۆژھەڵات بوو، بەڵام لە نمایشنامە گرنگەکەی “لە چاوەڕوانی گۆدۆدا” ئەم کارەی نەکرد. یاخود یونسکۆ لە نمایشنامەکانیدا. ئەم قسانە نەزانیی رەخنەگرانە”.

کات ء شوێن


ئەم کۆمەڵەچیرۆکە لە دەرەوەی کات و شوێنن، ئەمەش تەکنیکێکە ساعیدی بۆ بەگشتیکردن و ھەمیشەییکردنی چیرۆکەکانی سوودی لێوەرگرتووە. ھەرچەندە ھەندێک دەڵێن کات لەم چیرۆکانەی ساعیدیدا، ئاماژەیە بە کۆمەڵگەی ئێرانی دەیەی پەنجاکانی سەدەی رابردوو و سەردەمی ترس و خورافەی رەزاخان و خوازەیەکە بۆ ئێرانی سەردەمی پەھلەوی. ھەروەھا شوێنیش “گوندی بەیەل” گوندێکە چەند کیلۆمەترێک لە “ئیلخچی”یەوە دوورە، کە گوندێکی ئەھلی حەق نشینە لە نزیکی شاری “تەبرێز”، ساعیدی لە گەشتێکیدا بۆ ئەم ناوچەیە سەردانی ئەم گوندەی کردووە و “مۆنۆگراف”ێکیشی لەسەر نووسیوە، بەڵام ئەم زانیارییانە ھیچ گرنگییەکیان نییە و ئەم کۆمەڵەچیرۆکەی ساعیدی تایبەت نین بە ھیچ سەردەم و شوێنێک، کات بۆ ھەموو سەردەمێک درێژ دەبێتەوە و شوێنیش دەکرێت ھەر جێگەیەک بێت، چونکە ئەوەی نووسەر لەم چیرۆکانەدا دەیەوێت لێی بدات، ترس و بیم، تەنیایی، لەخۆبێگانە بوون، خورافە، برسێتی و… تادواییە، کە ئەمانەش تایبەت نین بەھیچ شوێن و سەردەمێک و تا مرۆڤایەتی مابێت درێژەیان ھەیە. ھەر ئەمەش وایکردووە پاش تێپەڕبوونی ئەو ماوە زۆرەش تەپوتۆزی فەرامۆشی نەنیشێتە سەر بەرھەمەکانی و ھەرچەندە لە سەردەمی ساعیدیدا و دوای ئەویش چەندین چیرۆک و رۆمان تایبەت بە ژیانی گوند و خەڵکی گوند نووسراون، بەڵام ھیچیان وەک کارەکانی ساعیدی بە نەمریی نەمانەوە و چوونە خانەی فەرامۆشییەوە.

وەرگێڕان


“تازیەبارانی بەیەل” یەکێکە لەو شاکارانەی جێگەی بەتاڵی ھەمیشە لە کتێبخانەی کوردیدا ھەستی پێدەکرا. ھەرچەندە درەنگ وەرگێڕدرا، بەڵام دواجار بە وەرگێڕانێکی ناوازەوە کەوتە بەر دەستی خوێنەری کورد. “بەڕۆژ ئاکرەیی” لە وەرگێڕانەکەیدا زۆر جوان و کارامانە سوودی لە ھەمان زمانی چیرۆکەکان وەرگرتووە و ھەر بەو زمانە سادە و ساکارە گوندییە چیرۆکەکانی بە کوردی کردووە. ئەم کارەی بەشێوەیەک وردبینی و سەلیقە و کارامەیی ئەنجامداوە؛ ھەندێک جار لە کاتی خوێندنەوەدا وا ھەست دەکەیت شاکارێکی بە کوردی نووسراو دەخوێنیتەوە. ئەمەش بەھۆی ئەو زمانە تەواو کوردی و خۆماڵییەی ئاکرەیی لە وەرگێڕانی چیرۆکەکاندا بەکاری ھێناوە. بە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانە بۆ ماوەیەک لە زمانی فەرمی و پەخشانی ساردءسڕ و بێڕۆحی رۆژنامە و وتار و راپۆرتەکان دوورمان دەخاتەوە و بە توولەڕێی زمانێکی سادە و خۆماڵیدا دەمانباتە دونیای ریالیزمی جادوویی غوڵام حوسێن ساعیدییەوە.
ئەوەی لێرەدا مایەی سەرسووڕمان و جێگەی داخە، ئەوەیە کە ئەوەندەی من ئاگاداربم تا ھەنووکە خویندنەوەیەک بۆ ئەم شاکارە پڕ داھێنانە نەکراوە و ئەم چیرۆکانە لە دونیای رۆشنبیری کوردیدا ھەروا خەریکن بە بێدەنگی تێدەپەڕن. وەک بڵێی کتێبێکی لەم جۆرە ئەسڵەن نەکرابێتە کوردی. جانازانم ئەمە بۆ نەخوێندنەوەی ئەم چیرۆکانە دەگەڕێتەوە لەلایەن نووسەران و رەخنەگرانەوە، یاخود بابەتەکە ھەست نەکردنە بە گەورەیی و گرنگی ئەم کۆمەڵەچیرۆکە لە دونیای ئەدەب و داھێناندا. ئەمە لەکاتێکدا ئەم چیرۆکانە و کارەکانی تری ساعیدی لە ئێران گرنگییەکی زۆریان پێ دەدرێت و سەرەڕای تێپەڕبوونی دەیان سالڕ بەسەر بڵاوبوونەوەیاندا ھێشتا زیندوون و بەردەوام خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت و رەخنە و نووسینیان لەسەر بڵاودەکرێتەوە و دەکرێنە بابەتی توێژینەوەی نامەی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکاندا.

کۆتایی


دواجار بۆ منێکی رۆژھەڵاتی کارەکتەر و شوێن و رووداو و بۆنە و زمان و پرس و پەیام و ئەفسانەکانی ئەم چیرۆکانە زۆر نزیکن و بەشبەحاڵی خۆم لە خوێندنەوەیاندا ھەستم بە ئاشنایی و نزیکییەکی زیاتر دەکرد لەچاو خوێندنەوەی رۆمان و چیرۆکەکانی گارسیا مارکیز و خوان رۆڵفۆ و کارلۆس فۆینتس، تەنانەت ئەو رۆمانە کوردییانەش کە بەم شێوەیە نووسراون. دەتوانین بڵێین ریالیزمی جادوویی غوڵام حوسێن ساعیدی شێوازێکی خۆماڵیزەکراوی ئەم رێبازەیە و خوێنەری رۆژھەڵاتی لە کاتی خوێندنەوەیاندا چێژێکی زیاتر وەردەگرێت.

بایۆگرافی غوڵام حوسێن ساعیدی


دکتۆر غوڵام حوسێن ساعدی، ناسراو بە “گەوھەر موراد”، رۆژی شەممە ٤ی مانگی جەنیوەری ١٩٣٦ لە تەبرێز ھاتووەتە دونیاوە. ساڵی ١٩٥١ ھاوکات لەگەلڕ راپەڕینی نەتەوەییدا چالاکیی سیاسی خۆی دەستپێکرد. چەند ساڵێک دواتر بەرپرسیارێتی بڵاوکردنەوەی رۆژنامەکانی “فریاد، ێعود، جوانان ازربایجان”ی لەئەستۆ گرت و چەند چیرۆکێکی لەم رۆژنامەیە و ھەروەھا “دانش اموز”ی چاپی تاراندا بڵاوکردەوە.
پاش کودەتای ١٥ی ئۆگەستی ١٩٥٤ بۆ ماوەی دوو مانگ دیارنەما و لە مانگی دیسەمبەری ئەم ساڵەدا دەستگیرکرا و چەند مانگێکی لە زیندان بەسەر برد. ساڵی ١٩٥٥ چووە کۆلێژی پزیشکی و ساڵێک دواتر ھاوکاری خۆی لەگەلڕ گۆڤاری “سخن” دەستپێکرد. لەم ساڵەدا چیرۆکی “مرغ انجیر” و چیرۆک و شانۆنامەی “پیگمالیۆن”ی لە تەبرێز بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٩٦٧دا چیرۆکی “خانەھای شھری” لە تەبرێز و شانۆنامەی “لیلاج ھا”ی لە گۆڤاری “سخن”دا بڵاوکردەوە. دوو سالڕ دواتر و پاش ئاشنایی لەگەلڕ سەمەدی بێھرەنگی، بێھروزی دێھقانی، مەفتونی ئەمینی، کازمی سەعادەتی و مەنافی مەلەکی، رابەرایەتی بزاڤە خوێندکارییەکان و مانگرتنەکانی زانکۆی تەبریزی کرد. لەم ساڵەدا کورتەچیرۆکی “شکایت” و شانۆنامەی “غیوران شب”ی نووسی.
لە ساڵەکانی دواتردا تا تەواوکردنی خوێندن لە ساڵی ١٩٦١دا شانۆنامەی “سایە ھای شبان، کاربافک ھا در سنگر و سفر مرد خستە”ی نووسی و بڵاوکردەوە. لە ساڵی ١٩٦٢دا چوو بۆ تاران تا راژەی سەربازییەکەی وەک سەربازێکی ئاسایی دەست پێ بکات. لەم ماوەیەدا چەند کورتەچیرۆکێکی سەبارەت بە ژیانی سەربازیی نووسی. ھەر لەم ساڵەدا لەگەلڕ براکەی عەلی ئەکبەر نۆڕینگەیەکی شەوانەڕۆژی کردەوە و ھاوکاری “کتاب ھفتە” و گۆڤاری “ارش”ی دەکرد. لە ساڵەکانی دواتردا “مۆنۆگراف”ی “ایلخچی، خیاو یا مشکین شھر” کۆمەڵەچیرۆکی “عزاداران بیل”، شانۆنامەی “چوب بدستان ورزیل، بھترین بابای دنیا” مۆنۆگرافی “اھل ھوا”، چیرۆکی درێژی “منقل”، پێنج شانۆنامەی “انقلاب مشروگیت”، کۆمەڵەچیرۆکی “واھمەھای بی نام و نشان” و شانۆنامەی “ای بی کلاە، ای با کلاە”ی بڵاوکردەوە.
ساعیدی ساڵی ١٩٦٧ لەگەل جەلالی ئال ئەحمەد، رەزا بەراھەنی و سیروسی تاھباز بۆ لابردنی سانسۆر لەسەر نووسەران و چاپەمەنییەکان لەگەلڕ دەوڵەتی ئەو کاتە کۆبوونەوە. ھەر لەم ساڵەدا و بەدوای ئەم ھەنگاوەدا ئەنجومەنی نووسەران دامەزرا.
بڵاوبوونەوەی چیرۆکی “ترس و لرز”، مۆنۆگرافی “قراداغ”، رۆمانی “توپ”، شانۆنامەی “پرواربندان”، “جا نشین”، فیلمنامەی “گاو” لە ساڵانی ١٩٨٧ تا ١٩٧٤. لە ساڵی ١٩٧٤دا بەھاوکاری نووسەرانی خاوەن ناوی ئەوکاتە، گۆڤاری “الفبا”ی بڵاوکردەوە. ھەر لەم ساڵەدا و لە کاتی ئامادەکردنی مۆنۆگرافی شارۆچکە تازە بوونیادکراوەکاندا لەلایەن “ساواک”ەوە دەستگیرکرا و بۆ زیندانی “قزل قلعە” و پاشانیش “اوین” گوێزرایەوە و یەک سالڕ لە زیندانی تاکەکەسیدا ئەشکەنجە درا.
پاش ئازادبوونی لە زیندان چیرۆکی “گور و گھوارە”، فیلمنامەی “عافیتگاە”، چیرۆکی “کلاتە نان”ی نووسی و لە ساڵی ١٩٧٨دا بە بانگھێشتی ئەنجوومەنی قەڵەمی ئەمریکا بەرەو ئەو وڵاتە رۆیشت و وتارگەلی زۆری لەوێدا پێشکەشکرد. لە سەرەتاکانی زستاندا بۆ ئێران گەڕایەوە. لە کۆتایی ساڵی ١٩٨١دا بەرەو پاریس بەڕێکەوت و ھەروەھا لەم ساڵەدا لەگەلڕ خانمی “بەدری لەنکەرانی” زەماوەندی کرد. لەنێوان ساڵانی ١٩٨٢-١٩٨٥ لە پاریس دەستیکرد بە بڵاوکردنەوەی گۆڤاری “الفبا” و چەندین نمایشنامە و فیلمنامە و چیرۆکی نووسی.
غولام حوسێن ساعیدی لە رۆژی ٢٣ی نۆڤەمبەری ١٩٨٥دا لە پاریس کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی “پرلاشز” و لە تەنیشت “سادقی ھیدایەت”ەوە ئارامی گرت.

*مونوگراف: بریتییە لە لێکۆڵینەوە، یان توێژینەوەیەکی دوورودرێژ سەبارەت بە بابەتێکی تایبەت و دیاریکراو.

سەرچاوەکان:


١-تازیەدارانی بەیەل، غوڵام حوسێن ساعێدی، وەرگێڕانی بەڕۆژ ئاکرەیی، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، ٢٠١٢.
٢-گفت و گوی من با محمود دولت ابادی دربارە غلامحسین ساعدی، یوسف انێاری، سایت پاراگراف.
٣-ساعدی یکی از سازندگان فچای روشنفکری در ایران، نسیم خاکسار، گرد اورندە مقالە مھساجعفری، سایت گروە تئاتر انو.
٤-عزاداران بیل، د. شھرزاد نوری ێفا، مجلە رودکی، شمارە ١٧- ١٣٨٦، ێ١٣١- ١٣٩.
٥-ان روستای خمیدە قامت با خورجین سنگینش، مجتبی ێولت پور، سایت رادیو زمانە.
٦-میان کنش “تمپیل و سیاست” در نمایشنامەھای ساعدی، رچا سرور، سایت ٨٤ تئاتر.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like