لە هاپێنینگەوە بۆ پێرفۆرمێنس

دانا رەئووف

Dana Marouf

لەساڵەکانی یەکەمی دوای جەنگی جیهانی یەکەمدا، دادایزم و هەندێک لە تەوژمەکانی تر هەوڵیان دا، فۆرمێکی نوێ بۆ هونەر بخولقێنن، کە بتوانێت داب و نەریتە شانۆییە باوەکەکان بشکێنێت. ئەنجامی ئەم هەوڵانەیش، زۆرجار لە ڕەوشێک یا ڕووداوێکی ساتە هەنووکەییەکەی ئەو ڕۆژگارەدا بەرجەستە دەبوون. ئەم فۆرمە هونەرییە نوێیە، بە تایبەتی لە پەنجا و شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، لە چەند ئاڕاستەیەکی ئەڤانگاردی شانۆییدا، بۆ نموونە (هاپێنینگ) و چەندین فۆرمی کلتووری تردا ڕەنگیان دایەوە.

یەکێک لەو گروپانەیش، کە لەسەرەتای پەنجاکانەوە ئێستاتیکای ئەڤانگاردی لەگەڵ گوتارە ڕادیکاڵە سیاسییەکاندا تێکەڵاو کرد، شانۆی سەربەستی ئەمەریکی بوو، کە هەردوو هونەرمەند جۆلیان بێک ١٩٢٥-١٩٨٥ و ژنەکەی یودیت ماڵینا ١٩٢٦-٢٠١٥ دایانمەزراند بوو. ئەم دوو هونەرمەندە و گروپە سەربەستەکەیان تا کۆتاییەکانی ١٩٦٣ لە ئەمەریکا کاریان کردووە و هەروەها لەسەر ئاستی جیهانیش ناسراون. هەرچەندە شانۆی سەربەست لەساڵی ١٩٧٠دا بە تەواوی هەڵدەوەشێتەوە، بەڵام ئەو فۆرمەی ئەوان دایانمەزراند و ئەو دەرگایەی ئەوان کردیانەوە و ئەو شانۆیەی ئەوان پێشکەشیان کرد، لە چەندین فۆرم و شێوازی جودا و هەمەچەشنەدا بەردەوام بوو. تا ئێستایش بەردەوامە.

لێرەدا دەکرێت، بەشێوەیەکی گشتی لەم چەند خاڵەدا گرینگترین فۆرمەکانی شێوازە ڕادیکاڵە هونەرییەکان ڕوون بکەینەوە: فۆرمێکی دژ بە هەموو جۆرە دەسەڵاتێکی تاکڕەوانەی هونەری، کلتوورێکی بنجبەست، ئێستاتیکایەکی گشتگر و تەواوی دوورەوپەرێزی و شانۆیەکی سەراپاگیر، کە لە ئایدیاکەی برێشت نزیک دەبووەوە. هاوکات لەم فۆرمە شانویی و کلتوورە جیاوازانەوە، پێناسەیەکی بە کۆمەڵ و هاوبەشیی و هەرەوەزی، لە ڕێگای پێکەوە کارکردن و پێکەوە ژیان دروست بوو: ژیانی ڕۆژانە بە هەموو وردەکارییەکانییەوە، بەهەموو تەنگەژە و لایەنە ساکارەکانییەوە و تەنانەت بە ژیانێکی هاوبەشەوە تێکەڵاوی هونەر و پرۆژە هونەرییەکان بوو. ئەم فۆرم و دراماتۆرگی و ئێستاتیکا هونەرییە، گەمە هونەری و پانتاییە شانۆیی و دیدە گشتگرەکەیشی، لەگەڵ ئامادەبوونی بینەراندا تێکەڵاو کردووە و بینەرانیش بوون بە بەشێک لە کارە هونەرییەکە. بۆ نموونە شانۆ لە ڕوانگەی (شانۆی سەربەست) بووە جۆرێک یان شێوازێک لە ژیان، وەک ئێتۆبیایەک لە واقیع و ژیانی ڕۆژانەدا.

وێنە: جۆلیان بێک، لەکاتی مەشقی یەکێک لە نەمایشەکانی

ستایلێکی وەک ئەو شانۆیەی لە ئەمەریکا بڵاو بووە و بەناوی (هاپێنینگ)ەوە ئاماژەی بۆ دەکرا، بووە جێگای سەرنجی میدیا و ڕەخنەگر و پسپۆڕانی شانۆیش. هاپێنینگ بە ڕاکشاوی داوای لە بینەران دەکرد بەشداری نەمایشەکە بکەن و پێکەوە ڕووداوێک بخوڵقینن،کە بە کارێکی هونەری ڕاگوزاری کۆتایی بێت. هەرچەندە ئەم فۆرمە، دیدێکی دێرینی ئەوروپییەکانە، بەڵام لە کۆتایی پەنجاکاندا، لە نێورک فۆرمی خۆی وەردەگریت. لەم فۆرمەدا، چەندین فۆرمی هونەری و ڕەخنەگر و گەلەری هونەری، شانۆکارە ئەڤانگارد و سەمازانەکان لە پرۆژەیەکی ئەزموونکاری هاوبەشدا کۆدەکاتەوە. هەر زوویش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا و لە پاریس و ئەڵمانیا و ئیتاڵیادا بڵاو دەبێتەوە. پیتەر بروک لە کتێبەکەیدا، پانتایی بۆش و لە بەشی شانۆی پیرۆزدا بە وردی باسی گرینگی ئەم شانۆیە دەکات و پێناسەیەکی ورد و چڕی بۆ دەکات. ئەوەی لە (هاپێنینگ)دا گرینگە ئاماژەی بۆ بکرێت، وەک فۆرمێکی شانۆیی، ئەوەیە لە هەر کات و شوێنێکدا بێت، دەست پێبکات و کاتی نەمایشەکەیش دیاریکراو نابێت، دەکرێت زۆر بخایەنێت و هەروەها کورتیش بێت و هیچ بنەما و ڕێسایەک نییە بۆ دەستپێکردن و ڕوودان و تەنانەت کۆتاییەکەیش.

هاپێنینیگستەکان هەر لەسەرەتاوە ئاماژەیان بۆ ئەوە کرد، ئامانجی ئەم فۆرمە هونەرییە ئەوەیە، کە هیچ کام لە شانۆ، سەما، مۆسیقا، گۆرانی یان هەر فۆرمێکی تر لە هاپێنینگدا کۆدەبێتەوە، سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن و هیچ کام لەم هونەرانە لەسەر حسابی ئەوانی تر دەست نەگرێت بەسەر پڕۆژەکەدا. هەموو یەکێک لەم هونەرانە لە کۆنتێکستی پرۆژەکەدا، یەکەیەکی سەربەخۆ و بەهێزی خۆی هەیە و بە هەموویان فۆرمە نوێیەکە پێک دەهێنن. لەگەڵ ئەمانەیشدا، هاپێنینگ وەک فۆرمێکی شانۆیی ناوی دەرکرد و لەلای زۆربەی ڕەخنەگرەکان بە ئێستاتیکایەکی شانۆیی و فۆرمێکی شانۆی ئەڤانگارد ناوزەد کرا.

وێنە: ژۆلیان بێک لە کاتی مەشقی شانۆنامەی ئەنتیگۆنا-دا

هاپێنینگ هونەری ئەو ساتەوەختەیە، کە نەمایشەکەی تیا پێشکەش دەکرێت، بەڵام نابێت ئەوەیشمان لەیاد بچێت، کە هاپێنینگ لە هەموو ڕوویەکەوە ئامادەکاری بۆ دەکرێت و هونەرێک نییە بدرێتە دەست قەدەری ڕاگوزاری و لەبەردەمی بینەراندا لەدایک ببێت. هەموو نەمایشێکی هاپێنینگ ستایلی خۆی هەیە و هونەرمەندەکانیش لە فۆرمی خۆیاندا و بەشێوازی جودا کار دەکەن، بێگومان ئەنجامی جیاوازیشیان هەیە.

کلتووری هاپێنینگ بەشێوەیەک لە شیوەکان توانی بەشێوازی خۆیی و لە فۆرمی خۆیدا، خەونە دێرینەکەی شانۆی میللیی لە پێکەوە بەستنەوەی شانۆ/ئەکتەر/نەمایش/بینەران، هونەر و ژیان بهێنێتە دی. لەم ڕووەوە هەندێک لە تیۆریستەکان، هەوڵی دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و دیدی هاوجۆر و فۆرمێکی نزیک لە یەکترەوەیان داوە.

لە کۆتایی شەستەکان و ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا، چەندین فۆرمی تری هونەری، لە دەرەوەی سنوورەکانی داب و نەریتە شانۆییەکان و تیۆرەکانی درامادا لە دایک بوون، ئەم فۆرمانە زیاتر لە ژێر ناوێکی تردا پێناسە کران، کە لە چەمکەکانی مۆدێرنیزمە و شانۆیەکی مۆدێرن و پۆست مۆدێرنیزمەوە نزیک بوون. هەر لێرەوە چەمکی (پێرفۆرمێنس) بووە دەستەواژە و فۆرمێکی نوێی هونەری، کە بە هونەری پێرفۆرمێنس ئاماژەی بۆ کرا. دەبێت ئەوەیشمان لەبیر نەچێت هیچ جۆرە بنەمایەکی تیۆری بۆ ئەم تەوژمە هونەرییە دروست نەبوو، کە بنەمایەکی هزری/فەلسەفی/دراماتۆرگی/ئێستاتیکی بۆ ئەم چەمکەی هونەر دابڕێژێت.

وێنە/نەمایشێکی هاپێنینگ، شەستەکانی ئەمەریکا

لەگەڵ ئەوەیشدا، لە حەفتاکاندا چەند کتێبێک دەرچوون، کە دەیانوویست پێناسەیەکی هونەری بۆ چەمکی پێرفۆرمێنس بکەن، بۆ نموونە چۆن ژیان دەگوڕێت بۆ هونەر و بانگهێشتکردنی بینەران وەک بەشدار، تەنانەت بەبێ ئەوەی بینەر خۆی هەستی پێبکات، بەشدارێکی ئەکتیڤ بێت لە کارە هونەرییەکەدا، هەر وەک ئەوەی بەشێک بێت لە ژیانی ڕۆژانەی خۆی. یان بەشێوەیەک وەها توڕە بکرێت و بووروژێنرێت، کە خۆی ئەو هەنگاوە بنێت و بەشداری بکات، بەبێ گوێدانە ئەنجامەکانی ئەو ووروژاندن و بەشداریکردنە.

هەر لەبەر ئەوەی هەموو بەرهەمێکی هونەری بەرجەستەیەکی خودگەرای هونەرمەندەکەیە، بۆیە هونەری پێرفۆرمێنس لەنێو ڕەوشی کارەکەدا دەتەقێتەوە و کارە هونەرییەکەیش دەبێتە چەندین پریشک لە بیۆگرافیای ژیانی هونەرمەندەکە: هونەر لە ژیان و لە ساتەوەختە پڕ لە ڕەوشە چاوەڕوان کراو و چاوەڕواننەکراوەکاندا، دروست دەبێت. یەکێک لە ئامانج و پەیامەکانی تری پرۆژە هونەرییە پێرفۆرمێنسەکان، ئەوە بووە وا لە بینەرەکانی بکات، هەر بەڕاستی واقیع بەشێوەیەکی تر، هەر وەک ئەوەی ژیان بۆ یەکەم جار، کردارەکانی ژیانی ڕۆژانە بەشێوەیەکی سەیر و نامۆ ببینێت.

وێنە/ دیمەنێک لە یەکێک لە نەمایشە هاپێنینگ-ەکان، شەستەکانی ئەمەریکا

http://danamarouf.com/

https://www.facebook.com/dana.marouf.90

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like