(لە زمانی کلاسیزمەوە بەرەو شانۆی مۆدێرنە)

نیگایەک لە شانۆی (گەر بڕیارە بمرین)

نووسین و دەرهێنانی: شوان کەریم

دراماتۆرگ: ڕزگار حەمە ڕەشید

Dewen Marouf
 

پێش هەر ڕاڤەکردنێک، گەرەکمە جارەکی دیی، بگەڕێمەوە بۆ ئەو جوگرافیایەی کە سەرچاوەی کلاسیزمی تێدا زاوە. چونکە گەر ئەمە نەکەم، بڕواناکەم بتوانم بە قووڵی، لەجەوهەر و مانای نمایشی شانۆیی گەربڕیارە بمرین، ڕانانی ورد بکەم. ژبەر هەندێ، دەخوازم ئاوڕێک لەو جوگرافیایە بدمەوە، کە لانکەی بەشێکی زۆری داهێنانەکانی دونیا بووە. کلاسیزم، لەدیدی ڕۆژئاواییەکانەوە چەندین بۆچوونی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە ستراکتووری ئەم زاراوە گرنگە. بەشێکیان پێیان وایە، لە کلاسیکۆس “Classicus” سەریهەڵداوەو بەواتای “چین” دێت. بەشێکی تریش پێیان وایە کە لەوشەی لاتینییەوە “Classise” هاتووە بەنامای “پارچەیەکی کەشتی” دێت. هەموو ئەم بۆچوونانە لەبنەڕەتدا دروستو مانادارن. هەر بۆیە هەریەکەیان بە ستایلی جیاواز ڕاڤەی بۆ کردووە. لە دوای ئەم مشتومڕە گەرموگووڕە جارەکی دیی شاعیریی نێوداری ئەڵمانەکان “گۆتێ” بەو داهێنانانەی دەگووت کلاسیک، کە کاری دڵگەرم و دڵکاربوون. هەورەها بەو کارە نا جدییەکانیشی دەگووت “ڕۆمانتیک” هەروەها بەشیکی تر پێیان وابوو کلاسیک بەو داهێنانە دەگووترا کە لەسەردەستی نووسەران و بیریارانی گریک خوڵقاوە وەک: ئەریستۆ، ئەسخیلۆس، سۆفۆکلیس. هەر بۆیە لە داهێنانەکانی ئەو سەردەمەدا گەڕانەوە بوو بۆ ستایلی نووسینی گریکییەکان. بەتایبەتی نووسینەکانی ئەریستۆ “Aristo” و هۆراس”Horace” کە هەردووکیان دوو کتێبی دانسقەیان لەبارەی بنەماکانی داهێنانی ئەدەبیی و هونەریی نووسیوە. ئەریستۆ لە کتێبی هونەری شیعر “Poetica” لێکۆڵینەوەو ڕاڤەی زانستی لەبارەی شیعر و تراژیدیا، کۆمیدیا، لاسیکردنەوە، دراما، موزیک، شانۆ. کردووەو بەیەکێک لە کتێبە دەگمەکانی دونیا دادەنرێت لە شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا. خێزگەیەکی پڕ بەهایە بۆ کارە ئەدەبیی و هونەرییەکان. بۆ نموونە لەلای ئەریستۆ. تراژیدیا نموونەی جیاوازی هەیەو هەریەکەیان جوڵەو کارئەکتەری خۆی هەیە وەک: دیمەنی شانۆیی، موزیک، ستران، گرێچنە،پلۆت. ئەمەش بنچینەیەکی فراوانە بۆ زیاتر ئاشکراکردنی شێوازەکانی تراژیدیا، وەک تراژیدیای ئاکار، تراژیدیای ئاوێتە، تراژیدیای ساکار. هۆراس، بە دووەم نووسەر دادەنرێت لەدوای کتێبی هونەری شیعری ئەریستۆوە. هۆراسیش بەهەمان جۆر کتێبەکەی ناونا هونەری شیعر. لەکاتی خوێندەوەی کتێبەکەی هۆراسدا، ئەوەمان بۆ ساخ دەبێتەوە کە بەشێکی زۆری بۆچوونەکانی هۆراس دووبارە بوونەوەی بیر بۆچوونەکانی ئەریستۆن. بەڵام لەهەندێ شوێندا جیاوازیان هەیە. بەتایبەتی ئەو بەشانەی کە باس لە دراما و شیعر و موزیک و تراژیدیا و کۆمیدیا دەکات. بەڵام مەرجی هەرە گرنگی هۆراس، قووڵبوونەوەیە لەناو بە پیشەسازیکردنی هونەر و فراوانکردنی خەیاڵ و پەیوەست بوون بە پەردەکانی دراما کە لەلای هۆراس دەبێت دراما پێنج پەردە بێت. ئەی دەبێت کلاسکی کورد لە کوێوە سەرچاوەی گرتبێت و چۆن سەریهەڵدا بێت؟ بێ گومان گەر ئاوڕێک لە ئەدەبیاتیی کورد بدەینەوە ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە (بابە تاهیری هەمدانی و ئەحمەدی خانی و نالی. ترۆپکی ئەو سەردەمەن کە بە کلاسیکی کورد ناودەبرێت. بەڵام جیاوازی نێوان کلاسیکی ڕۆژئاوایی و کلاسیکی کورد. هێندە فراوان و گەورەیە کەناکرێت لەم نووسینە کورتەدا قامکی لەسەر دابنێین. بەڵام ناچارم نموونەیەکی گچکەی کلاسیزمی ڕۆژئاوا بخەمە ڕوو. ئەویش ئەوەیە کە ئەوان کاریان لەسەر بنەما گرنگەکانی ئەقڵگەرایی Rationalisme کردووەو بنچینەی هەرە گەورەش گەڕانەوە بووە بۆ داهێنانەکانی نووسەرە گریکییەکانی وەک: هۆمیرۆس و سۆفۆکلیس و هۆراس و ئەریستۆ. لەسەر نووسینەکانی ئەمان پەیڕەوی دەستوورو نووسینەکانیان کردووە. ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە کلاسیزمی ڕۆژئاوا لەسەر بنەماکانی فەلسەفەی گریک بونیادنراوە. بەڵام کلاسیکی کورد بنچینەی هەرە گرنگی بنەماکانی دەستوورو پەیڕەوی نووسەرە ئیسلامییەکانیان کردووە. حافزی شیرازی و المتنبی و فردەوسی و گەلێکی تر. لەهەمان کاتیشدا کلاسیکی کورد لێوانلێوە لە بیری ڕۆمانسیانە و شیوازی ڕۆمانسیزم. لێرەدا جارەکی دیی ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت کە کلاسیکی کورد پێچەوانەی کلاسیکی ڕۆژئاوایە. لەناو ئەو هەموو جیاوازیانەدا هونەرمەندی شانۆکار “شوان کەریم” پەلکێشمان دەکات بۆ ناو چیرۆکێک کە لەبنەڕەتدا گەڕانەوەیە بۆ داستانێکی فۆلکلۆریی، بەڵام بەزمانێکی مۆدێرن و نمایشێکی مۆدێرن، بەجۆرێک گەر بینەر ورد نەبێتەوە لەنمایشی شانۆییەکە، ئەوا مەحاڵە لە دەقەکە و لە نمایشەکە بگات. یەکێک لە کارە جوانەکانی شوان کەریم دەستبردنە بە ئەشقێکی داستانی وەک (لاس و خەزال)و ئاوێتەکردنی لەناو نمایشێکی مۆدێرنەدا. ئەم کارەش بۆخۆی داهێنانێكی دەگمەنکارەو دەکرێ قامکی لەسەر دابێنین. داستانی لاس و خەزال. چیرۆکێکی ئاشقانەیەو پڕە لە زمانی گێرانەوەو شوێن و فۆرمی جیاواز. زمانێکە جودا لە زمانی شانۆ. گەر لە داستانی لاس و خەزال بڕوانین. ئەوا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە کێشەی کۆمەڵایەتی و ئەقڵی خێڵ ئاوێتەی یەکتر دەبن و ڕێگرن لەبەردەم لاس و خەزالدا. ئەم ڕێگرییەش دەبێتە هۆی دروستبوونی داستانێکی خەمگین و کەمەرشکێن. کە تاکو ئێستاش ئەم داستانە لە ئەدەبیات و هونەری گێرانەوەدا قوورسایی خۆی هەیە. بەهەمانجۆر لەناو شانۆیی گەر بڕیارە بمرین. جارێکی تر کێشە کۆمەڵایەتی و ئایینیەکان ڕێگرن لەبەردەم داستان و چیرۆکی ئاشقانەی مینا و لاس.دا. کە هەردووکیان دوو کائینی ئاشقی سەوداسەری یەکترن بەڵام دەردی شێرپەنجە لەیەکدیان جودا دەکاتەوە. هەرچەند دابڕانی نێوان میناو لاس، دابڕانێکە بەچەکی مۆدێرنە تەوق دراوە. کە مردن چاوەڕێیان دەکات. ئەم تێکەڵکردنی زمانی فۆلکلۆرە بەزمانی مۆدێرنە، خەریکردنی ئەقڵە بە شتەکانی مۆدێرنە وەک دەرهێنانی فیلم. سەرقاڵکردنی نەخۆشەکان بە فیلمسازیی دیسانەوە زیندوکردنەوەی شتومەکەکانی مۆدێرنەیە لەناو چێرۆکێکی خەمگیندا. تەختەی شانۆ بەتەنیا نمایشێکی شانۆیی نییە، بەڵکو لۆکەیشن و کامێرا و ڕووناکی و سیناریۆ، کۆمەڵێك جوانکاریی لە ڕووی هونەری ئەیستاتیکاوە بە نمایشەکە بەخشی، بەوەی گەر سینەما چێرۆکەکان وێنەبگرێت و بیانگێڕێتەوە، ئەوا شانۆ، دایکێكی میهرەبانی ئەو کارەیە کە دراماتۆرگ ڕزگار حەمە ڕەشید بە شێوازێکی ئاقڵانە کاری لەسەر کردووەو توانی بینەر لە سیحری نمایش نزیک بکاتەوەو هەست بە بیزاریی دیالۆگ و جوڵەی سەر ستەیج نەکات. لێرەدا ئەکتەری شانۆ و بینەری شانۆ هەردووکیان بینەری ئەو چێرۆکانەن کە شوان کەریم لەناو شانۆکەدا کاری لەسەر کردووە. موزیک و گۆران. ئەو دوو کائینە ڕۆحییەن بەردەوام مرۆڤ پیویستی پێیان بووە. جارێک بۆ ساتە خۆشەکان و جارێکیش بۆ ساتە تراژیدییەکان. هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەناو نمایشی شانۆییەکەدا ڕیتمی شانۆ بە شێوازێکی هونەریانە پەیڕەو بکرێت، بەمەش بینەری شانۆ چێژی زیاتر لە نمایشەکە ببینێت. شوان کەریم لەڕێگەی زمانی کلاسیکەوە دیالۆگێک دەخوڵقێنێ، ڕێگە نادات مۆدێڕنە بەرەو مردنمان ببات. بەڵکو هیوایەک لەناو ڕۆحماندا دروست دەکات. گەر ژیان مردنی هەبێت، ئەوا لەناو مردندا جۆرێک ژیان هەیە تەنیا هونەر پەی پێ دەبات.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like