شانۆكاری دوژمن به‌ مه‌عریفه‌

شكۆ عومه‌ر كاكه‌ڕه‌ش

شانۆی كوردی به‌و ته‌مه‌نه‌ كه‌مه‌ی كه‌ هه‌یه‌تی، به‌ڵام هه‌میشه‌ باجی نه‌بوون یان لاوازی میتۆد و مه‌عریفه‌ و تیۆری داوه‌. ئه‌وه‌ش پشكی شێری به‌ر شانۆكاران خۆیان ده‌كه‌وێت به‌وه‌ی كه‌ نه‌یانتوانییووه‌ یان نه‌یانویستووه‌ شانۆكاری به‌ مه‌عریفه‌ بن، هێنده‌ی ویستوویانه‌ شانۆكارێكی خۆرسكی ته‌مه‌ڵ بن و پێیانوابێ‌ كه‌ هونه‌رێكی باڵای وه‌ك شانۆ ته‌نها بریتییه‌ له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێكی بێبه‌روای سه‌ر سته‌یج، ئه‌گه‌رنا شانۆی عیراقی یان عه‌ره‌بی هه‌ر دوو ئه‌وه‌نده‌ی شانۆی كوردی ته‌مه‌نیان هه‌یه‌ و هه‌مووانیش ده‌زانن كه‌ شانۆی عه‌ره‌بی چیه‌ و شانۆكارانی عه‌ره‌ب له‌ نه‌خشه‌ی شانۆی جیهانیدا كێن و كام پنته‌یان گرتووه‌!. پێمووایه‌ هۆكاری ئه‌مه‌ش روونه‌ به‌وه‌ی كه‌ شانۆ لای عه‌ره‌ب ته‌ندروستتر مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كراوه‌ تا كورد، ئه‌وان شانۆیان له‌ قۆناغی حه‌زه‌وه‌ گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ قۆناغی هه‌وڵ و گه‌ڕان و پشكنینی تیۆری و قووڵبوونه‌وه‌ تێیدا. تكایه‌ كه‌سیش با باسی بوونی ده‌وڵه‌ت و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی كوردی نه‌كات وه‌ك یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی ئه‌م دۆخه‌ خراپه‌ی ئێستا، چونكه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئیشكالییه‌ته‌ مه‌عریفییه‌كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خودی بونه‌وه‌ری شانۆكاره‌وه‌ هه‌یه‌ هێنده‌ په‌یوه‌ندی به‌ موئه‌سه‌سه‌ و ده‌وڵه‌ت و داوده‌زگای ئیدارییه‌وه‌ نیه‌.

شانۆكاری كورد و نێوه‌ندی شانۆی كوردی هه‌میشه‌ سیخناخ بووه‌ به‌ بوغز و رق و كینه‌! هه‌ركات كه‌سێك یه‌ك تۆز جدیتر له‌ ره‌وته‌ باوه‌كه‌ كاری كردبێ‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌ر لێشاووی تۆمه‌تی ئه‌خلاقی و شه‌خسی هه‌ر سه‌رده‌مێك كه‌سێك قوڵ بۆ شانۆی روانیبێت و خه‌می تیۆریزه‌كردنی هه‌وڵه‌كانی خۆی و ئه‌وانیتری بووبێ‌، وه‌ك یوسف گورگان خوارد كراوه‌ و له‌ حوسێن ته‌نیاتر كراوه‌ له‌ بیابانی شانۆی كوردیدا! له‌ هه‌ر شوێنێك شانۆكارێكی كورد به‌ ده‌ر له‌ كێشه‌ و نه‌خۆشیییه‌ نه‌فسییه‌كانی خۆی شه‌یدایانه‌ به‌ دوای مه‌عریفه‌ی شانۆیی كه‌وتبێت و شانۆیه‌كی جودای پێشكه‌ش كردبێ‌! مه‌سیح ئاسا شار به‌ده‌ركراوه‌ و به‌ر شه‌پازلله‌ی رق و تۆمه‌ت دراوه‌! له‌و مێژووه‌ كورته‌ی كه‌ هه‌مانه‌ زۆرن له‌و شانۆكارانه‌ی كه‌ ته‌نها له‌ به‌ر جددیبوونیان تۆمه‌تی (به‌عسیبوون، بێ‌ ئه‌خلاقبوون، خائینبوون، ماڵومناڵ بێئه‌خلاقبوون و …. هتد) خراوه‌ته‌ پاڵیان! كاره‌ساتیش ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و ژه‌هری تۆمه‌تانه‌ ئه‌به‌خشێته‌وه‌ هه‌ر شانۆكارانن! هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه‌ نازناوێكی قه‌به‌ی وه‌ك دكتۆرا-یان خستوه‌ته‌ پێش ناوه‌كه‌یانه‌وه‌ و له‌ ناوه‌ندێكی ئه‌كادیمی و ته‌دریسی گرنگه‌وه‌ شه‌ڕه‌كان ده‌كه‌ن و ناوه‌ جدییه‌كانی شانۆكه‌مان ده‌ڕه‌نجێنن، به‌ جۆرێك زۆرجار واكه‌وتووه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌ره‌نجام شانۆكاره‌ جدییه‌كان وه‌رس بوون و به‌یه‌كجاری دوور كه‌وتونه‌ته‌وه‌.

دووایین نمونه‌ی ئه‌و به‌دئه‌خلاقییه‌ش بریتییه‌ له‌ هاك كردنی سایتێكی گرنگ و ده‌وڵه‌مه‌ند و به‌سوودی وه‌ك سایتی (شانۆكار) كه‌ خۆبه‌خشانه‌ و بێ‌ هیچ پاداشت و مافێك ماوه‌ی سێ ساڵ ته‌نها له‌لایه‌ن شانۆكار (نیهاد جامی)ه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا و به‌بێ‌ هیچ جیاوازییه‌ك ووتار و راو بۆچوونی شانۆكارانی تێدا بڵاو ده‌كرده‌ووه‌ و ریكلامی بۆ نمایشه‌كان به‌بێ‌ جیاوازی تێدا ده‌كرد!

ئاخر گه‌لۆ بوونی وه‌ها سایتێكی ئه‌لیكترۆنی بۆ نێوه‌ندی وێرانه‌ی شانۆی كوردی ج زه‌ره‌رێكی هه‌یه‌ جگه‌ له‌ سوودێكی زۆر تا، تۆی شانۆكار بێیت و ماوه‌ی سێ‌ مانگ كاتی خۆی بگریت و خه‌رێكی هاك كردنی بیت؟!

ئه‌وه‌یه‌ پاداشت و ده‌سخۆشیی ئێمه‌ی شانۆكار بۆ نیهاد جامیی تاقانه‌دامه‌زرێنه‌ر و به‌رێوه‌ری سایتی شانۆكار؟ كه‌ ته‌نها كه‌سانی نزیكی خۆی ده‌زانن به‌ چ ده‌ردی سه‌رییه‌ك ئه‌و سایته‌ دامه‌زرا و به‌رده‌وامی پێدرا تا بوو به‌و سایته‌ی كه‌ سه‌رچاوه‌ی زۆربه‌ی شانۆكارانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی ووڵات بوو.

سایتێك دووای دوو ساڵ كاركردنی تاكه‌ كه‌سێك تێیدا، رێژه‌ی سه‌ردانیكه‌رانی بۆ یه‌كێك له‌ مانگه‌كان هێنده‌ به‌رز بووبێ‌، به‌پێی ئامار و رووپێوی سایتێكی ئه‌وروپی كه‌ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ سه‌رجه‌م سایته‌كان ده‌كات، ده‌ركه‌وت سایتی شانۆكار له‌سه‌ر ئاستی سه‌رجه‌م سایته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كانی عیراق پله‌ی 30یه‌می به‌ده‌ست هێنا! كفر نیه‌ وه‌ها سایتێك به‌و ئاسانییه‌ و بۆ به‌تاَڵبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كه‌سێك هاك بكرێت و شانۆكارانیش لێی بێده‌نگ بن؟!

ده‌ی ئێستا به‌خته‌وه‌ربه‌ ئه‌ی شانۆكاری نه‌خۆش ئیدی هیچ سایتێكی تایبه‌ت به‌ شانۆ نه‌ما له‌م كۆمه‌ڵگای كوردییه‌دا كه‌ سایت و كه‌ناڵ بۆ هه‌موو شتێكی پروپووچ هه‌یه‌ شانۆ نه‌بێت! ئێستا ئاسووده‌به‌ كه‌ گرێی سایتی شانۆكارت نه‌ما تا رۆژانه‌ به‌دیارییه‌وه‌ دۆش دابمێنیت و نسبه‌ی زه‌خت و شه‌كره‌ت پێی به‌رز بێته‌وه‌.

له‌ دواجاردا ئه‌وه‌ی كه‌ براوه‌یه‌ ته‌نها شانۆكار نیهاد جامییه‌ كه‌ شه‌یدایانه‌ شانۆ ده‌كات و شێتانه‌ شانۆكاره‌ و كار بۆ نێوه‌نده‌ وێرانه‌كه‌ی شانۆی كوردی ده‌كات، منیش له‌بری هه‌موو شانۆكاران خۆم به‌ شه‌رمه‌زار و خه‌جاڵه‌تی ئه‌و هه‌موو ماندووبون و شه‌ونخونییانه‌ت ده‌زانم كه‌ به‌دیار سایتی شانۆكاره‌وه‌ كێشاوته‌، چونكه‌ ئێمه‌ جۆره‌ مه‌خلوقێكین پێویستمان به‌ هه‌موو شتێكه‌ شانۆ نه‌بێ‌، هونه‌ر نه‌بێ‌، مه‌عریفه‌ و ئاگایی نه‌بێ‌. ببوره‌ هاوڕێ‌ ببوره‌…

توضیحات عکس در دسترس نیست.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like