رووبه‌رێك بۆ نووسین وشانۆ
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پرسیاری فه‌لسه‌فه‌ی شانۆ چیه‌؟

ئێستا به‌دوای ئه‌وه‌ی به‌ناو په‌یوه‌ندیی نێوان شانۆ و فه‌لسه‌فه‌دا ڕۆچووین، ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر پرسیاری سه‌ره‌تای ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌، ئه‌و كات ئێمه‌ هێشتا باسمان له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان شانۆ و فه‌لسه‌فه‌ نه‌كردبوو.. قسه‌مان له‌ تراژیدیا و دیدی ناكۆكی فه‌یله‌سووفه‌كان نه‌كردبوو بۆ تراژیدیا، هێشتا شتێكمان نه‌وتبوو له‌باره‌ی بیرۆكه‌ی مه‌رگی تراژیدیا له‌لای نیتچه‌، كاتێك پرسیارێكمان ئاراسته‌ی خۆمان كرد بۆ چوونه‌ نێو بابه‌ته‌كه‌ ئه‌و ده‌مه‌ی پرسیمان: فه‌لسه‌فه‌ی شانۆ چیه‌؟

ئه‌و پرسیاره‌ ئێمه‌ی ڕووبه‌رووی په‌یوه‌ندیی نێوان فه‌لسه‌فه‌ و شانۆ كرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سووفه‌كان ناكۆك ده‌بووین, ڕێك ده‌بووین.. ڕوانینی خۆمان ده‌خسته‌ ڕوو، هه‌ندێكجار له‌شانۆنووسه‌كان دوور ده‌كه‌وتینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ فه‌یله‌سووفێك ته‌با ده‌بووین، به‌ڵام ئێستا كه‌ له‌كۆتایی ئه‌و باسه‌داین سه‌ر له‌نوێ‌ پرسیاره‌كه‌مان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ده‌پرسین: فه‌لسه‌فه‌ی شانۆ چیه‌؟

فه‌لسه‌فه‌ی شانۆ بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵانیه‌ له‌گوتاری نمایشی شانۆیی، هه‌ڵگری ئازار وخه‌ون وپرسیاره‌، پاڵه‌وانه‌كان ده‌بنه‌ سیمبولی فه‌لسه‌فی بۆ شانۆگه‌ریه‌كان، ئه‌وان پرسیاره‌كانی مرۆڤ ده‌بنه‌ ناو زه‌مه‌نه‌ به‌سه‌رچووه‌كان وسه‌ر له‌نوێ‌ له‌گه‌ڵ ئێستای ئێمه‌دا ده‌یهێننه‌وه‌، په‌یوه‌ندیی نێوان عه‌قڵ وخه‌یاڵ ده‌كه‌نه‌ ڕووبه‌رێكی فانتازیا بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین تیۆرێكی تایبه‌تمان بۆ جوانیناسی هه‌بێت، فه‌لسه‌فه‌ی شانۆ وێنه‌ی شانۆیی له‌بونیادێكی واقعیه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ بونیادێكی هونه‌ریی، جیهان وه‌ك ئه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ند وێنای ده‌كات وئاگای جوانكاری و فه‌لسه‌فی له‌كاره‌كه‌یدا به‌شداری پێده‌كات، لێره‌دا شانۆكار و فه‌یله‌سووف وه‌ك دوو مرۆڤی به‌شداری ناو ژیار و ئاگایی كۆمه‌ڵایه‌تی توانای نوسینه‌وه‌ی جیهانیان هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئاره‌زووی ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت تراژیدیاكانیش له‌ڕێگه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی شانۆوه‌ دید و فه‌لسه‌فه‌كه‌ی ده‌ست نیشان ده‌كرێت، شانۆكاری بیركه‌ره‌وه‌ مرۆڤێكی فه‌یله‌سووفه‌ هه‌ڵگری پرسیار وگومانه‌، له‌ده‌ره‌وه‌ی كائینێكی بیركه‌ره‌وه‌ شانۆكار ئه‌و كائینه‌یه‌ كه‌ فه‌لسه‌فه‌ی شانۆ له‌ده‌ست ده‌دات و شانۆ له‌گوتارێكی فه‌لسه‌فیه‌وه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ گوتارێكی ئایدیۆلۆژی.

ئێستا ئه‌وه‌ی به‌بیرماندا دێت ئه‌وه‌یه‌، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو ڕه‌خنانه‌ی ئاراسته‌ی یۆرپیدسمان كرد، ئاخۆ یۆرپیدس تراژیدیا كوژ بوو یان فه‌یله‌سووف؟ له‌ڕاستیدا یۆرپیدس بیركه‌ره‌وه‌یه‌كی فه‌لسه‌فیه‌ كه‌ ویستی هه‌ڵگری فه‌لسه‌فه‌ی سوكرات بێت بۆیه‌ شانۆنامه‌كانی چه‌نده‌ وه‌ك كۆتایی بۆ تراژیدیا سه‌یر بكرێت، به‌ڵام سه‌ره‌نجام ده‌توانین وه‌ك تێكستێك بۆ ناسینی سوكرات وه‌ری بگرین.

بۆیه‌ فه‌لسه‌فه‌ی شانۆ دنیابینی نێوان شانۆكار وفه‌یله‌سووفه‌، به‌ڵام نه‌ك به‌مانا یۆرپیدسیه‌كه‌ی كه‌ ببێته‌ ماسكی فه‌یله‌سووفێك، چونكه‌ ده‌شێت له‌ماسك بوونی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی ڕوون بابه‌ته‌كه‌ له‌دیدی هونه‌ریه‌وه‌ بگۆڕێته‌ سه‌ر دیدی تیۆریی و له‌و كاته‌شدا شانۆ گرنگی خۆی له‌ده‌ست بدات و وه‌ك گۆڕینی گوتار بیبینین كه‌ له‌گوتاری فه‌لسه‌فیه‌وه‌ بگۆڕێت بۆ گوتاری ئایدیۆلۆژی، بۆیه‌ هه‌ر كاتێك شانۆیه‌ك ئاستی نزم بوو ئه‌وه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئاماده‌نه‌بوونی ڕۆشتنی گوتاره‌ فه‌لسه‌فیه‌كه‌ی، پێویسته‌ گومان له‌ فه‌لسه‌فه‌ی نمایش وتێكست بكه‌ین، چونكه‌ شانۆیه‌ك بوونی نیه‌ به‌بێ‌ بونی فه‌لسه‌فه‌، وه‌ك چۆن هیچ كاتێك فه‌لسه‌فه‌ نه‌یتوانی و ناتوانێت ده‌ستبه‌رداری شانۆ ببێت، ئه‌وه‌ش گرنگی ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ هاوبه‌شه‌ی نێوان فه‌لسه‌فه‌ و شانۆیه‌.

  • نوسینی Nihad jami
    http://isthmus.com/downloads/19930/download/uwdance-sprung042613a.jpg?cb=65d827abb0811d9f50de96b43dd1a401

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like