رەحیم عەبدولڕەحیم زاده


له دەفتەری یادداشتەکانی کارمەندێکی سادەی فەرامۆشکراو
#رەحیم عەبدولڕەحیم زاده

ئەو رۆژەی ژنەکەم با بردی  ئێمه له هەموو رۆژێک کەیف سازتر بووین.  توند دەستی یەکتریمان گرتبوو،  له شەقام پیاسەمان دەکرد و باسی هەموو شتێکمان دەکرد که له پڕ بایەکی توند هەڵی کرد.
ئیمه تەنانەت بەو بایەش پێکەنینمان دەهات  که هەستم کرد ژنەکەم خەریکه له عەرز جیا دەبێتەوه. سەرەتا هێندێک بەرز بۆوه و دواتر تەواو چووه سەرێ من توند دەستیم گرتبوو و ئەو وەک کۆلارەیەک به دەستمەوه دەشەکاوه. سەیر ئەوه بوو ئەو تەنیا شتێک یان کەسێک  بوو که بەو بایه وه حەوا کەوتبوو وەک کاغەزێک یان پەڕۆیەک. گاڵته و گەپەکەی ئێمه له گەڵ ترس جێی گۆڕیەوه بایەکه کەمێک توندتر بوو و ئیتر بۆم رانەدەگیرا. هاوارم له خەڵک دەکرد بەڵام هەر کەس دەستی به کڵاوەکەی خۆیوه گرتبوو و هەڵدەهات. بایەکی توندتر ئەوی له دەستم راپسکاند و بردیه سەرێ و هێنده دووری خستەوە تا له بەر چاوم ون بوو. دوای چەن دەقەیەک بایەکه خەوت و دەتکوت هیچ رووی نەداوه. تەنانەت نه له ئیدارەی پۆلیس و نه خەڵکیش هیچیان بڕوایان بەوه نەبوو ژنەکەم با بردوویەتی. ئەوان به بزەیەکی تەوساوی دەیانکوت لەوانەیه به جێی هێشتبتم یان له گەڵ پیاوێک هەڵگیرابێ، بەڵام ئێمه یەکتریمان زۆر خۆش دەویست. تەنانەت پۆلیسێک پێی وابوو من ژنەکەی خۆم کوشتووه و ئاوا دەمهەوێ تاوانەکەم داپۆشم بەڵام هەرچی گەڕان نه تەرمێکیان دۆزییەوه و و نه شتێکی ئەوتۆیان له سەر تاوانبار بوونی من گیر کەوت. هێندێکیش پێیان وا بوو من هەر ژنم نەهێناوه و شێت بووم بەڵام کاتێک قەباڵەی زەماوەندەکەی منیان دی بڕوایان کرد که من ژنم هێناوه و راستە ژنەکەم خەڵکی ئەم شاره نەبوو و کەس نەیدەناسی، بەڵام زۆر کەس ئەویان له گەڵ من دیبوو و دەیانتوانی شایەدی بدەن.
دوای ئەم رووداوه بەشێکی ژیانی من بەوه رادەبرا که به خەڵک و کاربەدەستان بسەلمێنم ژنەکەم با بردوویەتی و بەشێکی ژیانم  بەوەی چاو له ئاسمان بڕم بەڵکوو رۆژێک بگەڕێتەوه. به تایبەت ئەو رۆژانەی بای دەهات من زۆرتر هیوام هەبوو که  بایەک له گەڵ خۆی بیگەڕێنێتەوه. شەوانەش کاری من ببووه گەڕان له ناو ئینتێرنێت دا که بزانم ئایا له هیچ گۆشەیەکی دونیا ژنێک له پڕ له ئاسمانەوه بەر نەبۆتەوه یان رووداوێکی نائاسایی لەم چەشنه.
بەم جۆره من که کارمەندێک بووم که دوارۆژێکی گەشی بۆ پێشبینی کرابوو وەها تێکەڵ بەم دۆخه بووم که دوای چەن مانگ له کار دەرکرام و ورده ورده هیچ بژیوێکم بۆ ژیان نەما. بەڵام ئەم رووداوه چەندین خاڵی ئەرێنیشی هەبوو که یەکیان فێر بوونی دەیان زمانی زیندووی دونیا بوو. هەروە‌ها کتێبێکی بەناوبانگم له سەر هەموو ئەو ژنانه نووسیوه که له مێژوودا با بردوونی  که به چەندین زمان وەرگێڕدراوەتەوه و وەک گەورترین پسپۆڕی ئەم بواره له دونیادا ناسراوم.
رەنگه ئێستا تەنانەت سیمای ژنەکەمم له بیر نەمابێ و تەنانەت به دواشیدا نەگەڕێم، بەڵام ئەگەر رووداوەکان بەو جۆره نەبوایەن من ئێستا کارمەندێکی ساده بووم له شارۆچکەیەکی چکۆلەی وڵاتێکی فەرامۆشکراو.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like