دوا شەو وەک دوافێرژنی درامای کوردی
حەمە سوار عەزیز

(ڕەخنەی دراما لەنێوان لۆژیکی عەقڵ و سۆزدا)

گومان لەوەدایە نییە بوونی دوو درامای کوردی لەم سات و کاتەدا کە ماوەی چەند ساڵێکە درامای کوردی لەو نێوەندە وونەو ئامادەیی پێویستی نییە، کارێکی یەکجار ئەرێنییەو دەسپێکێکی باشە بۆ دووبارە دەسپێکردنەوەی ئەم کاروانەو بونیاتنانەوەی درامای کوردی بەپێی خواست و ستانداردی سەردەم کە گۆڕانێکی یەکجار زۆری بەسەردا ھاتووە، بۆیە ھەموو ئەو قسانەی کە لەم ماوەیەدا لەسەر ھەردوو درامای (دواشەو ، بەختەباران) دەکرێن، ھیچ ئاماژەیەک دروست ناکات ئاخۆ ئەم دوو درامایە ئەوەندە باش و کاریگەرن بۆیە خەڵک بەو شێوەیە قسەیان لەسەر دەکات، یاخود ئەو درامایانە زۆر خراپ و پەرپووتن بۆیە کەوتونەتە بەر لێشاوی ڕەخنەی بێشورماری بینەرو وەرگر و بەشێک لە ڕەخنەگرانی بواری شانۆو دراما، ئەم تەوژمە دەرەنجامی ئەو بۆشاییەیە کە نەبوونی درامای کوردی بۆ ماوەی چەند ساڵێک دروستیکردووە، گەڕانەوەی درامای کوردیش وەک دیاردەیەکی جیاواز لە رێگەی ئەم دوو درامایە بۆتە فاکتەری ئەو ھەموو قسەیەی کە لەسەر ئەم دوو درامایە کراوەو دەکرێت و بەشێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاستی دراماکانەوە نییە.
پاش ئەوەی ئەم دوو درامایە دەستی بە پەخش کرد، دوو جۆر پەرچەکردارو سەرنج و ڕەخنە لەسەر دراماکان دروست بوو، لایەکیان بە ڕاشکاوی قسەیان لەسەر دراماکە کردو پێیان وابوو کە ئەم دوو درامایە کێشەی زۆریان ھەیەو دەبێ ڕەخنە بکرێن، بەتایبەتیش درامای دوا شەوی کارۆخ ئیبراھیم، لایەنەکەی تر پێیانوابوو ئەمە درامای کوردییەو پێویستی بە پشتگیری و ھاندان و دەستخۆشی ھەیەو دەبێ ھەرچۆنێک بێت پشتیوانیان لێبکەین و ڕەخنەکانیشمان بەشێوەیەک لە شێوەکان ھەڵگرین بۆ قۆناغی دوای دروستبوونی درامای کوردی بۆ ئەوەی بەردەوامییان ھەبێت و نابێ ڕاشکاوانەو بەتووندی ڕەخنەیان لێبگرین و دەبێ لە جێگەی ئەوە دەسخۆشیان لێبکەین و ستایشیان بکەین.
مرۆڤ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دەوروبەر بەر دوو لۆژیک دەکەوێت، یەکەمیان لۆژیکی عەقڵ و لێکدانەوەی ھەموو دیاردەو پێشھاتەکانە لە ڕێگەی عەقڵ و توانا لۆژیکییەکانی عەقڵ کە پشت بە زانست و واقیع و مەعریفە دەبەستێت، دووەمیان لۆژیکی سۆزە کە وامانلێدەکات لەبەر ھەندێ ئیعتیبار بە سۆزەوە، لەڕێگەی ئیحساسەکانەوە لەو پرسە بڕوانین و بەدەر لە لۆژیکی عەقڵ و مەعریفە بەر ئەو پێشھاتانە بکەوین، بۆ نمونە چونکە ئەو درامایە کوردییە، دەبێ وەک کوردێک سۆزمان بۆی ھەبێت و چاو لە کەڵێنەکانی بپۆشین و ھەوڵدەین وەک بەشێک لە پڕۆسەی نەتەوەیی بوون و کورد بوون ستایشی ئەو درامایە بکەین و پشتیوانی بکەین، کێشە نییە ئەو درامایە لەڕووی لۆژیک و عەقڵ و مەعریفەو سەنعەتەوە چەند کێشەی ھەیە، مادام کوردییە ئیتر ئەوەندە بەسە.
نایشارمەوە ئەم دیدگا ئیحساسییە لە بۆشاییەوە نەھاتووە، ئێمە چەندین ساڵە بە بیانووی ئەوەی حکومەتەکەمان کوردییەو دەبێ پشتگیری بکەین و لەسەر راست و نوشست دەسخۆشی لێبکەین، حکومڕانی کوردیمان گەیاندە بنبەستێک کە سەختە لێی دەرباز بێت و لە جێگەی حکومڕانییەکی عەقڵانی و مەعریفی و دادپەروەر، خراپترین جۆری حکومڕانییمان دروستکردو بووین بە دەروازەیەک بۆ دەیان وسەدان کەس کە لەسەر قووتی ئەم خەڵکە ببن بە ملیاردێر و خەڵکیش رۆژ بە رۆژ خۆزگە بە دوێنی بخوازێت، لەبەر ئەوەی بە لۆژیکی سۆزو کوردییبوونەوە تەماشامان کردو ووتمان ئەمە کوردییەو نابێ بەر رەخنەی بدەین و دەبێ پشتیوانی بکەین، بیرمان چوو کە پشتیوانی کردنی ھەر پڕۆسەیەک، چاککردنی کەموکوڕییەکانیەتی، ئەمەش تەنھا لە مامەڵەی لۆژیکی و عەقڵانی و موعریفییەوە بەدی دێت کە لە رێگەی رەخنەوە دروست دەبێت، رەخنە دەتوانێت تەمەنی ھەر پرۆسەیەک درێژ بکاتەوە چونکە رێگری دەکات لە تەشەنەسەندنی کەلێنەکان و چارەیان بۆ دەدۆزێتەوە.
ئێستا لە دراماشدا دەمانەوێت بە ھەمان لۆژیک بەر درامای کوردی بکەوین و بە پیرۆزی سەیری درامای کوردی بکەین وەک ئەوەی بە پیرۆزی سەیری حوکمڕانی کوردییمان کرد، مەعلومیشە ئەو رَیگایە بەرەو کوێی بردین و ئەگەر بە ھەمان لۆژیکیش مامەڵە لەگەل درامای کوردی بکەین، ئەوە دڵنیا بن دەرەنجامەکەی زۆر لەوەش خراپتر دەبێت و ھەڵدیرێکی گەورە چاوەڕێمانە، کە ئیتر فۆرمێک نامێنێت پێیبووترێت درامای کوردی، بۆیە من پێموایە ستافی ئەو دوو درامایەو بە تایبەتیش درامای دواشەو کە زیاتر بەر ڕەخنە کەوتووە، دەبێ زۆر سوپاسگوزار و خۆشحاڵ بن بەو تەوژمە ڕەخنەییەو ھەوڵبدەن بەدواداچوون و پێداچوونەوە بە دیدگاکانیان و کەموکوڕییەکانیان بکەن و ئەم ھەموو بۆچوونانە بە ھەند وەربگرن و ئەو خەڵکەش کە بەڕاشکاوی ڕەخنە دەگرێت،بە دۆست و خەمخۆری خۆیان و درامای کوردی بزانن و واز لە لۆژیکی موئامەرەو ناحەزی بێنن کە ھەمیشە کورد شکستەکانی خۆی پێ ھەڵدەواسێت، لە بەرامبەریشدا قێز لەو ستایش و پیاھەڵدانە نا لۆژیکی و نامەعریفییانە بکەنەوە کە لەسەر بونیادی سۆزو عاتیفە دروستکراون و دەیانەوێت درامای کوردی لەسەر ئەو ستایلە بەردەوام بێت تا بە دەردی حکومەتی کوردی بچێت و متمانەی ھەمووان لە دەست بدات، کوردیش دەمێکە گوتوویەتی دۆست ئەوە نییە دەتخاتە پێکەنین، بەڵکو ئەوەیە کە راستیەکانت پێدەلێت و دەتخاتە گریان.

( تەرزو تەکنیک لە درامای دوا شەو)

یەکێک لە لایەنە گرنگەکانی دروستکردنی دراما مەسەلەی تەکنیک و ستایلی بەرھەمھێنانی درامایە، ئەمەش وەک خەسڵەتێک لە فۆرمی بینراو و ھەستپێکراوی دراماکە ڕەنگدەداتەوە، باڵابوونی تەکنیک فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەرزبوونەوەی کوالیتی دراماو دروستکردنی وێنەیەکی خوازراو کە ھەموو ئیحساسەکانی بینەر تێربکات بە تایبەت کردەی بینین و شۆککردن ، لە ھەمانکاتتدا یارمەتیدەرێکی باشیشە بۆ ئەوەی بینەر زیاتر پەیوەست بێت بە دراماکەوە و پەرۆشی و حەماسی بینینی بینەر بەرز بکاتەوە و سەرسامی بکات.
یەکێک لە فاکتەرە ھەرە گرنگەکان کە تەکنیکی درامای لەسەر بونیاد دەنرێت، ستایلی درامایە، ھەر ستایلێکی دراما پێویستی بە تەکنیک و ئیقاعی جیاوازە تا یارمەتی بەرجەستەکردنی ئەو ستایلە بدات و فۆرمی کارەکە ھاوتا و تەریبی ناوەڕۆک بکاتەوەو کۆنتاکتی باشتر بەو جۆرە بینەرە بکات کە ئەو ستایلە درامایەی بۆ دروستدەکرێت، بۆ نمونە لە درامای پۆلیسی و ئەکشندا جولەی کامیراو گۆشەکانی وێنەگرتن و کارتێکەرە دەنگی و ڕەنگییەکان جیاوازن لەگەل درامایەکی کۆمەڵایەتی واقیعی، بە ھەمان شیوە لە دراما فەنتازییەکان کە زیاتر پشت بە خەیاڵ و واقیعی فەنتازی دەبەستن و کرداری سەروو ئاسایی و ناباو بەرھەم دێنن، پێویستییان بە تەرزێکی تری تەکنیک و ئیقاعە کە جولەی کامیراو گۆشەکانی وێنەگرتن و ئیفێکتەکان دیاری دەکات، لە درامای ترس و راوەدوونان و تۆقینیشدا تەکنیکی تر و دیدگای تر ھەیە پشتی پێدەبەسترێت، لە درامای مێژوویی جولەی کامیراو گرتەو گۆشەکان ئیقاعێکی تایبەتیان ھەیەو کار لەسەر بەرجەستەکردنی جوگرافیاو زەمەن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەھەندەکانی فەخامەت و کەڵتوور و ڕەسانەیاتی و فۆرمی جلوبەرگ و بیناسازی تایبەت دەکەن، کە ئەمانە ھەموو بەیەکەوە ستایل و ریتمی تایبەت بە دراماکە دەبەخشن، بۆیە پێش ئەوەی دەرھێنەر بیر لە بەکاربردنی جۆرێکی دیاریکراو لە تەکنیک بکاتەوە، دەبێ بیر لە ستایل و تەرزی دراماکە بکاتەوە تا بزانێت ئەو تەکنیک و ئیقاعە تا چەندێک گونجاو و تەریبە لەگەل ستایلی دراماکە و یارمەتیمان دەدات لە گەیاندنی بابەتی دراماکە لە رێگەی دروستکردنی ھارمۆنیەکی گونجاو کە فۆرم و بابەت کۆبکاتەوە و پەسەندکراو بێت لای بینەر.
ئەگەر سەیری ستایلی درامای دوا شەو بکەین، دەبینین لە سەرەتادا درامایەکی کۆمەلایەتی واقعییەو ھەوڵدەدات لەنێو فەزایەکی جوگرافی و زەمەنێکی دیاریکراودا چیڕۆکی بەرکەوتنی چەند سەرمایەدارێک لەنێو فۆرمی کۆمەڵێک پەیوەندی کۆمەلایەتی و ئابوورییدا وێنا بکات و بینەر بەر دیوێکی شاراوەو نەبینراوی ئەو توێژە خەڵکە بکات کە لە بورجە عاجییەکان و لەنێو باخچەو ڤیڵای گەورە دەژین و چەندین گرووپ و کۆمپانیا بەڕێوەدەبەن کە دەستییان گرتووە بەسەر رەوشی ئابووری و سیاسی کۆمەڵگەی کوردی، ئەمە جگە لە وێناکردنی ئەو دەرھاوێشتە کۆمەڵایەتیی و کەڵتوورییانەی نێو ئەم ڕووبەرە پاوانخوازییە کە تیاییدا شەڕی فراوانکردنی دەسەڵات و مانەوەو تێکشکاندنی ئەویتر لە رێگەی بەکاربردنی فاکتەرە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان تا دەگاتە رووبەری تاوان و بەکاربردنی میدیا و دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکان .
ئەم درامایە لە دەسپێک وەک درامایەکی کۆمەڵایەتی واقیعی خۆی وێنا دەکات، دواتر لەنیوەی رێگا دەبێتە درامایەکی جیاواز و پڕدەبێت لە راوەدوونان و ئەکشن، لە قۆناغەکانی دواتریش دەبێتە درامایەکی پۆلیسی وھەواڵگری, ئیتر دراماکە ھەموو خەسڵەتە کۆمەڵایەتی و واقیعییەکانی خۆی لە دەستدات و وەک درامایەکی بێ ناسنامە و پێناسە دەکەوێتە رووبەری دروستکردنی رووداوی سەرنجڕاکێش و ئەکشن و زۆرانبازی و ڕاوەدونان و ڕفاندن و شەڕە دەمانچە، رووداوگەلێک کە ناتوانن بەھانەی بوون و روودانیان ھەبێت و ناشتوانن یەکتری تەواو بکەن و لەسەر یەکتری بونیاد بنرێن، نوسەر بەپەلەپروزێ رووداوێک دروستدەکات و دەرفەت بە بینەر نادات ئەم رووداوە ھەزم بکات و دەرھاوێشتەکانی ئەو روواداوە بەسەر کردە درامییەکان و کارەکتەرەکان ببینێت، یەکسەر دەچێتە سەر رووداوێکی تر و ئەویتریان لەبیر بینەر دەباتەوە، چونکە رووداوەکان وەک یەکەی دابڕاو لە یەکتر گەشە دەکەن و بەشێوەیەکی ئاسۆیی ئیشیان لەسەر دەکرێت و یەکتری تەواو ناکەن و ھێلی سەرەکی دراماکە نابەنە پێشەوە، بە پێچەوانەوە ھەندێ رووداوی تێدایە ھیچ پاساوێکی نییەو ھیچ کاریگەریش بەدوای خۆییدا ناھێنێت، وەک رووداوی ڕفاندنی فریا لە لایەن ڕێناسەوە، ھەندێک رووداویش روودەدەن و دواتر باسیان نامێنێت و ھیچیان لەسەر دروست نابێت، وەک ئەو دیمەنەی کە کەیوان داوای شەش ملیۆن دۆلار لە ئەردەوان دەکات، یا ئەو دیمەنەی کە ژنی دووەمی ئەردەوان وەک رۆژنامەنوس خۆی دەکا بە کۆمپانیای ئارام و ئیحراجی دەکات، نمونەی لەمانە یەکجار زۆرن کە رووداوەکان پەرت دەکەن و ھەر رووداوەو شوێن بە رووداوەکەی پێش خۆی دەگرێت و ھیچ لۆژیکێکیش لەو نێوەندە بوونی نییە، ئەوەی ھەیە تەنھا ئەوەیە کە نوسەرو دەرھێنەر دەیەوێت پێمان بڵێت کە توانایەکی گەورەو جورئەتێکی گەورەی ھەیە لە دروستکردنی رووداو و شۆککردنی بینەر، بەڵام بیری لەوە نەکردۆتەوە کە ئەو ھەموو رووداوە دەبێ لە وێنە گەورەکەی دراماکە یەکبگرنەوەو نوسەر بتوانێت بەھانەی روودان و بەیەکەوە بەستنەوەو دەرھاوێشتەکانی دواتریان رەسم بکات و ھێلەکانی دراماکەی بەو ھەموو رووداوە تەنگەتاوەوە وەک تەزبیحێکی سەد دانەیی لێ نەیەت کە داواکەی دەپسێت و ھەر دەنکێکی بەلایەکدا پەرت دەبێت و دواتر بۆی کۆناکرێتەوە.
کێشەی زۆر لە ئیقاع و ریتمی دراماکە ھەیە، لەو دیمەنانەی (شەماڵی سەدەف_ ئیبراھیم حەکیم) تیاییدا دەردەکەوێت، دراماکە دەبێتە قاقا و بەزمی بەزم و دەیەوێت ئیقاعی درامایەکی کۆمیدی وەربگرێت، کۆمیدیایەک کە بەزۆر بەسەر دراماکە فەرز دەکرێت، کۆمیدیایەکی نەشاز لەگەل لۆکەیشن و پێگەی کۆمەلایەتی و ئابووری و پێناسەی کارەکتەر، بەتایبەتی کاتێ دەرھێنەر بۆ پارسەنگگردنی ئەدای ئیبراھیم حەکیم لەو درامایە دوو کارەکتەری وەک حەمە و ھۆشەنگ دروستدەکات، بۆ ئەوەی ریتمی کۆمیدیا لەم درامایە بەرز بکاتەوە، بێ ئەوەی ئاگاداری ئەوە بێت کە ئەو جۆرە کۆمیدیا بازارییە چەند ناتەبایە لەگەل ریتمی گشتی دراماکەو بەشێوەیەک مرۆڤ وادەزانێت سەیری دوو درامای جیاواز دەکات، درامای شەماڵی سەدەف وحەمە و ھۆشەنگ لە لایەک، درامای ئارام و کەیوان و ئەردەوان و ھاونازو فریاو رەوێن لە لایەکی تر، ئەمەش بە ھۆی ئەو ئیقاعەن ناتەبایەی کە ئەم دیمەنانە لە یەکتری جیا دەکاتەوەو دراماکە دەکاتە دوو پارتی ناتەبا.
تەکنیک لە درامای دوا شەو:
بێگومانم ئەو خاڵەی کە ئەو درامایە لە کارەکانی پێشووتری جیا دەکاتەوە، رووبەری تەکنیکە، تەکنیک لەم درامایە ھەموو دراما کوردییەکانی تێپەڕاندووەو دەرھێنەر ھەوڵیداوە تەکنیکێکی جیاواز لە دروستکردنی دراما بەکارببات، بەتایبەتی لە رووی کوالیتی بەرزی وێنە و گۆشەی وێنەگرتن و جولەی کامیرا و گرتە جۆراوجۆرەکان و مۆنتاژکردنی گرتەکان و رەسمکردنی ئیقاع و یاریکردن بە گۆشەنیگای بینینی بینەر و کۆنتاکتی لەگەل رووداوەکان، ئەم تەکنیکە وەک چۆن خاڵی بەھێزی دراماکەیە لە ھەمانکات بەھۆی لاوازی سیناریۆو داماوی نوسەر لە کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوتی رووداوەکان و داماڵینی ئەم درامایە لە ئیقاعی واقیع و ژیانی کۆمەڵگەی کوردی، دەبێتەوە خاڵێکی نەرێنی و باری دراماکەی قوڕستر کردووە، شێوەو فۆرمێک کە بەدەست ناوەڕۆک و بابەتێکی لاوازی ناموقنیع و پڕ رووداوی ساختەو بێ ئەرزش گیڕۆدە بووە، بەتایبەتیش ئەگەر لە ڕوانگەی رێکلام و بەبازاڕکردن سەیری ئەم درامایە بکەین، دەبینین رووبەرێکی گەورەی ئەو درامایە بۆ رێکلام کردن و بە بازاڕکردنی شوقەو ئۆفیسەکانی تاوەری بازرگانی و ئیم ئاڕ ئیف و مۆبیلیاتی سەدەف و سەیارەی جاکوارو مارسیدس و رەنجڕۆڤەرە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە ئەم درامایە دەچێتە ھەزاران ماڵ کە لە دۆخێکی ئابووری زۆر خراپدان و ناتوانن خەون بە خانۆچکەیەکی سەد مەتری و سەیارەیەکی ڤیکتراش ببینن، ئەمەش دابڕانێکی کۆمەلایەتی گەورە دروستدەکات و تووڕەییەک لای خەڵک بەرھەم دێنێ کە ڕەنگە شیرازەی کۆمەڵگا بشێوێنێت، لە کاتێکدا تاکە ماڵێکی ھەژارانە کە نیشان دەدرێت رێک گوزارشت لەو قینە کۆمەڵایەتییە دەکات کە ئەو جۆرە وێنانە دروستیدەکەن.
جولەی کامیرا و گۆشەکانی کامیرا و جۆری گرتەکان و بەکاربردنی ئەو تەکنیکە بەرزە لەو درامایە لەڕووی دەنگ و ڕەنگەوە، پێشکەوتنێکی گرنگە لە درامادا، بەڵام بێ ئەوەی بتوانێت فۆرمێک بۆ دراماکە دیاری بکات، دراماکە ھیچ پێناسەیەک ھەڵناگرێت، لەلایەکی تر بەکاربردنی ئەو شێوازە تەکنیکە ھاوردە کراوە دەبێتە فاکتەرێک بۆ ئەوەی درامای کوردی خەسڵەتەکانی پەیوەست بوونی بە واقیعی کوردی و ژیانی کۆمەڵگەی کوردی لەدەست بدات و ببێتە کۆپییەکی ساختەی درامای تورکی، ئەمەش پرسێکە دەبێ ھەڵوەستەی لەسەر بکرێت، چونکە مەعلومە ھەموو ئەوانەی کە لە پشت ئەو تەکنیکە بەرزەن کە لەو درامایە پیادە کراوە، تورکن و کورد نین، ئاسایشە کە ئەوان بەو مۆرکە کار بکەن کە لەسەری ڕاھاتوون، رەنگە ئەم تەکنیکەش بۆ کۆمەڵگەی تورکی نۆرماڵ بێت کە کۆمەڵگەیەکە پشت بە گەشت و گوزار دەبەستێت و ھەوڵدەدات ژیان لە تورکیا بەشێوەیەک نیشان بدات کە گەشتیاری بۆ پەڵکێش بکات، بەڵام بۆ کۆمەڵگەی کوردی و لەو کاتەی کە دراماکە سنووری بینەری خۆمان تێناپەڕێنێت و ھەر لەنێو کەناڵە میدیاییەکانی خۆمان پەخشدەکرێت، کارێکی زۆر نەشیاوەو خۆڵکردنە چاوی بینەرە، کاتێک ھەوڵدەدات ھەموو ھەولێر لە رووبەری سەنتەری بازرگانی و ئەمپایەرو شوقەکانی روئیا و ئیم ئار ئیف و کۆمپانیای سەدەف و چەند ڤیللایەکی گرانبەھا کورتبکاتەوە، ئەمە دابڕانێکی مەبەستدارە لە واقیع دەچێتە ڕووبەری کۆمەڵێک ڕاڤەو لێکدانەوەی تر کە دواتر زیاتر ھەڵوەستەی لەسەر دەکەین.
ئەم درامایە باسی مافیا دەکات، مافیاش نەوەکو ھەر بەرھەمی شار نییە بەڵکو بەرھەمی میترۆپۆڵە، کۆمەڵگەی دوای شار،چونکە بوونی مافیا مانای بوونی عەقڵی گەورەی تاوان و بە دامەزراوەکردنی تاوانە، لە کۆمەڵگایەکی خێڵەکی و جووتیاری وەک کۆمەڵگەی کوردی کە ھیچ دامەزراوەیەکی شارستانی و نا شارستانی نییە، کۆمەڵگایەکە تەنانەت ناتوانێت ببێتە کۆمەڵگایەکی دەربەگایەتی دامەزراو، تا ئێستا کۆمەڵگایەکی بێ فۆرم و ناونیشانەو پڕۆسەی عەقڵ و بیناکردن لەسەر عەقڵ و سیستەم تیاییدا غائیبە،ئەم کۆمەڵگایە ناتوانێت مافیا بەرھەم بێنێت، دەتوانێت باندی دزی و راوڕووت دروست بکات، بەڵام مافیا دامەزراوەیەکی ترە و ڕەنگدانەوەی ھەرێمی و نێودەوڵەتی ھەیە، ئایا تا ئێستا ھیچ عەقڵێک لە کۆمەڵگەی کوردی ھەیە بتوانێت دامەزراوەی مافیا بەڕێوە ببات و تۆڕی مافیایی گەورە دروستبکات و تاوان بە ھەموو جیھان لە رێگەی عەقڵێکی بەئاگاو سیستماتیکەوە ئەنجام بدات؟
تەکنیکێکی گرنگ لەو درامایە کە دەرھێنەر زۆر بە جوانی کاری لەسەر کردووە، تەکنیکی بەکاربردنی فلاشباگە، فلاش باگ بۆ ئەو رووداوانەی کە پێشتر بینەر نەیبینیووەو لە رێگەی فلاشباگەوە پێی نیشاندەدرێت و بەو ھۆیەوە لە کۆمەڵێک رووداو تێدەگات کە لە دراماکە روودەدەن و بینەر لە کاتی روودانیان تووشی شۆک دەبێت، دواتر دەرھێنەر لە رێگەی فلاشباگەوە ئەوە بۆ بینەر رووندەکاتەوە کە ئەمە چۆن روویداو پەیوەندی نەھێنی کارەکتەرەکان ئاشکرا دەکات، ئەم تەکنیکەش تەکنیکێکی تازە نییەو لە زۆرێک لە دراما بیانییەکان کاری لەسەر کراوە، بەتایبەتیش لە درامای کۆری (دۆنگیی) کە زۆر بە چڕی کاری لەسەر ئەو تەکنیکە کردبوو، بەڵام بۆ درامایەکی کوردی کە بەو شێوە ئەو تەکنیکە تەوزیف بکات، خاڵێکی ئیجابی و ئەرێنییە و ھەنگاوێکی گرنگە، مۆنتاژیش لەم درامایە کە مۆنتێرێکی کورد کاری تیاکردووە یەکێکە لە رووە جوانەکانی ئەم درامایەو فاکتەرێکی گرنگە بۆ دیاریکردنی ریتم و بەرزکردنەوەی ئاستی پەرۆشی و پەیوەستبوونی بینەر بە دراماکەوە لە رێگەی ئەو تەکنیکەی کە پیادەی دەکات، ھەرچەندە لە ھەندێ دیمەنیش ھەست بە ھەڵەی گەورە دەکرێت لە مۆنتاژدا، وەک ئەوەی لە دیمەنێک ئاراز (یونس حەمە کاکە) دووجار ھەمان دیالۆگ دووبارە دەکاتەوە دیارە تێکێکی ترە بەسەر مۆنتێر تێپەڕیووە، یا لە دیمەنێکی تر شەماڵی سەدەف لەسەر قەنەفەیک پاڵ دەکەوێت، دواتر زەمەنێکی زۆر و کۆمەڵێک رووداو تێدەپەڕێت، کەچی جارێکی تر دەگەڕێتەوە سەر ھەمان دیمەن کە شەماڵ تازە لەسەر قەنەفەکە ھەڵساوە، لێرە کورتبینی ھەیە لە پێوانەکردنی زەمەن.

لە کۆتایی ئەم بەشەدا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە کارۆخ وەک شانۆکاریش زۆرترین بایەخی بە قەبارەو جۆری سینۆگرافیا داوەو ھەندێ جار ئەو سینۆگرافیایە بە نەرێنی بەسەر نمایشە شانۆییەکانیشی ڕەنگیداتەوە کاتێ نەیتوانیوە ببێتە بەشێک لە گوتاری نمایش و تەنھا لەو فۆرمە ماوەتەوە کە بینەر سەرسام بکات بێ ئەوەی بەرکەوتنی درامی و ئێستاتیکی بەسەر نمایشەوە ھەبوو بێت، دواترین کاری شانۆیی کارۆخیش باشترین نمونەی ئەم بۆچوونەیە، بۆیە لەم درامایەشدا کارۆخ نەیتوانیوە لەم دیدگایە دەربازی بێت و زۆرترین بایەخی بە سینۆگرافیا داوە بەڵام نەیتوانیوە ئەو سینۆگرافیایە بە بابەت و چیڕۆکی دراماکە ببەستێتەوە و بیکاتە خاڵی ھێز بۆ دراماکە.

(قەیرانی چیرۆک و سیناریۆ)


گومان لەوەدا نییە کە نوسینی سیناریۆی زنجیرە درامای تەلەفزیۆنی، یەکێکە لە سەختترین شێوەکانی نوسینی دراما لەبەرئەوەی تاکە ھونەری بینراوە کە زۆرترین بینەری ھەیەو کۆنتاکت لەگەل ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکات، بۆیە درامای تەلەفزیۆنی جیاواز لە سینەما و شانۆ کە بواری فەنتازیا تیایاندا فراوانترە، ئەمەیان زیاتر پەیوەستە بە واقیعی ژیانی خەڵک و رۆدەچێتە نێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و لە ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت و لەنێو کایەکانی ژیان چەکەرە دەکات و دەبێ موقنیع و جێی باوەڕ بێت بۆ ھەموو جۆرەکانی بینەر، ھەر لە ژنێکی نەخوێندەواری نێو چێشتخانەی ماڵ تا دەگاتە کەسێکە کە بەرزترین بڕوانامەی ھەیە، لە نەدارترین کەسەوە تا دەگاتە گەورەترین سەرمایەدار.
ئیتر ئەمە وادەکات کە زمانی دراما زمانێکی جیاواز بێت و راستگۆیی و واقیعییەتی تێدابێت و توانای کۆنتاکتی ئاسان و سادەی بەبینەر ھەبێت، ھەر بۆیە ئەوەی سیناریۆی درامای تەلەفزیۆنی دەنوسێت دەبێ کەسێکی خەیاڵفراوان و زەین کراوەو شارەزاو ئاگایی لە بوارەکانی کۆمەڵناسی ودەروونزانی و پەروەردەو ئابووری و سیاسی و کەڵتووری و یاسایی ھەبێت و بتوانێت ئامانجی دراماکە دیاری بکات و سەرەتاو کۆتایی دراماکە لاڕوون بێت و بزانێت رووداوەکان بەرەو کوێ دەچن و چۆن بەریەک دەکەون و چۆنیش بەیەکەوە گرێدەرێنەوەو چۆنیش ئەو ئامانجە دەپێکن کە نوسەر دیاریکردووە.
چیرۆکی درامای (دوا شەو) ناتوانێت ھیچ ئامانجێک بۆ خۆی دیاریبکات، بۆ نمونە لە ھەموو چیرۆک و رۆمانەکانی (ئەجاسا کریستی) ئامانجێک ھەیە ئەویش ئەوەیە کە تاوان سوودی نییەو سەرناکەوێت، بەڵام لەم درامایە ھەموو ئەو رووداوە ناتوانن ئامانجێکت بۆ دروست بکەن، تۆ لە روانگەی ئەو رووبەرە بچووکەکەی کە ھەڵتبژاردووە دەتەوێ چی بڵێی؟
دەتەوێ بڵێی ئەم دەوڵەمەند و خاوە کۆمپانیایانە ھەموو شتێک دەکەن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان؟ ئەم قسەیە راستە بەڵام پێم بڵێ لەم درامایە لە کوێ مەترسی بۆسەر بەرژەوەندییەکانیان دروست بووە؟ دەتەوێ بڵێی ئەوان وەک ئەوەی لە دەرەوە دەردەکەون، وا نین و ژیانیان ھەموو کێشەو ململانێیە؟ ڕەنگە ئەوەش راست بێت بەڵام لەد درامایە ھەموو کێشەکان و ململانێکان لەسەر بنەمایەکی ساختەو فریودەر بونیاد نراون، دراماکە تەواو بوو بینەر تێنەگەیشت ھۆکاری کێشەی نێوان ئارام و ئاراز چییە، دراماکە تەواو بوو نەمانزانی بۆ ئەردەوان بەم شێوەیە ڕقی لە ژنەکەیەتی، دراماکە تەواو بوو نەیتوانی پێمان بڵێت ئەردەوان و ژیا چۆن ھاوسەرگیرییان کردووەو ھۆکاری کێشەی نێوانیان چییە، دراماکە تەواو بوو نەزانرا بۆ ئەردەوان دەیەوێت ژیا لە خەستەخانە بکوژێت لە کاتێکا لەڕووی یاساییەوە ئەو ھیچ تاوانێکی ئاراستە نەکرابوو.
ڕووێکی تری کێشەی ئەو درامایە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و خێزانییەکانە، لە ڕووی کۆمەڵناسی و عورفی ژیانەوە ئاساییە پیاو زاراوەیەک قسە بکات و ژنەکەی زاراوەیەکی تر، بەڵام لە کوێدا ئاساییە لە ماڵێکدا دوو برا ھەولێری بن و دوو خوشک سلێمانی بن؟ دەبوو دەرھێنەر کە ئەوەش دەکات پاساوێک بۆ ئەمە دابتاشێت، بۆ نمونە پێمان بڵێت ئەم دوو کچە لە زانکۆی سلێمانی خوێندکارن یا خوێندکار بوون، تا بوونی زاراوەی سلێمانی لەنێو ماڵەکە شێوەیەک لە ڕەوایەتی ھەبووایە، دواتر زمان بەشێکی گرنگی بونیادی کارەکتەرە، ئاستی مەعریفی و فەرھەنگی و ژینگەو پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکان فۆرمی ژیانی مرۆڤەکان دروست دەکەن، لەم ماڵە جگە لە جیاوازی شێوەزار، جیاوازی فۆرمی کارەکتەر ھەیە، دوو کچەکەی شەماڵی سەدەف وەک دوو کچی خێزانێکی راقی و خاوەن ئەتەکێت و عورفی ژیانێکی دەوڵەمەندانە دەردەکەون، ھەردوو کوڕەکەشی رێک تەواو پێچەوانەن و وەک دوو کوڕی لادێ رەفتار دەکەن و کەڵتووری رەفتارەکانیان تەربیی کارەکتەری باوکیانە، بۆیە ئیحساسیی ئەوەی ئەوانە یەک خێزانن بەھیچ شێوەیەک بە بینەر ناگات، ھەرچەندە ئیبراھیم حەکیم ھەوڵدەدات بە ئەدایەکی زۆر رووکەش و پڕ لە موباڵەغە ئەوە نیشان بدات کە ئەمانە کچی ئەون، بەڵام زۆر ڕوونە کە ھەر یەکەیان لە جیھانێکی جیاوازەو ناتوانن گەرمایی ئەو پەیوەندییە خێزانییە بە دراماکە بدەن، بەڵام لە ماڵەکەی تر ئەم کێشەیە بوونی نییە، پەیوەندییەکی روون لەنێوان ئارام و ڕەوێن، یا ئارام و راوێژ، تەنانەت لەگەل ئەردەوانیش ھەیە، چونکە جۆرێک لە ستایل و ئەتەکێت ھارمۆنیەکی بەو خێزانە بەخشیوەو بینەر بە ئاسانی قەناعەت دەکات کە ئەوانە خێزانێکن، ئەگەرچی کێشە لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیشیان ھەبێت.
خاڵێکی تری گرنگ لە نوسینەوەی سیناریۆ مەسەلەی شارەزای یاساییە، ناکرێ تۆ سیناریۆ لەسەر کۆمپانیاو گروپ بنوسیت و نەزانیت لە ڕووی یاساییەوە ئەم کۆمپانیاو گرووپانە چۆن دروست دەکرێن و چۆن بەرَیوە دەبرێن و ھەرەمی ئیدارییان چۆن رێکخراوە، ئەگەر ئەوە نەزانی تووشی ھەڵەی گەورەو زەق دەبیت وەک ئەوەی ئەو درامایە تێی کەوتووە، لە یاسای کۆمپانیان ھەموو دەسەڵاتەکان لە ڕێی ئەنجومەنی کۆمپانیا دەدرێت، بەڕێوەبەری رێپێدراویش کەسی دیاریکراوە بۆ ئیدارەدانی کۆمپانیاو ئەو دەتوانێت دەسەڵات بۆ خوارەوەی خۆی شۆڕ بکاتەوە، ھەر ئەویش دەتوانێت بە یەک نوسراو ھەموو دەسەڵاتەکانی خوارەوە کانسڵ بکاتەوەو بیداتەوە بە خۆی یا ھەر کەسێکی تر.
بۆیە لەم درامایە کە باس لە ئیمزاو دەسەڵاتی ئەردەوان دەکرێت لە ئیمزاکردنی گرێبەستەکان کە دەبێ لە ماوەی چواردە رۆژ تازە بکرێنەوەو ئەردەوانیش دیار نییە، لەڕووی یاساییەوە ئەوە ھیچ کێشە نییەو بەڕێوەبەری ڕێپێدراو بە یەک نوسراو ئەو دەسەڵاتەی ئەردەوان ھەڵدەوەشێنێتەوەو دەیدات بە کەسێکی تر، بۆیە کاتێ درامایەک چەند ئەڵقەیەک تەرخان دەکات بۆ کێشەیەکی ساختە کە لە بنەڕەتەوە بوونی نییە، ساویڵکەیی و نەزانی دروستکەرانی دراماکە نیشان دەدات، چونکە لە کۆمپانیا ھیچ ئیمزایەکی شەخسی بوونی نییە، تۆ وەک پێگە ئیدارییەکەت کە کۆمپانیا بە بڕیارێک پێتی داوە ئیمزا دەکەیت، دەشتوانرێت ئەو دەسەڵاتەت بەیەک بڕیاری کارگێڕی کانسڵ بکرێتەوە، بۆیە کاتێ ئەو درامایە باس لەوە دەکات کە ئەردەوان گرێبەستەکانی بە شێوەی شەخسی ئیمزا کردووە، ئەوە بێ ئاگایی نوسەرو دەرھێنەر نیشان دەدات لە یاسای کۆمپانیاکان، کەچی جورئەتی ھەیە بیست ئەڵقە لەسەر کۆمپانیا بنوسێت.
ئەم بێ ئاگاییە لە یاسا وای لە دەرھێنەر کردووە لە دیمەنی موزایەدەکەش تووشی ھەڵە بێت و نەزانێ چۆن رەوایەتی بە بابەتەکە بدات، بەگوێرەی یاسا ھەندێ موزایەدە تایبەتە بە کۆمپانیاکان و لەناو کۆمپانیاکانیش ئەوانە دەگرێتەوە کە پسپۆڕن لەو بوارەدا، بۆیە ھەموو کۆمپانیایەک ناتوانێت بچێتە نێو ھەموو موزایەدەکەیەوە، بۆیە کاتێ راوێژ وەک نوینەری کۆمپانیای ئارام لەوێیە، ئەردەوان بەناوی چ کۆمپانیایەکەوە دێتە نێو موزایەدەکە، ئەگەر بە ناوی کۆمپانیای ئارامیشەوە بێت کە دوو کەس بەشدار بن لەو موزایەدەو پارە لەسەر یەکتری زیاد بکەن، کە ئەوە ھەرگیز روونادات، ئەردەوان تەنھا دەتوانێ بە نوسراوێکی ئارام لەو موزایەدە بەشداری بکات، ئەی پرسیارەکە لێرە ئەوەیە ئەردەوان چۆن ھاتە نێو موزایەدەکەوە؟ لە کاتێکا ھەر کۆمپانیایەک کە دێتە ناو موزایەدە دەبێ سەدابیستی نرخی خەمڵێنراوی موزایەدەکە بخاتە بانکەوەو چەکی بانک بەو بڕە پارەیە پێشکەش بکات کە رێگەی پێدەدات بێتە نێو موزایەدەوە.
لە بڕگەی کۆتایی ئەردەوان بە سی ساڵ حوکم دەردرێت تەنھا لەبەر ئەوەی لە خێزانەکەی داوە، یا ھەوڵی کوشتنی داوە، وەکو بینەریش بینیمان ئەم دوو رووداوە بەھیچ شێوەیەک بەنێو ئیجرائاتی یاسایی تێنەپەڕێوە، لەبەر ئەوەی ھیچ کەسێکی شکاتکار نەبوو لە ھەردوو رووداوەکە، کە کەسی شکاتکار نەبێت کەواتە ھیچ قەزیەکیش نییە، ئەردەوان دەتوانرێت تەنھا لەسەر کێشەی ڕفاندنی کچەکەی کاروان سزا بدرێت ، ئەو ڕفاندنەی کە نەزانراو بۆ کراو چ مەبەستێکی بەدواوە بوو وەکو زۆێک لە راکەڕاکەی نێو ئەو درامایە، ئەو دوو پیاوەش کە ویستیان ژنەکەی ئەردەوان بکوژن، نەکەوتنە دەست پۆلیس و لای کەیوان بەند کرابوون، ئەی چۆن ئەردەوان بە سی ساڵ حوکم درا، لە کاتێکا حوکمی سی ساڵ لە یاسای عێراقییدا نییە.(ماویەتی)


(دروستکردنی ڕووداو و بونیادی کارەکتەر)


ڕووداو بەھەر سێ بەشەکەی (بینراو، بیستراو، ھەستپێکراو) بنەمایەکی گرنگی درامان و نوسەر ھەمیشە بایەخێکی گرنگ بە داھێنانی ڕووداو و کەڵەکەبوونی دەدات تا بتوانێت کۆی ڕووداوەکان فۆرمی بنەڕەتی چیڕۆک وێنا بکەن و چیڕۆک بەرەو ئەو ئاقارە ببەن کە بۆی ڕەسم کراوە، بۆ ئەوەی چیرۆِکی دراما بچێتە پێشەوە دەبێ ھەمیشە رووداو لەنێو ھێڵە سەرەکییەکەی دراماکەو ھێڵە لاوەکییەکان ڕووبدەن و کەڵەکە بن و یەکتر تەواو بکەن و بەریەک بکەون بەشێوەیەکی شاوڵی گەشە بکەن و لە کۆتاییدا بەیەکتر گرێبدرینەوەو لەسەر یەکتری بینابکرێن و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
لەم درامایە جیاواز لە ھەموو دراما کوردییەکان ڕووداوی یەکجار زۆر ھەن و ھەمیشە بینەر تووشی شۆک دەبێت بە چۆنیەتی و چەندایەتی ئەو رووداوانە، بەڵام ئەوەی کێشەیە لەم درامایە ئەوەیە کە زۆرێک لە ڕووداوەکان پاساوی بوون و ڕوودانیان زۆر لاوازە یا ھەندێجار ساختەیەو ھەندێجاریش ھیچ بنەمایەکی لۆژیکی نییە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە ئەو رووداوانە کەڵەکە نابن و یەکتری تەواو ناکەن و ھێلی سەرەکی دراماکە دروست ناکەن، بینەر تا ئێستاش نازانێ لەم درامایە پاڵەوان کێیە تا لە ھێڵی سەرەکی دراماکە تێبگات، بەگوێرەی تایتلی دراماکە پاڵەوان (فریا و ھاوناز) ن، بەڵام بەگوێرەی ڕەوتی رووداوەکان بەھیچ شێوەیەک ئەوانە پاڵەوان نین و ھێلی سەرەکی دراماکە دروست ناکەن، چونکە ڕووداوەکان ناچنە خزمەت بەرەو پێشبردنی ئەو ھێڵە دراماییەی کە ئەو دوو کارەکتەرە کۆدەکاتەوە، وەک ئامادەییش ئەوان ئەو ڕووبەرەیان لە دراماکە نییە تا بتوانن وەک پاڵەوان دەربکەون، ڕەنگە نزیکترین کارەکتەر لەم درامایە وەک پاڵەوان (ئارام) بێت، ئەمیش تەنھا لە ڕێگەی ئامادەیی جەستەیی و زۆرترین دیمەنی بینراو لەنێو دراماکە، دەنا ئەویش وەک ھێڵی درامی تایبەتمەندی پاڵەوانی نییەو زۆرێک لە ھێڵە درامییەکان ناچنەوە خزمەت ئەو تەوەرەی کە ئەو تیاییدا گیڕۆدە بووە، بۆیە کە پاڵەوانت نەبوو دەبێ پاڵەوانی بە کۆمەڵت ھەبێت لە ھێلێکی درامی دیاریکراو، ئەمەش لەم درامایە بوونی نییە، ئەوەی ھەیە کۆمەڵێک رووداون کە زۆر بە پەرتی ڕوودەدەن و بەریەک ناکەون و ناچنە خزمەت ھێلێکی درامی تایبەتەوە.
بونیادی کارەکتەر و ئایکۆن لەم درامایە ئالۆِزی زۆری تێدایە، بۆ نمونە کۆمپانیاکان وەک ئایکۆنێک پێناسەیان نییە، رووبەری کاریان دیار نییە، بینەر نازانێت لە چییدا کیِبڕکێ چییە، تەنانەت دیمەنی لاوازی موزایەدەکەش کە لەسەر پارچە زەوییەکە، ناتوانێت بواری کارکردنی ئەم کۆمپانیایانە دیاری بکات و پێمان بڵێت ئەم زەوییە بۆ گرنگەو ئەم کۆمپانیایە چۆن بەکاری دەبات، گرووپی کۆمیانیاکانی ئارام کاری چییە، دیمەنێکی ھەیە ھاوناز لەنێو کارگەی بلۆک بەندکراوە، دواتر دیمەنێکی تر فریا و ھاوناز ڕادەکەن بۆ کۆگایەکی ئەو کۆمپانیایە کە گەنمی تیایە،نازانم چ کۆمپانیایەک دەتوانێت گەنم و بلۆک کۆبکاتەوە؟ بەھەمان شێوە کۆمپانیاکەی دارا چ کارەیە، کەیوان چ جۆرە بازرگانییەک دەکات و کە ئەو ھەموو پیاوە دەست بەدەمانچەیەی بەدواوەیە.
کارەکتەرەکەکانیش کێشەی ئینتیما و پێناسەیان ھەیە، کارەکتەری (ئارامشەماڵی عەبەڕەش) خاوەنی گرووپی کۆمپانیاو کەسێکی ئیداری بەتوانایە چونکە توانیویەتی ئەو گرووپە گەورەیەو گرنگە دروست بکات و ئیدارەی بدات، ئەی بۆ ھەمیشە تووڕەیە، لەگەل کەمترین کێشەدا ھەڵچوونی زۆری ھەیەو وەک ئەوەی کە ھەموو دەرگاکانی لێداخرابێت، لە کاتێکدا کەسێک لەو پێگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی ئەو توانای زۆری لەبەردەستەو دەسەڵات و نفوزی ھەیە کە کێشەکان بە ئاسانی چارە بکات، ئیتر ئەم ھەموو تووڕەیی و گرژییە نالۆژیکییە بۆچی و لە کوێ لەگەل ئەو کارەکتەرە یەکدەگرێتەوە. کارەکتەری (شەماڵی سەدەفئیبراھیم حەکیم) وەک بونیاد و بیرکردنەوەو ئایکۆن، تەواو ناکۆکە لەگەل ئەو پێگە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی کە ھەیەتی، ئەم کارەکتەرە ڕوونە ھەموو ڕەفتارەکانی لادێییەو ئینتیمای بۆ رەسەنایەتی و کەڵتووری گوند ھەیە، ئەی چۆن کەسێکی وا دەتوانێت خاوەنی یەکێک لە مۆدێرنترین سێکتەری شار بێت کە مۆبیلیاتە، مۆبیلیات جیا لەزۆر پێشەی تر، کوری شارە، لەسەر زەوق و چێژ و ھارمۆنیەتی ڕەنگەکان و ژیانی سەردەمیانەو خوێندنەوەی زەوقی خەڵک بیناکراوە، پیشەیەکە عەقڵێکی سەردەمی و شاری بونیادی دەنێت، ئایا کەسێ بەو فۆرمە گوندییە دەتوانێت ئەوە بکات؟، بینیمان چەندێک کۆڵەوارەو ھیچ کۆنتاکتێکی نییە لەنێو ئەو سینۆگرافیایەی کە دەرھێنەر بەزۆر تێی خستووە، تاکە دەروازەی ئەو بۆ مانەوە لەو شوێنە دیمەنە ھەزەلییەکانیەتی لەگەل حەمە، بەدەر لەوە ھەست دەکەیت رەگەزێکی بێگانەیە لەنێو ئەو فۆرمە و ناتەبایە لەگەل ئەو دەوربەرەی کە مەفروزە خۆی بینای کردبێت، تەنانەت پرسیاری ئەوەش کە کەسێک نازانێت (دوو کۆ دوو) دەکاتە چەند چۆن دەتوانێت لە ھەژارییەوە بگاتە ئەو ئاستە، لێرەدا کێشەکە تەنھا دەوڵەمەندیی نییە، کێشەی سەرەکی ئاستی ژیان و ئەتەکێتی کۆمەلایەتی و ئەو بونیادانەی کە لەسەر ئەو کارەکتەرە بونیاد نراون، خودی ماڵەکەی و ئەو ئەتەکێت و ستایلەی لەو ماڵە ھەیە بەرھەمی عەقڵی ئەو کارەکتەرە نییە، بۆیە ھەمیشە لەنێو ماڵەکەش وەک رەگەزێکی ناتەبا دەردەکەوێت، بۆیە ئەگەر ئەم پیاوە فەرش فرۆش بووایە زۆر گونجاو تر بوو بۆ ئەو ستایلە کارەکتەرە.
زۆرێک لە کارەکتەرەکانی تریش کێشەی پێناسەو ئینتیماو لۆژیکیان ھەیە، وەک کارەکتەری (داراسەلام کۆیی)، بینەر ھەرنازانێت بوونی ئەم کارەکتەرە لەم درامایە بۆچییە، دەیەوێت چی بڵێت، چ ئیزافەیەکە بۆ ئەو رووبەرەی کە کەیوان یاری تێدەکات، ئەگەر ئەم کارەکتەرە لابەین چی ڕوودەدات؟ کارەکتەری (عومەرناسر حەسەن) چ پەیوەندییەکی بە رووداوەکان ھەیە، چۆن ژیا نەوەی ئەوەو چۆنیش بنەماڵەی حەکیم عەتتار غەدریان لێکردووەو دەستیان بەسەر موڵک و سامانەکەی داگرتووە، چۆن بەمشێوەیە لە کچە زاکەی ھەڵدەگەڕێتەوەو بەو شێوە ئازاری دەدات؟ کارەکتەری ھاواری ئەفسەر کە ڕەنگە تەنھا لە ئەفسەر نەکات، نازانم چۆن لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی ژیا دەکات کە پسپۆڕی ئەو نییە، بەگوێرەی جل و بەرگ ئەو سەر بە پۆلیس نییە، چونکە تەنھا ئاسایش و کارمەندانی نەھێشتنی تاوان دەتوانن بەجلی مەدەنی دەوام بکەن، دواتر لە خەستەخانە پۆلیس لێکۆلینەوە لە ڕووداوەکان دەکات نەوەکو ئەفسەری نەھێشتنی تاوان، دوو پسپۆڕی جیاوازن، کاری پۆلیس لە کاتی تاوان و دوای تاوان دەسپێدەکات، لە کاتێکا نەھێشتنی تاوان کاریان رێگرییە لە ڕوودانی تاوان.
کێشەیەکی تر لەم درامایە ئەو ھەموو رێکەوتەیە کە دراماکەی پڕ کردووە لە ڕووداوی ساختە، ئەسمەر لەدوا ساتتدا دەگاتە ژیاو ناھێلێ بچێتەوە ماڵی باوکی، ھاوناز لەکاتی ھەڵاتنی دەکەوێتە بەردەم سەیارەکەی فریا، کەیوان پڵانی کوشتنی ژیا بەتاڵدەکاتەوە، فریا لە شوقەی ڕەوا ھەڵە دەکات و دەچێتە شوقەی ھاوناز لە کاتێکا لە ھەموو شوقەکانا ، ژمارەی شوقەکەو نھۆمەکە بەڕوونی ھەڵواسراوە، ھەمیشە بەڕێکەوت ھەموو دەرگاکان لەسەر پشتن و کراونەتەوە بۆ ئەوەی رەوا ھاوناز بباتە خەستەخانە لە کاتی ھەوڵدانی خۆکوشتن (لەوەش سەیرتر لەبەرامبەر دەرگاکە ھەوڵی خۆکوشتن داوە)، رەوێن ھاوناز بباتە خەستەخانە لە ماڵەکەی کاروان، دەیان رێکەوتی سەیرو سەمەرەی تر کە ڕەنگە زۆرییانم بیر نەکەوێتەوە .

ئەکتەرە بە ئەزموونەکانی درامای دوا شەو


کارۆخ ئیبراھیم وەک دەرھێنەر زۆر بیری لای بەبازاڕکردن و ڕاکێشانی بینەرە بۆ بەرھەمەکانی، پێشتریش وەک شانۆکار ئەو ئەزموونەی پیادە کردووەو ھەوڵیداوە زۆرترین ئەکتەری ئەستێرەو خەڵکی ناسراو لە کارەکانی بەشدار پێبکات بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو کارەکتەرانەوە بینەری زیاتر بۆ کارە شانۆییەکانی رابکێشێت، بۆیە پێشتر ھەوڵیداوە ئەکتەرانی وەک عومەر دڵپاک و ژیان ئیبراھیم خەیات و سەباح عەبدوڵڕەحمان و ئیبراھیم حەکیم لە کارە شانۆییەکانی وەک ئەکتەر کاربکەن و بینەری زیاتر بۆ نمایشە شانۆییەکە دروست بکەن، لە دواکاری شانۆییشی گۆرانیبێژێکی وەک گۆران ساڵح وەک ئەکتەر بەکاردێنێت بێ ئەوەی نمایشەکەی پێویستی بە بوونی کەسێکی گۆرانیبێژ بێت، چونکە ھیچ سۆلۆیەکی گۆرانی لە نمایشەکە نییە تا گۆران ئەدای بکات، بەڵام کارۆخ ویستی سوودی لە پێگەی جەماورەی گۆران وەرگرێت بۆ ئەوەی بینەری زیاتر بۆ شانۆکەی کۆکاتەوەو ئەوەشی کرد، بە ھەموو پێوەرێکیش ئەوە مافی ڕەوای دەرھێنەرە کە بەدوای جۆرێک لە کارەکتەر بکەوێت کە پرۆسەی بەبازاڕکردنی بەرھەمەکەی بۆ ئاسانتر بکەن و بینەرو ھەواداری زیاتری بۆ کۆبکاتەوە، بە مەرجێک ئەو کارەکتەرانە بتوانن ئەو وەزیفەیە درامییە ئەدا بکەن کە نمایشەکە پێویستی پێیەتی و نەبن بە بار بەسەر نمایشەوە.
لەم درامایەش کارۆخ کۆمەڵێک ئەکتەری ناوداری کورد کۆدەکاتەوە کە جەماوەرێکی زۆریان ھەیەو لە پاڵ ئەمانیشدا کۆمەڵێک گەنج و کۆمەڵێک کارەکتەری میدیایی دەخاتە پاڵیان بۆ ئەوەی لە رێگەی ئەو کارەکتەرانەوە بینەری زیاتر و رووبەرێکی زیاتری رێکلام بۆ خۆی و کارەکەی دابین بکات، گومانیش نییە کارۆخ ئەم کارە زۆر بە زیرەکی دەکات و دەزانێت چۆن بە ووریایی لەبواری بەبازاڕکردنی ھونەری کار بکات و تیاشیدا سەرکەوتوو بووە، بەڵام تا چەند ئەو ئەکتەرو میدیاکارانە توانیویانە وەک ئەکتەر وەزیفەی درامی خۆیان ئەدا بکەن، ئەوە پرسیارێکی ترەو لێرەدا بەدوای ھەندێ لە وەڵامەکانییدا دەگەڕێیین.
گومان لەوەدا نییە بوونی ئەکتەری بەتواناو ناسراوی وەک شەمااڵی عەبەڕەش و شادان فوئاد و یونس حەمە کاکەو سەلام کۆیی و ئیبراھیم حەکیم و خەرمان ھیرانی و فرمێسک مستەفاو پێشڕەو حوسێن و( ناسر حەسەن _وەک کەسایەتی نەوەکو وەک ئەکتەر)، دەسکەوتێکی گرنگە بۆ درامای دوا شەو ئەگەر دەرھێنەر توانای ئەوەی ھەبووایە سوود لە تواناو بەھرەی ئەو کارەکتەرانە وەربگرێت و لەو شوێنەی کە دراماکە پێویستیەتی تەوزیفیان بکات و رووبەرێکیان بۆ بەرھەم بێنێت تا بتوانن بە ئەدای ناوازەو بەکاربردنی توانا ھونەرییەکانیان لیڤڵی ئەداکردن و ئاکتینگ لەو درامایە بەرز بکەنەوەو دراماکە سوودێکی کردرای و ئێستاتیکی لە بوونی ئەم ھەموو ناوە پرَشنگدارە وەربگرێت و ئەرکیان تەنھا بەبازاڕکردن و ڕاکێشانی بینەر نەبووایە لە رێگەی مێژووی ڕابردووی ئەو کارەکتەرانە، پێویست بوو ئامادەیی ئەو کارەکتەرانە لەم درامایە ئیزافەیەکی نەوعی و جیاواز بێت بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی دراماکە، ھەندێ لەو ئەکتەرانەش توانیویانە ئەم وەزیفەیە ئەدا بکەن و ببن بە بارستاییەکی گەورە لەنێو دراماکە و وەک مایسترۆ، دراماکە دوای سێبەری ئەدای ئەو ئەکتەرە بکەوێت بەشێوەیەک کە بینەر دراماکە بە ئامادەیی و تارمایی ئەو ئەکتەرە ببەستێتەوەو نەتوانێت لە دەرەوەی ئەدای ئەو ئەکتەرە دراماکە ھیچ جۆرە پێناسەو سەنگێکی ھەبێت، گومانیش لەوەدا نییە لەم درامایە تەنھا شەماڵی عەبەڕەش توانیویەتی ئەو کاریزمایە دروست بکات و دراماکە بەشێوەیەکی گشتی بکەوێتە ژێر سێبەری ئەدای ناوازەو پڕ ئامادەیی ئەو ئەکتەرەو بوونی ئەو ئەکتەرە ببێتە ئەردەسی سەرەکی ئەو درامایە، ھەرچەندە من کۆمەڵێک سەرنجم لەسەر ئەدای شەماڵ ھەیە کە ناکۆکە لەگەڵ کارەکتەری ئارام، ئەو بازرگانە گەورەیەی کە گروپێکی بازرگانی گەورە بەڕێوە دەبات، پێویستی بەو ھەموو ھەڵچوون و چاوزەقکردنەوەیە نییە تا وا لە ئەوانەی دەوروبەری بکات تەسلیمی ئیڕادەی ئەو بن، لەگەڵ ئەوەش ئامادەیی شەماڵی عەبەڕەش لەو درامایە یەکسانە بە خودی ئامادەیی دراماکەو ئەگەر شەماڵیش لەو درامایە نەبووایە، ئەو بایەخە جەماوەرییە بۆ ئەو درامایە دروست نەدەبوو کە شەماڵ وەک ئەکتەر بەشی شێری لەو بایەخە وەرگرتووە، ئەم قسەیەم کەمکردنەوە نییە لە توانای ئەکتەرەکانی تری ئەم نمایشە، بەڵام کارەکتەری ئارام وەک کارەکتەریش گەوەرترین رووبەری لەنێو دراماکە بەرکەوتووەو شەماڵیش توانیویەتی بە ئامادەیی و ئەزموونی خۆی باڵ بەسەر کەش و فەزای دراماکە بکێشێت و ببێتە پاڵەوانی یەکانەی ئەو درامایە.
یونس حەمە کاکە ئەکتەرێکی بەتوانایەو دەتوانێت ڕاستگۆترین ئیحساس بە بینەر بدات، بەڵام کاتێ رووبەری کارەکتەرەکەی ئەو ئامادەییەی پێنادات، ناچار دەبێت لە ئەلقَەیەک ئامادەیی خۆی بسەلمێنێت ئەو کاتەی لە خەستەخانەیەو ھەواڵی ئەوە وەردەگرێت کە ئیتر ڕەنگە رەوێن ئومێدی ژیانی نەبێت، فرمێسک مستەفا و خەرمان ھیرانی وەک دوو ئەکتەری خاوەن ئەزموون و رابردوو توانیویانە جۆرێک لە ئەدای ئاسان و رَاستگۆ بە کارەکتەرەکانیان ببەخشن و ھەوڵبدەن لە کورتترین وێنەو دوور لە ئیحساس و ھەڵچوونی زیاد و کوردییانە ئەدای کارەکتەرەکانیان بکەن، شادان فوئاد لەم کارە بۆ من موقنیع نەبوو، ھەرچەندە دەزانم شادان ئەکتەرێکی زۆر بە توانایە، بەڵام جۆرێک لە موباڵەغەو زیادەڕۆیی لە ئەداکردنی دەبیندرا بە تایبەتی کاتێ ھەواڵی لێدانی ژیای کچی پێدەگات، وەک بینەرێک ھەستم بەوە کرد کە شادان بەزۆر دەیەوێت ئەو حاڵەتە نیشان بدات و تەئکیید لەسەر ئەوە بکاتەوە کە دایکێکی دڵ سووتاوە، بەڵام بەداخەوە ئەمە بە من نەگەیشت، ئەوەی گەیشت کۆمەڵێک ئیحساسی پڕاوپڕبوون لە موباڵەغەو راستگۆیی تیادا نەدەبینرا، سەلام کۆیی ئەدای کارەکتەرێک دەکات کە ھیچ ئامادەییەکی درامی نییەو رەھەندە کۆمەلایەتی و دەروونییەکانی روون نین و ھەمیشە خەریکی ھاتوھاوار و شکاندنی کوڕەکەیەتی، ئەو کوڕەی کە کارەکتەرێکی بەھێزی ھەیە، من پێموایە سەلام کۆیی لەم درامایە ھیچ ئیزافەیەکی نەبوو، چونکە کارەکتەرەکە تەنھا بۆ ئەوە دانراوە تا شوێنێک بۆ سەلام کۆیی بکاتەوە لەنێو ئەم درامایە، ناسر حەسەنیش بە ھەمانشیوەو تەنھا پێویستیان بە ناوو فیگەری ناسر حەسەن بوو لەم درامایە، مامۆستا ناسریش ئەگەر بەمشێوەیە ئەداو نواندن بکات و خۆی پێی قایڵ بێت، ئەوە گومانم لەوە نییە کە دەبێ ناسر حەسەن وەک ئەکتەر ھەڵوەستەیەک بکات و پرسیار لە خۆی بکات بەڕاستی ئەوەی ئەو لەو درامایە کردی نواندن و ئاکتینگ بوو؟ ئەگەر کێشەش لە رووبەری کارەکتەرە بوو، دەبوو ناسر حەسەن بەوە رازی نەبێت.
ئیبراھیم حەکیم ئەکتەرێکی میللییە و چەندین ساڵە ناتوانێت ئەو فۆرمە بەجێبێلێت کە لە دراماکانی تاپۆ حەقی چییە و کەوەکانی قەرەچوغ وەریگرتووە، بۆیە بوونی ئیبراھیم حەکیم لە کارەکتەری شەماڵی سەدەف نەشازترین سیمای ئەم درامایە بوو، ئەگەر دەرھێنەر پێویستی بە ئامادەیی ئیبراھیم حەکیم ھەبوو لەو درامایە، دەبوو ئەو کارەکتەرەی بۆ دابتاشێت کە ئیبراھیم دەتوانێت تیاییدا ئاکتینگ بگات، بۆیە بوونی ئیبراھیم حەکیم لەم درامایە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ھارمۆنییە بوو کە دراماکە دەیویست وەک درامایەکی مۆدێرن کاری لەسەر بکات، ئەو جوگرافیایەی کە ئەو درامایە رەسمی کردبوو بەھیچ شێوەیەک رووبەرێکی تێدا نەبوو بۆ ئەوەی ئیبراھیم حەکیم وەک ئەکتەر لەو درامایە پێویست بێت، من دڵنیام دەرھێنەر ئیبراھیم حەکیمی نەھێناوە لەبەر ئەوەی باوکیەتی، بوونی ئیبراھیم حەکیم وەک ئەکتەرێکی جەماوەری بۆ ئەوە بوو کە سەرکردایەتی ھێلێکی درامی کۆمیدی بکات لەنێو دراماکە، بەڵام بەداخەوە ئەوە بووە ھۆی ئەوەی کە لێکترازانێکی گەورە لە دراماکە رووبدات و ئیقاعی دراماکە دابەش بکات و کارەکتەری شەماڵی سەدەفیش بەو فۆرمەی کە ئیبراھیم حەکیم ئەدای دەکرد، وەک رەگەزێکی ھاوردەو بەزۆر ئاخنراو لەنێو دراماکە دەردەکەوت، لەوەش خراپتر کاتێ دەرھێنەر دەیەوێت ئەو گەنجەی کە ئەدای کارەکتەری حەمە دەکات وەک پارسەنگێکی کۆمیدی بۆ ئەدای ئیبراھیم حەکیم بەکار ببات، ئەدای موزەیەفی ئەو کوڕە دەبێتە بەشێک لەو فۆرمە کۆمییدییەی کە دراماکە بەزۆر دەیەوێت بیکاتە بەشێک لە فەزای خۆی.


(سیمای تازە و دوا سەرنج)


گومان لەوەدا نییە یەکێک لە بایەخەکانی ھەر کارێکی درامی تازە، دەرکەوتنی تواناو سیمای تازەیە کە لەنێو ئەو کارە کەشفدەدرێن و دێنە پێشەوە، لەم کارە جگە لە ئەکتەرە بە ئەزموونەکان کە لە بەشی پێشوو باسم کردن، کۆمەڵێک سیماو ڕوخساری تازە دەرکەوتن و بەشێوەیەک لە شێوەکان بوون بەجێگەی سەرنجی بینەر بە ھەردوو ڕووە ئەرێنی و نەرێنییەکەی، بێگومان قسەکردنی ئێمە لێرە کۆمەڵێک ئەکتەر دەگرێتەوە کە ھەندێکیان پێشتر وەک ئەکتەری شانۆ دەرکەوتوون و ھەندێکیشیان ڕەنگە لە پاڵ شانۆ ئەزموونی بەردەم کامێراشیان ھەبووبێت، جۆری سێیەمیش ئەوانەن کە بەھیچ شێوەیەک پێشتر ئەزموونی شانۆو بەردەم کامیرایان نییە وەک ئەکتەر و لەو درامایە بۆ یەکەمجار بەو فۆرمە دەرکەوتن.
لەم درامایە ئەدای (پێشڕەو حوسێن) لە کارەکتەری ئەردەوان بۆ من جێگەی سەرسوڕمان و شۆک نەبوو، چونکە مەعلومە پێشڕەو حوسێن یەکێکە لە ئەکتەرە ھەرە باشەکانی کوردستان و ئەزموونە شانۆییەکانی و ھەندێ لە ئەزموونەکانی بەردەم کامیرا ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە پێشڕەو توانایەکی گەورەی بەرجەستەکردنی ھەیەو دەتوانێت زۆر بە ئاسانی قەناعەت بە بینەر بکات و بەھۆی ئەو ڕاستگۆییەو ئەو ئیحساسە بەرزەی کە پێشڕەو دەتوانێت لە نواندا بەکاریان ببات، لەم درامایەش بەشێوەیەکی زۆر نایاب ئەدای ئەو کوڕە یاخییە دەکات کە دەیەوێت ئیمپڕاتۆریەتی باوک تێکبشکێنێت و بە سەرکێشییەکانی سەرنجی باوک بۆلای خۆی ڕابکێشێت و وایلێبکات کە ھەست بە بوونی بکات و وەک بوونەوەرێکی جیاوازو یاخی لێی بڕوانێت.
رۆژە فایەقیش لە ئەداکردن و بەرجەستەکردنی کارەکتەری (ڕەوێن) وێنەیەکی جوانی ئەو کوڕە گوێگرو ئارامەیە کە ھەمیشە جێگەی متمانەی باوکیەتی و باوک دەتوانێت بۆ ھەموو شتێک پشتی پێ ببەستێت و تەواو پێچەوانەی کارەکتەری ئەردەوانە، رۆژە ئەگەرچی ئەزموونی زۆری لەبەردەم کامیرا نییە، بەڵام ئەکتەرێکی زۆر بەئاگایەو زۆر بەزیرەکی مامەڵە لەگەل کارەکتەر دەکات و جۆرێک لە ھێمنی و متمانەی ھەیە کە دەتوانێت بە باشی کۆنتاکت لەگەل کارەکتەر بکات، سۆران ئیبراھیم لە کارەکتەری (فریا) نمونەیەکی تری ئەو ئەکتەرە سەرکەوتووانەیە کە ئەو درامایە پێشکەشیکردو سۆران توانی وەک ئەکتەر سوود لەو ئەزموونانەی پێشووتری وەربگرێت و بە ئیقناعێکی زۆرەوە کارەکتەری فریا ئەدا بکات، بە ھەمانشیوە ژاڵە ڕەسول توانایەکی باشی نیشاندا لە ئەداکردنی کارەکتەری (ھاوناز)،ئاکام تاھیر لە ئەداکردنی کارەکتەری (کەیوان) ھەوڵیدا فۆڕمێکی جیاواز لە مرۆڤی خراپەکار پێشکەش بکات، ئەو پیاوەی کە متمانەیەکی بەھێزو کارەکتەرێکی بەھێزی ھەیەو دەتوانێت بە ھێمنییەکی ساختەوە بەرامبەرەکانی بتۆقێنێت، ئەم فۆرمە بۆ من وەک بینەر موقنیع بوو ھەرچەندە پێداگری زۆر لەسەر ئەم ریتمە ھەندێجار وایدەکرد بەر جۆرێک لە دووبارەبوونەوەو کاڵبوونەوەی ڕاستگۆیی ئەدا بکەوین.
ژمارەیەکی تری ئەکتەر لەم درامایە توانیان لیڤڵێکی باشی نواندن لەم درامایە پێشکەش بکەن کە ببێتە رەگەزێکی ئەرێنی لە بوونی ئەم درامایە وەک ئەدای ھەریەک لە (کەنار سەرچلڕاوێژ، رزگار زاھیرڕەوا، بژار سەعدی، شادی ئارامرێناس، محەمەد تاھیرکاروان، ئاکۆپەنا، پێشەوا ناسیحعومەر، شایی نەجار_شنە، ژیا فەرھاد،ترێ فاتیح)، بۆ ئەوەی بابەتەکە درێژتر نەبێتەوە نامەوێت دانە دانە ھەڵوەستەیان لەسەر بکەم، بەڵام بەگشتی نواندنی ئەم گەنجانە ڕووێکی گەشی ئەو درامایە بوو.
دوا سەرنج و ئەڵقەی کۆتایی:
گومان لەوەدا نییە گرنگترین ئەلقەی ھەر درامایەک ئەڵقەی کۆتایی دراماکەیە، ئەو ئەڵقەیەی کە بینەر زۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی دەکات و چاوەڕێی ئەوەیە زۆرێک لە وەڵام و پرسیارەکانی لەم ئەڵقەیە گوڵ بگرن و قەناعەتی پێبکەن کە ئەو ئەو ماوەیە کاری باشی کردووە کە سەیری ئەو درامایەی کردووە، بەڵام پێموایە ئەڵقەی کۆتایی ئەو درامایە بۆ ھەمووان شۆکێکی گەورە بوو، لە خراپترین حاڵەتتدا کەس چاوەڕێی ئەوە نەبوو کە دەرھێنەرو نوسەر ئاوا بە خوێنساردی بەم کۆتاییە قایڵ بن و بە کۆمەڵێک ڕستەی زۆر پەریووت و بێ ماناو کە پێدەچێت زۆر بە میزاج لە کاتی مونتاژی ئەڵقەی کۆتایی نوسرابێتەوە، بەو شێوە نادروستە کۆتایی بە دراماکە بێنن و ھیچ بیرێک لەو بینەرە نەکەوە کە بۆ ماوەی بیست شەو ئەو ھەموو کاتەی پێبەخشیوون.
لە چ لۆژیکێک ڕەوایە کە کۆتایی درامایەکی پڕ لە کێشەو ڕاکەڕاک و ئەکشن و سەرکێشی، بە چەند رستەیەکی بێ مانای وەک ئەوەی ئەم درامایە کۆتایی بێت، (ھاوناز نادۆزرێتەوە) ئەم ڕستەیە خۆی کارەساتە چونکە لە دیمەنی پێش نوسینی ئەم رستەیە ھاوناز جێگەی مەعلومە و وون نەبووە، ئیتر چۆن نادۆزرێتەوە، (ئەردەوان بە سی ساڵ حوکم کرا)، لەسەر تاوانی ڕفاندنی مناڵێک، چونکە بە پێی یاسا بەو تاوانە گیراوە، تەنانەت ئەگەر تاوانی لێدانی ژنەکەی و ھەوڵدان بۆ کوشتنیشی لەسەر ساغ بێتەوە، بەھیچ شێوەیەک سزاکەی ناگا بەنیوەی ئەو سی ساڵەی کە لە یاسی عێراق و کوردستان بوونی نییە، (دارا دەستگیر دەکرێت و یاسا دەستی بە کەیوان ناگات) (ئارام نەخۆش دەکەوێت و ئاراز کۆمپانیاکە بەڕێوە دەبات) (ژیا لە ئەردەوان جیادەبێتەوە) (عومەر لەسەر تاوانی ڕفاندنی ژیا زیدانی دەکرێت)، کە ئەم رستانە دەخوێنیتەوە وادەزانی کە دراماکە لە چیرۆِکێکی راستە قینە وەرگیراوەو ترووستۆرییەو دەرھێنەر دوای چارەکردنی گرێی دراماکە بە شێوەیەکی درامی بینراو، ئیتر ھەوڵدەدات چارەنووسی ئەو کارەکتەرانە بۆ بینەر ئاشکرا بکات کە روودانیان دەکەوێتە دوای تەواو بوونی دراماکە، سەیر لێرەدا ئەوەیە ئەو درامایە ھیچ گرێیەکی چارە نەکرد و ھەمووی خستە دوای تەواو بوونی دراماکە، ئەرێ بەڕاست دەبێ سیناریۆیەک وابنوسرێتەوە، تۆ بڵێی ئەو ھونەرمەندە ئەستێرانەی ئێمە کە وەک ئەکتەر لەو درامایە بەشدار بوون ئەو سیناریۆیەیان دیبێت، ئەگەر بینراوە مەعقوڵ نییە یەکێک لەوانە بە کاک کاروخی نەگوتوبێت کوا کۆتایی دراماکەت، ئەگەر توانای تەواو کردنی کارێکت نییە چۆن دەستپێدەکەی، دراما تەنھا ڕاکەوڕاک و ڕاوەدونان و دەمانچە ڕاکێشان نییە، ئەو ھەموو رووداوە نەدەبوو لە ھارمۆنییەک یەکبگرێتەوەو لە کۆتایی دراماکە بەشێکی ئەو گرێیانە لە رێگەی بینین نەوەکو نوسین لەسەر شاشە بکرێنەوە.
من پێمناخۆشە بڵێم کە ئەو بەڕێزانە کە لەو درامایە کاریان کردووە سیناریۆیان نەدیووە، دڵنیام تەنھا بۆیان باسکراوە، ئەگەر ھەشبووبێت نەیانخوێندۆتەوە، چونکە ئەگەر بیانخوێندبایەتەوە بەو کۆتاییە ڕازی نەدەبوون، ئەو کۆتاییەی کە بینەرێکی سادە ناتوانێت پێی رازی بێت، ئەی چۆن کۆمەڵێک ناوی درەوشاوەو خاوەن ئەزموونی کوردستان بەو کۆتاییە ھەزەلییە ڕازی بوون؟!!!

(تەواو)

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like