(شینە_ لە شیندام)…چیرۆکی نمایشێک

دەڕۆم نمایش دەبینم

حەمەسوار عەزیز

پاش ئەوەی بەنیاز بووم رۆژی دواتر بچم بۆ ھەڵەبجە بۆ بینینی نمایشی شانۆیی (شینە_ لە شیندام)، ئێوارەکەی کۆمەڵە ھاوڕێیەکی ئازیز لەشاری بەغداوە ھاتبوون و شەویش میوانی من بوون لەسەندیکای ھونەرمەندان، دانیشتنەکەش درێژەی کێشا تا سەعاتە بەراییەکانی بەرەبەیان، شەویش جگە لە دووتا سێ سەعات زیاتر نەخەوتم، بەیانی لەخەو ھەڵسام و بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتم و لەوێش کۆمەڵێک برادەر لەبارەگای کۆمەڵەی ھونەرەجوانەکانی کورد لەسلێمانی چاوەڕێم بوون تا بەیەکەوە بچین بۆ نمایشەکەی ھەڵەبجە، لەرێگەدا ھەستم بەسەرئێشەیەکی زۆر تووند کرد، منێک کە چەندین ساڵەنەخۆشی شەقیقەم وەک میرات بۆ ماوەتەوە، تا دەھات سەرئێشەکەم تووندتر دەبوو، تا گەیشتمە سلێمانی لەوێوەش بۆ ھەڵەبجە چوار دەنک حەبی پەنادۆڵم بەکارھێنا بەڵام بەھۆی تووندی سەرئێشەکەوە ھیچ سوودی نەبوو، منیش بۆ ئەوەی جەوی برادەران تێک نەچێت باسی ھیچ شتێکم نەکردو ئاسایی خۆم نیشاندەدا، ھەرچەندەسەرئێشەکەم لەقۆناغێکدا بوو ئازارێکی زۆر چاوەکانمی ھەراسان کردبوو خەریک بوو ھەمووشتێک بە تارمایی ببینم، بەوحاڵەوەش بۆ پاسەکە سەرکەوتین و رۆیشتین بۆ ھۆڵی نمایشەکە، لەنێوپاسەکەدا (شنیا_ئەکتەرێکی نمایشەکە) ھەندێ قسەی کرد، بەڵام من ھیچی لێتنەگەیشتم، ترسی ئەوەشم ھەبوو سەرئێشەکەم زیاتر بکات ولەنێو ھۆڵەکە بچێتە قۆناغی رشانەوە، بۆیە پێشتر ھەندێ کلێنسم خستبووە گیرفانی چاکەتەکەمەوە، گەیشتینە نێو ھۆڵەکەو بەھەردوو دیوی نمایشەکە دابەشکراین، نمایش دەستیپێکرد، سات بە سات ھەستم دەکرد لەنێو ئاپۆرایەکی زۆر قەرەباڵغ و ناخۆش و پڕ لە دەنگەدەنگم، تا دەنگەکان زیاتر گویچکەکانیان ئازار دەدام، جولەی ئەکتەرەکان مەودای بینینان ئالۆزتر دەکردم، ھەستم دەکرد ئەم نمایشە بۆ ئازاردانی من داھێنراوە، ئاواتەخوازبووم تەواو بێت و تەواویش نەدەبوو، زۆر ھەوڵم دەدا کۆنتاکم لەگەل نمایشەکە نەپچڕێت وتەرکیزم لەسەری پەرت نەبێت، بەڵام ئەمە ھەمووی بێ سوود بوو، وامدەبینی لەبەردەم نمایشێکم کەدەیەوێت ھەموو کیانم ھەڵبوەشێنیتەوە، ھەمیشەش ئەو رستەیەی ئاڕتۆم بیر دەکەوتەوە کە دەڵێت” بینینی نمایشی شانۆیی وەک ئەوەیە بچیتە ژووری نەشتەرگەری، زۆر ترسناک و بە ئازارە”، تۆ بڵێی ئەم ئازارەی من کاردانەوەی ھەست ونەست وھزری من بێت ونمایشەکە بەشێوەیەک داگیریکردوووم کەھەست دەکەم لەسەر ئەم کەونە نیم و وێنەکان بەتەڵخی دەبینم و دەنگەکان جگە لەغەڵبەغەڵبێکی ئازاربەخش ناتوانن ھیچ ماناو فۆرمێکم پێببەخشن، کێشە لە منە یا لەنمایشەکەیە؟

نمایش تەواو بوو، برادەران پرسیاری نمایشەکەیان لێکردم، منیش تەنھا بەو رستەیە وەڵامم دایەوە کەنمایشەکە زۆر ئازاری دام، لەڕاستیشدا ھەر وابوو, ئیتر برادەران تۆزێک باسی نمایشەکەیان کرد من ھیچی ترم لەسەر نەوت.

لەم چەند رۆژە کەنمایشەکەجارێکی تر لەسلێمانی نمایش کرایەوە، بڕیارمدا جارێکی تریش بیبینمەوە، دیسان لەگەل ھاوڕێکانم رۆیشتین بۆ نمایش ولەڕێگاش بەھۆی تڕافیکەوە کێشەی گەیشتنمان ھەبوو لەکاتی خۆی، بۆیە پەیوەندیم بە راڤیار نەوزادی دەرھێنەوەوە کرد بۆ ئەوەی نمایشەکەمان لە دەست نەچێت، ئەویش ھەرچەندە لە سلێمانی نەبوو، بەڵام ووتی ئێستا پەیوەندییان پێوە دەکەم کەنمایشەکە بۆ چەنددەقەیەک دوابخەن تا ئێوەش فریای بکەون، ھەر ئەوەشی کرد، ئێمەش چوارو پێنج دەقە گەیشتینە ھۆڵەکەو بلیتمان بڕی و چووینە ژوورەوە، نمایشەکە لەسەر پلیکانەکانی ھۆڵی رۆشنبیری دەستیپێکرد، وەکو جاری ناوپاسەکە شەنیا دەستی بەقسەکردن کرد، بەڵام ئەمجارە ھەموو شتێکی بەڕوونی تێگەیشتم، زانیم ئەو ھاوڕێیەتیمان دەکات بۆ گەشتێک بۆ سەرەوە، ئەوجیھانە گریمانەکراوەی کەنمایشەکە دەیەوێت وەک پانتایی تیاییدا بەرجەستە بێت، ھەموومانی بردە سەر تەختەی شانۆکەوپێش ئەوەی بمبانباتە ئەودیووی پەردەکەوە، ئەوەی پێگوتین کە مانای (ز_ بۆ شانۆ) کەناوی ئەوگرووپە جوانەی ھەڵەبجەیە، پەیوەست نییە بە چەمکی زیندووێتی، ئەو چەمکەی کە لەشانۆی ئەمریکی ئەوروپیدا مامەڵەی لەگەل کراوە.

ئیتر رۆیشتینە ئەودیوو پەردەکەوەو وەکوجاران لەسەر تەختەی شانۆکە بینەران بەھەردوو دیووی نمایشەکە دابەش کرابوون ونمایش دەستیپێکرد، ئەمجارە نمایشەکەم چۆن بینی و چیم بینی و ئایا ھەمان ئەونمایشە بوو کەلەھەڵەبجە بینم؟

وەڵامی ئەم پرسیارانە دەکەوێتە بەشەکانی داھاتووی ئەم نوسینەو ڕەنگە بتوانن ئەو دیدگا ڕەخنەییەی من بونیاد بنین کە دوای بینیی نمایشەکە و وەک بونیادگەرەکانیش دەڵێن دوور لەمەبەستی نووسەر بەرم کەوتوون.

ناونیشان وشەیە یا وێنە؟

گەورەترین ململانێ لە شانۆی مۆدێرندا بە درێژایی سەدەم بیستەم و دواتریش، ھەوڵدانی شانۆ بوو بۆ ئەوەی خۆی لە دەسەڵاتی ئەدەب رزگار بکات، ئەدەب کە بەدرێژایی بیست و پێنج سەدە باڵی بەسەر شانۆدا کێشابوو، ئیتر کاتی ئەوە ھاتبوو کەسێک پێی بڵێت بوەستەو شانۆ تەسلیمی خاوەنە راستەقینەکەی بکەوە کە کرداری (بینین)ە، ئەم کەسەش ئەنتوان ئارتۆی فەڕەنسی بوو, ئارتۆ یەکەم شانۆکاری ئەوڕوپی بوو کە ھەستی بە مەترسی وشە کردو لەڕێگەی تیۆرێکی تازەوە بانگەشەی رزگارکردنی شانۆی کورد لە دەسەڵاتی وشە، ئەمەش لە رێگەی نوسینە بەناوبانگەکانی کە لە سەرەتای سییەکانی سەدەی رابردوو وەک وتار و بەیاننامە و مانفێست بڵاوکرایەوەو دواتر لە کتێبێکدا کۆکرایەوەو بە تیۆری شانۆی توندوتیژی ناسرا، ئەم تیۆرەش بوو بە بنەمایەکی پتەو بۆ سەرھەڵدانی شانۆی پۆست مۆدێرن، ئەو شانۆییەی کە ئەگەر لەڕووی ھزرەوە لە تیڕوانینە بەناوبانگەکەی نیتشە دەربارەی کوشتنی خودا و کۆتایی ھاتنی سەنترالیزم سەرچاوەی گرتبێت، ئەوە بێگومان لەڕووی فۆرمەوە لەو دیدگا بەسەرییەی ئارتۆ بۆ شانۆ و دواتریش برێخت سەرچاوەی گرتووە.

وەزیفەی وشە چی بووە لە شانۆ و لە داھاتوودا چی دەبێت، ئەوە ئەو ئاریشە گەورەیە کە نزیکەی سەدەیەکە شانۆکارانی گیڕودە کردووە، شانۆکاران ھەمیشە لە ھەوڵی ئەوەبوون کە وشە لەو رووبەرە ئەدەبییە دەرباز بکەن و رایکێشنە نێو فۆرمێکی بینراو لە شانۆدا، ئەم نمایشەش ھەوڵێکی ترە لەم رێچکەیەدا.

ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی وشە لەنێو رووبەری شانۆدا ھەولێکی سیزیفانەی شکستخواردووە، چونکە زمان و وشە یەکێکن لە گرنگترین داھێنانەکانی ئینسان و ھەرگیز ناتوانێت دەسبەرداری بێت، ئەمە جگە لەوەی کاریگەرترین فاکتەری تێکگەیشتن و دیالۆگە، زمان بەرھەمھێنەری مانایە، مرۆڤ دەتوانێت ماناکان ھەڵبوەشێنیتەوەو بەدوای مانای جیاوازو دژدا بگەڕێت، بەڵام وشەکان بە جێگیری لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە، شانۆکاریش بۆ ئەوەی دەسەلاتی وشە لە شانۆ کەمبکاتەوەو پانتایی گەورە ببەخشێتەوە بە کردەی بینین، پێویستە شانۆ لە بەلاغەتی وشەوە دەرباز بکات بۆ بەلاغەتی فۆرم و بینین، ئەو بەلاغەتەی کە وشەو جە ستە و دەنگ و رەگەزە بینراوەکان بەیەکەوە بونیادی دەنێن.

(شینە_لە شیندام) رستەیەکە لە سێ وشە پێکھاتووەو یەکەم بەرکەوتنی لەگەل وەرگر بەرکەوتنێکی ئەدەبی خوێنراو و بیستراوە، بەڵام دواتر لە ڕێگەی نەستەوە ئەم پانتاییە بیستراوە جێدەھێلێت و بینەر رادەکێشێتە نێو رووبەرێکی بینراوی فراوان کە بەرکەوتنی ئەم سێ ووشەیە لە زەینمان دروستیدەکات، خودی ئەم وشانە و پێکەوە لکاندنیان بەم شێوەیە وشەکان دادەماڵێت لە جیھانی تاکمانایی و مانای کۆنکریتی، بینەر ناچار دەکات بەدوای مانا نائامادەکان بگەڕێت، ئەمەش وەزیفەیەکی گرنگی شانۆی مۆدێرنە کە مانای کۆنکریتی لە وشە بسەنێتەوەو ناچاری بکات زیاد لە مانایەکی جیاواز بۆ خۆی پاوان بکات، راڤیار نەوزادیش لەم نمایشە ھەر زوو لە ڕێگەی خودی ناونیشانەوە ئەو ئامانجە دەپێکێت و وشە ناچار دەکات لە مانا کۆنکریتییەکانی یاخی بێت و پشتیان تێبکات، ئەمەش تێکشکاندنی بەلاغەتی ھەستە لە بەرامبەر بەلاغەتی نەست، تێکشکاندنی دەسەڵاتی بیستنە لە بەرامبەر دەسەڵاتی بینین، بەو مانایەی شانۆکار بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئەدەب لە نێو نمایش کەمبکاتەوە، پێویستی بەوە نییە وشە کانسڵ بکات، بەڵکو پێویستی بەوەیە وشە لە فۆرمێکی بەسەری (دیدەیی) بینراودا تەوزیف بکاتەوەو دەسەلاتی تاکمانایی تیادا تێکبشکێنێت، راڤیاریش لە دەسپێکی نمایش، تەنانەت پێش ئەوەی بڕیاری بینینی نمایشەکەشی بدەین، ناچارمان دەکات لە روانگەیەکی تر لەو سێ وشەیە بڕوانین کە ئەدرەسی نمایش دروست دەکەن، رەنگە ھەندێکیشمان بۆ دەسکەوتنی وەڵامی باشتر و گەڕان بەدوای مانای نائامادە، ناچار بین سەردانی نمایش بکەین و جارێکی تر لەنێو ئەو فۆرمەی کە نمایش پێی بارگاوی کراوە، بەدوای مانا نائامادەکانی ئەم سێ وشەیە بگەڕێین.

کەواتە دەسپێکی نمایشی شانۆیی لە ساتی دەسپێکی حەقیقی نمایش و کوژانەوەی روناکییەکان دەسپێناکات، بەڵکو لە یەکەم ئیعلانکردنی نمایش و بڵاوکردنەوەی ناوی نمایش و شێوەو فۆرمی پۆستەرو رێکلامەکانی نمایش دەسپێدەکات، چونکە ناونیشان و ئەدرەس و ئەو جیھانەی کە لەرێگەی ڕەنگ و ستایل و سێبەرو روناکی و ڕیزبەندی و فۆرمی وشەکان دەخولقێت، نمایشێکی تایبەت و سەربەخۆیە و دەروازەیەکی ھزری و نەستییە بۆ بەرکەوتنی بینەرو نمایش، راڤیاریش لەم سێ وشە سادەیە لە ڕواڵەتتدا، یەکەم گرەوی خۆی دەباتەوە, ئەویش ئەوەیە ناچارمان بکات بیربکەینەوەو خەیاڵ بکەین و سنووری تەقلیدی وشە تێکبشکێنین و بەدوای مەحاڵ و نائامادە بگەڕێین.

نوسەر لە پڕۆسەی نمایشدا

لەبەشی پێشوو باسم لە بەرتەسکبوونەوەی رووبەری وشە کرد لەنێو رووبەری نمایشدا، دەبێ لەم بەشە چاوەڕێی ئەوە بکەین دەسەڵاتی نوسەریش لەپرۆسەی دروستکردنی نمایشدا، رووبەڕووی دەسەڵاتی بەھێزی دەرھێنەر و ئەکتەرو سینۆگرافەر بێتەوەو نوسەر وەک نوێنەری ئەدەب لەو پڕوسەیە بکەوێتە بەر ڕەشەبای ڕاماڵین بچوکبوونەوە.

لەم نمایشە ھەرچەندە ڕاڤیار نەوزاد وەک نوسەری نمایش، واتە داھێنەری تێکستی بیستراو دەردەکەوێت، بەڵام بەبڕوای من ڕاڤیار لەم نمایشە وەک نوسەریش نمایندەی دەسەلاتی ئەدەب ناکات لەوپڕۆسەیە، لەبەر دوو ھۆکار، یەکەمیان ئەوەیە کە راڤیار تێکستی شانۆیی وەک ژانرێکی ئەدەبی نانوسێتەوەو ئەو ھەمیشە وەک دەرھێنەرێک لە وشەو ڕستە دەڕوانێت و مامەڵەیان لەگەل دەکات، ھەر وشەیەکیش کە نوسەر دەینوسێتەوە، بۆ ئەوەیە کە لە پڕۆسەی جەستەی بینراوی نمایشدا وەزیفەیەکی ھەبێت وھاوکار بێت لە دروستکردنی ئەو فۆڕمە بینراوەی کەنمایشی لەسەر دروستدەکرێت، کەواتە وشەو ڕستەبۆ ئەوە نوسراونەتەوە تا ببن بەکەرەستەیەکی بینراولە نێو نمایش و وەزیفەی بینین تەواوبکەن.

دووەم ھۆکار ئەوەیە کەتێکستی شانۆیی وەک ژانرێکی ئەدەبی پێویستی بەمەعریفەیەکی گەورە ھەیە لە بوارە جیاوازەکانی زمان وئیدیۆم و ڕستەسازی و چیڕۆکسازی و بونیادی کارەکتەرو ڕیتم، ئەمە جگە لە پاشخانێکی گەورە لەبواری ھزرو کۆمەڵناسی و ئابووری و فەرھەنگ و مێژوو و چەندین لایەنی تر، بۆیە ئەگەر راڤیار وەک نوسەر بەشێک لەو خەسڵەتانەی تیا بێت بەتایبەت لە بواری ھزرو فەلسەفەدا، ئەوە بێگومان لە بوارەکانی تر کێشەی زۆری ھەیەو ناتوانرێت وەک نوسەرێکی شانۆیی کارامە، تێکستێکی ئەدەبی دابھێنێت، ئەمەش لەژێر رۆشنایی ئەو نمایشانەی کەتا ئێستا پێشکەشیکردوون، بەتایبەت ئەم نمایشەی دوایی کە وەک تێکستی شانۆیی کۆمەڵێک لاوازی و قەرەباڵغی پێوە دیارە کە زیانی بەبونیادی ئەدەبی تێکستەکە گەیاندووە، ماوەیەکە ئەم ئەزموونەش لەکوردستان برەوێکی زۆری ھەیە کە دەرھێنەرەکان خۆیان تێکست بۆ نمایشەکانیان دەنووسن، بەڵام بەشێکی زۆریان لەو ئەرکە سەرکەوتوو نین و بینەر زۆر بەئاسانی کەلێنی گەورە لەنێو تێکستە گوتراوەکە دەبینێت.

ڕاڤیار وەک نوسەر تێکستە شانۆییەکەی لەسەر چەمکێکی فەیلەسوفی ئەلمانی نیتشە بونیاد دەنێت کەدەڵێت “خودا مردووە، ئێمەخودامان کوشت”، بۆیە ھەر لە سەرەتاوەنمایشەکەی ئەو لەسەر زەوی بەڕێوە ناچێت، لەیەکەم دیالۆگی ئەکتەرە پێشوازیکەرەکە پێمان دەڵێت ئێمە ئێستا سەردەکەوین بۆ سەرەوە، بۆ شوێنێک کە لە سەروو نەخشەی زەوییە، ئەو شوێنەی کەتیاییدا کیتابی چارەنووسی تیادا دەنووسرێتەوە، راڤیار لەم نمایشەدا کوشتنی خودا دەکاتە کوشتنێکی مەعنەوی و بەمەرگی ئەخلاقی دەبەستێتەوە، ئەو کاتەی ئێمە ئەخلاقمان کوشت، ئیتر کەون سەنترالیزمی خۆی لەدەست دەدات و ھەموو مرۆڤەکان دەکەونە بەر ھەڕەشەی نەخۆشی وپیربوون و جەھالەت،لێرەدا جارێکی تر ململانێی نێوان خوداو شەیتان زیندوو دەبێتەوەو ئەو شەیتانەی کە لێرەدا وەک (ئۆبامنش _سوپەرمان) خۆی نمایشدەکات، وەکو ھەموو جارێکیش شەیتان سەرکەوتوو دەبێت کە شوێنکەوانی خودا فریوو بدات، خوداش وەکوھەموو جارێک سزای خۆی بەسەر مرۆڤەکان دەسەپێنیت و لەعەقل ومەعریفەو نەمری دایاندەماڵێت، لەبەر ئەوەی ئەوان ئەخلاقیان لەناو بردووە، ئیتر شایەنی ئەوەن.

ئەم تێکستە پڕە لە رووداوی دوورو درێژ و چیڕۆکی بێ سەرەتاو بێ کۆتایی، نوسەر تێکستەکەی تەژیکردووە بە کۆمەڵێک بابەتی زۆر گرنگ و زۆر ئاڵۆز کە بینەر فریای ھەرسکردن وتێفکرینیان ناکەوێت، تێکستەکە زۆر جار لەدراما دەترازێ و دەبێتە قسەی سادەو درێژداڕی زۆری پێوە دیارە، بەتایبەتیش کە ھەوڵدانێکی چڕ ھەیە کە چەندین پرسی گەورەو ھزری فەلسەفی بە زۆر بخرێتە نێو تێکستەکە، وەک ئەوەی ئەو تێکستە وەزیفەی ئەوە بێت کەباسی ھەموو شتێک بکات، باسی دروستبوونی کەون، دروستبوونی ئینسان، شەڕی براکوژی، دروستکردنی بورجێک بۆ ئەوەی بەمەقامی خودا بکەین وکێبڕکێی بکەین، ململانێی مرۆڤ وسروشت، مرۆڤ و تەکنەلۆجیا، مرۆڤ وبوون، خۆشەویستی وخیانەت، سەرمایەداری و سۆسیالیزم، دۆزەخ و بەھەشت، خوداو شەیتان، حەقیقەت و درۆ، ژیان ومردن، ئەدەب و ماددییەت، شیعر و پەخشان، ھزرو دواکەتن، ئەم ھەموو پرسە گرنگەکە چڕ دەکرێتەوە لەتێکستێکی شانۆیی، بینەر تووشی سەرسوڕان دەکات و ھەستدەکات رووداوەکان بەجێیدێلن، نمایشی شانۆ دەبێتە ئەسپێکی تیژڕەو وبینەرییش پیادەیەکی پێخواست، کەناتوانێت پێی بگاتەوە، ئەمە جگە لەوەی کەنمایشەکە لە رووبەری دراماوە رادەکێشیتە نێو رووبەرێکی ھزری ومەعریفی کەلەسەر گیڕانەوەو سەرد بەبینەر دەگەیەنرێت،نوسەر پێویستی بەوە بوو زیاتر بابەتەکە چڕبکاتەوە و نمایشەکە لەو بەربڵاوییە ھزری وبابەتییە بپارێزێت، نمایشێک بۆ ئەوە نییە کە ھەموو شتێک بە بینەر بڵێت، دەکرێت نمایش ھەندێ بابەتی دیاریکراو بورووژێنێت و بینەر خۆی بابەتەکانی تر دابھێنێت و بەیەکەوەیان ببەستێتەوە، ئەم بەربڵاوییە لەبابەت و زاڵبوونی زمانی حیکایەت بەسەر درامادا، ھەرچەندە وەک دەرھێنەر چارەی گونجاوی بۆ کراوە، بەڵام ئەوە بەھیچ شێوەیەک ئەو کەموکوڕیانە لەتێکستی گوتراوناسڕێتەوە، ئەمە جگە لەوەی زمانی تێکستەکەش بەر بەرزی ونزمی کەوتووەولە ھەندێ شوێن زمان وەزیفەیەکی زۆر باڵای ھەیەو دەتوانێت وشە لە رووبەری مانای پێشوەخت و تاکمانایی دابماڵێت، بەڵام لە ھەندێ شوێنی تر، زمان بەشێوەیەک سادە دەبێتەوە کە توانای دروستکردنی فۆرمی باڵای نییەو زمانێکە خاڵی لەجوانی و بیناسازی درامی، ھۆکاری سەرەکی ئەمەش تەژیکردنی تێکستە بەو ھەموو کارەکتەرە ھزری و مەعریفی و ھونەرییانەی کە لە نێو تێکستەکە دەردەکەون.

خاڵێکی تر کە ورووژاندنی بەمشێوەیە لەجێگەی خۆی نەبوو، مەسەلەی خیانەتی ژنە، لەکاتێکا کە لە کۆمەڵگەی کوردی رۆژانە ژن بە بەھانەی شەڕەف دەکوژرێت، نەدەبوو ئەم نمایشە پێداگری لەسەر خیانەتی جەستەیی ژن بکات و بیکاتە فاکتەری ئەوەی کەھەموو سزاکان بەسەر مرۆڤ دابەزێت، لە ئێستا چەمکی خیانەت زۆر لەو چەمکە قوڵترە کە شانۆکارانی ئێمە تەنھا بەجەستەی ژنی ببەستنەوە، ئەو خیانەتانەی کە لە ڕابردوو و ئێستا و داھاتووی ئێمە روودەدەن و روویانداوە، زۆر لەوە بەرچاوترن لەخیانەتی جەستەیی ژن کە ھەمیشە پیاو و کۆمەڵگای پیاوسالاری تیادا شەریکی گەورەو فاکتەری سەرەکی ئەو پرسەیە.

دەرھێنەر لەکوێی نمایش وەستاوە؟.

ئاڕتۆ لە پێناسەی دەرھێناندا دەڵێت”بەرجەستەکردنێکی شێوەکاری و بینراوی وشەیە”، بەو واتایە ھەوڵدانی دەرھێنەرە بۆ ئەوەی ڕستەو وشەکانی ببینرێن و شێوەیان ھەبێت، پێش ئەوەی ببیسترێن، ئەم ڕستەیەم مانای ئەوە نییە بڵێم ڕاڤیار وەک دەرھێنەر ھەوڵیداوە سەداسەد پابەند بێت بە تیۆرەکانی ئاڕتۆو نمایشێک دروستبکات کە بەرجەستەی تێڕوانینەکانی ئاڕتۆ بێت بۆ شێوەو فۆرمی نمایش، ھەرچەندە تا ئێستاش ئاڕتۆ بەباوک و مەرجەعی شانۆی پۆست مۆدێرن و شێوەگەرایی دەناسرێت، ئەگەر لەم نمایشەش ووردبینەوە دەبینین بەشێوەیەکی کردەیی ئەوپێناسەیەی ئاڕتۆ بۆ ھونەری دەرھێنان بە ووردی کاری لەسەر کراوەو دەرھێنەر زۆر ھەوڵی بۆ ئەوە داوە کە وشەو ڕستەکانی شێوەو فۆرمی بینراویان ھەبێت، ئەمەش خاڵی لاواز نییە لەم نمایشە، بەپێچەوانەوە خاڵی ھێزەو توانیویەتی کواڵیتییەکی بەرزی بەسەری (بینراو) بە نمایش ببەخشێت و نمایش لە چوارگۆشەی بیستنەوە بباتەوە چوار گۆشەی بینین .

یەکێک لەسەختترین ئەرکەکانی دەرھێنەر دروستکردنی جەستەو فۆرمی نمایشە، جەستەیەک کەتەبا بێت لەگەل ئەو بابەتە ھزری ولۆژیکییەی کەنمایش کاری لەسەر دەکات و دەرھێنەر بتوانێت پەیوەندییەکی ئۆرگانی لەنێو بیستراوو بینراوەکانی نمایش خەلق بکات، بەشێوەیەک ھەردووکیان لەنێو فۆرمی نمایش وەک یەکەیەکی دانەبڕاو یەکتری تەواو بکەن و ھاوکاربن لەبەخشینەوەی ماناو واتای جیاواز، بەتایبەتیش لەونمایشە ناباوانەی کەبەشێوەی بنەڕەتی پشت بە گوتاری بەسەری بینراو دەبەستن و ھەوڵدەدەن نمایش و بینەریش لە چوارگۆشەی نەرێنی وەرگرتن و بینینەوە بگوازنەوە بۆ چوار گۆشەی بەرکەوتن و ھەڵچوون و داچوونی دوولایەنە، ئەمەش پێویستی بە کۆمەڵێک کەرەستەی زۆر تایبەتە و سەختە ھەموو دەرھێنەرێک ئەمەی دەسکەوێت، یەکەم کەرەستەش ئاگایی دەرھێنەرە بەو فۆرم و تەرزە شانۆییەی کە کاری تیادا دەکات و شارەزاییەکانیەتی لە بواری سیمۆلۆژیا وسیمۆلۆژیای شانۆیی، ئەم شارەزاییە وای لێدەکات کەپەیوەندییەکی تەندروست و ھارمۆنیەکی ھزری و ئیستاتێکی بدۆزێتەوە بۆ گرێدانەوەی رەگەزە بنەڕەتییەکانی بەرھەمھێنانی سیمۆلۆژیای نمایش کە بریتین لە ئایکۆن و ئاماژەو سیمبوڵ، دانایی دەرھێنەر لەوێدا سەرچاوە دەگرێت کاتێ مامەڵەیەکی تەندروست لەگەل ئەم رەگەزە سیمۆلۆژییانە دەکات و دەزانێت لەکوێ پێویستە ئایکۆنەکان لە قۆناغی تاکمانایی بگوازێتەوە نێو ڕووبەری ئاماژەو سیمبوڵ تا بینەر ناچار بکات نەبێتە وەرگرێکی نەرێنی و تەسلیمی گوتاری تاکڕەھەندی نمایش نەبێت.

یەکەیەکی تر کەبایەخی سەرەکی ھەیە لە داڕشتنی جەستەو فۆرمی نمایش،جەستەی ئەکتەرە، ھەموو ئەکتەرێک جەستەیەکی ھەیە بەڵام ھەموو ئەکتەرێک جەستەیەکی ئیبداعی و داھێنەری نییە کە ھەڵگری توانای بەرجەستەکردن وگوزارشتکردن و گەیاندن بێت، جەستەی زیندووی ئەکتەر لەئاگایی ئەکتەرو پەرەپێدانی تواناکانی جەستەو توانا زەینییەکان و توانای ئەکتەر لە ناسینی جەستەی خۆی و کەرەستە تەعبیرییەکانی بۆ ئەوەی لەخزمەتی نمایش بەکاریان ببات، جەستەی ئەکتەر لەیەککاتتدا ھەرسێ وەزیفە سیمۆلۆژییەکەی تیادا بەدیدێت، واتە دەتوانێت جەستەیەکی ئایکۆنی بێت یا جەستەیەکی ئاماژەدار، یا جەستەیەکی سیمبوڵئامێز، یا لەکاتتدا ھەرسێکی بێت یا بەگوێرەی پێداویستی نمایش وگوتاری نمایش گۆڕانکاری بەسەردا بێت، دەرھێنەریش لەرێگەی کەرەستەو ئامرازە تەعبیرییەکانی جەستە ئەو فۆرمە لە جەستە وەردەگرێت کەنمایش و ساتەجیاوازەکانی نمایش دەیخوازێت بۆ بەرھەمھێنانی مانای جوزئی بۆ ئەوەی لە وێنە گەورەکەدا ماناو دەروازەی داڕشتنەوەی مانا بکاتەوە.

جولەش فاکتەرێکی تری دروستکرنی وێنەی بینراوی نمایشەو یەکێکە لە مەترسیدارترین کەرەستەکانی دەرھێنەر کە مامەڵەی لەگەل دەکات، جولە مەترسیدارە چونکە ھەر وەک چۆن دەتوانێت ڕەگەزی ھێزو باڵابوونی نمایش و کاریگەری باڵای ھەبێت لە ڕەسمکردنی گوتاری بابەتی و جەستەی نمایش، لەھەمانکاتتدا دەتوانێت ببێتە خاڵی سەرەکی شێواندنی نمایش و ھەرەسھێنانی گۆتاری بابەتی و ئێستاتیکی نمایش، جیاوازی نێوان ئەم دوو جولەیەش تەنھا ئاگایی دەرھێنەرو ئەکتەرە، ئەو دەرھێنەرو ئەکتەرانەی کە بەئاگایی وێناو فۆرمی جولەکان دروستدەکەن و پابەندن بە مەعریفەی جولەو زمانی جەستەو سەنگی وشەو گوتاری فەزا،کە جولەی ئەکتەر تیاییدا فاکتەرێکە بۆ بەرھەمھێنانی ماناو دروستکردنی جوانی، جولە لە نمایشەکەیان دەبێتە رەگەزێکی بەشدار و ھاوبەش لەداھێنانی گوتاری ئیبداعی و داھێنەری نمایش، بەپێچەوانەوە ئەو دەرھێنەرو ئەکتەرەی بێ ئاگایە لە پڕەنسیبەکانی جولەی ئەکتەر وەک تاک و کۆ و بێ ئاگایە لە زمانی جەستەو گوزارشتەکانی گوتاری جەستەیی، جولە ناتوانێت ھەماھەنگ و تەریب بێت لەگەل ھێلی بابەتی و بەشێک بێت لەبونیادی فۆرمی نمایش، ئەوکاتە جولە دەبێتە تارماییەکی ڕەش و تاریک بەسەر نمایشەوەو دەبێتە ئاماژەیەکی ڕوونی بێ ئاگایی و بێ مەعریفەیی دەرھێنەرو ئەکتەر، چونکە دروستکردنی نمایشی شانۆیی و داڕشتنی جەستەی نمایش لەرێگەی جولەو جەستەو سینۆگرافیاوە، وەکو کرداری بەنجکردنی نەخۆشە بۆ نەشتەرگەری، ئەگەر کەمی تێدا ھەبوو ئازارێکی بێشوومار بە نەخۆشەکە دەدەیت کە بەرگەی ناگرێت، ئەگەر زیادیش بێت ڕەنگە نەخۆشەکە تا ئەبەد بێ ھۆش بکەوێت یا بمرێت، لە ئێستاشدا ئێمەی بینەر نەخۆشەکەین و شانۆکارەکانیش دکتۆری بێھۆشکردنن، خۆتان سەیرکەن تەنھا لەڕێگەی بێ مەعریفی لە داڕشتن وبەکاربردنی جولەوە، شانۆی کوردی چەند ئازاری بەبینەر داوە، چەندی بێھۆش و دەبەنگ کردووە کەناتواتێ لێی بەخەبەر بێتەوە، چەندیشی کوشتووە بەوەی بەیەکجاری لەشانۆ دوور کەوتۆتەوەو وازی لەشانۆ ھێناوە.

ھەموو ئەم بنەمایانەم بۆیە باسکرد تا بڵێم بەڕاستی راڤیار نەوزاد ئەگەرچی نوسەرێکی خراپی ئەدەبی شانۆیە، بەڵام دەرھێنەرێکی کارامەو بەئاگایەو ھەموو ئەو وێنەو فۆرمە شانۆییانەی کە دروستیاندەکات لە مەعریفەو ئاگایی سەرچاوە دەگرێت و ھەرگیز بەشێوەیەکی فەوزەوی و ڕەمەکی پێکھاتە شانۆییەکان نانوسێتەوە لەسەر شانۆ و بەیەکەوەیان گرێناداتەوە، بۆیە ھەر لەسەرەتای نمایشەوە فەوزایەکی ڕێکخراو و بەرنامەداڕێژراو دەبینرێت و یەکەیەکی مەوزوعی و ئێستاتیکی ھەیە کە وێنای رووبەری جولەو دیالۆگ و کارتێکەرە دەنگی و ڕەنگی و ھەستییەکان دەکات و ھەموو ڕەگەزەکان لەنێو رووبەری بەرجەستەیی خۆیاندا دەردەکەون و وەزیفەی بابەتی و ئێستاتیکی خۆیان ئەدا دەکەن، نمایشەکە بەقەد ئەوەی وەک بیستراو دەکەوێتە ژێر کاریگەری کۆمەڵە دیالۆگێکی دوورو درێژ کە ھەندێجار بە گۆرانی و شێوەی جیاجیا گوزارشتی لێدەکرێت، بەڵام تەریب لەگەل ئەو ھێلە بیستراوە، گوتارێکی بەسەری و بینراو ئامادەییەکی بەھێزی بەسەر نمایشەوە ھەیەو دەتوانێت سەرنج وھەست و نەستی بینەر بۆ خۆی دەستەمۆ بکات و تەنانەت دەگاتە ئەو رادەیەی کە ھەستدەکەین خودی دیالۆگەکان لەنێو ئەم گوتارە بینراوە وون دەبن و شێوەو فۆرمی بینراو وەردەگرن، ئەمە جگەلەوەی نمایش ھەوڵێکی بەردەوامی ھەیە بۆ تێکشکاندنی ئیحساسە باوەکان و بەھا ئامادەکان بەشێوەیەک ئیحساسەکانی ڕق وخۆشەویستی و لایەنگیری و ڕکابەری ھیچ بەھایەکی نامێنێت، بینەر ناتوانێت خۆی یەکلابکاتەوە ئاخۆ لایەنگیری لایەنێکە لە سەر حیسابی لایەنێکی تر،یا رقی لە کارەکتەرێکە ویەکێکی تری خۆشدەوێت، لەبەر ئەوەی رووبەری بەرکەوتن ئەو چوارچێوەیە تێدەپەڕێنێت بۆ دروستکردنی رووبەرێکی زبر و سەخت لە بەرکەوتنی بینەرونمایش کە تیایدا ھەردووکیان دەکەونە نێو ململانیێی رامان لە ماھیەتی ژیان و چارەنووسی مرۆڤ وبەھا پیرۆزەکان، ئەم بەرکەوتنە نزیکە لەو پاککبونەوە دەروونییەی کە شانۆی یۆنانی کۆن کاری لەسەر دەکرد، بەڵام لێرە پاکبوونەوەکە دەروونی نییەوپاکبوونەوەکی ھزرییە.

ڕاڤیار وەک سیمۆلۆژییەک کۆمەڵێک کەرەستەی شانۆیی جیاواز بەکار دەبات وھەوڵدەدات لە ڕەھەندە ئایکۆنییەکەی بیان ترازێنێت و ئاماژەو سیمبوڵی جیاوازیان پێببەخشێت، وەک پەیژە ئاڵتوونیەکە کە دەبێتە سیمبوڵی شسکستی مرۆڤ و ئەو جیھانە درۆزنەمان فەزح دەکات کە لە ڕواڵەتتدا وەک سەرکەوتن و بەھای بەرز دەردەکەون، ئاگر وخودەی عەسکەری، کە بەیەکەوە ھەموو ئەوھزرە مرۆییە قوت دەدەن کە دەیانەوێ دیدگایەکی جیاواز بە ژیان ببەخشن، تەکنەلۆجیا کە دەبێتە فاکتەری سەختتکردنی ژیانی مرۆڤەکان وداھێنانی خیانەت و رووکاری ساختە، کتێب و نووسین کە لەوە دەترازێن ببن بەو روناکییەی داھاتووی مرۆڤ رۆشەن بکەنەوەو دەچنە نێو پەراوێزی چارەڕەشکردنی مرۆڤەکان، ئەمە جگە لەو شێوە لاکێشەو سێگۆشەو چوار گۆشەیەی کە ھزری بینەر تەژی دەکەن لە دەلالەتی جیاواز، دەرھێنەریش زۆر کارامە کار لەسەر فراوانکردنی ئەو رووبەرە دەکات کە دال و مەدلولەکانی نمایش بە یەکەوە گرێدەداتەوە، بۆ ئەوەی فەزایەکی فراوانتر بۆ بینەر بکاتەوە کە بەدوای وێنەو ماناو بەھا تایبەتییەکانی خۆی بگەڕێت و بیاندۆزێتەوە.

 ئەکتەرو یەکانگیری جەستەی نمایش

یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی شانۆی مۆدێرن وپۆست مۆدێرن، تەوزیفکردنی ئەکتەرو رووبەری ئامادەیی ئەکتەرە لە نێو نمایش، ئەکتەر وەک جەستەو جولەو دەنگ و ئاماژە جەستەییەکانی، رەگەزێکی بنەڕەتی دروستکردنی نمایشەو بایەخی تایبەتی ھەیە، لەبەر ئەوەی ڕوانینی شانۆی تازە بۆ ئەکتەرو جەستەی ئەکتەر وەک یەیەکی سیمۆلۆژی کە لە تواناییدایە زۆرترین ئایکۆن و ئاماژەو سیمبوڵی تیا بەرجەستەبکرێت و زۆرترین مەدلول و مانای جیاواز و تەئویلی جیاواز دروستبکات، ئەمە جگە لەوەی خودی کەرەستەکانی تری دەرھێنەر وەک روناکی و ڕەنگ و دەنگ و جلوبەرگ و فەزاو دیکۆڕو پێکھاتە بیستراو و بینراوەکان لە ئەکتەرەوە ماناو فۆرمی جیاواز بەرھەم دێنن و ئەکتەر دەبێتە ئەو ڕەگەزەی کە دەتوانێت تەوزیفی جیاوازییان پێ ببەخشێت و بەبێ بوونی ئەکتەر، وەک ئایکۆنی رووت و یا ئاماژەی تاکمانا دەردەکەون، بۆیە بونیادی سەرەکی جەستەی نمایش ئەکتەرەو ھیچ کەرەستەو ڕەگەزێکی تر ناتوانێت ھاوشانی ئەکتەر بێت و لەپێگەی ئەکتەر نزیک بێتەوە.

لەم نمایشەش ڕوون بوو کە ئەکتەر چ جۆرە بارستاییەکی بەسەر نمایشەوە ھەیەو ھەموو مەسج و دەرھاوێشتەکانی نمایش لەئەکتەرەوە سەرچاوەدەگرن و بۆ ئەویش دەگەڕێنەوە، ھەرچەندە دەرھێنەر ئەو کەسەیە کە وێنای جەستەی نمایش دەکات و فۆرمە بینراو و بیستراوەکان دادەڕێژێت، بەڵام ئەکتەرو توانای جەستەیی و زەینی ئەکتەر ڕەگەزی یەکلاکەرەوەن لەم بوارەو دەرھێنەر ئەگەر ئەکتەری گونجاوی نەبێت بۆ ئەوفۆرمە شانۆییەی کە بەرھەمی دەھێنێت، ئەوە بێگومان تووشی نوشستی گەورە دەبێت، بۆیە ئاگایی دەرھێنەر لە توانای جەستەیی و ھەستی وھزری ئەکتەرەکانی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانێت بەو شێوەیە تەوزیفیان بکات کە ناتەبا نەبێت لەگەل ئەو بونیادەی کە تایبەتمەندی ئەکتەرەکانی جیادەکاتەوە، ھەرچەندەخودی ئەکتەر پێویستە توانای ئەوەی تیا بێت گۆڕانکاری گەورە لە فۆرم و ستایلی ئەداکردنی دروست بکات و بتوانێت فۆرم و شێوازە جیاوازەکانی ئەداکردن بەرجەستە بکات، بەڵام لەکوردستاندا ئەم پرسە تا ڕادەیەکی زۆر کارێکی نەکراوە، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە ئەکتەرە بە ئەزموون گەنجەکانیش لەپێشووتردا بەشێوەی تاکفۆرمی بەکاربراون و لە جەستەو کڵێشەیەکی نەرێتگەرایی قەتیس کراون و ناتوانن بەسەریدا باز بدەن، ئەم کڵیشەیەش تەنھا فۆرمی جەستەو بونیادی ئەو کارەکتەرە لێکچووانەی نەگرتۆتەوە کەپێشتر ئەدایانکردووە، بەڵکو پەڕێوەتەوە بۆ دەستەمۆکردنی کردنی کۆمەڵێک کەرەستەی تری ئەکتەر وەک جولەو ھەناسەدان و دەنگ و تۆنی دەنگ و ریتمی جولەو وشەو کارو کاردانەوە ھەستییەکان و بەکاربردنی زاکیرەی ئینفیعالی و مامەڵەکردن لەگەل ئەکتەری بەرامبەرو سینۆگرافیاو گوتاربێژی و فۆرمی گێڕانەوەو بەرکەوتنی بینەر.

بوونی کۆمەڵە ئەکتەرێکی ناوازەی وەک ئەوگروپەی ھەڵەبجە، مایەی خۆشحاڵیی وخۆش بەختییە بۆ ھەر دەرھێنەرێک کە کاریان لەگەل بکات، بۆیە راڤیار وەک دەرھێنەر چانسێکی زۆر باشی ھەیە کە کۆمەڵێک ئەکتەری کوڕو کچی ھەیە کە دەتوانن وەڵامدانەوەیان ھەبێت بۆ ئەوتەرزە شانۆییەی کە پێشکەشیدەکات، ھەر بۆیە یەکێک لە ڕەگەزەبنەڕەتییەکانی جوانی و جیاوازی ئەم نمایشە بوونی ئەو ئەکتەرە تایبەتانەیە، گرنگە ئەکتەر توانای تێگەیشتنی ھەبێت بۆ ئەو فۆرمە شانۆییەی کە کاری تیا دەکات، ئەمەش وایلێدەکات کە بەباشی کەرەستەکانی بەکارببات، ئەم مەعریفەیەی ئەکتەر بە کەرەستەکانی خۆی وشێوازی نمایش، وایلێدەکات جۆرێک لە تایبەتمەندی بدۆزێتەوە کە تیاییدا تواناو کەرەستە بەرجەستەییەکانی بەگوێرەی فەزاو ڕیتم و گوتاری نمایش دابەشبکات، لەو شوێنەی پێویستی بەئەدایەکی سایکۆلۆژی ناوەکی ھەیە، ئەوە بکات، لەوشوێنەی کەپێویستە ئەداکەی جیاواز بێت و لەسەر بونیادی دەرەکی کار بکات.

لەم نمایشە زۆرینەی ئەکتەرەکان تێگەیشتنی زۆر باشیان ھەیە بۆ فۆرمی نمایش و دەتوانن وەک ئەکتەریش ئیزافەی جەستەیی و بونیادی خۆیان ھەبێت، یەکانگیربوونی ئەکتەر لەگەل فۆرمی نمایش کردەیەکی زۆر سەخت و ئالۆزو گرنگە، ھەرچەندە لە ھەندێک کاتتدا ھەستدەکەین جۆرێک لە ناتەبایی لە نێوان فۆرم و جەستەی نمایش لەگەل ئەدای ئەکتەر دروست دەبێت، ئەمەش بەھۆی لاوازی تێکست و ئەوبونیادە نزیک واقیعییەی تێکستە کە ئەکتەر رادەکێشێتە نێو ئەو رووبەرە ئەدایە کە ناتەبایە لەگەل جەستەی نمایش، ئەم حاڵەتە بەشێوەیەکی بەرچاو بە ئەدای (خەلات نەوزاد_بەھۆی ئەم دیالۆگە ھەستی وناوەکییە) و بەشێوەیەکی کەمتر بە ئەدای (زریان حەکیم) و سۆزە حامیدەوە دەبینرا، ئەدای راویەر ھۆشیاریش کەوتۆتە نێو جۆرێک لە دووبارە بوونەوە کە ھەستدەکەین ئەو فۆرمەی کە دەرھێنەر بۆی داڕشتووە زۆر کۆنکریتییەو توانای تێپەڕاندنی نییە، بۆیە ھەرچەندە ئەداکەی یەکانگیرو تەباش بێت بە تەرزی نمایش، بەڵام دووبارە بوونەوەو خوڵانەوە لەنێو ئەو بازنەیە وایکرد جۆرێک لە کڵیشەبەندی کاتی بە راویەرەوە دیاربێت.

خاڵی جیاوازی ئەداکردن لەم نمایشە ئەدای ھەریەک لە شنیا ھۆشیار و ئاسۆ رەفیق بوو، شنیا وەک ئەکتەرێک دەزانێت چۆن کەرەستە تایبەتییەکانی بخاتە خزمەت ئەو کارەکتەرە جیاوازانەی کە ئەدایان دەکات، لەم نمایشە فۆرمە جیاوازەکانی ئەدا کردن و یەکانگیری لەگەل تەرزی نمایش، بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئەدای ھەردوو ئەکتەری داھێنەر (شنیا و ئاسۆ) دەبینران، ئەم دوو ئەکتەرە توانیان بەشێک لەو ئەدا سایکۆلۆژییە ناوەکییە پارسەنگ بکەنەوە کەھەندێ جار نمایش لە نێو شیرازەی ھەندێ لەو دیالۆگە دروشمئامێزانە رایاندەکێشاین، بەڵام ئەوەی بۆ من جیاواز بوو، تەنانەت لە کاتی ئەداکردنی ھەمان ئەو دیالۆگە ڕاستەوخۆیانە لە لایەن ئەو دووئەکتەرەوە، جۆرێک لە بەرەنگاری و تەسلیم نەبوون ھەبوو بۆ ئەو گوتارە ناوەکییەی کە دیالۆگەکان ھەڵیانگرتبوو، ئەمەش بەشێوەیەکی گرنگ ئاگایی ئەکتەرە بە جەستەی نمایش و فۆرمی کارکردنی دەرھێنەر و ئەو گوتارە ھزری و ئێستاتیکییەی کەنمایش دەیەوێت لەجەستەیەکی تایبەتتدا پێشکەشی بکات.

​​

🔹(شینە_ لە شیندام)…چیرۆکی نمایشێک
💢دەڕۆم نمایش دەبینم
((ڕەخنەگری شانۆیی))
⭕️حەمەسوار عەزیز
☑️به فۆرماتی
✳️(PDF)
❇️کرته لێره‌بک
ه

https://upinja.com/up1/شینە-لە-شیندام.pdf

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like