(شانۆیی مایسترۆ، جوانییەک لە وێرانەیەکدا)

شانۆیی مایسترۆ

نووسین و دەرھێنانی: حەیدەر ئەبو حەیدەر.

وەرگێڕانی: ڕەئووف بێگەرد.

نوواندن: میدیا بێگەرد، خوێندکارانی پەیمانگای ھونەرە جوانەکان.

Dewen Marouf
 

زۆرجاران لێرەو لەوێ، گوێم لە دەستەواژەی(قەیران) دەبێت بۆ نەبوونی شانۆ و نمایشی شانۆیی. لەبەراییدا، دەبێت ئەو دەستەواژەیە تووڕە دەمەوە، جێگەکەی خۆی، کە زیاتر پەیوەندی بە ئابووریی و ئابوورییناسییەوە ھەیە، نەک شانۆ. بڕوام وایە، گەر شانۆکار بتوانێت وزەیەکی بایەخدار بۆ خۆی دروست بکات، ئەوا ھەرگیز نزیک نابێتەوە لە نەبوونی شانۆ و نمایشی شانۆیی. شانۆکار و دەقی شانۆیی، دوو تووخمی گرنگی نێو شانۆو نمایشی شانۆیین. بەڵام چی دەکەیت کاتێک دەق بوونی ھەیەو بەڵام شانۆکار لەبەر بێ ئەزموونی خۆی، ناتوانێت خۆی لەسەر ستەیج ببینێتەوە. ھۆکاری ئەم بێ ئەزموونەیەش پەیوەندی بە کۆمەڵێک باس و خواسی ترەوە ھەیە، کە تا ئێستا نەھاتوونەتە سەرزاران. یەکێک لەو بازنە گرنگانە، ڕەخنەی شانۆییە. گەر ئاوڕێکی خێرا بەنێو ئەو ڕابووردووەدا بدەینەوە، بۆمان ئاشکرا دەبێت، کە ڕەخنەی شانۆیی بوونی نییەو گەر ھەش بێت، زۆر شەرمنانە کاری لەسەر کراوە. نموونەمان گەلێک زۆرن وەک، نمایشەکانی: مارا سات، بەردی سەبووری، مەلی دەریا، سەرەتا زۆر سەرەتا، خاتوو ژولیا، ورچ، مایسترۆ، کە ھەر یەکێک لەم نمایشانە، دەبێت قسەوباسی دڵکار و دڵگەرمی لەبارەوە بکرێت. دەرھێنەرەکانی ئەم نمایشانە ئەو کائینانەن کە خاوەنی ئەزموونی زۆر دانسقەن. ئومێد شێخ حسێن، ھیوا فائیق، کامەران ڕەئووف، بەرزان عیسمەت، شوان کەریم. بەکر ڕەشید، حەیدەر ئەبو حەیدەر، ڕەخنەی شانۆ نەیتوانی چاوی ڕەخنەی لەئاست ئەم نمایشانەدا بکاتەوەو شیکاریی بۆ کارەکان بکات. من بۆ خۆم سەرسام بووم بۆھەر یەکێک لەو نمایشانە و کەم تا زۆریش خوێندنەوەم بۆ ھەندێکیان کردووە. ئەمرۆ ئێوارە لە نمایشی مایسترۆ، جارەکی دیی تووشی ھەمان سەرسامی بوومەوە بەو ھەموو تەکنیکە دەوڵەمەندەی کە دەرھێنەر و ئەکتەرەکان خوڵقاندیان. شانۆکار میدیا بێگەرد، بەردەوام تووشی سەرسامی و ڕامانم دەکات لەکاتی نمایشدا. پەرجۆیەک لەنێو جەستەیدا ھەیە کە بینەر تووشی وەستان دەکات. جوڵەکانی ھێندە زانستی و بە ئەزموونن، کە پێویست دەکات وانەی لەسەر بخوێنرێت. ھەنگاوەکانی لەسەر ستەیج شێوازێکە بۆتە تایبەتییەک بۆ خودی میدیا بێگەرد، چونکە ئەو ھێندە لێزانانە جوڵەکانی دەکات و بینەر ناچار دەکا، چاوەکانی لەسەر جوڵەکانی بێت تا چێژ لەو ئەزموونە ببینێت کە پێشتر نەیبینیوە. لەدوای میدیا بێگەرد، گشت ئەکتەرەکان، لە ڕووی جوڵەی نمایشەوە لەوپەڕی جوانییدا بوون.ھەر وەک پێشتر ئاماژەم پێدا ئەکتەری بە ئەزموون، دەتوانێت کاریگەریی لەسەر کۆی ئەکتەرەکانی تر جێبێڵێت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like