ناساندن و لێکدانەوەی شانۆنامەی ئاگر تێبەربووەکان و فیلمی  Incendies
ــ نوسین و وەرگێڕان: دێرین حمید  Derin Hamid


٭ ئاگرتێبەربووەکان شانۆنامەیەکە  
لە ساڵی ٢٠٠٣ بۆیەکەم جار بڵاوبووەتەوە بە زمانی فەرەنسی لە نوسینی نوسەری بە ڕەگەز لوبنانی وجدی معود و لەساڵی ٢٠١٠ کراوە بە فیلم.
٭ ئەوەی گرنگ و جێی سەرنجە لەم شانۆنامە/فیلمەدا هێنانی ئەو کۆدانەیە کە لە نێو دەق شانۆیی “ئۆدیب پۆس” هەیە، لە نیشانەی قاچی ئۆدیب بۆ شوانەکەی ئۆدیب هەڵدەگرێتەوە هەتا ئەوەی ئۆدیب لە گەڵ جۆکاساتدا ژیانی هاوسەری پێک دێنێت و منداڵی لێی دەبێت و پاشان دەزانێت ئەوەی ژنێتی دایکیشێتی.
وجدی معودی شانۆنوس زۆر لێزانانە ئەم کۆدانە دێنێت لە نێو شانۆنامەیەکی خۆیدا جێی دەکاتەوە و لەو ڕێگەیەوە چیرۆکی پڕ لە تراژیدیای جەنگی نێوخۆیی لوبنانمان پیشاندەدات و پێمان دەناسێنت
٭ شانۆنامەی سوتاوەکان یاخود ئاگرگرتووەکان، شانۆ نامەیەکە کە هاوشێوەی هیچ کام لەو شانۆ باوانە نییە کە پێشتر خوێندومانەتەوە.

لەم شانۆنامەیەدا کارەکتەری زۆر بە ڕۆڵی تەواو جیاواز و پڕ دەنگ، یان کەم ڕەنگ، کاریگەر و وە هەندێ جار کارەکتەری بێ کاریگەر بوونی هەیە.

کاتی جیاواز لە نێو شانۆنامەکەدا هەیە و هەندێ جار هاوزەمان کاتی ئێستا بوونی هەیە.

خستنە سەرشانۆی ئەم شانۆنامەیە دەکرێت زۆر سەختبێت و ببێتە هۆی کێشە بۆ دەرهێنەر، چونکە بوونی ئەو هەموو دیمەنە زۆر و کورتە، ئەو هەموو کارەکتەرە جۆراو جۆرانە و ئەو شوێن و کاتە جیاوازانە هەندێ جار دەبێتە مایەی سەرئێشەو کێشە بۆ دەرهێنەر، بەڵام لە هەمانکاتدا دەتوانێت ببتە مایەی بەرەوپێشچون و بەرهەم هێنانی شانۆییەکی تەواو جیاواز و تایبەت.
لەهەمانکاتدا ئەم شانۆنامەیە دەتوانم بڵێم یەکێک لە جوانترین و پڕ ڕەنگترین ئەو شانۆ نامانەیە کە پڕ لە ڕەمز و نهێنی قوڵە کە دەتوانێت سەرنجی هەرکەسێک بۆخۆی ڕابکێشێت.
٭ ئەگەر شانۆنامەکەت خوێندووەتەوە و فیلمەکەت نەبینیوە:
ئێمە تا چەند لە ڕابوردووی دایک و باوکمان دەزانین و شارەزاین؟

هەموو شتێک دەربارەی ئەوان لە مێشکی ئێمەدا لەوشوێنەوە دەست پێدەکات کە ئەوان بوون بە خاوەنی ئێمە.  ئێمە زۆربەی شتەکانی ڕابوردوی ئەوان نازانین.

 ئەوان بەشێوەیەکی سەیر ڕابوردوی خۆیان لە ئێمە دەشارنەوە.

 ئەوان هیچ شتێک دەربارەی حەقیقەت و جۆری ژیانی پێشتری خۆیان بە ئێمە ناڵێن.

 چیرۆکانێک کە یارمەتی ئێمە دەدات باشتر دەرک بە جیهان و ژیان بکەین و لێوەی فێرببین.

ئەوان لەگەڵ ئێمەدا هاوبەشی  پێناکەن، چونکە ڕەنگە ئەو چیرۆکانەی کەبۆ ئێمە دەبنە جێی بایەخ بەتەواوی بۆ ئەوان مایەی ئازار و سەرئێشەبێت..

ئەڵبەت بۆ ئەمەش ئەوان هۆکاری خۆیان هەیە کە زۆربەی کات هەتا ئێمە نەچینە ناوییەوە دەرکی پێناکەین.
٭ له دەستپێکی شانۆنامەکەدا
ئێمە لە دانیشتنی خوێندنەوەی وەسێت نامەیەکداین.

ژنێک-دایکێک مردووە و وەسێتنامەکەی بۆ هەردوو مناڵە دوانەکەی دەخوێنرێتەوە.

 لەوێدا لەپاش شێوازی دابەشکاری میراتی دایکەکەیان داوا لەو دووانەیە دەکرێت کە بگەڕێن هەتا باوک و براکەی تریان بدۆزنەوەو یەکی نامەیەک بگەیەننە دەستییان.

ئەم داواکارییە سەرەتای سەفەرێکە بۆ ئەو دوو مناڵە دوانە کە کچ و کوڕێکن”ژان و سیمۆن”  هەتاوەک و بە ڕابوردوی دایکیان-نوال- ئاشناببن.

ڕابوردویەک کە ئەمان بە هیچ جۆرێک هیچ ئاگایان لێی نییە و زانیارییان دەربارەی نییە.

دوو مناڵ کە هەموو ژیانیان لەنێو ئارامی و گەڕانی فەرەنسادا بەسەربردووە بە بێ کێشە، ژان.- کچەکە خوێندکاری دکتۆرایە لە بیرکاریدا و لەهەمان کاتدا وانەی بیرکاری دەڵێتەوە، سیمۆن کوڕەکە یاریزانی بۆکسێنە و خەونی ئەوەیە ببێتە یاریزانێکی پیشەیی لەو بوارەدا و مەدالیا بەدەست بهێنێت.

دەبێت ئێستا بۆ لوبنان شوێنی لەدایک بوونی دایکیان بگەڕێنەوە، هەتاوەک و بتوانن لەوێوە سەرەداوی برا و باوکیان بەدەست بهێنن، ئەمەش دەبێتە سەرەتای ناسینی حەقیقەتی دایکیان.

لە هەمان کاتدا ڕەچەڵەک و ناسنامەی خۆشیان.
گەڕانێک ئەشێت هاوشێوەی هەمان ئەو گەڕانەبێت کە دایکیان لە سەرەتای تەمەنی بۆ دۆزینەوەی کوڕە تاقانەکەی ئەنجامی دەدات، کوڕێک کە بەرهەمی عەشقێکی گەورەیە لەگەڵ وەهابی خۆشەویستی لە دەرەوەی شێوازە باوەکانی ژن و مێردایەتی.
٭ بەمجۆرە شانۆ نامەکە لە ڕێگەی دیمەنە کورت و پچڕ پچڕەکانییەوە وەک ڕۆمانێک لەڕێگەی دیمەن و ڕوداوەکانییەوە بەخۆییتەوە سەرقاڵ دەکات و واتلێدەکات شوێنی بکەویت، بۆ کەسانێک کە نایانەوێت شانۆنامەبخوێننەوە و چێژی لێنابینن بینینی فیلمەکە هەمان کاردەکات.
٭ ئەگەر شانۆنامەکەت خوێندووەتەوە یان فیلمەکەت بینیوە:
لەکاتی گۆڕینی”ئەدابتی” شانۆ نامەکە بۆ فیلم تا ڕادەیەکی زۆر دەرهێنەر توانیوێتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.

بۆ سادەتر بوونی چیرۆکەکە و  لە هەمانکاتدا کەم بوونی زەمانی فیلمەکە دەرهێنەر چەند کارەکتەر و شوێنێکی لابردووە و بۆ ئەمەش تا ڕادەیەکی زۆر توانیوێتی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
هەرچەندە لە نێو فیلمەکەدا کاتێکێ ئەوتۆ بۆ عەشقی نێوان وەهاب و نوال تەرخان نەکراوە.

لە هەمانکاتدا هاوڕێیەتی نێوان سەلما و نوال لەگەڵ ئەوەی چیرۆکی هاوڕێیەتییەکی سەیر لە نێوان ئەم دوکارەکتەرە لە نێو شانۆ نامەکە هەیە و نوال، سەلما فێری خوێندنەوە و نوسین دەکات لە بەرامبەر ئەوەدا سەلما، نوال فێری گۆرانی گوتن دەکات..

هەموو ئەمانە لابراون. یان ساتی تۆڵەی نوال کە تەواوشتێکە بێ خۆئامادەکردنی پێشوەختە ڕودەدات، لەهەمان کاتدا چارەنوسی نوال بەتەواوی وابەستەە بەم کردارەوە کە لە نێو شانۆنامەۆەدا بەتەنها ئاماژی پێدراوە و ئێمە کردارەکە نابینین، لەگەڵ ئەو بێدەنگییە قوڵەی کە لە پێنچ ساڵی کۆتایی تەمەنیدا نوال پەنای بۆ دەبات و هیچ وشەیەک نادرکێنێت بە هەمان شێوە ئاوڕێکی ئەوتۆی لێنەدراوەتەوە.
لەگەڵ ئەمەشدا لەنێو فیلمەکە لەجێی پیشاندانی ئەمانە بۆ وردەکارییەکە لە دەقە شانۆییەکە هەیە دیمەنەکان بەم جۆرەیان لێدێت، نوال لەتەنیشتی ئەو  دارەی کە عەشقی خۆی و وەهابی نوسیوە وەستاوە و گۆرانی دەڵێت، لە نێو ژوری زیندانەکەیدا بێدەنگ بووە و خەریکە جەلادەکەی فێری بێدەنگی مەرگ دەکات.
٭ هەریەک لەو چەمکانەی کە بۆ نوال گرنگن لە نێو دەقە شانۆییەکە و بزوێنەری ئەم کارەکتەرە بوون وەک” نوسین و خوێندنەوە، عەشق، گۆرانی گوتن،توڕەیی، تۆڵە” لە نێو فیلمەکەدا ئاوڕێکی ئەوتۆیان لێنەدراوەتەوە بەڵکو پلاتی سەرەکی چیرۆکەکە لە نێو فیلمەکەدا  بەشێوەیەکی زۆر سەرکەوتوو هاتووە باس لە جەنگ  و ئەو کارەساتانەی جەنگ ئەیخوڵقێنن  پیشاندەدات.
لە هەرشوێنێک و لە هەرکاتێکدا کاتێک لە کەسێک دەدەیت و دەیکوژی ئەوکەسە بۆ کەسانێکی تر خۆشویست و ئازیزە.

ئەگەر ئەو کەسە خۆشەویستی خۆت و کەسی خۆتبێ چی؟  

هەرجەلاد و هەر قوربانییەک ڕەنگە لەگەڵ کەسێکی لەدەست چوی خۆی ڕووبەڕوو ببێتەوە، ئایا ئەوکاتەی کە دەزانێت ئەوە ئەو کەسەیە ئایا دەتوانێت بەو جۆرە هەر بێڕەحم بێت؟
هەر ئەم پرسیارانە بۆ پیشاندانی کارەساتی جەنگ ڕەنگە بەسبێت، هەتاوەک و سینارێۆیەکی باش بۆ فیلمێکی باشی لێ دروستبکرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا لەنێو فیلمەکە ئازایەتێییەکی زۆر باش هەبووە بۆ ئەوەی کە لە نێو دەقە شانۆییەکە زۆر تایبەت و سەرنج ڕاکێشە لاببرێت و لەهەمانکاتیشدا سەرکەوتووبێت.
کۆتایی شانۆنامەکەش دیمەنێکە کە هەردوو دوانەکە ژان و سیمۆن لە ژورێکدا بە رامبەر باوکیان وەستاون، پیاوێک کە جەلادی دایکیان بووە بە هۆکاری ئەو دەست درێژیانەی لە ژوی ئەشکەنجەدا ئەم پیاوە کردوویەتییە سەر دایکیان/نەوال ئەمان هاتوونەتە دونیاوە..

لێرەدا دایکەکە وەک جەلادێک لە نامەکەدا لە ئازەردەرەکەی کە بووە بە باوکی مناڵەکانی دەڕوانێت و ئامادە نییە لێی خۆشببێت. 
نامەی دووەم دەدرێت بە پیاوەکە ئەم نامەیان دایکەکە /نوال وەک دایکێک بۆ کوڕەکەی نوسیوە، دایکێک ئەگەر هەرچەن مداڵەکەی ئازاری دابێت و لە ێر ئەشکەنجەیدابووبێت ئامادەیە لێی خۆشبوێت، چونکە ئەوەی جەلای بووە هەمان ئەو کوڕەیە کە لەسکی خۆی لە ئەنجامی عەشقێکی گەورە لەگەڵ وەهابی خۆشەویستیدا هێناوێتییە دونیاوە.

دیمەنێک لە شانۆی ئاگرتێبەربووەکان کە لە پاریس نمایشکراوە.

ممکن است تصویر ‏‏‏۳‏ نفر‏ و ‏داخلی‏‏ باشد

پۆرترێتی وجدی معود

ممکن است تصویر ‏‏۱ نفر‏ و ‏عینک‏‏ باشد

پۆستەری فیلمی Incendies

ممکن است تصویر ‏‏۱ نفر‏ و ‏متنی که می گوید ‏‎VENISE VENICE DAYS TORONTO NAMUR VARSOVIE MEILLEURE ACTRICE ABU DHABI VALLADOLID LUBNA MÉLISSA MAXIM REMY AZABAL DÉSORMEAUX-POULIN GAUDETTE GIRARD INCENDIES NFILM DE ADAPTE DE PIỆCE DE DENIS VILLENEUVE WAJDI MOUAWAD Magnifique... The Gazette Extraordinaire... Radio Canada A voir absolument Variety Un chef d' 'ceuvre. Le journal de Montreal C 2‎‏‏‏ باشد

گرتەیەک لە فیلمی Incendies.
ئەم دیمەنە دەتوانرێت بە یەکێک لە تراژیدی ترین و شۆک هێنەرترین دیمەنەکانی سینما دابنرێت.

ممکن است تصویر ‏‏۲‏ نفر‏ باشد

دیمەنێک لە شانۆی ئاگرتێبەربووەکان کە لە پاریس نمایشکراوە.

ممکن است تصویر ‏‏‏‏۶‏ نفر‏، ‏افراد می‌نشینند‏‏ و ‏داخلی‏‏ باشد

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like