نیو سەدە شکۆمەندی


چەند ووشەیەک لە خزمەت ھونەرمەندی گەورە عەبدولی حەمە جوان
حەمەسوار عەزیز


قسەکردن لەسەر کاروانی پڕ داھێنانی داھێنەرێکی وەک عەبدولی حەمەجوان، ھەڵوەستەکردن و شڕۆڤەکردنی نیو سەدە تەمەنی شانۆ و درامای میللەتێکە، میللەتێک ئەگەرچی ھیچ کیان و دەسەلاتێکی سیاسی و ئیداری بەدەستەوە نەبووە، بەڵام لە بواری کڵتوور و فەرھەنگ نەوەکو ھەر ھاوشانی میللەتانی تر بووە، بەڵکو لە ھەندێ کاتیشدا جلەوی پێشڕەویکردن و داھێنانیشی بەرکەوتووە.
لە بواری شانۆو دراماش ئێمە خەریکە دەبینە خاوەن شانۆیەکی ریش سپی سەدساڵە، شانۆییەک کۆمەڵێک کارەکتەر تیاییدا وەک ئەستێرە ھەمیشە بەسەر سەرمانەوە دەدرەوشێنەوەو لە شەوە تاریک و ئەنگوستە چاوەکاندا رێگای مەنزل و ھیوامان بۆ روون دەکەنەوەو ھەمیشە وەک پێشەنگی کاروان رووبەڕووی ھەموو نەھامەتی و مەترسیی و شکان و کەوتنەکان دەبنەوەو فێرمان دەکەن لە دوای ھەموو کەوتنێک ئاسۆی ھەستانەوەیەک ھەیە.
یەکێک لەو ئەستێرە پڕشنگدارو درەوشاوانە کە ھەمیشە وەک خۆر روناکی نەبڕاوەی بەر ھەموو کونج و کەلێنێکی ئەم دەڤەرەی ئێمە کەوتووە، ھونەرمەند و مامۆستاو رابەرو پێشەنگی کاروان، عەبدولی حەمە جوانە، ئەو پیاوەی کە یەکێکە لە شانازییەکانی مێژووی سەد ساڵەی شانۆکەمان لە پاڵ چەندین ھونەرمەندی داھێنەری تردا، بەڵکو دەتوانم ئەوە بڵێم کە ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین کاروانی سەد ساڵەی شانۆی کوردی ھیچ داھێنانێکی نەبێت، ئەوە بەلای منەوە ئەوەندەی بەسە کە لەم سەد ساڵەدا ھونەرمەندێکی وەک عەبدوڵی حەمە جوانی بەرھەمھێناوە.
ئێمە کەسمان ناتوانین نکوڵی لەوە بکەین کە ئەم نەوەیە واتە نەوەی حەفتاکان، ئەو نەوە دامەزرێنەرەن کە بناغەی شانۆیەکی ئەکادیمیان داڕشت و ھەموو نەوەکانی دواتر لەم نەوەیە فێری دارە دارەی شانۆ بووین.
من زۆر بەداخەوەم بەھۆی جوگرافیاو تەمەنەوە ناتوانم قسە لەسەر زۆرێک لە کارە شانۆییەکانی مامۆستا عەبدوڵ بکەم، جگە لەو نمایشە شانۆییانەی کە کاتی خۆی بۆ تیڤی تۆمار کراون، دواتریش ئەو دراما و فیڵمە سینەماییانەی کە مامۆستا بەشداری تیایاندا کردووە.
یەکەم خۆر ھەڵاتنیش لە ژێر پاڵتۆکەی گۆگۆڵەو دەرکەوتنی مامۆستایە لە رۆڵی “شێرکۆ” لە شانۆگەی (موفەتیشی گشتی) کە ساڵی ١٩٧١ لە سلێمانی پێشکەشکراوەو دواتر وەک شاکارێک لە تیڤی بەغدا تۆمارکراوەو ئەوەش بۆتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی سەدان ھەزار مرۆڤی ئەم دەڤەرەی ئێمە بینەری ئەم نمایشە ببن و بۆ ھەتا ھەتایە بەشێک لە زەین و یادەوەرییمان داگیر بکات.
موفەتیشی گشتی یا وەک لای خۆمان پێیدەلێین جەنابی موفەتیش، نزیکەی دوو سەدەیە نووسەری گەورەی رووس گۆگۆڵ نووسیویەتی و زیاد لە ٤٥ ساڵە بە کڵێشەیەکی کوردی تەرجەمە کراوەو بەرھەمھاتووە، بەڵام ھەر جارێ کە سەیری دەکەین وەکو ئەوە وایە کە بۆ یەکەمجارە دەیبینین، ھێشتا وەک شنە بایەکی پاییزی دەروونمان ئارام دەکاتەوە، ھێشتا زیاد لە مستەر بین و عادل ئیمام و غەوار، پێکەنین و بزەو خەندەمان پێدەبەخشێت، ھێشتا روونتر و راستگۆیانەتر لەسەر برینە سەختەکانمان ھەڵوەستە دەکات، گەندەڵی ، دزی، ملشکاندنی خەڵک، شەڕ لە پێناو کورسی، بەرتیل و واسیتەو واسیتەکاری و یاساییەکی ھەمیشە خەوتوو، سیسیتمێکی پەروەردەیی عەنتەری، خەستەخانەیەکی تەژی لە مێش و مەگەزو بەکتریا…گەورەو سەروەرم گۆگۆل، تۆ ئەم تێکستەت بۆ روسیا نەنووسیوە، من دڵنیام تۆ لەگەڵ نووسینی ھەر ووشەیەک و ھەر رستەیەک خەونت بەو واقیعەی ئێمە دیوەو ھەمیشە لەبەر چاوت بوون، تۆ بۆ ئێمەت نووسیوە…بۆیە شانۆکارانی ئێمە قەدری ئەو شاکارەی تۆ دەزانن، من سوێندت دەدەم تۆ ھەموو پیرۆزییەکانت، ئەگەر دەیان جار نمایشی ئەو شانۆییەی خۆتت دیوە، قەت دیوتە ئەکتەرێک وەک مامۆستا عەبدوڵی ئێمە رۆڵی ئەو موفەتیشە ساختەیەت بۆ ببینێت، ھیچ ئەکتەرێک دیوە دوای نیو سەدە نمایشی شانۆییەکەی، ھێشتا خەڵکی تامەزرۆو تاسەداری بینینی کارەکەی بن، ھیچ ئەکتەرێکت دیوە وەک مامۆستا عەبدوڵ بەو سادەییە جوانە، بە راستگۆیی و لێوەشاوەیی، قەناعەت بە سەدان ھەزار بینەر بکات و موفەتیشە ساختەکەی تۆ بکاتە بەناوبانگترین موفەتیش لە مێژووی میللەتێک. ئەمە جگە لە داھێنانی ستافی ئەم نمایشە لەسەرووی ھەموویانەوە مامۆستا ئەحمەد سالار وەک دەرھێنەرو ئەکتەر لە رۆڵی قایمقام و عومەر چاوشین و ئازادی حەمە بچکۆل و حیکمەت ھیندی و تەواوی ستافی ئەم نمایشە ناوازەیە.
بەبڕوای من چەند وێستگەیەکی گرنگ لە کاروانی مامۆستا عەبدوڵ ھەیە کە شایستەی ئەوەیە لەسەری بوەستین، یەکەم مامۆستا عەبدوڵ بەدرێژایی تەمەنی زیاتر وەک ئەکتەر ئیشیکردووەو ھەوڵیداوە لەم بوارە توانا ئیبداعییەکانی تەوزیفبکات و کەمتر ھەڵپەی ئەوەی ھەبووە دەست بۆ ھەموو بوارەکانی تری شانۆ و دراما ببات، ئەمەش ئەم جۆرە پسپۆرییەیە کە ئێمە لەو نێوەندە زۆر پێویستمان پێی ھەیە، خاڵی دووەم ئەوەیە کە مامۆستا بەدرێژایی کارە ھونەرییەکانی ھەوڵی نەداوە خۆی لە کڵێشەیەک گۆشەگیر بکات و بەڵکو ھەمیشە بەدوای ئەوە گەڕاوە کە ئەو کارەکتەرانەی کە ئەدایان دەکات لەیەکترەوە نزیک نەبن، بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر توانای نواندنی خۆی دەربخات و ھەستەوەرەکانی بەئەدای جیاواز فۆرمات بکاتەوە، ئەمە جگە لەوەی تەمەن نەیتوانیوە لەرووی توانای ئیبداعییەوە ھیچ شتێک لە مامۆستا کەمبکاتەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ھەستدەکەین تەمەن و ئەزموون زۆر زیاتری پێبەخشیووەو زۆر بەئاگایی سوودی لە قۆناغەکانی کارکردنی خۆی بینیووە.
خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە ھەڵوەستەی لەسەر بکەین، تواناو داھێنانی مامۆستا عەبدوڵە لە ھەردوو بواری کۆمیدیاو تراژیدیا، مامۆستا لە موفەتیشی گشتی لە ستایلێکی کۆمیدی زۆر راقی و بەرز ھاوشانی ھاوڕێکانی ، نمونەیەکی شانۆی کۆمیدی ئاستبەرزو ئامانجدار پێشکەش دەکەن و بینەر فێری ئەوە دەکەن کە کۆمیدیا، ئەو ھونەرە بەرزە لە تەھریج و ریسوابوون جیابکاتەوە.
لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە مامۆستا عەبدوڵ ھەوڵی نەداوە لەسەر سەکەوتنەکانی بخەوێت و بیر لەوە بکاتەوە مادام ئەو دەتوانێت لەبواری کۆمیدیا داھێنەر بێت، ئیتر ھەر لەو فۆرمە بمێنێتەوە، زۆر بە پێچەوانەی ئەمەوە چەند ساڵێک دواتر لە درامای (ژیان) کە یەکەم درامای کوردییە وەک شانۆ پێشکەش نەکراوە، مامۆستا لەو درامایە رۆلێکی تەواو جیاواز بە جیاوازی سەدوھەشتا پڵە لە موفەتیشی گشتی، رۆلی کارەکتەری رێبوار دەبینێت کە ھیچ فۆرمێکی ناچێتەوە سەر کارەکتەری شێرکۆی موفەتیشی گشتی، تەنھا لەوەدا یەکدەگرنەوە کە لە دروستکردنی ھەردوو کارەکتەر، ئەکتەرێکی داھێنەر دەبینرێت کە دەزانێت چۆن کەرەستەکانی بەکاردێنێت و ھەمیشە سێبەری زاڵ بووە بەسەر ئەو کارەکتەرانەی کە بەدرێژایی مێژووی کارکردنی ئەداییکردوون.
ئەگەر بەنێو ئەرشیفی پەنجا ساڵەی شانۆی کوردییدا شۆڕبیتەوە، ئەوە لەنێو زۆرێک لە کارە دانسقەو سەرکەوتووەکانی ئەو مێژووە، ھەمیشە شانۆکارێک وەک ژمارەیەکی جێگیر بوونی ھەیەو لەنێو زۆرینەیان دووبارە دەبێتەوە ئەویش عەبدوڵی حەمە جوانە.
دوای راپەڕینیش کە زۆرێک لە شانۆکارانی ھاونەوەی تووشی ساردبوونەوەو
دوورکەوتنەوەو وەستان ھاتن، مامۆستا بە گوڕو تینی جاران و زیاتریش تەختەی شانۆکان و بەردەم کامیراکان پڕ دەکاتەوە لە داھێنان و جوانی و بەردەوام بوون، لە کاتێکدا زۆرێک لە شانۆکارەکان بۆ پەیداکردنی نانێکی باشتر کەوتنە نێو ماکینەکانی راگەیاندن و سیاسەت و حیزبی بوون، مامۆستا وەک خۆر بەجێگیری لە پێگەی خۆی دەمێنێتەوەو لە فیڵمە سینەماییەکانی گردی پیرۆز و ھەڵۆی گەرمیان، پیرۆزی پێشمەرگەو نەتەوەو مێژوومان پێ نیشاندەداتەوە.
لە ھەزارەی سێیەمیشدا عەبدوڵی حەمە جوان وەک یەکێک لە ئەکتەرە مەزنەکانی مێژووی ھەر میللەتێک، شەرەفی ئەوەی پێدەبڕێت کە ھاوشان لەگەڵ چەندین ئەکتەری ناوداری میللەتەکەمان، بە سەرکردایەتی کۆچکردوو حوسێن میسری بناغەی درامای نوێی کوردی داڕێژن و لەم بوارەش چەندین زنجیرەی تەلەفزیۆنی کە بابەتەکانیان کۆمەڵایەتی بێت پێشکەش بکەن و سەداو دەنگدانەوەیەکی گەورە دروست بکەن و لای زۆرێک ببێتە سەرەتای لەدایکبوونی درامای کوردی و زنجیرەی تەلەفزیۆنی، کە کورد بەر لەو مێژووە ئەرشیفێکی ھەژاری ھەیە، ئەمەش زۆر ھۆکاری ھەن کە بەپێویستی نازانم لێرە باسیان لێوەبکەم.
ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە مامۆستا عەبدوڵ لەم قۆناغە دەبێتە پاڵەوانی ھەموو ئەو زنجیرە درامییانەی کە حوسێن میسری کاری دەرھێنانی بۆ کردوون، ھەر لە (خۆر نەوازان تا دەگاتە خەمی چۆلەکەکان و رەشەی پۆلیس و حەسەنە فەنی و جومعەو گوڵە بێ رۆژەکان)، لە ھەر یەکێک لەو درامایانە مامۆستا عەبدوڵ کارەکتەرێکی جیاواز لەوانی تر ئەدا دەکات و لە زۆرینەی زۆریشیاندا توانایەکی زۆر گەورە نیشان دەدات کە وادەکات دەرھێنەرێکی وەک حوسێن میسری بەتەواوی قەناعەت بە لێھاتوویی ئەو ئەکتەرە داھێنەرە بکات و پەنا بۆ کەسانی تر نەبات، لای ھەمووشمان ئاشکرایە کە حوسێن میسری کەسێک بوو ھەمیشە رەخنەی لە خودی خۆی و کارەکانی خۆی ھەبوو، ھەمیشە قەناعەتی وابوو کە ھونەرمەند نابێت بە سەرکەوتنی خۆی قایل بێت و شادومان بێت، بەڵکو ھەمیشە دەبێت لە ھەوڵی ئەوەدا بێت کە لەوە باشتر پێشکەش بکات و قەناعەتیشی ھەبێت کە ئەو ھێشتا زۆرتری پێیە.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم مامۆستا عەبدولی حەمە جوان و چەندین شانۆکارو ھونەرمەندی گەورەی میللەتەکەمان بەوە حەقیان پێنادرێت کە لە نووسینێکی کورتی وەک ئەوە باسیان بکرێت، بەڵکو پێویستە دەزگایەکی شرۆڤەو تیۆری ھەبێت بتوانێت بەشێوەیەکی زانستی بەنێو ئەو ئەرشیف و ئەو مێژووە شۆڕبێتەوەو بەشێوەیەکی زانستی شرۆڤەی ئەو قۆناغانە بکات و پێگەی شایستەش ببەخشێتە ئەو داھێنەرانەی کە رابەرایەتی ئەو کاروانە مەزنەیان کردووە.
ئەوەندە ماوە بڵێم ناوو مێژووی ھونەرمەند عەبدوڵی حەمە جوان مەدالیای شانازی و شکۆمەندییە بەسەر سنگی ھەموومانەوەو مێژووش تەنھا بە مرۆڤە مەزنەکان دەنووسرێتەوە.
تێبینی: ئەم وتارە لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە هونەرمەند عەبدوڵی حەمە جوان لە ساڵی 2017 لە هەولێر پێشکەشکراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like