📋 رەحیم عەبدولڕەحیم زاده

راوێژه شاراوەکان

رەحیم عەبدولڕەحیم زاده

چیرۆکی ئەمڕۆی کوردی هەر چەند پتانسییەلی به تایبەت له بواری سووژەوه زۆره و کۆمەڵێک تایبەتمەندی ئێمه دەتوانێ ببێته هۆی دەگمەن بوونی ئێمه له بواری هونەر و گێڕانەوەدا، بەڵام ئەمه به مەرجێک روو دەدا که ئێمەی کورد له گەڵ شێواز و تکنیکەکانی گێڕانەوه نەک هەر ئاشنا بین بەڵکوو به سەریان دا زاڵ بین و ئەمەش دەست نادا مەگەر به تاوتوێ کردنی ئەو خەسار و ئاستەنگ و چەڵەمانەی له بەرامبەر چیرۆکی کوردی دا هەیه و ناکرێ خۆی لێ ببوێری.

یەکێک لەو ئاستەنگه گرینگانەی بەرۆکی چیرۆکی کوردی گرتووه له خاڵێکی بنەڕەتی چیرۆک و گێڕانەوەدا واته راوێژ خۆ دەردەخا چما تا ئێستاش راوێژی زۆرینەی چیرۆکه کوردییەکان له یەک دەچن و هەر هەموو دەڵێی یەک بێژیار(راوی) یان هەیه و تەنانەت نووسەرێک نووسیونی. دیاره له یادداشتێکی ژوورنالیستی کورت دا مەودای لێکدانەوەیەکی بەرفراوانی ئەم خەساره نییه و تەنیا سەرنجتان بۆ ئەم دوو نموونەیه له دەسپێکی دوو رۆمانی بەرچاوی کوردی رادەکێشم تا ئاستی وێکچوون و لێک نزیک بوونی راوێژمان له چیرۆکی کوردی دا بۆ دەرکەوێ و شرۆڤەی زیاتری ئەم بابەته رادەگرین بۆ ژوورناڵێکی پسپۆڕانەتر و مەودایەکی بەربڵاوتر:

” ئەوەتا گوێم لێیانه چی دەکەن. هاوار و قیژەی ئەوانه…که کاسیان کردووم، گوێم له ناڵین و گریه و زارییانه، نەعرەته و داد فیغان، سدکه کوتان…کڕووزانەوه…قژڕنینەوه”  (حەسار و سەگەکانی باوکم، شێرزاد حەسەن)

” بۆ یەکەمجار دوای دوو سەده لەوەی ئەمیر شەرەفەدین له ناو گێژەنێکی چڕ له گەڵای زەرد دا به دەستی پیاوانی سوڵتان کوژرا و فاڵچییەکان کوتیان خودا هەڵیکێشاوەتەوه بۆ ئاسمان، گەردەلوولێکی قایم هەموو پەنجەرەکانی شاری خسته سەر پشت، گەردەلوولێک لەو گەردەلوولانەی بەر له کارەساتەکان یا خود دوای کارەساتەکان هەڵدەکەن، گەردەلوولێک لەوانەی ئاراستەی ئاو و باران، میلی کاتژمێرەکان دەگۆڕێ…” (مەرگی تاقانەی دووەم، بەختیار عەلی)

بۆ ئەوەی باسەکه تەنیا به چیرۆکی باشووری کوردوستانەوه گرێ نەدرێ با ئاوڕ له بەرهەمێکی رۆژهەڵاتی کوردوستانیش بدەینەوه و دیسان دەسپێکی رۆمانێکی تر:

” ئەو له کوێ بوو ئەو کاتەی ژن گڵۆڵه گڕێک بوو له ماڵ و حەسارێکی بچووک دا؟ بچووکتر له دونیای بچووکی خەون و خەیاڵه قاچاغ و حەرامەکانی ، بچووکتر له کۆی هەموو داخوازییەکانی لەو بەشه بچووکه وا له ژیانی گەرەک بوو، تەنانەت بچووکتر لەوەی لەشه گڵۆڵه گڕەکەی وەشێرێ. لەشه سەرگەردانەکەی یاخی و بێ ئۆقره خۆی به دار و دیواردا دەکوتا و له ناخەوه، له ناخی ئازارەکانییەوه هەموو قیژه حەپسکراوەکانی ژیانی دەقیژاند. (باڵندەکانی دەم با، عەتا نەهایی)

هەر وەک دەبینین له هەموو ئەم نموونانەدا زمانێکی نزیک به زمانی پێوانەی زاراوەی سۆرانی به کەمێک رەنگ و بۆنی شاعیرانەوه وەک راوێژی سەرەکی هەڵبژێردراوه که له هەموویان دا ریتمێکی توند  به هۆی دووپات بوونەوەی وەسفه کورتەکان ساز کراوه. دیاره ئەمه سێ رۆمان بوون له سێ نووسەری بەرچاوی ئەدەبیاتی کوردی و ئەگەر ئاوڕ له نووسەرانی کەم ئەزموونتر یان کەمتر ناسراو بدەینەوه کێشەکه لەوەش قووڵتر دەنوێنێ و ئەم زمانی پێوانه به رەنگ و بۆنی شاعیرانه بۆتە راوێژی سەرەکیی بەشێکی هەره زۆری چیرۆکی کوردی.

 لەم نووسراوەیەدا وەک ئاماژەم پێ کرد زیاتر لەوەی مەبەستمان ناسینی خەسارەکه بێ که به داخەوه زۆر روون و ئاشکرایه زیاتر حەول دەدەین کۆمەڵێک پێشنیار بۆ دەرباز بوون لەو ئاستەنگه بخەینه بەردەمی چیرۆکی کوردی تا بەڵکوو بەم بۆنەوه چیرۆکی کوردی هەنگاوێک له ئیستانداردەکانی چیرۆکنووسی نزیک بکەینەوه.

راوێژ له چیرۆک دا بەر له هەر شتێک له پانتای بەرفرەوانی زمان دا خۆ دەردەخا و یەکێک له گرینگترین ئامرازەکانی یەکەم ناسینی کەسایەتی و دواتر سازکردنی کەشی چیرۆک یان فەزاسازییه. راوێژ له چیرۆک دا له دوو شوێنی گرینگ دا خۆ دەردەخا: کاتێک کەسایەتییەکان دێنه گۆ، واته له چوارچێوەی دیالۆگ، مۆنۆلۆگ یان سۆلی لۆکی که له پەنا ئەساید چوار شێوازی سەرەکیی قسە کردنی کەسایەتین له گێڕانەوەدا یان له کاتی گێڕانەوەی بێژیار (راوی) که لەوێش دا ئەوەی بێژیار له چ گۆشەنیگاییەکەوه بدوێ واته یەکەم کەس بێ به هەموو لق و پۆیەکانییەوه یان سێهەم کەس یان زانای گشتی که هەر کامەی راوێژی تایبەتی خۆی هەیه و جیاوازی تایبەتی خۆی. بۆ وێنه راوێژی زانای گشتی حەتمەن دەبێ له زمانی پێوانه کەڵک وەرگرێ بەڵام به پێی دۆخ و کات و شوێنی گێڕانەوه دەتوانێ له کۆمەڵێک وشه و دەستەواژەی تایبەت کەڵک وەرگرێ یان نا. یان بێژیاری یەکەم کەس که دەبێ به پێی داڕشتنی کەسایەتییەکەی راوێژ و ریتمی گێڕانەوەکەی دیاری بکرێ. چیرۆک یان رۆمانەکەی ئێمه له هەر کام لەم شێوازانه کەڵکی وەرگرتبێ گرینگ نییه چون دیاره هەرکامەو دەبێته هۆی هێندێ جیاوازی بنەڕەتی که له چیرۆکی کوردی دا جێی خاڵییه.
دیاره من پێشتر و له هێندی وتاری جیاوازدا باسی ئەو پێشنیارانەم کردووه که بۆ دیتنەوەی ئولگووه زمانییه جیاوازەکان دەتوانین کەڵکیان لێ وەرگرین وەک شرۆڤەی دەقه کۆنەکان یان کۆنینه خوانی بۆ وێنه دەقەکانی یارسان و ئەدەبیاتی گۆران بۆ ناسینی راوێژی ئارکاییک یان بەیتەکان بۆ ناسینی راوێژی حیماسی و تەغەزولی یان دەقی وەک چێشتی مجێور و رشتەی مرواری بۆ زمانی رۆژەزار (محاوره) که لێکدانەوەی هەموو ئەمانه دەتوانن کۆمەڵێک ئولگووی زمانی بۆ چیرۆکنووسی ئێمه بخاته روو بۆیه لێره زۆر له سەری نادوێم و ئەمجارەیان بۆ ناسینی زیاتری راوێژ دەپەرژێمه سەر لایەنێکی گرینگی تری زمان که چیرۆکنووسی کورد کەمتر قەرەی کەوتووه و نەیتوانیوه له ئیمکانه بەربڵاوەکانی کەڵک وەرگرێ که دیاره ئەم پێشنیاره تەنیا یەکێک له رێگاکانی چارەسەر کردنی ئەم گرفتەیه و چیرۆکنووسی ئێمه دەبێ دەیان رێگای تری لەم چەشنەی له بەر دەست دا بێ.

یەکێک له کەلێنه شاراوەکانی زمان که زۆر جار وەک لادانێک له نۆرمه زمانییەکان سەیری دەکرێ ئارگۆ یان زمانی شاراوەیه و مەبەست له زمانی شاراوه ئەو به شه له زمانه که چین و توێژێکی تایبەت یان نەسلێکی تایبەت پێی دەدوێن و کۆمەڵێک زاراوه و دەستەواژەی تایبەتی خۆی هەیه، بۆ وێنه رەنگه بەنناکان یان شۆفیرەکان زاراوەی تایبەتی خۆیان هەبێ که تەنیا خۆیان تێی بگەن یان تەنانەت هەر له لایەن ئەوانەوه رەنگه بێته ناو پانتای زمانی گشتییەوه. یان زمانی ئەو کەسانەی له سۆشیال میدیا دا چالاکن کۆمەڵێک ئیدیۆمی تایبەتی خۆی هەیه یان مێرمنداڵەکان یان زمانی نێو ژنان و.. ئێمه زۆر نامانهەوێ رۆ بچینه لایەنی زمانناسانه یان کۆمەڵناسانەی ئەم باسەوه، ئەوەی بۆ ئێمه وەک چیرۆکنووس گرینگه کاریگەری زمانی شاراوه له سەر راوێژ و داڕشتنی کەسایەتییه، چما هەرکام له کەسایەتییەکانی چیرۆکی ئێمه سەر به یەکێک لەو چین و توێژانه هەن که زمانی شاراوەی تایبەت به خۆیان هەیه و بێ گومان کەڵک وەرگرتن لەم زمانه شاراوەیه نەک یارمەتییەکی گەورەی نووسەر دەدا بۆ داڕشتنی کەسایەتی چیرۆکەکانی بەڵکوو دەبێته هۆی ئەوەی چیرۆکی کوردی له بواری راوێژیش دا تووشی دووپات بوونەوه نەیه و راوێژی جیاواز له کەسایەتییه جیاوازەکانی چیرۆکی کوردی دا ببینین و چیتر کەسایەتییەکانی چیرۆکی ئێمه وەک یەکدی نەدوێن.

ئەمه له کاتێک دایه که به داخەوه تا ئێستا چیرۆکنووسی کورد حەوڵێکی ئەوتۆی لەم بوارەدا نەداوه و به دوای ئەو قوژبنه زمانییانەدا نەگەڕاوه و ئەمه جیا لەوەی له بواری داڕشتنی کەسایەتی دا بۆته خەسارێک بۆ چیرۆکی کوردی، له بواری راوێژ و به تایبەت دیالۆگ نووسی دا که یەکێک له کێشه گەورەکانی گێڕانەوەی کوردی به چیرۆک و شانۆنامەوەیه بۆشاییەکی گەورەی ساز کردووه و رەنگه لێکۆڵینەوه و ناسینی زمانی شاراوەی چین و توێژه جیاوازەکان نەک یارمەتی بۆ چارەسەر کردنی ئەم گرفته بدا بەڵکوو چیرۆکنووسی کوردیش لەو شاعیرانه نووسینەی تووشی هاتووه دەرباز بکا.

هەڵبەت له کۆتایی دا پێویسته بڵێم من هیچ کێشەیەکم له گەڵ راوێژی شاعیرانه بەو مەرجەی له شوێنی دروستی خۆی به کار بێ نییه، بەڵام ئەوەی به لای منەوه گرفته ئەوەیه بۆ هەموو کەش و بارودۆخ و کەسایەتییەک لەو زمانه ئەدەبی و رەسەن و شاعیرانەیه کەڵک وەرگرین.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like