بەختیار سەجادی

هاوسەنگیی دەروونی

بەختیار سەجادی
Bextiyar Secadî

ئەگەرچی ئاخێزگەی دەستەواژەی nervous ballance دەگەڕێتەوە بۆ دەروون‌ناسی، بەڵام لە دەڤەری ڕەخنەی ئەدەبیدا یەکەم جار لە لایەن پرۆفێسۆر ئای. ئەی. ریچاردزەوە بەکارهێنرا.

ریچاردز مامۆستا بوو لە زانکۆی کەمبریج و چەندین بیر و بیروکەی نوێی لە ماوەی نێوان دوو شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانیدا هێنایە نێو تیۆریی ئەدەبییەوە.

ریچاردز بە پێشەنگی ڕەخنەی کردەیی دادەنرێت کە یەکەم لقی ڕەخنەی نوێی بریتانی و درێژەپێدەری فۆرمالیزم بوو.

“هاوسەنگیی دەروونی” بریتییە لەو پێوەندییە ڕۆحییەی لە نێوان خوێنەر و شیعرێکدا ساز دەبێ.

ریچاردز پێی وابوو هەندێ جار پاڵنەرە دەروونییەکانی مرۆڤ لە هەمبەر هەلومەرجێکدا هێندە رێکوپێک کاردانەوە جێدەهێڵن کە دەبنە هۆی دروست‌بوونی ئەزموونێکی تاقانە و بێ‌وێنە لای خوێنەر.

شیعر نواندنەوەی ئەو ئەزموونەیە‌.

شاعیر لە ڕوانگەی ریچاردزەوە، لەبری ئەوەی حەقیقەتێکی گشتی و ئاساییمان سەبارەت بە جیهانی واقیع بۆ بدرکێنێ، ڕوانگەیەکمان پێشکەش‌دەکات کە هاوسەنگیی سیستەمی دەروونیمان دەنوێنێتەوە و ئەمەش ئەو ڕوانگەیەیە کە تەنها خوێنەری زیرەک و کارامە هەستی پێدەکات و لێی دەگات.

من پێشتر ئەو هاوسەنگییەم لە خوێندنەوەی شیعری مەولەوی کورد و پاشان نالی و دواتر هێمن و پاشان گۆران بۆ دروست دەبوو و بە هیچ شێوەیەک هەستم بە پێوەندیی ڕۆحی لەگەڵ زۆربەی ئەو شاعیرانەدا نەدەکرد کە لای خەڵک گرنگ بوون.

لێرەدا کەسایەتیی شاعیر لە شیعرەکەی جیادەبێتەوە: لەوانەیە ژیان و ئەزموون و ڕوانگەی شاعیرت بە لاوە سەیر و پەسەند بێ بەڵام شیعرەکەی بە بەرهەمی باش نەزانی و، بە پێچەوانەشەوە، شیعرێک بە سەرکەوتوو بزانی و هەر ئاگاداری ژیان و بەسەرهاتی شاعیرەکەش نەبیت.

ئەو هاوسەنگییە دەروونییەی بەرهەمی ئەو چوار شاعیرە لای من دروستیان دەکرد دەمێ ساڵه خواروخیچ بووە و ڕووی لە نەمان کردووە.

ئێستاش وەک جاران تام‌وچێژ لەو بەرهەمانە و زۆر شیعری تریش وەردەگرم، بەڵام نەک بەو ئاستەی بگاتە قوناغی هاوسەنگیی دەروونی.

دەتوانین واتای “شیعر” لە تیۆرییەکەی ریچاردزدا بۆ بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان بەربڵاوتر بکەینەوه و لەبری شاعیر کەڵک لە “دانەر” وەربگرین؛ بەم چەشنەش ئەو هاوسەنگییە دەروونییە دیاری بکەین کە لە نێوان خوێنەر و دانەرێکی دیاریکراودا سازدەبێ، دانەرەکەش شاعیر و نووسەر بێت یاخود دەرهێنەر، ئاوازدانەر، شێوەکار و هونەرمەندی بوارەکانی تر.

هەروەتر، هاوسەنگیی دەروونی جیاوازە لەو هەستە تیژتێپەڕەی بۆ بەرهەمێکی ساکار و کورت هەمانە. هاوسەنگیی دەروونی لەگەڵ بەرهەمێکدا سازدەبێ کە هێندە فرەلایەن و چەندڕەهەند و وردەکارانە بێت ماوەی کارتێکردنی خێرا بەسەر نەچێ و بەڵکوو بۆ هەتایە دەوری جیهانێکی سەربەخۆی جیا لە جیهانی واقیع بگێڕێ.

بەستێنی کۆمەڵایەتی و پارادایمی مەعریفی و پاشخانی تیۆریک وای لێ کردووم لە بەرهەمەکاندا زیاتر لەگەڵ ڕۆمان و موزیک و فیلمدا سەروکارم هەبێ؛ سەبارەت بە شیعر تەنها ئاوڕ لەو بەرهەمە شیعریانە دەدەمەوە کە هەست بکەم هاوتەریبی بزاوتە ئەدەبییەکانی سەردەمن و لە ڕۆمانتیزم، سێنتیمێنتاڵیزم، ئایدیۆلۆجی و زەینی‌خو‌ازی دوورکەوتوونەتەوە.

بە حوکمی کارەکەمەوە ڕۆمانی ئینگلیسیی زۆر دەخوێنمەوە، بەڵام ڕۆمان‌نووسی ناسراوی جیهانیی وا هەن تەنانەت جارێکیش، پاش بیست و چەند ساڵ، بەرهەمیانم نەوتووەتەوە، بە پێچەوانەشەوە ڕۆمانی واش هەن چەند جارم وتوونەتەوە و هەر جارە و تام‌وچێژی زۆرترم لێ وەرگرتوون.

لە موزیکیشدا، زۆرن ئەو گۆرانیانەی پێشتر بە جۆشەوە گوێم لێدەگرتن و ئێستا ئامادە نیم کات بۆ بیستنیان تەرخان کەم.

بە پێچەوانەشەوە، هەندێ بەرهەمی کوردی هەن لە یەکەم ڕۆژی بیستنیانەوە بایەخیان لای من نەگۆڕاوە.

لە جیهانی ئێستادا، کە ئایدیۆلوجییە جیاجیاکان تەنگیان پێ‌هەڵچنیوین، ئەو تیۆرییەی سەد ساڵ لەمەوبەری ریچاردز دەتوانێ سوودبەخش بێت لە دیاری‌کردنی ئەو بەرهەمە ئەدەبی و هونەریانەی سیستەمێکی جوانی‌ناسانەی خۆبژیویان سازکردووە و سەرکەوتوو بوونە لە پەراوێزخستنی ئایدیۆلۆجی.

ئایین، سیاسەت، ئابووری و ڕووداو و ژیانی ڕۆژانە زۆر کەسیان بە خۆوە سەرقاڵ ‌کردووە. کاتیەتی ئێوەش ئەو پرسیارە لە خۆتان بکەن: لەگەڵ کام بەرهەم و کام دانەردا هەست بەو هاوسەنگییە دەروونییە دەکەن؟ گەر وڵامی خێراتان لا نەبێ، ئەگەری زۆرە – بەبێ ئەوەی ئاگادار بن – دەمێکە کەوتوونەتە نێو داوی ئایدیۆلۆجییەوە!

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like