لە ھەولێر لە گەڵ (باوک) بە یەک گەیشتین

واتێ بگەم راستەوخۆ بچینە نێو کرۆکی بابەتی شانۆگەری ( باوک) باشترەو و دوو سێ قسە لە سەر ئەو نمایشە بکەین، ئەوەندە لە سەر تێکستەکەی ئۆگیست سترانبیرگ ـ ی گەورە نووسەری سویدی نەوەستین ، چونکە فەلسەفەو ئامانجی شانۆیی (ئۆگیست سترانبیرگ ) وەک خاوەن میتۆدێکی سروشتی و واقیعی ، پێگەی تایبەتی خۆیان ھەیە لە بواری رۆمان و شانۆ و ئەدەبی جیھانی و پرسی ململانێی کۆمەڵایەتی و دەروونی، بە تایبەت دوای نمایش کردنی شاکارە مەزنەکەی ( باوک ) کە زۆرینەی شانۆکانی جیھانی ھەژاندووە.
ئۆگیست سترانبیرگ ـ ئەو نووسەرە بلیمەتەی ئەدەب و کولتوورو، شانۆی سویدی و شانۆی جیھانیی بە ھزرو رۆمان و بەرھەمە بە پێزەکانی دەوڵەمەند کردووە، یەکێکە لە سێ جومگەکانی وەک چیخەف و ئەبسن، کە پێشەنگی شانۆی نوێی جیھانی بوونە، تا سەدەی بیستەم.
سترانبیرگ ساڵی ١٨٨٧ ئەم شانۆگەریەی بڵاو کردۆتەوە، کە یەکێکە لە دیارترین ئەو شانۆگەریانەی لە ئەدەبی جیھانیدا زۆر بە تێرو تەسەلی بەرجەستەی ملمڵا نێ ی نێوان پیاوو ئافرەت دەکەن، ناوداریەتێکی زۆری بە ھەردوو شانۆگەری سروشتی و تەعبیر ییەکانی وەک ( باوک ) و (خاتوو جولیا ) و چەند شانۆگەری تر، دەربارەی ملمڵانێی ئافرەت و پیاو پەیدا کرد، دواتر بوو بە پێشەنگی شانۆی دەروونی، بە تایبەت دوای نووسینی شانۆگەری (خەون و ئەقلی قوڵایی)

عکس ‏‎Haeder Abdulrahman‎‏

چمکی نمایشەکەی (باوک) ی سترانبێرگ ، سەربوردەی ( ئەدۆلف ) ی کابتنە، کەسێکی بە مەعریفەو زانست پەروەرە، ئەو پیاوەی ھەموو ژیانی بۆ بایەخ پێدان بە توێژینەوە زانستیەکان تەرخان کردووە، بە بەردەوامی بە دوای کتێبدا دەگەڕێت و ماڵەکەی پڕ کردووە لە فەلسەفەو زانست، ھاوسەرگیری لە گەڵ ( لۆرا ) ی خوشکی قەشە کردووە، بیست ساڵی تەمەنیان بە یەکەوە بە سەر بردووە، کچێکیان کەوتۆتە نێوان بە ناوی (بیرتا) کە سەرچاوەی سەرەکی کێشەی نێوانیان بووە.
لورا ـ ئارەزووی ئەوەی دەکرد ( بیرتا ) لە گەڵیاندا بژی و فێری ھونەری رەسم کردن بێت، بەڵام ئەدۆلیفی باوکی بە پێچەوانەوە دەیویست کچەکەی لێیان بە دوور کەوێتەوەو لە گەڵ ژنانی تر دابڕێ ، ببێت بە مامۆستا، تا ئەگەر ھاوسەرگیریشی نەکرد، بتوانێت خۆی بەڕێوە ببات
کابتن لە سەر بیرو ڕاکەی خۆی مکوڕە، چونکە خۆی بە بەرپرسی یەکەم دادەنێ بەرامبەر بەئایندەی کچەکەی،
لورا ـ دڵگرانە بەوەی کابتن ھەموو ئەو پارەو پوولە بۆ کڕینی کتێب و توێژینەوەی زانستی خەرج دەکات و دژایەتی ژنەکەی دەکات بۆ پەروەردەکردنی کچەکەی.
ئەم کێشەیەی پەروەردە کردنی منداڵ و رێکخستنی کاروباری نێو خێزان، کێشەی سەرەکی مل ململانێ ی نێوان ئەو ژن و مێردە بوو، ئەو کاتە کابتن لە پۆپەی دەسەڵات بوو، قسەی یەکەم لەو ئیمپراتۆریەتە بچووکەی ماڵ، قسەی ئەو بوو، بەڵام دواتر کە پەتای گومان و رارایی رووی تێ کرد و ھەست و دەروونی داگیر کرد، بە ھۆی گومان کردن لەوەی بیرتا ـ کچی راستەقینەی ئەو بێت و ژنەکەی خیانەتی لێ نەکردبێت ، گومان ئەدۆلیفی کابتنی خستە قۆناغێکی ترسناک لە ژیانیدا، تەنانەت کاتێ پزیشک سەردانیان دەکات ، لورای ھاوسەری ئەدۆلیف بە شێت بوون لە قەڵەم دەدات، چونکە ئەدۆلیف گومان لەوە دەکات کە بیرتا کچی ئەو بێت، بەڵام کاتێ پزیشک دەیبینێ ، زۆر پێی سەرسام دەبێت و رێز لە توێژینەوەکانی دەگرێ ، ئەدۆلف وا لە پزیشک دەگەیەنێت کە ھۆکاری توڕە بوونی ئەوەیە خاوەن کتێبخانەکات کەمتەرخەمن لە ناردنی کتێب بۆ توێژینەوەکانی، ئەگەرچی چەندین نامەی بۆ ناردوون.
بۆیە پزیشک بە لورا دەڵێت کە ئەو ھەست بەھیچ نیشانەیەکی شێت بوونی ئەدۆلیف ناکات، ئەو توێژینەوانەش ھەمووی نیشانەی بیرمەندی مێردەکەیەتی.
بەڵام (لورا) پێداگری دەکات لەسەر بە شێت بوونی مێردەکەی و داوای لێ دەکات چاوەڕوانی بکات تا نیشانەکانی شێتی تیا دەردەکەوێت.
کاتێ کابتن لە پۆستە خانە دەگەڕێتەوەو دەزانی ژنەکەی ناردنی ھەندێ نامەی لێ قەدەغە کردووە، توڕە دەبێت ، ئەوەندەی تر لورا دەیھەژێنێ کە پێی دەڵێ ھەموو دۆست و برادەرانی بە شێت بوونی ئاگادار کردۆتەوە و بەم زووانە دەست بە سەر سەرو سامانیدا دەگرێ
ئەدۆلیف ئاگاداری ژنەکەی دەکاتەوە ئەگەر ئەو مەبەستی شێت کردنی بێت ، ئەوە پێش ئەوەی ئەوە روو بدات خۆی دەکوژێت، بەمەش ئاواتی دەست بە سەر داگرتنی قرۆشێکی بۆ نامێنێتەوە لە سەرو سامانەکەی .لە ئەنجامی ئەو روو بە روو بوونەوە توندو تیژە ئەدۆلیف لە حاڵەتێکی توڕە بووندا،چرایەکی ھەڵگیرساوی بۆ داوێ ..
(لورا) قەشەی برای و پزیشک بانگ دەکا، بۆ ئەوەی رووداوەکەیان بۆ بگێڕێتەوە، بۆیە پزیشک داوا دەکات بە زووترین کات بۆ چارەسەر کردنی شێت بوونەکەی ئەدۆلیف رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت، داواش لە مارگرێتی دایەن دەکات کراسی شێتخانەی لە بەرکات، بەڵام ئەو رەتی دەکاتەوە.
(ئەدۆلیف) بە تەنیا لە ژوورەکەی خۆی دادەنیشێ و دەردە دڵی خۆی دەکات، یادی ئەو ئافرەتانە دەکاتەوە کە لە ژیانیدا خیانەتیان لە گەڵدا کردووە،
ئینجا (بیرتا)ی کچی دێتە ژوورو لە ھۆکاری پەلامارەکەی باوکی دەپرسێ بۆ سەر دایکی ..ئەویش لە تاو گەورەیی کارەساتەکە لەویش توڕە دەبێت و بە بێ ئەوەی ئاگای لە خۆ بێت بە دەمانچە ھەڕەشەی لێ دەکات، بۆیە (بیرتا) ھاوار دەکا کە باوکی شێت بووە.
دواتر (مارگرێت)ی دایەن دێت و بە دەم گێڕانەوەی یادگارە کۆنە بە چێژەکانی، بە ئەسپایی کراسی شێتخانەی لە بەر دەکات و بەو کراسەوە دەیبەستێتەوە، کابتن کە ھەست بە بەستانەوەی خۆی دەکات ، بە گلەییەوە بە مارگرێت دەڵێت : تۆش مارگرێت ؟
ئەدۆلیف ـ تووشی داھێزران دەبێت و بە دەم ئێش و ئازارە دەروونییەکانی، خەو دایدەگرێ،کاتێ دەزانێ پاڵتۆکەیان لە بەر کردۆتەوە، کە ئەو بە پێستی شێر ناوی دەبات، دەزانێ ئیدی ھەموو شتێ بەرەو کۆتایی ھاتن دەچێت ، بۆیە داوا لە مارگرێتی دایەن دەکات، رانی بۆ بکاتە سەرین، بۆ ئەوەی پشوویەک بدات و بە ئارامی رادەستی مەرگ بێت.
بەم دیمەنە کۆتایی بە ئیمپراتۆریەتی کابتن دێت لە ماڵەکەو ژنەکە سەرکەوتوو دەبێت لە بەدی ھێنانی خەونەکانی و دەست بە سەرداگرتنی دەسەڵات و سەرو سامانی کابتن.
سترانبیرگ نەیویستووە واقیع رتوش بکات، بەڵکو وێنەیەک وەک خۆی نیشان بدات، چونکە ئەو ھەمیشە مۆرکی بە ململانێ کۆمەڵایەتیەکانەوە گرتبوو، بە تایبەت ئەو نەخۆشییانەی لە ناو خودی خێزانەوە تەشەنە دەکەن.
ململانێی ژن و مێرد لە شانۆیی ( باوک ) دا ئەو دژایەتیە فیکری و کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی و دەروونی و پەروەردەییەیە، کە دەرھاوێشتەی زەمەنێکە لێواو لێوە لە نیگەرانی و گومان و دوو دڵی ، لە دوای روخانی خۆشەویستی بە ئەلتەرناتیفی خۆپەرستیەتی و نەرگزیەت و تەماعکاری
زەمەنێک نغرۆی گومانە، لە بۆشاییەکدا کە مرۆڤ ھەموو شتێک دەکات لە پێناو سەپاندنی غەریزە ئەھریمەنیەکانی خۆی، ئەم گومانە لە یەکەم رۆژی ناوک بڕانی مرۆڤایەتیەوە ھەیە، تا ئەو دەمانەش و دوای ئەو دەمانەش ، بەردەوام دەبێت.
لە شانۆیی ( باوک) دا ئەو گوتارەی سترانبیرگ بۆ سەردەمی خۆی ھەیبووە، رەنگە درێژەی ھەبێت بۆ زۆر لە سەردەمەکانی دوای خۆشی، لە سنووری کۆمەڵگایەکی دیاری کراوەوە بپەڕێتەوە بۆ زۆر لە کۆمەڵگاکانی جیھان، لە زەمەنێکەوە بۆ چەندین زەمەنی تر.. بێ ئەوەی سترانبیرگ بە سنوورێکی جوگرافی و زەمەنێکی دیاری کراوەوە بەسترابێتەوە.
بە ھەمان شێوەش ( باوک) تەنیا ئەو رەسمە نامێنێتەوە کە سترانبیرگ کێشاویەتی ، لەوانەیە دەرھێنەرێکی ھۆڵەندی لە رەسمی باوکدا وێنەو چمکێکی تر ھەڵێنجێ، کە پێشتر بە رەنگێکی تر نیشان درابێت، دەرھێنەرێکی کوردیش ، بۆی ھەیە بەو شێوەیە باوک نیشاندا کە لە خەیاڵی ئەو دایە، گرنگ ئەوەیە ئەو داھێنەرێکی تر بیت جودا لەوانی تردا
ئەوەی گرنگە ئەوە یە، دەرھێنەر ئاشنا بە عالەمی سترانبیرگ بێت و بزانێت ستایلی سترانبیرگ جیاوازی ھەیە لە گەڵ ئەوانی تر، چونکە زۆر لەوانەی پێشتر ئاشنا بە عالەمی چیخەف و ستایلەکەی نەبوونە، ھەمیشە شکستییان خواردووە، تۆ وەک دەرھێنەر پێویستیت بە میتۆدی تایبەتی ھەر یەک لەوانە، کە لە رێگەی بە بە پراکتیک کردنی تیۆرو بە پیشە بوونی شانۆییەوە ئاشنایان دەبیت، رەنگە کەم دەرھێنەری کوردیش ئەگەر ئەکادیمی و دەرھێنەرێکی پیشەیی نەبێت بتوانێت بچێتە ناو دنیای ھەندێ لەو بلیمەتانەی کە میتۆدو ستایلی تایبەتی خۆیانیان ھەیە
سترانبیرگ ، شێوازی سروشتی خۆی ھەیە لە شانۆدا، لە پاڵ ئەندریە ئەتوان ، چیخەف ، ئەبسن ، بە دوای گەڕان بە دوای ئەشکەنجەو ئازارەکانی کۆمەڵگاو نەخۆشییەکانیدا دەگەڕێن، بۆیە ئەو ئەکتەرانەش کە لەو جۆرە نمایشانەدا کار دەکەن، دەبنە وێنەیەک لەو ستایلە سروشتیە، دەبێت خۆیان دوورە پەرێز رابگرن لە گوتار بێژی و دایەلۆژی راستەوخۆ و دوور لە ھاتو ھاوارو جولانەوەی زێدە ڕۆیی.
دەرھێنان:
دەرھێنەر( سدیق عەزیز) کەمتر وەک دەرھێنەر بە بینەری کورد ئاشنایە، تا ئێستا ھیچ بەرھەمێکیمان لە کوردستاندا نەبینییووە، ناشزانین لە کوێوە چۆتە ناو پیشەی دەرھێنانی شانۆییەوە، بەڵام ئەرکی ئێمە گەڕان بە دوای ئەو باگ راوندەدا نیە، ھەڵسووکەوت لە گەڵ بەرھەمێکی شانۆیی دەکەین کە ئەو دەرھێنەرەکەیەتی، ئەو توانی وێنەیەکی ترمان لە شانۆی واقیعی نیشان بداتەوە ، بەڵام ھەموو ئەزموونێکیش مەرج نیە لە ھەموو بۆشاییەک بە دەر بێت،بۆیە من وا ھەست دەکەم شوێن پەنجەی ھەندێ خاڵی لاواز لەسەر پانتایی نمایشەکەدا دەبیندرێت ، لەوانە:
١.رانەگرتنی ھاوسەنگی لە ریتمی نمایش، بە ھۆی چارەسەر نەکردنی کێشەی تێکست و دیالۆگی درێژو دادڕ
٢.لاوازی لە بونیاتنانی ئەو دیمەنانەی ھەمە رەنگی لە فۆرم دا دروست دەکەن، نمایش رزگار دەکەن لە فۆرمی چەقیوو.
٣. لاوازی لە سینۆگرافیا و ستاتیکای شانۆیی و بەجێ ھێشتنی فەزای شانۆ بە رووناکی و رەنگی کراوەو فلات، سوود وەرنەگرتن لە تەکنیکی شانۆیی ، بە تایبەت بۆ نمایشێکی دەروونی و سایکۆلۆژی بۆ بەرجەستە کردنی ناخی ئەکتەر بە سینۆگرافیا، کە رەنگە ھەندێ جار نمایش ھەر تەنھا جەستەو ئەدای ئەکتەر بەس نەبێت بۆ دەرخستنی ھەندێ ھێمای دەروونی.
٤.لە دەست دانی چێژ بە ھۆی ریتمی چەسپاوو بۆشایی سینۆگرافیا، لە ھەندێ دیمەندا.
٥.بە گشتی دەرھێنەر ھەموو پشت بەستنێکی بە ئەکتەر بوو، زۆرینەی پێکھاتەکانی دیکەی فەرامۆش کردبوو، رەنگە ئەگەر رەگەزەکانی دیکەی ستاتیکای شانۆیی کارا بوونایە، ئەوە نمایشەکە ئاستێکی تری وەردە گرت ، کە زۆر لەوەی ئێستا باشتر بێت.
٦.کاتێ دەرھێنەر بڕیاری بژارکردنی ئەو تێکستەی دا، خۆی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی زۆر سەخت ، کە رەنگە ھەموو دەرھێنەرێک دەرەقەتی نەیەت، بە ھۆی پێداویستیە ھونەرییەکانی ، کێشەی ھەرە گەورەی دەرھێنەرێک کە خۆی لە قەرەی شانۆیی (دیالۆگ ) دەدات ئەوەیە، دەسەڵاتی ئەوەی ھەبێت دیالۆگ لە چوارچیوەی تەنیا وشەو رستەو دەستەواژە دەربێنێ و بیخاتە نێو چوارچیوەیەکی ھونەریی ئەوتۆ بینەر دووچاری خاوبوونەوە نەکات، کاتێ بینەر سەعات و نیوێک لە سەر کورسیەکی رەق دادەنیشێ ، لە چاوەکانیشەوە چێژ وەرگرێ، خۆ بینەر ھەر تەنھا بۆ گوێ گرتن نایەتە ھۆڵی شانۆیی ئەگەر رەگەزەکانی تر نەیوروژێنن و ھەست بە تێپەڕبوونی کات نەکات.
بۆیە بینەر چۆن پێویستی بە بیستنە، زێتر لەوەندەش پێویستی بە بینینە، خۆ ئەگەر لە نمایشی باوک دا بەراوردی نێوان بیستن و بینین بکەین، بە روونی ھەست بە لەنگ بوونی ھاوسەنگی دەکەین و لەوە بە ئاگاین کە سێ بەشی رووبەری نمایش بە دیالۆگ داگیر کراوەو تەنیا بەشێکی بۆ چاو و رەگەزەکانی دیکەی وروژاندن ماوەتەوە.
ئەکتەر :
راستە ھەر پێکھاتەیەکی شانۆیی کاریگەری تایبەتی خۆیان بە سەر نمایشەوە ھەیە، بەڵام ھەندێ لەو پێکھاتانە جومگەیەکن لە ھەیکەلی شانۆیی دا،بۆ راگرتنی ریتمی نمایش .
ئەو ئەکتەرانەی لە باوک ـ دا دەرکەوتن بە گشتی ئەکتەری پرۆفیشنالن و زۆرینەیان ئەزموونێکی دەوڵەمەندییان ھەیە چ لە گەڵ شانۆی کوردستان چ لە گەڵ شانۆی ئەوروپا، ئەم چانسەی گرد بوونەوەی ئەو کۆمەڵە ئەکتەرە بە توانایە لە دەوری ئەو نمایشەدا، بوون بە فریاد رەزی نمایشەکەو رزگار کردنی لە تاقیکردنەوە سەختەکە.
دەرھێنەر لە کاتی ھەڵسووکەوت کردن لە گەڵ ئەکتەری پرۆفیشنال و خاوەن ئەزموون ، ئەرکە ھونەرییەکانی ساناتر دەبێت ، لە رووی وەرگرتن و لە رووی ئیزافەی نوێ لە لایەن ئەکتەرەکان خۆیانەوە، بەو ناوەی کە ئەوان خاوەن مەعریفەن بۆ ناساندنی ستایلی کارکردن و ناسینی کاراکتەرەکانی خۆیان، ئەگەر دیقەت بدەیت دەبینی کە جگە لە شەماڵی عەبە رەش کە ئەو لە دەرەوەی بازنەی بەراورد پێکردن بوو، ئەوە زۆرینەی کاراکتەرەکانی دیکە، ئەکتەری ئامادە بوون ..دەکرێ بڵێن نمایشەکە نمایشی ئەکتەر بوو، چونکە ئەکتەر بوو بە ئەلتەرناتیف بۆ پڕ کردنەوەی ھەموو بۆشاییەکان، سەرچاوەی چێژ لای بینەر لە پێرفۆرمانسی ئەکتەر دابوو، ئەگەر شەماڵی عەبە رەش دیارترین نیشانەی نواندن بێت ، ئەوە خەرمان ھیرانی ، سیروان جەمال، دلشاد ئەحمەد ، شادان فوئاد ، دییە عەلی و ئەوانی تر ھەر یەکەو بە قەد رۆڵی خۆی کاریگەری ھەبووبە سەر ئاستی نمایشەکە.
ئەکتەرەکان لە نێًوان خۆیاندا ھێزیان بە یەکتر دەبەخشی، بۆ ئەوەی ویًَڕای ئەو بارە قورسەی لە دیالۆگدا لە سەر شانیان بوو، ریتمی نمایشەکە لە دەست نەدەن .
شەماڵی عەبە رەش کە ھەموو پێکھاتەکانی جەستەی ھەر لە ئەداو ئیلقاوە ، تا دەگاتە سیماو روخساری سپی رەنگی، لەو نمایشەدا شوێنەوارێکی لە دوا تاقیکردنەوەکانی تەمەنی ھونەری خۆی بە جێ ھێشت، کە لەو بڕوایە دانیم ھیچ لە ئەکتەرەکانی شانۆی سترانبێرگی لە ئەوروپا دەسەڵاتی ئەو ئەدا بەرزو بڵندەی بووبێت ، بۆیە ھەر کات ناوی نمایشی (باوک) بێت، ئەوە ئەو دیمەنەی کۆتایی شەماڵ بە زاکیرەماندا دێتەوە، جارێکی تر چێژێکی دیکەمان پێ دەبەخشێتەوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like