ساتێک بەدەم چاوەڕوانی گۆدۆوە

حەمەسوار عەزیز

یەکێک لە نمایشە گرنکەکانی پێنجەمین ڤیستیڤاڵی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ شانۆ، نمایشی شانۆیی (لە چاوەڕوانی گۆدۆ) بوو، ئەم شانۆییە لە نوسینی سامۆیل بیکێت و دەرھێنانی کریستۆف نیکس و بەرھەمی شانۆی کۆنستانسی وڵاتی ئەڵمانیا بوو کە توانی ھەردوو خەڵاتی باشترین دەرھێنان بۆ کریستۆف نیکس و خەڵاتی باشترین ئەکتەر بۆ (پیتەر سیزلینسکی) کە ئەدای کارەکتەری (لاکی) دەکرد لە نمایشەکە، بباتەوە.

خوێندنەوەیەکی سیمۆلۆژی بۆ تێکستی بیکێت:

بێگومان لێرەدا نامەوێ زۆر لەسەر تێکستەکەو فەزای تێکستەکە بوەستم کە یەکێکە لە گرنگترین تێکستە شانۆییەکانی شانۆی ئەبسۆردو ھەندێک لە رەخنەگران بە باشترین و جیاوازترین تێکستی شانۆیی سەدەی بیستەمی دەزانن کە زۆرترین شرۆڤەکاری و لێکدانەوەو بایەتی لەبارەوە نوسراوە، ئەم تێکستە لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابردوو نووسراوەو جیاواز لە زۆرێک لە نوسەرەکانی تری ئەبسۆرد، ئەم تێکستە لە رووی فۆرم و بابەتەوە تایبەتمەندی خۆی ھەیەو زمانێکی تایبەتەو بینای تایبەتی خۆی ھەیەو باس لە وونکردنی ھاوسەنگی مرۆڤ دەکات لەگەل کۆمەڵگا و دەوروبەر، ئەم دابڕانە وادەکات مرۆڤ ئینتیما مرۆڤییەکانی لە دەستبدات و دابماڵرێت لە ھەموو جۆرە ناسنامەیەکی ئینسانی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی، ئەمەش بەشێوەیەکی سەرەکی لە ھەردوو کارەکتەری (ڤلادیمێرو ئیستراگۆن) بەرجەستە دەبێت، لە بەرامبەر ئەوەدا دوو کارەکتەری تر لەم شانۆییە ھەن کە دوو ئینتیمای چینایەتی جیاوازییان ھەیەو یەکێکیان کارەکتەری (بۆزۆ)یە کە سەر بەچێنی سەرمایەدارو بۆرژووایە، ئەویتر کارەکتەری (لاکی)یە کە سەر بەچینی کرێکارو زەحمەتکێشە، ئەم دوو کارەکتەرە لە ھەردوو دیمەنی شانۆییەکە دەردەکەون و لە دیمەنی یەکەم وەک دوو کەسی ئاسایی کە سەربەدوو چینی جیاوازن دەردەکەون و لە دیمەنی دووەم جارێکی تر دەردەکەونەوەو ھەردووکیان گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا ھاتووە، بۆزۆ بۆتە کەسێکی کوێر و لاکی دەبێتە کەسێکی ڵاڵ کە ناتوانێت قسە بکات.

بە تێڕوانینی من ئەو دوو کارەکتەرە وەک قۆناغێکی پێشووتری ھەردوو کارەکتەری ڤلادیمێر و ئیستراگۆن دەردەکەون، واتە ھەردوو کارەکتەری بۆزو و لاکی بریتیین لە یادەوەری ھەردوو کارەکتەرە سەرەکییەکەی نمایشەکەو وەک فلاشباگێکی سینەمایی رابردووی ئەو دوو کارەکتەرە دەگێڕێتەوەو ئەو رابردووەمان نیشاندەدات کە مرۆڤی بەو قۆناغە گەیاندووە، بەو واتایەی ئەو دابەشبوونە چینایەتییەی کە لە کۆمەڵگا ھەیەو ئەو نادادی و نا ئینسانییەی کە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیی و ژینگەی مرۆڤ دروستدەکات، لە قۆناغێکدا سەردەکێشێت بۆ ئەوەی مرۆڤ، بوون و ناسنامەو ئینتیما مرۆییەکەی لە دەستبدات و دابماڵرێت لە ھەر لێکەوتەو ئاوێتەبوونێکی کۆمەڵایەتی و ژیاری کە پیناسەی مرۆڤایەتی ئەو بکات، بۆیە من پێموایە ئەم دوو کارەکتەرە جگە لە فلاشباکی زەینی و یادەوەری ھەردوو کارەکتەری ڤلادیمێرو ئیستراگۆن، شتی تر نین.

رازی بوون و مڵکەچبوونی مرۆڤەکان بۆ ئەو جۆرە پەیوەندییە ناتەندروستەو ئیستغلالکردنی ئینسان لە لایەن ئینسان خۆیەوە، کۆمەڵگایەک دروستدەکات کە تیاییدا مرۆڤ دەبێتە بوونەوەرێکی نامۆو دابڕاوو ناتوانێت لەگەل ژینگەو دەوروبەر تەماس بگرێت و دەکەوێتە نێو جیھانی میتۆلۆژی و خەون و خەیاڵ، کە ھیچ کاتێک توانای بەدیھێنانی واقعییان نییە، بۆیە بەلای منەوە گۆدۆ گوزارشت لەو جیھانە میتۆلۆژییە دەکات کە مرۆڤ پاش لە دەستدانی مرۆڤایەتی و پەیوەندییە مرۆڤایەتییەکانی پەنای بۆ دەبات بەڵکو وەک فریادڕەس ئاسوودەیی و مرۆڤایەتی بۆ بگەڕێنێتەوە، ئەوەش ھەرگیز روونادات، چونکە گۆدۆ ھەرگیز نایەت.

کوێر بوونی بۆزۆ و ڵاڵبوونی لاکی لە دیمەنی دووەم بەشێوەیەکی بەرچاو پەیوەستە بەو فۆرمەو حاڵەتانەی کە لە دیمەنی یەکەم روودەدەن، لە دیمەنی یەکەم لاکی ڵاڵ نییە، بەڵام کە قسە دەکات(لێرەش قسە سیمبوڵی ناڕازیبوون و بەرەنگاربوونەوەیە) کەس گوێی لێناگرێت، لەو کاتەدا ھەردوو کارەکتەری ڤلادیمێر و ئیستراگۆن خەریکن یاری بە تەباشیرەکان دەکەن و قەڵەمەکە کە سیمبوڵی زانین و تێگەیشتن و ئاگاییە، بە نیشانە دەگرن، واتە ھەمیشە شۆڕشەکان و بەرخودانەکان بەرکەوتنیان ھەیە لەگەل ئەو بێ ئاگایی و نەزانینەی میللەت کە ناتوانن شۆڕش و دەسکەوتەکانی بپارێزن و رێگە بەوە نەدەن کە بە لاڕێدا ببرێن.

کارەکتەری بۆزۆش لە دیمەنی یەکەم کارەکتەرێکی نەرجسییەو تەنھا بەرپێی خۆی و بەرژەوەندی خۆی دەبینێت، ئەوەتا پاش ئەوەی گۆشت دەخوات، ئێسقانەکە بۆ لاکی دەھاوێت و رێگە نادات ڤلادیمێرو ئیستراگۆن ئەو ئێسقانە بخۆن، ئەوەش لەبەر ئەوە نییە کە زۆر دڵی لای (لاکی)یەو و مافەکانی دەپارێزێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە تا لاکی بە خواردنی ئەو ئێسقانە ووزەی نێو جەستەی بەردەوام بێت تا بتوانێت کارەکانی بۆزۆ جێبەجێ بکات و بۆزۆ ناچار نەبێت خۆی کارەکانی خۆی بکات، بەڵام لە دیمەنی دووەم دەبینین لاکی ڵاڵ بووەو ئیتر گەیشتۆتە قۆناغێک کە قسەکردن و شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە لە سایەی حەشاماتی نەزان و گەمژە ناتوانێت ھیچ گۆڕانکاری بکات، بۆیە لاکی لەو دیمەنە بێدەنگەو ئیتر ھیچ شۆڕشێک لە ئارادا نەماوە، بۆزۆش گەیشتۆتە ئاستێک لە خۆپەرستی و نەرجسییەت ئیتر لە دەرەوەی خۆی ھیچ شتێک نابینێت و تەنھا ھەست بە خۆی دەکات بۆیە بیکێت وەک کوێرێک نیشانی دەدات، بۆیە بە بڕوای من ھەردوو حاڵەتی ڵاڵبوونی لاکی و کوێربوونی بۆزۆ لە رووی سیمۆلۆژییەوە دوو حاڵەتی گرنگی نێو نمایشەکەن کە دەکرێت دەرھێنەر بە ھیچ شێوەیەک دەلالەتی فیزیکیان پێنەبەخشێت، واتە ئەگەر لە دیمەنی دووەم ھەردوو کارەکتەر ڵاڵ و کوێریش نەبن، بەڵام دەرھێنەر بەشێوەیەک بتوانێت ئەو پەیامە بگەیەنێت کە لە کوێربوون و ڵاڵبوونی دوو کارەکتەرەکە ھەیە، کارێکی ئاساییەو پێویستی بەوە نییە کارەکتەرەکان بەو شێوە فیزیکییە وەک کوێر و ڵاڵ نیشان بدات.

ئەم قۆناغەش لە گەشەکردنی نەرێنی کۆمەڵگاو پوکانەوەی بەھا ئینسانییەکان و وونکردنی کارەکتەری مرۆڤ بۆ چوارچێوەو یادەوەرییەکان، سەردەکێشێت کە لە کۆتاییدا کارەکتەری ھاوشێوەی ڤلادیمێر و ئیستراگۆن بەرھەم بێنێت، کە دوو کارەکتەری قەدەرین و وەک کارەکتەرەکانی یۆنان چاوەڕێی قەدەرو چارەنووس دەکەن کە ئومێدییان پێببەخشێت وھەموو تواناکانیان وەک مرۆڤی خاوەن ناسنامەو ئیڕادە لە دەستداوەو ناتوانن بڕیار بدەن، کە بڕیاریش دەدەن ھەرگیز ناتوانن جێبەجێی بکەن، وەک ئەوەی لە کۆتایی دیمەنەکان دەڵێن دەڕۆین کەچی ھەر لە شوێنی خۆیانن، تەنھا دەتوانن کە خەو ببینن و لە دونیای ئەودیو حەقیقەت و نەستەوە چاوەڕێی فریادڕەس بکەن ، ئەو فریادڕەسەی کە بە گۆدۆ دەیناسن و ھەرگیز نایەت.

چاوەڕوانی گۆدۆ لە فۆرمێکی داستانییدا

یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی شانۆی ئەبسۆرد ئەوەیە کە نمایش وەک فۆرم لەنێو ھەناوی تێکست لەدایک دەبێت و تێکست دەبێتە بنەمایەکی گرنگی داڕشتنەوەی وێنەو فۆرمە جیاوازەکانی نمایش، بە تایبەتی تێکستەکانی بیکێت لەم روانگەوە تایبەتمەندی خۆیان ھەیەو دەتوانن دەیان وێنەی شانۆیی دروستبکەن کە بەیەکەوە فۆرمێکی ناتەباو جیاواز بە نمایش دەبەخشن، ئەویش فۆرمی ناماقوڵ یا ئەبسۆردە، وێنە شانۆییەکان کە بنەماو بونیادی سەرەکی شانۆی ئەبسۆردن، لە دروستکردنیاندا پشت بە ناپەیوەندی و پەرتبوون و دابڕان و نامۆبوون و تەواونەکردنی رستەو مەبەست دەبەستێت ، بێدەنگی و بەیەکنەگەیشتن ، گرنگترین سیمای کارەکتەرەکانی شانۆی ئەبسۆردەو ئەم وێنەیە لە خودی تێکستە شانۆییە دەگوازرێتەوە نمایش، ووشە و رستە وەزیفەی تەقلیدی خۆیان وەک زمانی گەیاندن و تێگەیشتن لە دەست دەدەن و دەبن بە زمانێکی تری شانۆیی کە بونیادەکەی دابڕان و پەرتبوون و بەیەک نەگەیشتنەو بەتەواوی ھەموو وەزیفە باوەکانی ھەستەوەرەکان تێکدەشکێنن و ماناو فۆرمی ناتەباو جیاواز دروست دەکەن.

لە شانۆی ئەبسۆردا ھەمیشە موفرەدە واقیعییەکان وەزیفەو بەکاربردنی جیاواز و ناواقیعییان ھەیە، باسمانکردن زمان لە فاکتەری گەیاندن و پەیوەندی دەبێت بە فاکتەری دابڕان و پەرتبوون، تەنانەت خودی ئەو کەرەستانەی کە فەزای نمایش داگیر دەکەن، لە مانا ناسراوو واقیعییەکانیان دادەماڵرێن و بەرەو جیھانی دژو فرە مانایی ھەنگاو دەنێن، بۆ نمونە دارە ووشکەکەی چاوەڕوانی گۆدۆو کورسییەکانی نێو شانۆنامەی کورسییەکانی یۆژین یۆنسکۆ، لەنێو فۆرمی نمایش وەزیفەو بەکاربردنی جیاواز وەردەگرن و تەژی دەکرێن لە مانای جۆراوجۆر، تەباو دژ، بەشێوەیەک ناتوانرێت لەڕووی سیمۆلۆژییەوە بەدەر لە فەزا گشتییەکەی نمایش، دەلالەتەکانی ئەو کەرەستە شانۆییانە بخوێندرێتەوە.

لەم شانۆییە دەرھێنەر کریستۆف نیکس ھەوڵدەدات نمایشەکە لە فۆرمێکی داستانییدا دابڕێژێتەوە لەگەل پاراستنی بونیادی بنەڕەتی تێکست و ئاوێتەکردنی ھەردوو فەزای داستانی و ئەبسۆرد لەنێو فەزایەکی مۆسیقی تەبا کە فەزاکەی ئەبسۆردەو زۆرێک لە کەرەستەکانی لە شانۆی داستانی برێخت خواستراون، ئەمەش ئەو جیاوازییە کە دەرھێنەرێکی ئەڵمان دەتوانێت بە نمایشێکی شانۆیی ببەخشێت کە ئینتیمای بۆ جیھانی ئەبسۆردو بێھوودەیی ھەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی کارەکتەری ئەڵمانی بە پشت بەستن بەو کڵتوورە شانۆییەی کە بۆتە پاشخانێکی گرنگی شانۆی ئەڵمانی و رەنگدانەوەی لە کارەکتەری شانۆکاری ئەلمانی ھەیە، بۆیە کاتێ بەر ھەر میتۆدو تەوژمێکی شانۆیی دەکەوێت، دەتوانێت ئەو ژێرخانە مەعریفییە بەکارببات کە لەنێو شانۆی ئەڵمانییدا بەدەستیھێناوەو لە رێگەی ئەو پاشخان و مەعریفەیە، دیدگای تایبەت بە خۆی ھەبێت و وەک جەمسەرێکی بەھێزو ھاوسەنگ بەر تێکستەکە بکەوێت، دەرەنجامی ئەم بەرکەوتنەش نمایشێکی جیاواز دروستدەکات کە تیاییدا دەرھێنەرێکی خاوەن کەرەستەو مەعریفەو دیدگای نیشتیمانی تایبەت، بەر فەلسەفەو مەعریفەو جیھانبینییەکی جیاواز دەکەوێت.

کریستۆف نیکس وەک دەرھێنەری نمایش بە رێژەیەکی بەرچاو رێز لەو تێکستەو لە بونیادو فەلسەفەی ئەو تێکست و تەرزە شانۆییە دەگرێت، بۆیە دەبینین تێکستەکەی بیکێت لە رووی فەزاو کارەکتەرەوە پارێزراوەو دەرھێنەر ھەوڵی نەداوە راست و چەپ دەسکاری تێکستەکەو کارەکتەرەکان بکات و تێکیبشکێنێت و دواتر ھەوڵبدات بەشێوەی تر دایبڕێژێتەوە، تەنانەت خودی ئەو دیالۆگە قرتێنراوانەش ئەوەندە بە زانایی لابراون، کە بەشێوەیەکی گشتی کاری نەکردۆتە سەر گۆڕێنی شێوەو جیھانبینی تێکست، کارەکتەرەکان ھەمان کارەکتەری بیکێتن، ریزبەندی رووداوەکان ھەمان رێزبەندی نووسەرن، رووداوەکان بە ھەمان ریزبەندی تێکستەکە تێدەپەڕن و سەرەتاو کۆتاییەکەشی ھەمان کۆتایی بیکێتەو پارێزراوە، بەو مانایەی دەرھێنەر رێزێکی زۆری لە تێکستەکەو فۆرمی گشتی شانۆی ئەبسۆرد گرتووەو بەجۆرێک بە (پیرۆزی) مامەڵەی لەگەل ئەو جیھانە تایبەتە کردووە.

لێرەدا ئەو پرسیارە لاتان دروست دەبێت، باشە ئەگەر دەرھێنەر بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەل تێکستەکە کردووە،ئەی ئەو مانشێتەی سەرەوە (چاوەڕوانی گۆدۆ لە فۆرمێکی داستانییدا) لە کوێی ئەو نمایشە جێگەی دەبێتەوە؟.

بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەگەڕێمەوە سەر ووردەکارییەکانی دروستکردنی نمایش کە دەرھێنەر زۆر زیرەکانە کاری تێداکردووەو بە کۆمەڵێک کەرەستەی شانۆی داستانی ھەوڵیداوە نمایشێکی شانۆیی بە فۆرمێکی داستانی و ھاوتا و ھاودەم لەگەل پاراستنی بونیادە بنەڕەتییەکەی تێکست کە ئەبسۆردە دروستبکات.

ھەر لە دەسپێکی شانۆییەکە لەگەل رووناکبوونەوەی شانۆو دەرکەوتنی کارەکتەرە سەرەکییەکانی بیکێت کە ڤلادیمیرو ئیستراگۆنن، بینەر دوو کارەکتەری تر دەبینێت کە وەک کارەکتەری ئاسایی روناکیان لەسەرە، یەکێکیان لە پێشەوەی شانۆیەو رووی لە ئەکتەرەکانەو پشتی لە بینەرە، وەک دەرھێنەریا دروستکەری نمایش دەردەکەوێت، دانانی ئەم کارەکتەرە دوو وەزیفەی گرنگی لە نمایشدا ھەیە، ھەردوو وەزیفەکەش وەک دوو تەکنیک لە شانۆی داستانی برێخت بەکاردێن، یەکەمیان ئەو کارەکتەرە وەک ئەوە دەردەکەوێت کە نمایشەکە دروستبکات یا بیگیڕێتەوە، ئەوەش ھەمان وەزیفەی حیکایەتخوانە کە ھەوڵدەدات بینەر قەناعەت پێبکات کە ئەم نمایشە جگە لە گێڕانەوەی چیرۆکێک زیاتر نییەو حەقیقەتێکی واقیعی ئاسایی نییە، ئەمەش رێک وەزیفەی ئەو خانمە بوو لەو نمایشە، لەلایەکی تر بوونی ئەو خانمە لەو شوێنە لەنێو بینەران و ھەڵسانەوە بۆ ئەوەی نمایش رابگرێت یا رووداوەکان بباتەپێش، رووێکی تری بەو نمایشە بەخشی کە سیمای سەرەکی شانۆی داستانییە، ئەویش بە ئێرەکردن و بە ئێٍستاکردنە، ئەم دوو تەکنیکەش زۆر بە زیرەکی لەنێو ئەو نمایشە جێگەکراوەتەوە بێ ئەوەی کاریگەری نەرێنی بەسەر فۆرمی گشتی نمایشەوە ھەبێت.

لە ھەمانکاتتدا لەلای راستی بینەر و لەنێو روناکییدا کارەکتەرێکی تر ھەیەو وەک کارەکتەری نمایش خزاوەتە نێو نمایش، ئەویش کارەکتەری چاودێری تێکستە، ئەم کارەکتەرە بە بەرچاوی بینەرەوە چاودێری دیالۆگی ئەکتەرەکان دەکات وەک ئەوەی لە کاتی پرۆڤە یا ژەنەراڵ پرۆڤە بن، ئەمەش رێک وەزیفەی ئەو نامۆبوونە ئەدا دەکات کە لە شانۆی داستانی بە زەقی کاری پێدەکرێت بۆ ئەوەی ئەکتەرو بینەر ھەمیشە ئەوەیان لەبیر بێت کە ئەمە نمایشێکی شانۆییەو واقیعێکی راستەقینە نییە، لێرەشدا ئەو کارەکتەرە ئەو وەزیفەیە بە تەواوی ئەدا دەکات و تەنانەت بە بەرچاوی بینەرەوە زەمەنی نمایش دەگۆڕێت کاتێ لە کۆتایی دیمەنەکان ھەڵدەستێت ئەم مانگە دەھێنێتە خوارەوە کە بە پەتێک بەستراوەو دایدەگیرسینێت وەک ئاماژەیەک بۆ ھاتنی شەو و گۆڕانی زەمەن.

لێرەدا بەوە دەگەین نامۆ بوون و تەغریب مەرج نییە تەنھا لە رێگەی خودی ئەکتەرەوە بکرێت و ئەکتەر لە کارەکتەر جیابێتەوەو دیالۆگ لەگەل بینەر دروستبکات بۆ ئەوەی ئەو نامۆبوونە لای بینەر دروستبکات، چونکە ئەگەر لە نمایشێکی وەک ئەوەی بیکێت دەرھێنەر ئەم تەکنیکە بەو شێوەیە تەقلیدییە بەکارببات، بونیادی تێکستەکەو فەزاکەی ھەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام ئەم بەکاربردنە لە رێگەی ئەم دوو کارەکتەرە، ھەم بونیادو فەزای نمایشی پاراستووەو ھەمیش فۆرمێکی داستانی بە نمایشەکە بەخشیوە.

لەوەش زیاتر دەرھێنەر پەنا بۆ ژمارەیەک کەرەستەی تر دەبات بۆ دروستکردنی ئەو فەزاو فۆرمە داستانییە لەنێو فەزاو فۆرمی رەسەنی تێکست، وەک شۆڕکردنەوەی مانگ بە زنجیرێک و داگیرساندنی بە بەرچاوی بینەرانەوە بۆ ئەوەی شەو نیشانبدات، ھەڵواسینی شاشەیەک لە چەپی شانۆو دابەزاندنی کۆمەڵێک رستەی جیاواز کە شوێنی لافیتە دەگرێتەوە لە شانۆی داستانییدا و وەزیفەی لافیتە دەگەیەنێت، بەکارنەھێنانی پەردەو کرانەوەی فەزای نمایش بەسەر بینەرانداو واڵابوونی سەرچاوەی روناکی و داگیرسان و کوژاندنەوەیان بە بەرچاوی بینەرەوە، راگرتنی نمایش لە ناوەڕاستییداو دواتر دەسپێکردنەوەی نمایش پاش ئەوەی ئەو خاتوونەی رۆڵی دەرھێنەر دەبینێت داویان لێدەکات بوەستن و دواتر دەسپێبکەنەوە، دوورکەوتنەوە لە یاریکردن بە روناکی و بەکارھێنانی روناکییەکی گەش و بەھێز کە سیمای شانۆی داستانییەو برێخت یپَداگری لەسەرکردووەو پێیوابووە کە دەبێ ھەموو شتێک لەسەر شانۆ بینراو و سەرکراوە بێت و بینەر تووشی وەھم نەکات و تا ھەمیشە زەین و ھەستەوەرەکانی بە ئاگا بن و لەرێگەی عەقڵ و لۆژیکەوە کۆنتڕۆڵ بکرێن، ئەمە جگە لەوەی دەرھێنەر تەختەی شانۆییەکەی بەشێوەیەک دروستکردووە کە وەک شاشەیەکی سینەمایی دەربکەوێت و لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەرە بەرە بەرزدەبێتەوەو ئەکتەرەکانیش تیاییدا زیاتر وەک کارەکتەری سینەمایی دەردەکەون تا کارەکتەری شانۆیی، ئەوەی وادەکات ئەو فەزایە وەک شاشەیەکی سینەمایی دەربکەوێت، بەکاربردنیەتی لەلایەن ئەکتەرەکانەوە کە بە تەباشیرە سپیەکانی دەستیان، لەسەر ئەو فەزا رەشە دەنووسن و وەک تەختەڕەش مامەڵەی لەگەل دەکەن.

دەرھێنەر لە رەسمکردنی ئەو فەزایە توانیویەتی مەبەستێکی تریش بپێکێت و فەزای نمایشەکە وەک ئەو بەرزاییە نیشابدات کە لە ئەفسانەی سیزیف ھاتووەو مرۆڤ ھەرچەندە بەسەرییدا سەردەکەوێت، بەڵام بەھۆی بەردێکی قوڕسەوە ھەمیشە جارێکی تر بەرەو خوارەوە لێژ دەبێتەوەو دەگەڕێتەوە دامێنی بەرزاییەکە، لە جیاتی دارەکەی بیکێتیش دەرھێنەر قەڵەمێکی ھەڵواسیووە، بەڵام قەڵەمێک وەک جەستە بەشێکی گرنگی فەزای نمایشەکە داگیر دەکات، بەڵام ھەرگیز ناتوانێت وەزیفەی مەعریفەو زانیاری و فەرھەنگ ئەدا بکات، چیتر ناتوانێت چارەنووس بنوسێتەوەو خزمەتی مرۆڤ بکات، چونکە ھەمیشە وەک نیشانەیەک لە لایەن ڤلادیمێرو ئیستراگۆنەوە بەکار دەبرێت و تەباشیری تێدەگیرێت، ئەمەش بەلای منەوە ئەو نەفرەتکردنەیە لە زانست کە چەکی کیمیایی و ئەتۆمی و لەناوبەری بەدیھێنا.

ئەکتەر لە شانۆی ئەبسۆردا ئەدای کارەکتەری خۆی دەکات و ئەو دەتوانێت ماناو وێنە بە دیالۆگ و ووشەو جولەکان ببەخشێت، چونکە کارەکتەر دووری و پێناسەو فۆرمی درامی نییەو دەکرێ کۆمیدی یا تراژیدی یا لە ھەمانکاتتدا تراژکۆمیدی بن، ئەکتەر توانای ھەیە کۆمیدیا بە تراژیدی و تراژیدییا بە کۆمیدییا وێنا بکات و ئاوێتەی یەکترییان بکات، زۆرینەی کاتیش جولەکان پێچەوانەی دیالۆگ وێنا دەکرێن، ئەکتەر ھەرچەندە زۆرجار وێنەی واقیعی نیشان دەدات، بەڵام ئەو واقیعییەی کە مانای واقیعی خۆی لەدەستداوەوبۆ تێگەیشتن ناشێت و ناتوانرێت بخوێنرێتەوە، ئەمەش وەک واقیعێکی حەقیقی و بەرجەستە نیشاندەدات، ئەکتەر لەم تەرزە نمایشە نابێتە کارەکتەر بەڵکو دەبێتە وێنەیەکی کارەکتەر وەک ئەوەی یۆژین یۆنسکۆ ئاماژەی پێکردووە، دەکرێ ئەکتەر بەشێوەیەکی واقیعی ئەدای کارەکتەر بکات بە مەرجێک ئیھام و سۆزداری لای بینەر دروست نەکات.

ئەکتەر دەتوانێت لەم جۆرە نمایشە سوود لە سەماو یاری و جولەی پاڵەوانبازی وەربگرێت وەک چۆن ئەکتەرەکانی ئەم نمایشە لە بەشێک لە نمایشە بەوشێوەیە سوودیان لە جەستەو توانا جەستەییەکانیان وەردەگرت، کۆمەڵێک ئەکتەر بە ئیحساس و ئەدایەکی بەرزەوە توانیان بینەر سەرسام بکەن، بە تایبەتیش پیتەر سیزلینسکی کە رۆڵی لاکی دەبینی و دواتر بە باشترین ئەکتەری ڤیستیڤاڵ دەستنیشانکرا، بە حەق ئەکتەرێکی ناوازەو بێ رکابەر شایستەی ئەو خەڵاتە بوو.

ھەندێک لە بینەران دوای نمایش پرسیاری ئەوەیانکرد، بۆ جیاواز لە نمایشەکانی تری ئەبسۆرد ئەم نمایشە نەبووە ھۆی بێزاری و وەڕسبوونی بینەر، پێموایە وەڵام لای من ئەو فۆرمە داستانییەیە کە دەرھێنەر لە رێگەی بەکاربردنی کۆمەڵێ تەکنیک و کەرەستەی شانۆی داستانی توانی فۆرمێکی ھاوسەنگ و ریتمێکی جیاواز لە شانۆی ئەبسۆرد بە نمایشەکە ببەخشێت.


دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like