سەبارەت بە شانۆیی شینە لەشیندام

سیا مەمەند

ئەگەر بمەوێت بۆچونی خۆم وەک بینەرێک لەمەڕ ئەم نمایشە بخەمە ڕوو، ئەوا دەتوانمبڵێم یەکێک لە باشترین و سەرنج ڕاکێشترین ئەو نمایشانەیە کە لەماوەی دەساڵی ڕابوردودا بینیومە ئەمەش لەبەر چەند هۆکارێک..

یەکەم/ هەڵبژاردنی بابەت و کارەتەرەکان کە تا ڕادەیەکی زۆر توانی بووی باتە ت و کێشەی نوێ بوروژێنێت و پیشانمان بدات و دەست بۆکۆمەڵێک چەمک و مەسەلە ببات کە پێشتر زۆر بەکەمی لە نێو شانۆی کوردیدا بیری لێکراوەتەوەو کاری لەسەر کراوە.. وە لە ڕویکارەکتەر سازییەوە زۆر باش نوسەر-دەرهێنەر توانی بووی ئەو کارەکتەرانەی کە دەیان خوڵقێنێت لەگەڵ ئەو ئایدیایدا کە دەیەوێت پیشانی بدات دروستی کردبوو.

دووەم/کەشی نمایش

نمایشەکە لەسەر دوو پلا فۆڕم پیشاندەدرا، ئەم پیشاندانە لەژڕووی جوگرافیا و پێکهاتەی شانۆییەوە دیسان زۆر یارمەتی دەربوو لە پیشاندانی ساتەوەختە شانۆییەکان، لەبەر دوو هۆکار، هۆکاری یەکەم، ئەو پلاتفۆرمانە لە ڕووی شانۆییەوە هاوکاری ئەکتەر بوون بۆ نزیک بوون لە بینەران و تێکەڵ بوونیان لە ساتی بینینی ساتەوە وەختە شانۆییەکان، دووەم بۆ ئەکتەر لەسەر دوو پلات فۆڕم کە بەتەواوی سنوری جوگرافی نوناندنی بۆ دیاری کردبوون هەم کارێکی گران و هەم کارێکی چێژ بەخشبوو، کە وایدەکرد بە هێز و ئیانێرژییەکی زیاترەوە ڕوو بەڕووی یەک تر ببنەوە.

کێشەی نمایشەکە

لە پاڵ ئەو خاڵانەی کە ئاماژەم پێدا بۆ سەرکەوتوی نمایشەکە و چەندین هۆکاری زانراوی تر کە نیشانەی سەرکەوتنی نمایشەکەن دەمەوێت لێرەوە باس لە چەند خاڵێک بکەم کە بووبونە کێشەی بنەڕەتی بۆ نمایەشە شانۆییەکە. بن بۆ نمونە ئەم گرووپە و خودی دەرهێنەر کە هەمیشە بانگەشەی زبرێتی لە شانۆ و شانۆی توندو تیژی ئارتۆ دەکەن، کەوتوونەتە هەڵەی کوشندەوە لە شێوازی کارکردن لەسەر بۆچون و تێۆرەکانی ئارتۆ.

تێنەگەیشتنی یەکەم کە دەتوانم بڵێم هەڵەو بەدحاڵیبوونێکی گەورەیە لەمنێو شانۆکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستداـ لەڕێگەی ئەو نوسین و بۆچونانەی من بە کوردی، عەرەبی، فارسی ـبینیومە ئەوەیە شانۆکاران دەیانەوێت وەک ئەوەی ئارتۆ لە وتارەکانی و مانیفیستەکانی بانگەشە بۆ گەڕانەی شانۆیەکی زیندوو دەکات کە لە ڕێگەی سەرمایەدارییەوە ئەو شانۆ ڕەسەنە توشی ون بوون و فەوتان بووە، ئارتۆ بۆ دەرچوون لە دۆخی نالەباری ژیان و فەلسەفەی باوی خۆرئاوایی داوای گەڕانەوە بۆ فەلسەفە و نمایشە ماسک ئاساو پڕ سەماکانی دورگەی بالی و ڕۆژهەڵاتی دوور دەکات.

ئەو ئایدیا میتافیزیکییەی کە ئارتۆ خەونی پێوەدەبینی بەجۆرێک توشی شکست دەبێت و توشی دۆخێکی دەرونی وایدەکات کە بۆ چارەسەر ببرێتە نێو نەخۆشخانەی دەرونی. چونکە خودی ئارتۆ پاش چەندین هەوڵ و ئەزمونی شانۆیی شکست دێنێت لە پراکتیک کردن و پیشاندانی ئایدیاکانی لەسەر شانۆ.

لە پاش خۆی ئارتۆ بۆچونەکانی بوونە بناخەو داڕێژەر و یارمەتی دەر بۆ سەر هەڵدانی شانۆی پۆست مۆدێرن، هەریەک لە کرۆتۆڤسکی و جولیان بێرگ ڕۆمێۆ کاستۆ لۆچی و ئەسترۆ مایەر و پیتەر بروک و زۆر لە دەرهێنەرانی تر لە ژێر کاریگەری ئارتۆ و بۆچونەفەلسەفی و شانۆییەکانی توانیان شانۆیەکی نوێ و جیاواز لە شانۆی باوی ئەوروپی ـ ئەمریکایی ـ بونیاد بنێن.

بۆنمونە دەرهێنەرێکی وەک پیتەر بروک کە بۆ چەندین مانگ بە کار کردن لە سەر تێکستەکانی شکسپیر و بۆچونەکانی ئارتۆ لە نێو لابۆرێکداتاقی کردنەوە دەکات، هەرگیز باسی ئەوەی نەکردووە کە شانۆیەکی بەرهەم هێناوە لەسەر شێوازی ئارتۆ.. ئەمە بۆ هەموو دەرهێنەرە گەوەرەکانی دنیا هەرگیز بانگەشەیان بۆ شتێکی لەم بابەتە نەکردووە، چونکە ئەوان زۆر باش دەزانن بۆچونی ئارتۆ دەکرێت زۆر گرنگبێت بۆ پەروەردەی ئەکتەر و بیری دەرهێنەر و تەنانەت دامەزراندنی شانۆیەک کە نوێ و جیاوازبێت، بەڵام هەرگیز وەک ئەوەیشانۆکاری ڕۆژهەڵات بانگەشەی بۆ دەکەن ناتوانرێت شانۆیەک بۆ نمایش لەژێر کاریگەری تەواوی فەلسەفەی ئارتۆ پیشان بدرێت.

ئێمه ئەگەر بۆ نمونە شانۆیی “شینە لەشیندام” بەنمونە وەرگرین دەبینین دەرهێنەر و ئەکتەرانی ئەم شانۆییە کەوتونەتە هەڵەیەکی تەواو کوشندە و بەدحاڵی بونێکی گەورەوە، کاتیک دەیانەوێ شانۆیەکی زبر و زیندو بکەن هاتوون هەموو زبر و زیدنویان کردوە بە وشە و لە ڕێگەی وشەوە دەیانەوێ پیشانمان بدەن، لەکاتێکدا ئارتو بە تەواوی دژ بە شانۆی وشەو دیالۆگی زۆر و چیرۆک و پلۆتە. ئەم نمایشە پڕ لە کارەکتەر، بونیادی چیرۆکەکەی بەتەواوی چیرۆکێکی ڕیئالی فەنتازییە، سەرەتا و ناوەڕاست و کۆتایی هەیە، کارەکتەرەکان بەتەواوی ناسراون و ئێمە لە کۆتایی نمایشەکە هیچ شتێک نەماوە لەسەر ئەم کارەکتەرانە شایەنی زانین بێت و نەی زانین.

هەموو ئەو شتانەی گوتم و ئاماژەم پێدان بەتەواوی پێچەوانەی بوچونە شانۆییەکانی ئەنتوانین ئارتۆیە بۆ بونیاد نانی شانۆیەکی زبر و زیندوو.

ئارتۆ لە سەردەمی خۆیدا بەتەواوی دژ بەو نامیشه پڕ لە هەست و چێژبەخش و باق و بریقانە دەبێتەوە کە کار لەسەر هەستی بینەر دەکەن و کاریگەری لەسەر هەستەکانیان بەجێدێڵن. ئەم نمایشە لەگەڵ ئەوەی دەیەوێت چەند پرسێکی عەقڵانی و سەردەمیانە بجوڵێنێت بەڵام بەتەواوی لەڕووی نمایشەوە کار لەسەر هەست دەکات، بەو ڕەنگانەی لە نمایشەکەدا هەن، لەگەڵ ئەو موزیکەی کە زۆر هەستیانە و وەک دەرخشتنی دۆخی نمایش گوێبیتسی دەبوین دیسانەوە وایدەکرد نمایشەکە بگۆڕێتە نمایشێک لە نێو هەست و هەڵچونەکانمان.

لەگەڵ ئەوەی لە سەرەتای نوسینەکەدا باسم لەوە کرد یەکێک لە خاڵە سەرنج ڕاکێشەکان لەم نمایشەدا دەگەڕێتەوە بۆ بابەت و دەق لە نێو نمایشەکەدا، دیسان دەتوانین بڵێن شێوازی هێنانی ئەو بابەتە لە کێشەیەکی تەواو فەلسەفیدایە..

بۆنمونە ئەم نمایشە لە سەر بیرو ئایدیای فەیلەسوفێکی سەرەتای سەدەی بیستەم “فرێدریک نیتچە” و پیسپۆڕێکی مێژووی و بیرمەندێکی سەرەتای سەدەی بیست و یەکەم” یوڤال نوح هەراری” نوسراوە. نیتچە وەک ئەوەی هەموان پێی ئاشناین فەیلەسوفێکە بەشی زۆری فەلسەفەکەی بۆ قسەکردن لە سەر ئینسانی بڵا و سوپەرمانە” ئینسانێک لە سەر و چاکە و خراپە” واتە ئینسانێکی تەواو ئازاد. هەراریش وەک شارەزایەک لە مێژووی بەشەرێت باس لە کاریگەری تەکنۆلۆژیا دەکات لە ئاڕاستەکردی بیر و ژیانی کۆمەڵگەی بەشەرێت کە چۆن دەتوانێت لەوەی زیاتر هەیە کۆنترۆڵی بکات و بەو ئاڕاستەیەی ببات کە تەنانەت ئیتر کەسیترین بابەتەکانی ژیانمان پەیوەندی بە خودی خۆمانەوە نەبێت بەڵکو فەیسبوک و تۆڕەکانی تر بۆمان دەست نیشان بکەن. تەنانەت تا ڕادەی ئەوەی کە ئێمە زەواج لەگەڵ کێدابکەین و چی بخۆین و چی لەبەر بکەین..

ئەوەی هەراری کە ناڕاستەوخۆ بانگەشەی بۆ دەکات و لە ڕوکەشدا وەک مەترسی دەیناسێنێت ، ناڕاستەوخۆ وەک ستایش سەیری دەکات و پێشوازی لێدەکات. کاتێک نیتچە دەیەوێ مرۆڤێکی باڵا دروست بێت دەیباتە دەرەوەی چوارچێوە باوەکانی دین کۆمەڵگە، بەڵام هەراری لەپاڵ ستایشکردنی پێشکەوتنە تەکنۆلۆژییەکان ستایشی بیریسەهێۆنیزم دەکات و وەک کۆمەڵکایەنی نمونەی لێی دەڕوانێت.

نوسەرـ دەرهێنەر لەم نمایشەدا لە پێناو فڕێدانی ئەو خوێندنەوانەی کە هەیبووە هاتووە ئەم هەموو ئایدیا دژبەیەکەی هێناوە و فەوزایەکی گەورەی لەنێو دۆخی نمایشەکەدا دروستکردووە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like