١٠ ھەنگاو بۆ دروستکردنی نمایشێکی شانۆیی


حەمەسوار عەزیز


لەزۆر دیبەیت و مەراسیم و سیمنیاری شانۆیی تایبەت بە شانۆی شەقام ، ئەو رستە دووبارە و چەند بارە دەبێتەوە، کە دەبێ شانۆی شەقام کاتی دیاریکراوی ھەبێت و لە باشترین حاڵەتتدا نابێ لە پانزە دەقە زیاتر بێت، ئەم باس و خواسەش زۆر بەڕوونی لە سیمنیارە رەخنەییەکانی فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی کەرکوک قسەی زۆری لەسەر کراو بووە مایەی چەلەحانێی نێوان شانۆکاران و ھەندێ لەو رەخنەگرە بەڕێزانەی کە شڕۆڤەی کارە شانۆییەکانیان دەکرد، بە تایبەتی رەخنەگرە عەرەبەکان زۆر پێداگریان لەسەر ئەو خاڵە دەکردو ھەر نمایشێکی شانۆیی لە پانزە دەقە زیاتر بووایە بە نمایشی شەقام ئەژماریان نەدەکردو لای ئەوان مەرجی شانۆی شەقام ئەوەبوو کە نابێ لە ١٥ دەقە زیاتر بێت.
لەمەش زیاتر لە فیستیڤاڵی شانۆی شەقامی بەغدا ئەم باسە دیسانەوە سەریھەڵداوەو یەکێک لەو خانمە ئەکتەرو دەرھێنەرە ناسراوانەی عێراق و عەرەب کە بڕوانامەی دکتۆرای ھەیە لە ھونەری شانۆ، جارێکی تر بەشێوەیەکی رەھا ئەوەی دووپاتکردەوە کە شانۆی شەقام نابێ لە ١٠ دەقە زیاتر بێت و ئەو نمایشەش ئەو ماوەیە ببەزێنێت بە شانۆی شەقام ناوزەد ناکرێت، دوای ئەوەش بەڕێوەبەری فیستیڤاڵی بەغداش کە بەھەمان شێوە ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە، پشتیوانی لەو دیدگایە کردو بەڕاشکاوی ووتی دەبێ ئەم پێوەرە بۆ شانۆی شەقام ببێتە ئەدرەس و مانشێتی فیستیڤاڵەکانی شانۆی شەقام و ھیچ نمایشێکی شانۆی شەقام بۆی نییە لەڕووی زەمەنەوە ئەو کاتە ببەزێنێت.
ئەگەر بەشێوەیەکی خێرا لەو ماوەیە بە ئەدەبیاتی شانۆی شەقامدا بچینەوە بە تایبەتی لە بواری شانۆی شەقام یاخود شانۆی سەرشەقام، دەبینین ئەم جۆرە بۆچوون و روانینانە شۆکمان ناکات لە کاتێکدا دەبینین لەنێو کتێبە (زانستیەکانیان) و سەر لاپەڕەی رۆژنامەو سایتە ئەلکترۆنیەکانیان، کۆمەڵێک یاساو مەرجیان بەسەر شانۆی شەقام سەپاندووەو شانۆی شەقامیان خستۆتە نێو چوارچێوەیەکی بازنەیی کۆنکریتی و ھەر یاخی بوونێک بۆ شکاندنی تۆق و سنووری ئەو بازنەیە بە کارتی سوورو ھاوێشتنە دەر لە شانۆی شەقام سەیر دەکرێت و رەنگە باجیش بدەیت، وەک ئەو باجەی بەسەر نمایشی گروپی شانۆی پانتایی واڵا ی ھەڵەبجە لە بەغدا سەپێنرا، کاتێ لە ھەموو خەڵاتێک بێبەشکران ، بەو بیانووەی کە کاتی نمایشەکەیان چل دەقەیە و نابێ شانۆی شەقام ئەو کاتە ببات، دەنا بە شەھادەی خۆیان ئەم نمایشە چەندین ھەنگاو لە پێش ئەو نمایشە شانۆییانە بوو کە لەو فیستیڤاڵە نمایشکرا، بەو نمایشانەش کە خەڵاتی یەکەمیان بردەوە.
لەوەش خراپتر لەنێو ئەو ئەدەبیاتەدا کۆمەڵێک قسەی زۆر سەیرو سەمەرە ھەیە کە مایەی پێکەنینە، بۆ نمونە دەبینی لە یەکێک لە ماڵپەڕە شانۆییەکان، وتارێک بڵاوکراوەتەوە بە ناونیشانی (دە ھەنگاو بۆ دروستکردنی نمایشی شانۆی شەقام)، چی ؟! بەڵێ دە ھەنگاو بۆ دروستکردنی نمایشی شانۆی شەقام، ئەڕێ ئێمە باس لە شانۆ دەکەین ؟! ئیتر نوسەر لە دەخاڵدا چەندین مەرج و یاسا و رێنمایی سەپاندووە کە ئەگەر ھەر کەسێک ئەمانە بکات، دەتوانێت نمایشێکی شانۆیی لە شەقام دروست بکات و پێشکەشی بکات.
لێتان ناشارمەوە کاتێ ئەم بابەتەو ھەندێ بابەتی تری نێو کتێب و ماڵپەڕەکانم خوێندەوە، وامزانی بابەتەکە دروستکردنی جۆرێکە لە کێک یا شیرنەمەنی، چونکە ئەو بەڕێزە بە رەھایی ١٠ ھەنگاوی دیاریکردووە بۆ دروستکردنی نمایشی شانۆیی، بە شێوەیەکی کۆنکریتی پێت دەڵێت ئەمە بکەو ئەمە بێنەو ئاوا تێکەڵی بکەو ئەوا بیدە بە بینەر، ئیتر تۆ دروستکەرو شانۆکاری شانۆی شەقامی و کارەکەت لە رووی یاسا و رێساوە تەواو پێرفێکتە و ئەمەیە شانۆی شەقام یا شانۆی سەر شەقام.
ئەگەر ئەمجۆرە یاساو روانینە سەیر و سەمەرانە لە شانۆی شەقامدا بە ئاسایی تێبپەڕێت و وەربگیرێت، ئیتر دەبێ لامان ئاسایی بێت کە بڵێن نابێ نمایشی شانۆیی لە شەقام لە ١٥ دەقە زیاتر بخایەنێت، چونکە ئەم کاتە کاتێکی باش و گونجاوە بۆ دروستکردنی کێکی ئیسفەنجی یا ھەر شیرینییەکی تر، تۆش کێشەت نییە و دە ھەنگاوی خۆت بەڕوونی لەبەر دەستەو دەتوانی نمایشەکەی پێ دروستبکەیت و لەو پانزە دەقەیەش کێکەکە پێشکەشی بینەر بکەیت.
لە زۆرینەی فیستیڤاڵەکان کە نمایشە عەرەبییەکان و ھەندێ نمایشی کوردیش دەبینم، زۆر بەڕوونی ئەو دە ھەنگاوە دەبینم کە چەند بەجوانی نمایشەکەی پێ دروستکراوەو زۆرینەی نمایشەکانیش لێکدەچن چونکە ھەمووی بە گوێرەی ئەو کەتەلۆکە دروستکراوەو ماڵیشیان ئاوا بێت ئەوەندە بە دڵسۆزیەوە ئەو ھەنگاوانەیان جێبەجێکردوە، رەنگە نوسەری بابەتەکە خۆی نەتوانێت وەک ئەو بەڕێزانە بە ١٠ ھەنگاوەکەی خۆی نمایشێکی وەک ئەوەی ئەوان دروست بکات.، وابزانم ئەم کەتەلۆکەش گەیشتۆتە دەستی زۆر شانۆکاری کوردو غەیرە کوردو خەریکن نمایشەکانیان بە مەترو سانتیمەتر و کیلۆو لیتر پێوانە دەکەن و بە پێی پێویستی موشتەری و کڕیار بەرھەم دەخەنە بازاڕەوە.
ھونەر لای من موعجیزەیەو ھونەرمەندیش کەسێکە توانای داھێنانی سنوورشکێنی ھەیە، بە ١٠ ھەنگاو نە نمایشی شانۆیی دروستدەکرێت و نە دەتوانرێت ھونەرمەند دروستبکرێت ،چونکە ھونەرمەند خوڵقێنەری موعجیزەیەو کارەکەشی موعجیزەیە، ئەمە چۆن؟
ئەو وەڵامە دەچێتە بەشی داھاتووی ئەم وتارە.

عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏
عکس ‏‎Hamaswar Aziz‎‏

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like