شانۆ وەک بیرکردنەوە

Nihad Jam

بیرکردنەوە دەکەوێتە کوێی کاری شانۆیی ئێمەوە؟

 ئاخۆ ئێمە ڕوانینمان بۆ شانۆ وەک پڕۆسەیەکی بیرکردنەوەیە؟

 یاخود کاریگەری بیستن و بینین بەرەو خەونی نمایشی شانۆییمان دەبات؟

ئەو پرسیارانە بە مەبەستی قسەکردن نیە لەم ساتەوەختە تەنیا وەک ئێستا، بەڵکو مەبەستمان قسەکردنە لەسەر کۆی پڕۆسەی بیرکردنەوەی شانۆییمان، ئەوەش پێویستی بە گەڕانەوەیە بۆ یادەوەری شانۆییمان، چوونەوە ناو لاپەرە فەرامۆشکراوەکانە، گەڕانەوەیە بۆ ناو دوکۆمێنت و قسەکردنە لەڕۆژگارێک کە ئەو ساتەوەختانە نمایشی شانۆیی گرنگ نیشان دراون، لەو کاتەدا دەبێت بپرسین:

 چەمکی گرنگی چیە؟

 ئەی بۆ لەئێستامان ڕەنگی نەداوەتەوە؟

 ئاخۆ کە لەئێستادا بوونی نیە، مەترسی ئەوە ڕووبەروومان نابێتەوە، بۆ داهاتوو تەنیا وەک ڕابردوویەک کە شانۆ لەکاریگەری بەوانیترەوە ئارەزووی نمایشی جولاندبێت؟

تا بەرەو بابەتی بیرکردنەوە بڕۆین، پرسیاری زیاتر ڕووبەروومان دەبێتەوە، بۆیە ئەو بێدەنگیەی بەدرێژایی ڕەوتی کارکردن خوڵقاوە، لەئێستادا پێویستە زمان بدەینە ئەو بێدەنگیە تاوەکو قسەی خۆی بکات، هەڵبەت ئەو دۆخە ڕەخنەییەی هەبووە ناچێتە ناو زمانەوە، هێندەی قسەکردن بووە لەپەراوێزی بێدەنگیەوە، چونکە سەیری شانۆی کردووە وەک ڕووبەری نمایشەکە، ئەوەی بینراوە بەپێی چێژی شانۆیی ڕەخنەگر و نوسەران سەیرکراوە، نەوەک وەک پڕۆسەی بیرکردنەوەی شانۆیی.

کەواتە لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بوون وابەستە بکەین لەناو بێدەنگیەوە، نەوەک لەناو بیرکردنەوە، بۆچی؟

 نیگەران دەبین؟

ئاخۆ ئەوە سڕینەوەی ماندوبوونەکانە؟

 با لەدوا ووشەوە دەست پێبکەین، ماندووبوونەکان..

بەهیچ جۆرێک ناکرێت هەوڵی هیچ کەسێک لەنەخشەی ئەم شانۆیە بە کەمبایەخ سەیر بکرێت، هەر لەبیستەکانی سەدەی بیستەمەوە کە هەوڵەکان دەدرێن، تا ئەم ساتەوەختەی ئێمە تیایدا لەبارەیەوە دەنووسین، بەبێ بوونی ئەو هەوڵە بەراییانە سەخت دەبوو، بتوانرێت ئەو دۆخە بێتە پێشەوە کە قسە لەئاگایی وەک بیرکردنەوە بکەین.

بۆیە لێرەدا نابێت نیگەران بین، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبێت ئومێدێک ببەخشین،

 چونکە دەمانەوێت ئاراستەیەکیتر بدەینەوە بەشانۆ،

ئەویش قسەکردنەوەیە لەبیرکردنەوە،

ئەوە راستیەکی تاڵە شانۆی ئێمە لەرۆژی سەرهەڵدانی یەکەم نمایشەوە تائێستا لەژێر کاریگەریەکی نادروست خوڵقاوە،

ئەگەر لەسەرەتادا نمایشێکی بیانی ببینن، دواتر بێن لاسایی ئەو نمایشە بکەنەوە، یاخود هەوڵ بدەن شانۆیەک نمایش بکەن کە تێکستێکیان دەست کەوتووە، ئەوانە سەرەتایەکن کاریگەری و لاساییکردنەوە ئارەزووی نواندن لەکۆمەڵگای ئێمەدا درووست دەکەن، بەو پێیەی کێشە کۆمەڵایەتیەکانمان هەمیشە ئامادەبوونی هەیە، لەسەد ساڵی مێژووی ئەم شانۆیە باسی دەکرێت و کەچی هەمان کێشە دووبارە دەبنەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە شانۆ نەیتوانیووە وەک دامەزراوێکی کولتووریی دەیالۆگ لەگەڵ عەقڵی کۆمەڵگا بکات، ئەوە ئەخلاقی بێدەنگیە وایکردووە شانۆی ئێمە هاوار بکات و بجولێتەوە و بەڵام لەناو بێدەنگیدا زمانی نەبێت.

بۆ ئەوەی ئەو پرسیارانە بکەین بەسەرەتایەک بۆ بەزمانکردنی بێدەنگی،

 پێویستمان بە ئارامگریەک دەبێت، تاوەکو لەسەر چەندین چەمک کار بکەین و بیهێنینە ناو پەیوەندی کاری شانۆییمانەوە،

بەتایبەت قسەکردن لە شانۆ وەک کولتوور و چەمکی بیرکردنەوەی شانۆییمان و گەڕانەوە بۆ پرسیاری تازەگەری لەشانۆی ئێمەدا چیە؟

هەموو ئەمانە پێویستیان بەقسەکردنە لەسەر یادەوەریەک کە یەک سەدەیە شانۆکاری کورد لەسەری وەستاوە،

 بێئەوەی بزانین ئاستە پێشڤەچوونەکانی چین،

 ئێمە لێرەدا هەوڵ نادەین تۆماری ئەرشیفی بنووسینەوە،

لەکوێ پێویستمان بەو ئەرشیفە بوو ئاماژە بەسەرچاوەکە دەکەین تا بتوانین لەکاتی پێویست بۆی بگەڕێینەوە،

 چونکە ئەو هەوڵەی ئێمە کاری بیبلۆگرافیاو ئەرشیف نیە،

هێندەی لەودیوی ئەرشیفەوە دەیەوێت خوێندنەوەی فیکریی و ئەرکیۆلۆژی بۆ ئەو مێژووە بکات، ئەوەش سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ستایش وسەرزەنشکردنانە بێت کە هیچی ئەوتۆی بەگوتارە شانۆییەکەمان نەبەخشی، تەنها بریندارکردنی بەشێک و دڵخۆشکردنی ئەوانیتر بوو.

دۆخێکی نوێ لەهەفتاکانی سەدەی بیستەم بۆ کۆمەڵگای کوردیی دێتە دی،

شۆڕش دەگەڕیتەوە ناو شارەکان تاوەکو ببێتەوە بەشێک لەژیانی شار،

ئەوەشیان لەڕێگەی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراقی بۆ ماوەی چوار ساڵ،

 ئەو تەمەنە کورتە سەرەتایەکی زیندووی لەدایکبوونی چەندین تیپی شانۆیی بووە،

کە بزووتنەوە شانۆییەکەی بەتەواوی فراوان کردوە،

 چالاکی شانۆیی بەشیوەیەک لەناو کۆمەڵگا ڕەنگ دەداتەوە کە بەسەردەمی زێڕینی شانۆ ناوی بەرن، کێشە کۆمەڵایەتیەکان وا دەکەن کە شانۆ لەو دۆخە نزیک ببێتەوە،

 هەڵبەت وەک بیرۆکە ئەوەیان گرنگی خۆی هەیە لەنەخشەی شانۆییماندا،

 بەلام گرفتەکە لەئاستی دەرهێنان و فۆڕمی سادەی نمایشەکان بووە،

کەوا گرنگ بەلایانەوە ژمارەی نمایشەکان و باسکردن بێت لەکێشەکان،

ئەگەرچی خاڵێکی گرنگ کەنابێت فەرامۆش بکرێت ئەوەیە کارکردن بووە لەچەندین شانۆنامەی ڕووسی وەکو “زیانی تووتن و پاڵتۆ” ئەوە لەپاڵ هەوڵدانی بەردەوام بۆ نووسینی شانۆنامە بەزمانی کوردیی،

 دیارە نووسینی شانۆنامەکان چەندە بۆ نزیکبوونەوەی زیاتری بینەر بووە لەدۆخی کۆمەڵایەتی، هێندەش توانای شانۆکارانی ئەو ڕۆژگارە بووە،

هەرچەندە سەرەتایەکی پتەو نیە بۆ لەدایکبوونی تێکستی شانۆیی، بەڵام زەمینەیەکە بۆ لەدایکبوون.

هەندێک کاتیش کاریگەری شانۆنامەی عەرەبی بەئاستێک بووە کەوا لەنووسینی شانۆنامە کوردیەکان بەتەوای ڕەنگی داوەتەوە،

“خوێنەر دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ گۆڤاری ڕۆژی کوردستان ژمارەت تایبەت بە چیرۆک و شانۆ ١٩٨٠، شانۆگەری گوڵەمێخەک وەک نمونەی ئەو دۆخە سەیر بکەین” لەپاڵ گرفتی سادەبوون وکاریگەری دۆخی سیاسی، بەڵام کاتێک شۆڕشی کوردیی لەگفتوگۆکردن شکست دێنێت و دەڕواتەوە شاخ، ئەوان شانۆ جێدێلن،

لێرەدا دەستەواژەی شانۆ قوتابخانەی گەلە، کە شانۆکاران باوەریان پێی بووەو ئاوا لەشانۆیان ڕوانیووە، لێرەدا وانەی ئەو قوتابخانەیە بەوەی

 “نانێک وشانۆیەکم بدەرێ گەلێکی بەختەوەرت دەدەمێ”

 شکست دێنێت،

 چونکە ئەوان دەڕۆنەوە شاخ و ئیدی نان وشانۆت لەکوێ پێبدەن، بۆیە گوتاری مانەوە لای شانۆکاری کورد بەئاستێک گەشە دەکات، کە شۆڕش لەشاخدا ناتوانێت شانازی پێوە نەکات، بەڵام ئەو شانازی کردنە هەستێکی ڕاستگۆیانە نیە، هێندەی دەیەوێت گەمەیەک بکات تاوەکو شانۆ بکاتەوە بەشێک لەخۆی.

بەشداری دیاری کچی کورد لەو قۆناغەدا سیمایەکی زیندووی بەو چالاکیە شانۆییە بەخشیووە، لەپاڵ دەرچوونی پۆڵە شانۆکارێک لەبەغدا کە خوێندنی شانۆ تەواو دەکەن، ئەوە سەرەتایەک بۆ گۆڕانکاری لەڕووی دەرهێنانی شانۆیی، کەوا دەکات وتارە ڕەخنەییەکانیش لەشێوەی هەواڵی ڕۆژنامە دەربچن و ببنە جێی قسەکردن لەسەر نمایشە شانۆییەکان، ئەو وتارانە چەندە دەگمەن و چەند کەسانێک دەینووسن، بەتایبەت لەکۆتایی هەفتاکان لەڕۆژنامەی پاشکۆی عێراق، بەڵام گرنگی خۆی هەیە کە ئەمڕۆ بتوانین سیمای بەشێک لەنمایشە شانۆییەکانی ئەو ڕۆژگارە بناسین.

گەڕانەوە بۆ ناو ئەو چەند وتارە وامان لێدەکات بتوانین لەسەر ئەو دەیەی هەفتاکان کە بەسەردەمی زێڕینی شانۆ ناو دەبرێت بووەستین، دەستەواژەی زێڕین بخەینە ناو گومانەوە، زێڕین وابەستە نەبوو بەئاستی هونەری شانۆ، هێندەی پەیوەست بوو بە بەشداری فراوانی شانۆکاران و نمایشە شانۆییەکان، و لەدایکبوونی چەندین تیپی شانۆیی، کە وایان کرد شانۆ وەک چالاکیەکی کۆمەڵایەتی زیندوو لەناو کۆمەڵگا دەربکەوێت، ئومێدێکی مرۆڤی کوردیی بێت بەژیان، بەڵام لەوەی قۆناغی زێڕینی شانۆیە، شانۆ تیایدا دەگاتە ئاستێکی هونەری بەرز لەڕووی نواندن و دەر‌ینان و شانۆنامە ئەوەیان دەستەواژەیەکی ڕاست نیە بۆ ئەو ناونانە


سەرەتای هەشتاکان گرنگی زەمینەی هەفتاکان بەسەر ئەو دەیە نوێیە ڕەنگ دەداتەوە، چ لەئاستی نمایش وچ لەئاستی بڵاوکراوەو مەعریفەی شانۆیی، لەلایەک گۆڤارەکانی وەکو بەیان و کاروان ژمارەی تایبەت بەشانۆ تەرخان دەکەن، تیایدا وتارو شانۆنامە وەردەگێڕنە سەر زمانی کوردیی، لەپاڵ نووسینی شانۆنامە بەکوردیی و وتارو ڕەخنە لەبارەی نمایشە کوردیەکان، هەروەها گرنگی دان بەشانۆ لەلایان ڕۆژنامە کوردیەکانی وەکو هاوکاری و پاشکۆی عێراق وا دەکات ڕووبەرێکی فراوان بۆ ڕۆشنبیریی شانۆیی تەرخان بکرێت، ئەوە سەرباری چاپکردنی زنجیرەیەک کتێبی شانۆیی لەئاستی وتارو شانۆنامەدا.

دەیەی هەشتاکان بەپێی گەڕانەوە بۆ ناو بلاوکراوە شانۆییەکان وترە ڕەخنەییەکان دەتوانین بۆ دوو ئاست دەستنیشانی بکەین، نیوەی یەکەمی ئەو دەییە توانیویەتی شانۆ لەفۆڕمێکی زانستی نیشان بدات کە ئەوە دەبێتە مژدەیەکی گرنگی تێگەیشتنی شانۆکاری کورد بۆ ئەو هونەرە، کە ئاسۆی ڕۆشنبیریی بە ئاستێک دەبێت دەتوانێت شانۆ بەرهەم بێنێت، کێشەکانی مرۆڤی کوردیی لەناو شانۆدا خەمێکی گەورەیئ کۆمەڵگا دەبێت، لەپاڵ ئەوەی شانۆنامەکانی نووسەرانی جیهانی لەسەر تەختەی شانۆکانی کوردستان نیشان دەدرێت، بەبڕوای ئێمە هەشتاکان گرنگترین قۆناغی شانۆیە لەکۆمەڵگای کوردیدایە، کە هەفتانە تەنیا فراوانکردنی زەمینەیەکە بۆ ئەو چالاکیە بەرهەمەکەی لەهەشتاکان ڕەنگ دەداتەوە.

کاتێک شانۆ دەتوانێت لەڕووی زانستیەوە نیشان بدرێت، ئەو کاتە شانۆکار دەرفەتی ئەوەی دەبێت بگەڕێت بەناو گوتاری تازەگەریی لەشانۆدا، کە چۆن گەشە بە بزووتنەوە شانۆییەکە بدات، لەدایکبوونی تیپی شانۆی سالار و تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردیی دەروازەیەکی گرنگی گەڕانە بەناو تازەگەریی شانۆییدا، ئەوەیان لەنیوەی دووەمی هەشتاکانەوە دەبێتە جێی پرسیار لەو گوتارە شانۆییە کە کۆمەڵێک شانۆکاریتریش لەدەرەوەی ئەو دوو تیپە بتوانن چەندین پڕۆژەی شانۆیی درووست بکەن، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو لەلایەک و لەلایەکیتر گەڕانەوە بۆ شانۆنامەی جیهانی لەڕێگەی فۆڕمێکی شانۆیی نوێدا گرنگی تایبەتی بەم نەخشە شانۆییە هەیە، بەلام دواتر ڕووبەروی ئەو پرسیارە دەبینەوە شانۆی تازەگەری کوردیی کاریگەریەکانی بۆ داهاتوو لەکوێدا دەردەکەوێت؟

ئەو پرسیارە وا دەکات لەبەردەم دیدێکی ڕەخنەییدا بۆ ئەو قۆناغە بووەستینەوە، لەگرنگی گوتارەکەوە بڕۆینە ناو ڕوانینی ڕەخنەیی و هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو تێگەیشتنە شانۆییە بۆ تازەگەری ودیدە ڕەخنەییەکانی لەڕۆژنامە کوردیەکانی ئەوسا بڵاو کراوەتەوە، ئەوەشیان لەبەشی داهاتووی ئەو نووسینە لەسەری دەوەستین

تازەگەری کوردیی لەڕێی پڕۆژەی شانۆی ئەزموونگەریی و نمایشە ئەزموونکاریەکانەوە سەر هەڵدەدات، هەولێکە بۆ گۆڕینی گوتاری باو لەنمایشی شانۆییدا، ئەزموونیکردنی جیاوازە لەتەک تێکستی جیهانی و کەلەپووری کوردیدا، ئەزموونکان زیاتر لەژێر کاریگەری شانۆی عێراقی و سەرچاوە عەرەبیەکانەوە دەبێت کە لەو ڕۆژگارەدا نووسراون و وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی عەرەبی، ئەوەش وادەکات شانۆکارە عێراقیەکانیش بکەونە ستایشی شانۆکاری کورد، بەهۆی ئەوەی دەزانن شانۆی کوردیش وەک بەشێک لەشانۆی عێراقی دەبێتە سەر بەهەمان سەرچاوە، هەڵبەت ئەوەیان بەتەنیا پەیوەست نیە بە ڕوانینی ئەوانەوە، بەڵکو لەئێستادا کە دەگەڕێینەوە ناو نووسینە ڕەخنەیی و ئەرشیفەکانی ئەوە ڕۆژگارە بەتەواوی لەوە تێدەگەین کە تازەگەری کوردیی لەژێر کاریگەری تازەگەری شانۆی عێراقیەوە لەدایک دەبێت، ئەو تازەگەریە چونکە بەرهەمی بیرکردنەوەی کوردیی نیە، وەک پێویستی ڕۆژگارێک کە خوازیاری بێت، بۆیە چەندە گەشە بە گوتارە شانۆییەکە دەدات، بەڵام ناتوانێت کاریگەری لەسەر داهاتوو درووست بکات، جگە لەوەی زەمینەیەک دەخوڵقێنێت بۆ تازەگەری، بەڵام تازەگەریەک توانای قسەکردنی نیە لەسەر بیرکردنەوە وەک پڕۆژەیەکی شانۆیی.

میدیاکانی ئەو ڕۆژگارە هاندانێکی دیاری بەو تازەگەریە دەبەخشن و دەرگا بەڕووی دەکەنەوە، ژمارەیەکی دیاری ڕەخنەی شانۆیی لەبارەی ساتەوەختی نمایشەکانەوە دەنووسرێن، کە ئیدی دەتوانرێت سیماکانی ڕەخنەی شانۆیی تیا بناسین، کە ئەمڕۆ وەک دۆکۆمێنتێکی گرنگ پشتی پێدەبەستین بۆ شانۆی هەشتاکانی سەدەی بیستەم، ئەو شانۆیە لەجەندین نمایش و پڕۆژەدا بەرجەستە دەکرێت، بەڵام پڕۆژەی کورتخایەنن، نەک بەهۆی ئەوەی ڕاپەڕینی بەهاری نەوەت ویەک دێت، بەڵکو پڕۆژەکان بۆ خۆیان هەناسە کورتن، بەبەڵگەی ئەوەی هەنگاوەکانی دوای ڕاپەڕین گۆڕانکاریەک ناخوڵقێنێت لەگوتاری تازەگەری کوردیدا، ئەوە جگە لەو دۆخەی شانۆ دەچێتە ناو سستیەک کە بەدرێژایی مێژوو بەخۆمانەوە نەبینیووە، تا هاتنی شەڕی حزبە کوردیەکان، کە ئەوساتە شێوەیەکیتر لەکارکردن دێتە دی، ئەویش گەڕانە بەناو ئەو تێکستانەی گوزارشت لەجەنگ و بێهودەیی مرۆڤ دەکەن، کۆمەڵێک شێوەو فۆڕمی جیاواز بەنمایشەکان دەبەخشرێت، بەڵام پڕۆژەکان هەناسە کورتن ولەناو نمایشێکدا کۆتاییان دێت.

ئەوەی جێی پرسیاری ئێمەیە، نمایشە شانۆییەکانمان بەناو تێکستی جیهانی تێدەپەڕن و کار لەناو کەلەپووری کوردیدا دەکەن، هەوڵ دەدەن نمایشەکان لەهۆلەکان بێننە دەرەوە، بیگوازنەوە شەقامەکانیش، سەرەنجام خەمی نمایش کۆمان دەکاتەوە، ئەوەی بوونی نیە بیرکردنەوەی شانۆییە، بە بەڵگەی ئەوەی تەنیا نمایش بەرهەم دێنین، بەبێ ئەوەی بزانین لەڕۆژانی داهاتوو تەمەنی ئەو شانۆیە دەبێت بە سەد ساڵ، کەچی هێشتا نەیتوانیووە سیما و وێنەیەکی زیندوو بەخۆی ببەخشێت، کە لەناو کاریگەری پاکبکرێتەوە، بتوانێت شانۆیەک بێت شوناسێکی هەبێت لەبەردەم تیۆری جوانکاریی و دیدی دەرهێنانی بباتە ئاستی مەعریفەیەک کەوا میتۆد وابەستەی بیرکردنەوەو جەستەی کوردیی بێت لە پەیوەندیی بەژیانی کولتووریی و کۆمەڵایەتیماند

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like