شانۆی کوردی لە “پێشانگەی نێودەوڵەتیی شیکاگۆ 1893″دا

بەکر شوانی

“پێشانگەی نێودەوڵەتیی شیکاگۆ ١٨٩٣” یەکێک لە ڕووداوە هەرە گەورەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جیهانە لە سەدەی نۆزدەیەمدا و تا ئەم سەردەمەیش بابەتێکی دەوڵەمەند و بەپێزە بۆ توێژەران و لێکۆڵەرانی بوارەکانی ئابووری و کولتووری و زانستی سازدانی پێشانگە و هتد… ئەوەی “پێشانگەی نێودەوڵەتیی شیکاگۆ ١٨٩٣” بەلای کوردەوە زیاتر گرنگ دەکات، نمایشکردنی شانۆنامەیەکی کوردی بووە بەناوی کورد و کوردستان (کوردستانی عوسمانی)یەوە. په‌رده‌لادان له‌سه‌ر ئه‌و پێشهاته‌ مێژووییه‌ هەلێکی نوێ بۆ هونەرمەندان و شارەزایانی بواری شانۆ دەڕەخسێنێت تا جارێکی تر چاو بە مێژووی باوی شانۆی کوردیدا بگێڕنەوە.

لە یادی دۆزینەوەی کیشوەری ئەمریکادا

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ساڵی ١٨٩٣ بە سازکردنی پێشانگەی نێودەوڵەتیی شیکاگۆ یادی ٤٠٠ ساڵەی ئەو ڕۆژەی کردووەتەوە کە تیایدا کریستۆفەر کۆلۆمبوس پارزەمین (کیشوەر)ی ئەمریکای دۆزیبووەوە. دەوڵەتی عوسمانیش بە چێشتخانە و قاوەخانەیەك و چەند گرووپێکی شانۆ و موزیك لەو پێشانگەیەدا بەشداری کردووە و کورد و دوورزییه‌کان به‌شێکی به‌رچاو له‌ شاندی ده‌وڵه‌تی عوسمانییان پێکهێناوه‌. ئەمریکا لە ١٩ی شوباتی ساڵی ١٨٩١ دەوڵەتیی عوسمانی بەفەرمی بانگهێشت کردووە بۆ بەشداریکردن لەو پێشانگەیەدا کە لە ١ی ئایاری ساڵی ١٨٩٣ دەستی پێکردووە و ٦ مانگ بەردەوام بووە.

دەوڵەتی عوسمانی پاش ئەوەی بانگهێشتەکەی بەدەست گەیشتووە، یەکسەر کۆمیسیۆنێکی پێکهێناوە بەمەبەستی داڕشتنی نەخشەی گوندێکی عوسمانی بۆ پێشانگەکە. کۆمیسیۆنیش تەندەری ئامادەکردن و جێبەجێکردنی گوندەکەی داوە بە کەسێك بەناوی سەعدوڵا ئەفەندی کە لەو سەردەمەدا لە ئیستانبوڵ خاوەنی کۆمپانیای هاوردەکردن بووە. نەخشەی گوندەکەیش لەلایەن ئەندازیارێکی جووەوە بەناوی ڕۆبێرت لویس لێڤی داڕێژراوە. لە نەخشەی گوندەکەدا مزگەوتێك و هۆڵێکی شانۆ و ئاهەنگ هەبووە کە شوێنی دانیشتنی ٢٥٠٠ کەسی تێدا بووە. چەند ڕێسا و ڕێ و شوێنێکیش بۆ شانۆکە دانراوە کە گرنگترینیان ئەوە بووە مۆڵەت نەدرێت لە هۆڵی شانۆی نزیك ئەو مزگەوتەدا هیچ شانۆنامەیەك نمایش بکرێت کە شکۆی ژنانی موسڵمان یان شکۆی میللیی عوسمانی لەکەدار بکات.

ئەوە یەکەمجار بووە دەوڵەتی عوسمانی بە شانۆ لە پێشانگەیەکی نێودەوڵەتیدا بەشداری بکات و دەوڵەت لەو سەردەمەدا ئەرکی سەرپەرشتیکردنی تیپە بەشداربووەکانی شانۆی بە هونەرمەندێکی مەسیحیی لوبنانی بەناوی “پیر پەترۆس ئەنتۆنیۆس” سپاردووە. ئەنتۆنیۆس فەرمانبەرانی ژێر دەستی خۆی ڕاسپاردووە و ئەوانیش لە سەرانسەری دەوڵەتی عوسمانی لە ناو میللەتانی جۆراوجۆری ئیمپراتۆریادا ٦٥ ئەکتەریان کۆ کردووەتەوە کە چەند ئەکتەرێکی کوردیشیان تێدا بووە. بەڵام هیچ زانیارییەك لەبەر دەست نییە سەبارەت بە زێد و هەرێمی ئەکتەرە کوردەکان و هەندێك لەوانی تریش.

شانۆی کوردی لە ڕۆژانە گۆڤاری پێشانگەکەدا

لە ڕۆژانە گۆڤاری پێشانگەکەدا که‌ له‌ ئه‌رشیڤه‌کانی شیکاگۆدا پارێزراوه‌، بەمجۆرە وەسفی دەوڵەتی عوسمانی کراوە: “ئەوەندە نەتەوە و ئاینەی لە دەوڵەتی عوسمانیدا هەیە، لە هیچ دەوڵەتێکیتری دنیای کۆندا نییە… ئەکتەرە مێزەر سپییەکانی ئێرە دوورزین و مێزەر بەسەرەکانی تریش کوردن…” گرووپەکانی شانۆی عوسمانی لە مانگەکانی “پێشانگەی شیکاگۆی نێودەڵەتی ١٨٩٣”دا کۆمەڵێك شانۆنامەی کوردی و تورکی و عەرەبی و دوورزییان نمایش کردووە. گرنگترین تایبەتمەندیی نمایشە کوردییەکە لەوەدایە کە بڵاوکراوه‌ی ڕۆژانەی پێشانگە کورتەیەکی لێ بڵاو کردووەتەوە و لەوێوە تێدەگەین بابەتی شانۆنامەکە چۆن بووە. گۆڤارەکە تیپە کوردییەکەی بە شانۆی کوردی (The Kurdish Drama) ناوبردووە و لەو بارەیەوە نووسیوێتی: “گرووپێکی کوردی شێوازی ژیانی ناوماڵ، خواردن، خواردنەوە، گۆرەوی چنین، خووری ڕستن و کەیف و خۆشییەکانی خۆیان نمایش کرد.

لەو نێوانەدا حەسەن بەدوای مامە فەیازیدا دەگەڕێت کە ئامادە نەبووە کچەکەی لەم مارە بکات و لەگەڵ کچ و ژنەکەیدا هەڵهاتووە. فەیاز و ژن و کچەکەی لە ژێر خێوەتێکدا دانیشتوون و لۆمەی کچەکەیان دەکەن لە پای ئەو کێشانەی کە بەهۆی ئەوەوە بەسەریان هاتووە. ڕێك لەو کاتەدا یەكێك لە شوانەکان دەبینێت هەندێك عەرەب بەوێدا تێدەپەڕن بۆ دزینی مەڕ و ماڵاتی فه‌یاز. عەرەبەکان پەلاماری ڕەشماڵەکەی فەیاز دەدەن و ژن و کچ و هەموو موڵك و ماڵی دەدزن. فەیاز زۆر تووڕەیە لەوەی که‌ له‌ چاره‌ی حه‌سه‌نی برازایه‌وه‌ تووشی ئه‌و هه‌موو گرفته‌ بووه‌. به‌ڵام به‌ڵێن به‌ حه‌سه‌ن ده‌دات ئه‌گه‌ر ژن و کچ و مه‌ڕ و ماڵاته‌کانی بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، ئه‌وا کچه‌که‌ی خۆی لێ ماره‌ ده‌کات. حه‌سه‌نیش جه‌نگاوه‌ره‌کانی کۆ ده‌کاته‌وه‌ و دوای عه‌ره‌به‌کان ده‌که‌وێت. له‌و کاته‌دا هاوسێکان دانیشتوون و دڵی فه‌یاز ده‌ده‌نه‌وه‌.

حه‌سه‌نیش به‌ زه‌هرا و که‌ریمه‌ و مه‌ڕ و ماڵاتی مامی و کۆمه‌ڵێك ده‌ستکه‌وتی زۆره‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. خه‌ڵکه‌که‌ به‌ یاریی شمشێر و هه‌ڵپه‌ڕکێ و گۆرانی ئاهه‌نگی سه‌رکه‌وتن ده‌گێڕن و زه‌ماوه‌ندێکی گه‌وره‌ بۆ حه‌سه‌ن و زه‌هرا ساز ده‌که‌ن.”
زۆریی ژماره‌ی کورد و دوورزییه‌کان له‌ شاندی ده‌وڵه‌تی عوسمانیدا سه‌رنجی ڕۆژنامه‌نووسانی ڕاکێشاوه‌، بۆیه‌ هه‌مان بڵاوکراوه‌ی ڕۆژانه چه‌ند زانیارییه‌کی سه‌باره‌ت به‌ کورد و کوردستان خستووه‌ته‌ڕوو: “کوردستان ده‌که‌وێته‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ و به‌ مه‌ڕی ١٥-٢٠ کیلۆگرام قورس و دوونگ گه‌وره‌ به‌ناوبانگه‌ که‌ به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ مه‌ڕی ئه‌مریکاییدا گه‌وره‌تر و پته‌وترن. شوانی کورد که‌پنه‌کی له‌ خووری دروستکراو له‌به‌ر ده‌کات و مه‌ڕه‌کانیش وا ڕاهاتوون هه‌ر کاتێك شوان بانگیان بکات، دوای ده‌که‌ون…”

کاتێك له‌م سه‌رده‌مه‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ ده‌وڵه‌تی عوسمانی ١٢٨ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر خۆی ده‌ستووری داوه‌ تیپی شانۆی کوردی و نمایشی شانۆنامه‌ی کوردی ئاماده‌ بکرێت و ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کان بکرێن، مرۆڤ یه‌کسه‌ر ئه‌و پرسیاره‌ی به‌خه‌یاڵدا دێت که‌ ئه‌گه‌ر کۆماری تورکیای میراتگری ده‌وڵه‌تی عوسمانیش له‌سه‌ر هه‌مان ڕه‌وت به‌رده‌وام بوایه‌، داخۆ ئێستا زمان و هونه‌ر و ئه‌ده‌بیاتی کوردی له‌ چ ئاستێکی باڵادا ده‌بوو؟! به‌ڵام وه‌ك گوتراوه‌، مێژوو ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ خۆزگه‌ی پێ ده‌خوازین، به‌ڵکو ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕوویداوه‌ و لێ بووه‌ته‌وه‌… گرنگ ئه‌وه‌یه‌ ئێستا لێمان ڕوونه‌ و به‌ به‌ڵگه‌وه‌ ده‌زانین که‌ ته‌مه‌نی شانۆی کوردی به‌لایه‌نی که‌مه‌وه‌ ١٢٨ ساڵه‌.

تێبینی: له‌ نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌دا سوود له‌ وتارێکی درێژی جه‌عفه‌ر ساریکایا وه‌رگیراوه‌ که‌ له‌ ژماره‌ ٢/ئابی ٢٠١٢ی گۆڤاری تورکیزمانی “مێژووی کورد”دا به‌هه‌مان ناونیشان بڵاو کراوه‌ته‌وه‌. له‌ وتاره‌ تورکییه‌که‌دا ئاماژه‌ بۆ هه‌موو سه‌رچاوه‌ ئینگلیزی و تورکییه‌کان کراوه‌.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like