لەم نوسینەدا هەوڵ ئەدەم بە چەند خاڵێکی بنەڕەتی باس لە چەند کێشەیەکی دەبارە و سەد بارە ی مۆنۆدرامای کوردی بکەم.

هەڵبەت ئەو نمایشانەی من بینومن یان

خوێندومنەتەوە بۆیە ناتوانم بڵێم ئەمە بۆ هەموو مۆنۆدرامایەکی کوردی ڕاستە.

بەڵام چەند خاڵێکی هاوبەش هەیە کە بەردەوام بەرچاومان ئەکەوێت کە وامان لێئەکات بڵێیین ئەم جۆرە نمایشە لە ڕوی تەکنیک و فۆرمەوە هەر درێژکراوەی شانۆی هەشتاکانە واتا چل ساڵ تێئەپەڕێت و مۆنۆدراما لای کورد گۆڕانی تیا دروست نابێت.

یان زۆر بەکەمی ئەم گۆڕانە بەرجەستە ئەکرێت بۆ ڕاستی ئەو دێڕە گەر دوو دەقی مۆنۆدرامای کوردی دوو سەردەمی جیاواز بەراورد بکەین بە ڕونی ئەبینین کە جگە لە بابەت و چیرۆک هیچ جیاوازیەکی گەورە نابینین.

‌لێرەوە هەوڵ ئەدەم بە چەند خاڵێک لەسەر کۆمەڵێک کێشە بوەستم دڵنیام گەر دەرهێنەر یان نوسەر یان ستافی کار بۆ بەرهەمێکی مۆنۆدراما چاوێکی پیابخشێنن لە سود زیاتر هیچ کاریگەری تری نابێت

 ‌1:_دەق. بیرۆکەی سەرەکی و چیرۆکی بنەڕەت..

بەداخەوە زۆرینەی مۆنۆدراماکانی ئێمە هەوڵدانە بۆ دوو شت یەکەم کارکردن لە ڕوکەشدا و نەتوانین لە قوڵبونەوەی فەلسەفی بابەتەکەدا.

ئەمە وا ئەکات بینەر بەرانبەر نمایشێک دانیشێت کە نەک ئیزافەی مەعریفی نیە بۆی بگرە نە پرسیاری تازە نەگومانی نوێی لا دروست ناکات، چونکە ئەم خۆشی ئەو ڕوکەشە ئەناسێت و مامەڵەی لەگەڵ ئەکات بۆ نمونە ئێوە چەند مۆنۆدرامای کوردیتان بینیوە کە باس لە کێشەی ژن ئەکات کام لەمانە توانیوێتی خۆی دەبارە نەکاتەوە لە کێشە ڕوکەشیەکاندا؟

ئەی هیچیان توانیویانە لە ڕوی فکرەوە خۆیان لەوە دەربازبکەن کە ژن وەک قوربانی پێشکەش بکەنەوە؟

ئەها ئێمە چەند بە فەنتازیەیەکی بچوکەوە و بە هەناسەی نوسەرەکانی چل ساڵ پێش ئێستا ئەمانەوێت شاکار بنوسین؟

 ‌لەکاتێکدا ئەکرێت ژن هەموو ڕۆڵەکانی ناو ژیان ببینێتەوە، بەڵام نا لای ئێمە هەمیشە عاشقێکی زوڵم لێکراو و قوربانیەکی گەورەیە.. هەڵبەت ئەمە نمونەیەک بوو بۆ ڕەگەزەکانی تریش لە مۆنۆدرامای کوردا..سەیرکە چۆن نیشتیمان… عەشق.. تەنهایی.. ڕابردوو… تەوزیفکروان پێش چل ساڵ هەر بەو بیرەوە خۆمان سەد بارە کردۆتەوە تەنها ناونیشانی دەقەکانمان جیاوازە. ‌

دوهەم کارکردن لە کێشە هەنوکەییە لۆکاڵیەکاندا. ئەم جۆرە دەقانە مەحکومن بە تەمەنێکی کورت و سنورێکی دیاریکراو. ‌ئەوەی زۆر گرنگە و کەم ئاوڕی لێدراوەتەوە ڕەگەزی چیرۆکە لە مۆنۆدرامادا زۆرینەی هەوڵەکانمان لەبیرۆکەی سەرەتاییەوە بۆ نمایش بازدانە بەسەر قۆناغی چیرۆکدا کە ڕەگەزێکی گرنگە بۆ لەچوارچێوە گرتنی کۆی شتەکان.نەبون یان لاوازی چیرۆکی بنەڕەت جگە لەپەرش و بڵاوی هۆکاری سەرەکیشە بۆ لاوازی نمایش

2:_ بەدیالۆگ کردنی مۆنۆلۆگ..

هەڵبەت خاڵێکی گرنگە و ئەشێت نوسینی درێژتر بە دوای خۆیدا بهێنێت.. بەو پێیەی یەک ئەکتەر مەحکومە بە پێشکەش کردنی چیرۆکەکان.

 مۆنۆدراما توشی گرفتی زۆری مۆنۆلۆگ ئەبێت خۆ ڕزگارکردن لەمە هەوڵدانی بەردوامی نوسەر یان دەرهێنەرە بۆ بە دیالۆگ کردنی بەشێک لەوە. ئەمەش لە شانۆی کوردیا سەد بارە و هەزاربارە هەر هەمان تەکنیکن.

یان قسەکردنە لەگەڵ جلوبەرگ.. شتومەکی سەر شانۆ. یان قسەکردنە بۆ کەسێکی نەبینراو لەسەرتەختەی شانۆ.

تەمەڵی و نەگەڕان بۆ شێوازی نوێی بەدیالۆگ کردن وا ئەکات ئێمەی بینەر هەمیشە بەرانبەر ئەکتەرێک بوەستینەوە کە گێڕانەوە (سرد) تاقە چەکی دەستی بێت ئەمەش زۆر بێتاقەتکەرە

3:_ دیواری چوارهەم هەیە یان نا؟ لە ڕوی تیۆریەوە هەندێک نمایش توشی هەڵەیەکی سەرەتایی ئەبن تا ئەمڕۆش. ‌کە لەپڕ ئەکتەرئەکەوێتە دیالۆگ لەگەڵ بینەردا یان داوای شتێکی لێ ئەکات یان پرسیارێکی لێیان هەیە.

بۆ هەندێک نمایش ئەمە تەکنیکانە هەرچەند زۆر کۆنیشن، بەڵام سودی خۆی هەیە. گرفتەکە ئەو نمایشانەن کە بێ هۆیەکی زانستی یان فکری ئەو دیوارە ئەروخێنن و دروستی ئەکەنەوە. ئەیڕوخێنەوە.. ئەم کردارە لەبەرجەستەکردندا چەند ئاسان بێت، بەڵام لە ڕوی تیۆریەوە هەڵەیەکی گەورەیە. ئەبێت دەرهێنەر ئەوە بزانێت ڕوخانی ئەو دیوارە هەموو جارێک بینەر ئەهێنێتە دەرەوەی کایە شانۆییەکە و چوارچێوەی چیرۆکەوە بۆ دیسان چونەوە ناوەوە کاتی ئەوێت.. ماندوو بونی ئەکتەر بۆ دیسان بردنەوەی بینەر بۆ ناو چیرۆکەکە دروستکردنەوەی باوەڕ و پەیوەندی کارئەکتەرەکە بە بینەرەوە گەر ئەو دەرچونانە زۆر بە وردی شی نەکرێنەوە بەتایبەت لە ڕوی تیورێەوە زیانی گەورە بەر هەموو پرۆسەکە ئەکەوێت بەکورتی بینەر نەک بڕوا لەدەست ئەدات بەرانبەر ڕاستگۆی کارئەکتەر و خودی چیرۆکەکە. بگرە زیاتر هەست ئەکات لەبەردەم گەمەیەکدا گەمەیەک کە لە حەزەوە سەرچاوەی گرتوە و خاڵیە لە مانا

4:_ نواندن. ئەمە بۆ زۆرینەی نمایشەکان ڕاستە.ئەکتەری مۆنۆدراما لەژێر گوشاری تەنهایدا پاڵئەداتە بەر کڵێشە سواوەکان.. لە جوڵە و دەنگدا. پاڵ ئەداتە زیادەڕۆی وتەسەنوع.. بۆ یەکەمیان بەس ئەکتەری ترسنۆک ناوێرێت لە قاڵبی مامۆستاکانی دەرچێت و بەس مامۆستای بێ مەعریفەت ە نەرسیسی قوتابی لە قاڵب ئەیات. ‌دەنگێک هەیە ئەوەندەمان بە تەقلید بیستوە هەست ئەکەم ڕۆژێک هەموو هۆڵەکە هەستنە سەرپێ و هاوارکەن بەسە توخوا. ‌جوڵەیەک هەیە لەناوەڕاستی پێشەوی شانۆ ئەکتەر لەسەر ئەژنۆ و دەستی بۆ ئاسمان من ناوم ناوە لوتکەی درۆ ‌ڕوناکیەک هەیە بە بازنە… مۆنۆلۆگێک هەیە بەکڕوزانەوە… سەدان شتی وردی ئاوا سەدبارە کە نازانم کەی بەچاوێکی داهێنەرانە و نوێ خوێندنەوەی بۆ ئەکەین تا بتوانین باس لە شانۆیەکی مۆنۆدرامای.. نوێ.. جوان.. داهێنەر بکەین.

 شوان کەریم

شوان کەریم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like