پێشەکییەک بۆ ئەفسانە

لە ئینگلیزیەوە :سەنگەر عەبدولکەریم موسته فا

/ پێشەکیەکی گشتی بۆ ئەفسانە

لە چەند حاڵەتێکی دەگەمەندا نەبێت _ وەک ئەو خێڵە تازە دۆزراوەیەی ئەمازۆن، پیراهاس_ هەموو کلتورە مرۆییەکان ئەفسانەی خۆیان گەشەپێداوە بۆ ڕوونکردنەوەی بنچەیان و واتادارکردنی ئەو دیاردانەی لە سروشتدا سەرنجیانداوە.

وشەی ” میسۆلۆژی” لە وشەی میسیۆسی یۆنانیەوە هاتووە بە مانای ” چیرۆک” و لۆجیا بە مانای ” زانیاری” . ئەفسانەکانی پەیدابوون دونیا دەگێڕنەوە یان پێشبینی کۆتایهاتنی دەکەن؛ ڕوونیدەکەنەوە چۆن گیانداران دروستکراون و خاکەکان پێکهێنراون. دونیای مرۆڤەکان بە دونیای ڕۆحەکان یان خوداوەندەکانەوە دەبەستنەوە ؛ دەیانەوێت تەکوزی بەسەر ئاژاوەیەکی ترسناکدا بسەپێنن و ڕازەکانی مەرگ بکەنەوە. بەگرنگیەوە، ئەفسانەکان بناغەی ئاینەکانیشن؛ شوناس بە کلتورەکان دەدەن و بەهاکانیان دادەڕێژن.

شارستانیەتە دێرینەکان

ئەفسانەی جیهانی دێرین بەشێکی گەورەی ئەم کتێبە دەگرێت. لە میزۆپۆتامای دێریندا، لە کوانووی شارستانیەتدا لە هەزارەی چوارەمی پ.ز ، کاتێک مرۆڤایەتی بۆ یەکەمجار فێری ئەوە بوو لە شارەکاندا بژێت ـ سۆمەریەکان یەکەم کۆمەڵەی خوداوەندەکانیان دروستکرد. لە نێو پەیکەر، هەڵکۆڵراو و دەقە دێرینەکاندا پارێزراوە ـ وەک داستانی گەلگامێش، کە تیایدا پاڵەوانەکەی بەدوای نەمریدا دەگەڕێت. گەڕانێکی لەو جۆرە لە ئەفسانەکانی سەرانسەری دونیادا دووبارە دەبێتەوە. شارستانەیەکانی دواتری میسۆپۆتامیا خوداوەندە سۆمەریەکانیان گەشەپێدا، پلەیان گۆڕین و هەڵیانگرتنەوە بە ئەفسانەکانی گەڵیانەوە، بۆ وێنە، خوابانووی بەهێز، ئینانا، لە کۆمەڵە خوداوەندی بابلیەکاندا دەبێتە عەشتار، دواتریش لای فینقیەکان دەبێتە ئەستارتێ.

وەک شارستانیەتەکانی تر، میسۆپۆتامیای دێرین لە ڕێی گێڕانەوەوە شێوەی گرت کە بەکاردەهێنرا بۆ ڕوونکردنەوەی گەردوون. فەرمانڕەواکانی لە لایەن خوداکانەوە ڕێنوێنی دەکران کە بڕیارەکانیان لە لایەن کاهینەکانەوە لێکدەدرایەوە. دەبوو خوداکان بە بەردەوامی ستایش بکرێن و هێور بکرێنەوە. لە کاتی ئەکیتۆدا، فێستیڤاڵێکی ۱۲ ڕۆژی کە لە پەرستگای مەزنی مەردۆکدا ساز دەکرا، خەڵکی ئینوما ئیلیشیان دەگوتەوە، ئەفسانەی پەیدابوونی بابلیەکان، لەڕێی هێزی تەلیسمی جادوویەوە لە سورەتەکەیاندا گەردوونیان پڕ وزە دەکردوە.

_____________________________________
ئەفسانەکان ڕاستەکانی هزرن کە لە ئەندێشەی ماددەدا خۆیان نمایش دەکەن.

مایا دێرێن
مرۆڤناس
_____________________________________

کلتوورە مەزنەکان

ئەفسانەکان کاریگەریەکی مەزنیان هەبوو لەسەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی مەزنترین شارستانیەتەکانی مێژوو. ئەفسانەی دەوڵەمەند و ئاڵۆزی میسریە دێرینەکان جەختی دەکردەوە لەسەر دروستبوونی تەکوزی لە ئاژاوە و ناڕێکیەوە. ئەو جۆرە چیرۆکانە فەرمانڕەوایکردنی کۆمەڵگای چەسپاند ئەو پێگەیەی بە یاسایی کرد کە فیرعەون خۆی تێدا دەبینی و وەک ئاسمانی دەبینرا هەربۆیە شایەنی ئەوە دەبوو کە خزمەت بکرێت. هەروەها میسریە کۆنەکان کاتیان بازنەیی دەبینی؛ ئەو ڕووداوانەی لە کۆمەڵگاکەیاندا ڕوویدەدا تەنها دووبارەبوونەوە ئەوە بوو کە پێشتر ڕوویداوە و لە ئەفسانەکانیاندا تۆمارکراوە.

لە یۆمان و ڕۆمای دێریندا، ئەفسانەی دامەزراندنی شارە وڵاتەکان بنچینەیی بوون بۆ چەمکەکانی هاونیشتیمانیبوون؛ بیرۆکەی نیشتیمانپەروەری و بەرژەوەندی هاوبەشیان پێکەوە بەستۆتەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ئیلاهی. لە یۆناندا، کە پێکهاتبوو لە زیاتر لە ۱٠٠٠ شارە وڵات، هەریەکەیان ئەفسانەی دامەزراندن و خوداوەندێکی پارێزەریان هەبوو، کە دەبووە هۆی دەستەیەک ئەفسانەی فرە ئاڵۆز کە زۆر جار دژیەک دەبوون. وای لە هۆمەر و هیسیۆد کرد تۆمارێکی ڕوون و پان ـ هیلینی بۆ ئەفسانەی یۆنانی دروست بکەن. چیرۆکە داستانیەکانی هۆمەر ـ ئیلیاد و ئۆدیسە ـ و سیەگۆنی هیسیۆد یەکەمین هەوڵی فەرمی لەخۆدەگرن بۆ دورینی ئەفسانە یۆنانیە جیاوازەکان لە یەک دەزووی گێڕنەوەدا.

لە ڕۆمای دێریندا، ئەفسانە ناوخۆییەکانی گەلانی ئیتاڵیا، وەک لاتینەکان و ئتروسکانەکان، لەگەڵ ئەفسانە یۆنانیەکانی پێش خۆیان تێکەڵکران. ڤیرجیلی شاعیر ئەفسانەی دامەزراندنی بۆ ڕۆم نووسی، ئەینیەد، لەسەر شێوازی داستانەکانی هۆمەر، لە کاتێکدا ئۆڤید گەلێک لە ئەفسانە یۆنانیەکانی گێڕایەوە لە چامە شیعریەکەیدا، مێتامۆرفیس، هەروەها ژمارەیەک ئەفسانەی پوختی خوداوەندە ڕۆمانیەکانی تۆمارکرد لە شیعرەکەیدا دەربارەی ساڵی ئایینی، فاستی. ڕۆمانەکان تێکەڵەکەیان دەوڵەمەندتر کرد بە زیادکردنی خوداوەندەکانی فریجیا ( وەک سیبیلی دایکی مەزن) میسر ( خوابانوو ئیسیس) و سوریا ( ئلاگابال، یان سۆل ئنڤیکتوس، بەکورتی خوداوەندی سەرەکی ڕۆم).

پاراستنی ئەفسانەکان

هێڵی نێوان وێژە، ئەفسانە و فۆلکلۆر ناڕوونە؛ گەلێک ئەفسانە وەک کاری وێژەیی هەژمار کراون. چیرۆکی ناسراوی پاشا ئارسەر ڕەگی لە ئەفسانەی سەلتیکدایە؛ لە کاتێکدا مەهابەهاراتا و ڕامایانا، شاکاری ئەفسانەی هیندی، وەک شاکاری شیعری داستانی هەژمار دەکرێن. لە کۆمەڵگا نەخوێندەوارەکاندا، ئەفسانەکان گوتراونەتەوە و بە زارەکی گواسراونەتەوە. تۆماری نووسراوی ئەفسانەکان بەند بووە لەسەر بەخت، کە ئەگەری هەیە بووبێتە هۆی دیارنەمانی گەلێک ئەفسانەی مەزن. تەنانەت لە کۆمەڵگا خوێندەوارەکانیشدا، وەک باکووری سەردەمی ڤایکینگ، هەندێک ئەفسانە تەنها لە ڕێی تاکە سەرچاوەیەکەوە ماونەتەوە. دەستنووسەکانی چامە شیعرییە ئەفسانەیەکانی ناسراو بە ئیدا ـ هەروەها ئیدای پەخشانی دواتری سنۆری سترەلسۆن ـ لەناوبران. هێندە کەم دەزانین دەربارەی ئەفسانەی نۆرس، هەروەک ئەوەی دەیزانین دەربارەی ئەفسانەکانی بریتۆنی دێرین.

ئایینە زیندووەکان

گەلێک خەڵکانی خێڵەکەی ـ لە نێویاندا دۆگۆنەکانی مالی، بایگای ناوەڕاستی ئەفریکا، تیکۆپیای دوورگەکانی سەلەمۆن و ئفوگاۆسەکانی فلیپین ـ هێشتا لە دونیایەکدا دەژین کە سەرڕێژە بەوەی کە کەسێکی دەرەکی ڕەنگە پێی بڵێت ئەفسانە. گێڕانەوەی زارەکی لەم کۆمەڵگایانەدا بە شێوەیەکی بەرچاو لەکاردایە: هەروەک سەلماوە بە ئەفسانەکان یان خەونبینینەکانی ئوستراڵیە ڕەسەنەکان، ئەفسانەکانی دێما ( ڕۆحەکانی دروستکردن) لەنێو گەلی ماریند ـ ئەنیمی گینیای نوێ، یان گۆڕانییە زوڵاڵەکانی ناڤاجۆ لە باکووری ئەمریکا. هەرچەندە، گەلێک ئەفسانەی ئەم گەلانە، بە دونیای دەرەوە نەگەیشتوون لەبەرئەوەی نهێنی بوون، یان کۆنەکراونەتەوە و وەرنەگێڕدراون، یان لە دەرئەنجامی هێرشی دەرەکی و لەناوبردنی کلتوورە ڕەسەنەکانەوە لەناوچوون.

ئەفسانە قەڵەمڕەوی ئەندێشەی شیعرییە، ئەو چیرۆکانەش کە هەر کلتورێک دەیگێڕێتەوە گوزارشتێکی ناوازەی ترپەی داهێنەرانەیە. بەڵام ئەفسانەکان زۆر لە چیرۆکی سادە زیاترن؛ چیرۆکگەلێکن کە کلتورەکان بۆ خۆیانی دەگێڕنەوە دەربارەی ئەو ڕازە مەزنانەی کە هەموومان سەرسام و کونجکۆڵ دەکات: پرسیارەکانی لەدایکبوون و مردن و هەموو شتەکانی نێوانیان. تەنانەت ئێستاش، ئەفسانەکان وەک هەڵگری نەریتەکان و ڕێبەڕی ڕۆحی و ڕەوشتی خەڵکی ماونەتەوە لە سەرانسەری دونیادا.
______________________________________
ئەفسانە… هەموو ئەو شتانە وەردەگرێت کە تۆ دەیانزانیت و ئەو گرنگیە دەوڵەمەندەیان بۆ دەگەڕێنێتەوە کە بە پەردەی ئاشنایی شاردراونەتەوە.
سی. ئێس. لویس
نووسەر، توێژەر و نووسەری تۆماری نارنیا
______________________________________

یۆنانی دێرین

یۆنانیە دێرینەکان بۆ یەکەمجار هاتنە ئەو ناوچەیەی ئێستایان دەوروبەی ۲٠٠٠ پ.ز ، کاتێک میسر هێشتا دەسەڵاتێکی مەزن بوو و مانوکانی کرەیتیش دەبوونە کۆمەڵگایەکی تەواو پێشکەوتوو. یەکەمین کۆچبەرەکان، کە ئەگەری هەیە لە ڕووسیا و ناوەڕاستی ئاسیاوە هاتبن، لە چیاکانی باکوور و پێلۆپۆنیس لە باشوور نیشتەجێبوون، کە شاری میسینی لە ۱٦٠٠ پ.زدا بنیاتنرا. هۆمەر بە ” دەوڵەمەند بە زێر” پەسنی کردووە، شارستانیەتی مێسینی گەشایەوە سوپاس بۆ تۆڕەکانی بازرگانی نێوان دەریای ئیجە و دەریای ناوەڕاست.
لەگەڵ داڕمانی کۆشکی کلتووری چاخی برۆنز و کۆتایی شارستانیەتی مێسینی لە ۱۲٠٠ پ.ز، یۆنان چووە سەردەمی تاریکیەوە، لە سەدەی هەشتەمی پ.زدا، پۆلیس ( شارە ـ وڵات) دەستیان بە پەیدابوون کرد وەک مەکۆی بازرگانی و کشتوکاڵی.
یۆنان بووە کۆکراوەی چەندین شارە وڵاتی سەربەخۆ ـــ وەک ئەسینا، سپارتا و کۆرنیس ـــ بە زمانێکی هاوبەش و پەرستنی خوداوەند هاوبەش پێکەوەبەسترابوون. هەرچەندە، ئایینی یۆنان ستاندارد نەکرابوو؛ هیچ کتێبێکی باوەڕ نەبوو بە خەڵکەکە بڵێت چۆن پەرستش بکەن. ئەفسانەکانیان لە باپیرانیانەوە وەرگرتووە ـــ ئەفسانەی میناتۆر لە مینۆکانی کریتەوە هاتووە، سەردەمی مێسینیش بووە شوێنی جەنگی ترۆجان، لە ئیلیادی هۆمەردا نەمرکرا.

دەسەڵاتی ئەسینا
سەردەمی کلاسیکی یۆنان بە ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی بەهێزی فارس لە ٤۷۹ پ.زدا دەستیپێکرد. دوای سەرکەوتن بەسەر فارسەکاندا، شارە وڵاتەکانی ئەسینا و سپارتا لەگەڵ یەکتردا جەنگان بۆ دەستگرتن بەسەر یۆناندا. وەک دەسەڵاتێکی گرنگ، ئەسینا شوێنی گەلێک لە ئەفسانە یۆنانیەکان بوو، هەر لە بنەڕەتیەوە لەژێر چاودێری ئەسینای خوابانووی پارێزەریدا، بۆ چیرۆکەکانی جەیسن و میدیا.
گەلێک لەو ئەفسانە یۆنانیانەی کە ماونەتەوە و گەیشتوون بە ئێمە لە ڕێی شانۆنامەنووسەکانی ئەسیناوە بووە: لە تراژیدیەکانی ئیسکلەس، سۆفۆکلیس و یوریپیدیس لە سەدەی پێنجەمی پێش زایینەوە بۆ کۆمیدیاکانی ئەریستۆفانیس ( ٤٤٦ ـ ۳۸٦پ.ز) و مناندێر ( ۳٤۲ ـ ۲۹۱ پ.ز). ئەم کارانە چیرۆکی خوداوەند و پاڵەوانەکانی ئەفسانەی یۆنانی دەگێڕنەوە و دواتر ئیلهامی بە نووسەرانی وەک شەیکسپێر ( ۱٥٦٤ ـ ۱٦۱٦) بەخشیووە، کە خەونی شەوی چلەی هاوین و ڕۆمیۆ و جولێتی لە ئەفسانەی یۆنانیەوە وەرگرتووە.
سەردەمی دەسەڵاتی ئەسینا کۆتایی هات کاتێک ئەسکەندەری مەزنی فەرمانڕەوای مەکدۆنیا ئیمپراتۆریەتەکەی دروستکرد. سوپاس بۆ داگیرکاریەکانی ئەسکەندەر، کلتوور و ئەفسانەی یۆنانی هەتا ئاسیای بچووک، میسر، میسۆپۆتامیا و هیندستان هەنارددەکرا.

خوداوەندە سەرەکیەکان
شاعیرانی وەک هۆمەر و هیسیود بوون کە خوداوەند و باوەڕە زۆر و زەبەندەکانی میراتی سەردەمانی پێشوویان کۆکردەوە و ڕێکیانخستن. هۆمەر شیعرەکانی لە گێڕانەوەی زارەکیەوە داڕشت لە ۸٠٠ی پ.زدا، دوای ئەو کۆچکردنەوەی ڕووخانی کلتووری مێسینی بەدوادا هات. دوو چامە داستانیەکەی، ئیلیاد و ئۆدیسە، مێژوو و کۆمەڵەی خوداوەندەکان و ڕێبەرێکی بۆ چۆنێتی ژیانیان بە یۆنانیەکان بەخشی. کە بنەماڵەی ۱۲ خوداوەندەکەی نشتەجێی چیای ئۆلۆمپیس پەیتا پەیتا جێگەی باوەڕە کۆنەکانیان گرتەوە. هۆمەر و هیسیود کەسایەتی و ڕووخساری جیاوازیان پێدان. لەبەرئەوەی چامە داستانیەکانی هۆمەر لە کۆمەڵگایەکی ئەرستۆکراتی و دەرەبەگایەتیدا داڕێژرابوون ـ کە پێش لەدایکبوونی دیموکراسی کەوتبوو لە ئەسیندا لە سەدەی پێنجەمی پ.زدا ـ خوداوەندەکانی وەک دەرەبەگ ڕەفتاریان دەکرد، تەنها بە ئارەزووی خۆیان هاندەدران.
هەروەک خەڵکە دێرینە کشتوکاڵیەکانی تر، یۆنانیەکان سەرنجیان لەسەر ناوخۆ بوو. ژیانی ئایینیان لە چواردەوەری شوێنە ناوخۆییەکان ڕێکخستووە، گرد و چەم و دەشتگەلی جیاوازیان بە ناوی خوداوەندی جیاوازەوە ناساندووە. ئەم کلتوورە ڕازدارە وەبەرهێنانی لە هەموو سوچێکی خاکەکەدا کردووە بە گرنگی ڕۆحانیەتەوە. زەوی بنچینەی بوونە؛ هێزی ئاسمانی لە قوڵاییەکەوە سەرچاوەی گرتووە، هەر وەک بەروبومی کشتوکاڵی. ئەفسانەکان هەوڵی ڕوونکردنەوەی لایەنەکانی ژیانئ کشتوکاڵی دەدەن. چیرۆکی پێرسیفۆنی ـ کچی دیمیتێری خوابانووی دروێنە ـ زیندانیکردنی لە جیهانی ژێرەوەدا لە لایەن هادیسەوە شێوازێکە بۆ ڕوونکردنەوەی سووڕی گۆڕانکاری لە ساڵی کشتوکاڵیدا.

نیگارەکە سزادانی پرۆمیسیوس – تیۆدۆر ڕۆمبۆوتس

​​

ڕۆمای دێرین

دەگوترێت شاری ڕۆما لە ٧٥٣ی پ.ز لە لایەن ڕۆمولۆس و ڕیمیوسەوە بنیاتنراوە – دوو نەوەی ئینیەسی شازادەی ترۆیی، کە گەشتە دەریاییەکەی لە شاری گەمارۆدراوی ترۆیەوە بابەتی ئینیەیدە. ڕۆم بووە دەسەڵاتێکی ئیمپراتۆری مەزن، لە مەزنترین ڕووبەریدا لەژێر فەرمانڕەوایی تراجان ( ١٠٠ ز )، لە سەدا ٢٠ی دانیشتووانی دونیای لەخۆدەگرت.

یۆنان و ڕۆم

کلتتوری ڕۆمانی پێکهاتبوون لە خێڵە جیاوازەکانی ئیتاڵیا – لاتینەکان، ئتروسکانەکان و سابینەکان – کە خوداوەندەکانیان لە لایەن ئەفسانەی ڕۆمانیەوە وەرگیران. بەڵام ڕۆمانەکان ئەفسانەکانی یۆنانی دێرینیشیان وەرگرت، کە کۆڵۆنیەکانیان، کلتوورەکانیان و ئەفسانەکانیان وەرگیرا. گەلێک لە خوداوەندەکانیان هاوتەریب بە هاوتا یۆنانیەکانیان ڕێکخست. بەڵام خوداوەندە ڕۆمانیەکان هەروا بەسادەیی خوداوەندی یۆنانی نەبوون بە ناوگەلی جیاوازەوە. باکوس، خوداوەندی ڕۆمانی دڵگەرمی مەی و نیگا، زیاتر لە خوداوەندی چێژگەرای ئتروسکانی فوفلونس دەچوو وەک لەوەی لە دینیسیۆس بچێت. ” سێینە خوداوەند”ی جوپیتێر، جونۆ و مینیرڤا لە خوداوەندانی تینیا، ئونی و مێنڤرای ئەتروسکیەوە گەشەیان پێدرا. تەنها دواتر خوداوەندە ڕۆمانیەکان لەگەڵ زیوس، هێرا و ئەسینا هاوتەریب کران.
گەلێک لە نووسەرە ڕۆمانیەکان ئازاریان کێشاوە بۆ جەختکردنەوە لەسەر باڵایی ڕەوشتی خوداوەندە ڕۆمانیەکان بەسەر هاوتا یۆنانیەکانیاندا. ڕۆمانیەکان ئەزیان لە بەدڕەوشتی بێ هاندەری خوداوەندە یۆنانیەکان نەبووە، لایان پەسەنتر بووە جەخت لە چاکی ڕەوشتی خوداوەندە ڕۆمانیەکان بکەنەوە. ئەفسانەیەکی وەک ئەوەی ئەراکنی – ئەو تەشی ڕێس و بەرگدرووەی ڕەخنەی لە خوداوەندەکان گرت بە نەخشاندنی کارە شەرمەزارکەرە ڕەوشتیەکانیان و لە ئەنجامدا گۆڕدرا بۆ جاڵجاڵۆکە – لەگەڵ بەها ڕۆمانیەکاندا دێتەوە چونکە هەم ڕێگری لە بەدڕەوشتی خوداوەندەکان دەکات و هەم سزای ئەو مرۆڤانە دەدا کە بوێری ئەوە دەکەن سەرکۆنەیان بکەن. چیرۆکی ئەراکنی لە لایەن ئۆڤیدی شاعیرەوە تۆمارکراوە، یەکێک لە سەرەکیترین گێڕەرەوەکانی ئەفسانەی ڕۆمانی، بەڵام ڕەنگە لە سەرچاوەیەکی لەناوچووی یۆنانیەوە وەریگرتبێت، چونکە ئەراکنی لە یۆنانیدا بەواتای ” جاڵجاڵۆکە دێت.
ئایینی دێرینی ڕۆمانی بەدەوری ڕازیکردنت خوداوەندەکاندا دەسووڕایەوە. بەرلەوەی لە ٣١٣ی زایینیدا مەسیحیەت لە لایەن کۆنستانتینەوە ددانی پێدا بنرێت، ڕۆژمێری ڕۆمانی پڕ بوو لە ڕۆژی جەژن، قوربانی و سرووتگەل بۆ چەندین خوداوەند. لە کاتێکدا ڕۆمانیەکان پێکەوە ئاهەنگی ئەفسانەکانی خوداوەندە جیاوازەکانیان دەگێڕا، ئایینەکەیان لەسەر بنەمای پەیڕەوکردنی کردەی سرووتی ڕۆنرابوو، لەبری باوەڕبوون بە باوەڕێک یان گێڕانەوەی ئەفسانەیی.

چیرۆکەکانی ڕەچەڵەک

زۆرینەی ئەو ئەفسانەیەی کە دەتوانرێت پێیبگوترێت ڕۆمانی – وەک چیرۆکی ڕۆمیلۆس و ڕیموس – دەربارەی دامەزراندنی ڕۆمە. شیعرە داستانیەکەی ڤیرجیل، ئەنیەد، لەسەر شێوازی کارەکانی هۆمەر داڕێژراوە، ڕوونیدەکاتەوە چۆن ئینیەسی شازادەی ترۆیی لە گەمارۆی ترۆی هەڵهات و گەشتیکرد بۆ ئیتاڵیا بۆ دامەزراندی دەوڵەتێکی نوێ.
ئەفسانەیەکی تر کە لە لایەن دیۆنیسیەسی هالیکارنەسسەوە تۆمارکراوە، چیرۆکی کەشتگەلێکی جەنگی ئەچیا( یۆنان)دەگێڕیتەوە، کە لە ترۆی گەڕاونەتەوە بە چەندین ژنی دیلی ترۆییەوە، بەڵام ئەم گەشتە سەرکەوتووەیان بە گەردەلوولێک لێ تێکدەچێت کە ناچریان دەکات بەرەو کەنارێکی ئیتاڵی بڕۆن. ئەچیایەکان کەشتیەکانیان بۆ زستان ڕادەگرن، لە بەهاردا، لەو کاتەدا کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ڕۆیشتن، ژنە ترۆییەکان جووڵەی خۆیان دەکەن. لە ترسی ئەوەی وەک کۆیلە بفرۆشرێن، ئاگر لە کەشتیەکان بەردەدەن، کەڵکی نیو دەریایان پێوە ناهێڵن. بەو جۆرە ئەچیایەکان ناچاردەبن لەوێ لە ئیتاڵیا نیشتەجێ بن لەبری ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ یۆنان.

هەر کەمێک لە ئەفسانەکانیان بەدڵ ببوبیت، ڕۆمانیەکان شانازیان بەوەوە دەکرد کە کلتووری خۆیان بگەڕێنەوە بۆ کلتووری یۆنانی دێرین، لەڕێی ئەچیایە سەرکەوتووەکانەوە یان ترۆییە دۆراوەکانەوە. لە گێرانەوەیەکی هێلانیکەسی لێزبۆسدا، تەنانەت هەردووکیانی پێکەوە گرێداوە: لەم گێڕانەوەیەدا، ئنیەس لەگەڵ ئۆدیسیۆسدا گەشت بۆ ئیتاڵیا دەکات و ناوی شاری ڕۆما دەنێت ڕۆمێ ( یان رهۆم)، ئەو ژنە ترۆییەی کە هانی ئەوانی تریدا کە کەشتیەکان بسووتێنن.

کاریگەریەکانی دیکە

ئەفسانەی ڕۆمانی ڕەنگینکراوە بە کاریگەری خوداوەند و ئایینەکانی بەدەر لە ئیتاڵیا و یۆنانیش؛ چیرۆکەکانی دایکی مەزن، سیبێل لە ئەنەتۆلیا؛ لە میسرەوە خوابانوو ئسیس؛ لە خوداوەندە سووریەکانیش وەک جوپیتێر هیلیۆپۆلیتانوس وەرگیراون. وەک جوڤینالی شاعیر لە ساتیرەکانیدا نووسسیوویەتی، ” ئۆرۆنتیزی* سووری ماوەیەکی باشە خۆی ترانجۆتە تایبێرەوە* “. یەکیک لەو خوداوەندانەی کە شوێنکەوتوویەکی زۆری لە نیو سەربازانی ڕۆمیدا بەدەستهێنا میتراس بوو. بنەچەی ڕەنگە پارسی بووبێت، بەڵام مەزهەبی گاکوژەکە بەدڵنیایەوە ڕۆمانییە. لەبەرئەوەی فەرمانڕەوایەتی ئیمپراتۆریەتیکی گەورەیان کردووە، تۆمارێکی بەرفراوانیان هەبووە، کە ڕەنگە روونی بکاتەوە بۆچی زۆرینەی ئەفسانەکانیان ماونەتەوە. هونەر و وێژە – شیعر، نامە و ساتیرە – ئەفسانەکانی یۆنان، ئتروسکان و خۆرهەڵاتیان پاراستووە و گۆڕیوە بە وێناکردنەوەیەکی هێندە زیندوو کە هیشتا کاریگەری هەیە بەسەر نیگارکێشەکانی خۆرئاوادا.

  • ڕووبارێکە لە لوبنان سەرچاوە دەگرێت و بە سورریادا تێدەپەرت و دواتر لە تورکیاوە دەرژێتە دەریای سپی ناوەراستەوە.
  • ڕووبارێکی ناوەراستی ئیتاڵیایە، لە ڕۆماوە سەرچاوە دەگرێت بۆ نێو دەریای سپی ناوەراست.

نیگارەکە/ ” ساتورن بە مەڵەغانێک باڵەکانی کیوپید دەبرێت” – ئیڤان ئەکیمۆڤیچ ئەکیمۆڤ (١٨٠٢).

باکووری ئەوروپا

ئەفسانەکانی پێش مەسیحیەتی باکووری ئەوروپا هێندەی یۆنانی و ڕۆمانیەکان باش تۆمار نەکراون. بەپێچەوانەی ژیارە کۆنەکانی تر، خەڵکانی باکووری ئەوروپا کلتوورگەلی خوێندەواریان نەبوو هەتا دوای ئەوەی بوونە مەسیحی لە سەرەتای سەدەکانی ناوەڕاستدا. لە شێلگیری بۆ سەپاندنی ئایینی نوێ، کڵێسای مەسیحی ڕێگەی بە هەبوونی ئەفسانە و پەیڕەوە کۆنەکان نەدا؛ لەبەرئەوە ئەگەری زۆرە زۆرینەی لەناوچوبێت. ئەو نووسەرە مەسیحیانەی کە ئەفسانەکانی بەر لە مەسیحیەتیان تۆمار دەکرد بەگشتی هاوسۆز نەبوون بەرامبەریان و زۆرجار هیچ تێگەیشتنێکیان نەبوو دەربارەی گرنگی ئایینە ڕەسەنەکەیان، هەر بۆیە ئێستا ماناکانیان ناڕوونە.
تەنانەت ئەو نووسەرانەشی کە دژ نەبوون، وەک سنۆری سترەلسەنی ئێرلەندی سەدەی ١٣، ئاگاداری ئەوە بوون کە ئەفسانەکان بەجۆرێک دەربخەن کە لە لایەن کڵێساوە پەسەندکراوبن، بۆ ئەوەی خۆیان لە تۆمەتی بێباوەڕی بپارێزن. ئەفسانەکانی تر پەردەپۆش کران و بەردوامبوون لە گێزانەوە لە نێو خەڵکیدا. بە تێپەڕینی کات، کاتێک ئەفسانەکان گرنگیە ڕەسەنە ئایینیەکەیان لەدەستدا، بوونە چیرۆکی فۆلکلۆری.

ئایینە کۆنەکان

بەرلەوەی ببنە مەسیحی، خەڵکی باکووری ئەوروپای ئێستا زۆرینەیان بەسەر خێڵەکان و دەرەبەگایەتیدا دابەشببون. پێکهاتەیەکی ناوەندی سیاسی و ئایینیان نەبوو هەتا بتوانێت باوەڕێکی یەکگرتوو بسەپێنێت. لە دەرئەنجامدا، چەندین پێکهاتەیی ئایینی جیاواز هەبوون. لە لوتکەی دەسەڵاتیاندا لە کۆتا سەدەکانی پێش زاییندا، سێڵتەکان نیشتەجێی بەریتانیا، ئێرلەندا و دەشتاییە فراوانەکانی ناوەڕاست و خۆرئاوای ئەوروۆا بوون. کۆمەڵە خوداوەندێکی هاوبەشیان نەبوو؛ لە کاتێکدا پەرستنی هەندێک خوداوەند، وەک تارانیسی خوداوەندی هەورەگرمە و ئپۆنای خوابانووی ئەسپ، بەربڵاو بوون، بەڵام هیچییان لە لایەن هەموو گەلانی سێڵتیکەوە نەدەپەرستران.
لە تەواوی باکووری ئەوروپادا، تەنها سێڵتەکان زانراوە کە کاهینێتی پیشەگەریان هەبووبێت. ئەم کاهینانە، پێیاندەگوترا دروید، ماوەیەکی زۆر دەیانخوێند کە تیایدا چاوەڕواندەکرا هەموو یاساکان، مێژوو، ئەفسانەکان و پەیڕەوە ئایینیەکانی خێڵەکەیان ئەزبەر بکەن. لە لایەکی ترەوە، لە نێو نۆرسی بەر لە مەسیحیەتدا، سرووتە ئایینیەکان لە لایەن پاشا و سەرۆکە خێڵەکیەکانەوە پێشکەشدەکران. ئەم ئایینە کۆنانای نۆرس سیستەمێکی ئایینیان نەبوو، لەبری ئەوە سەرنجیان خستبووە سەر قوربانیکردنی سرووتی – سامان، ئاژەڵ و هەندێک جار مرۆڤیش – بۆ ئەوەی خوداوەندەکان ڕازی بکەن یان تووڕەییان هێور بکەنەوە.

بنەچە مێژوویەکان

هەندێک لە ناسراوترین ئەفسانەکانی باکووری ئەوروپا، لە ساڵانی دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی لە سەدەی ٥ی زاینیدا ڕوویانداوە یان سەرچاوەیان گرتووە. بۆ نموونە، ئەفسانە سەرەتاییەکانی پاشا ئارسەر، وەک جانگاوەرێکی پاڵەوان پیشانی دەدات کە بەرگری لە سێڵتیکە بەریتانیەکان کردووە دژی ئەنگلۆ سەکسۆنە ئەڵمانیەکان، کە بەریتانیایان داگیرکرد دوای کشانەوەی سوپای ڕۆمانی لە ٤١٠ی زاییندا. دوای هەڵمەتی نۆرمان لە ١٠٦٧دا، ئارسەر لە لایەن نووسەرە فەڕەنسی و ئینگلیزەکانەوە وەرگیرا کە وەک پاشای نموونەیی و شۆڕەسواری هەموو ئینگلتەرا وێنایان کرد،
ئەفسانەی نۆرسی سیگۆردی پاڵەوانی ئەژدیهاکوژ کەسایەتی راستەقینەی مێژووی تێدایە، بنەڕەتی دەگەڕیتەوە بۆ سەدەی ٥ یان ٦ی زایینی. لە کاتێکدا ئەفسانە ئێرلەندی و وێڵزیەکان بنەڕەتێکی زۆر دێرینتریان هەیە، زۆرێک لەوانیش، دەکرێت بخرێنە نیو چوارچێوەی میژووییەوە. ئەفسانەکانی زنجیرەی ئولستێر، کە باس لە کوکاڵیەنی پاڵەوان دەکات، لە ئمەین ماچا روودەدات، گردەقەڵایەکی نزیک لە ئەرماه، کە ناوەندێکی سەرەکی دەسەڵات بووە لە چاخی ئاسندا ( ٥٠٠ پ.ز – ٤٠٠ ز ).
خواست لەسەر ئەفسانەکانی نۆرس و سێڵتیک، بە چیرۆکی پاڵەوانەکان و ئەژدیها کوژەکانەوە، هێشتا لە دونیای مۆدێریندا بەهێزە. بوونە ئیلهامی چەندین کاری نیگارکێشی، میوزیک و وێژەیی – لە نیگارەکانی چیرۆکە ئارسەریەکانی بەر لە ڕافایلیتەوە بۆ ئۆپێراکانی ئەنگوستیلەی نیبێلونگی ڕیچارد واگنەر و پاشای ئەنگوستیلەکانی ج. ر. ر. تۆڵکین.

ئامانجی نەتەوەیی

لە کاتێکدا ئەوەی دەیزانین دەربارەی ئەفسانەکانی سێڵتیک و نۆرس لە سەدەکانی ناوەراستدا نووسراونەتەوە. ئەفسانەی فینلەندی هەتا سەدەی ١٩ تۆمار نەکرا. بۆ زۆرینەی مێژووی تۆمارکراویان، گەلی فین لە لایەن خەڵکانی بێگانەوە فەرمانڕەوایەتی کراون – سەرەتا سوێدیەکان، دواتریش رووسەکان – هەروەها خویندەواری لە زمانی فینلەندیدا زۆر سنووردار بوو هەتا سەرەتای سەدەی ١٩.
کۆکردنەوەی ئەفسانە و فۆلکلۆری فینلەندی لە سالانی ١٨٢٠دا دەستیپێکرد و لە نزیکەوە بەسترابوو بە گەشەسەندنی هەستی نەتەوەیی فینەکان. لە ژێر فەرمانڕەوایی رووسەکاندا لە ١٨١٥وە، فینەکان درکیان بەوە کرد کە شوناسی نەتەوەییان لە ژێر هەڕەشەدایە بە هۆی سیاسەتی ” بەڕووسکردنەوە” و بە دروستکردنی خوێندنگای جیاکراوەی فینلەندی وێنەکێشان، میوزک و وێژە بەرپەرچیان دایەوە. یەکیک لە مەزنترین کارەکانی ئەم بزووتنەوە کلتووریە کالیڤالای ئلیاس لۆنڕۆت بوو، کە ئەفسانە فینلەندیەکانی پێکەوە بەست بۆ دروستکردنی داستانێکی نەتەوەیی بۆ گەلەکەی.

نیگارەکە/ ڕانگارۆک (کۆتایی دونیا لە ئەفسانەی نۆرسدا) – سام فلێگال

عکس ‏‎Sangar A. Karim‎‏

/ ئاسیا

لە دەوروبەری ٤٠٠٠ پ.ز دا، یەکەمین شارە گەورەکان لە سۆمەر پەیدابوون، باشووری میسۆپۆتامیا. هەر زوو، خەڵکانی ناوچەکە نووسینی بزماریان دروستکرد. ئەمە یارمەتیدان ئەفسانەکان تۆمار بکەن – وەک ئەفسانەی ئینانای خوابانووی بەپیتی – کە پێشتر بەشێوەی زارەکی گواسترابوونەوە. ئەم ناوچەیە نیشتیمانی داستانی گلگامێشە، یەکێک لە کۆنترینی ئەو کارە وێژەییانەی کە ماونەتەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ٢١٠٠ی پ.ز. داستانەکە لەسەر ئەو تاتە قوڕانە تۆمارکراوە کە لە کتێبخانەی ئاشوربانیپاڵدا دۆزراونەتەوە – بەناوی پاشایەکی سەدەی ٧ی پ.ز ناونراوە – لە کاتی لێکۆڵینەوەیەکی شوێنەوارناسی لە شاری دێرینی نەینەوادا. ئنوما ئیلیش، ئەفسانەی پەیدابوونی بابلی سەدەی ١٦ی پ.ز، هەر لەوێ دۆزراوەتەوە.

ژیارێکی تر کە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا پەیدابووە فارسەکان بوون. یەکەمین ئیمپڕاتۆریەتی فارسی لە ٥٥٠-٣٣٠ پ.زدا دروستبووە. ئەفسانەکانی پەیوەستن بە بیرۆکەی چاکە و خراپەوە – کە لە زەردەشتیەتیشدا هەیە، ئایینی فەرمی دەوڵەت لە ٦٠٠ی پ.ز بۆ ٦٥٠ ز.

ئەفسانەکانی ئایینە سەرەکیەکان

باوەڕی هیندۆسی کە لە دەوروبەری ١٩٠٠ی پ.ز دا لە نیمچە کیشوەری هیندستان گەشەی سەند چوارچێوەی بۆ زۆرینەی ئەفسانە هیندیەکان دروستکرد. لە بنەڕەتدا، بە زارەکی گواستراوەتەوە – بە دوو داستە شیعرییە مەزنەکەی هیندیشەوە، ڕامایانا و مەهابهاراتا، کە باسی ژیانی خوداوەندەکان دەکات. بەڵام هیندۆسی تاکە ئایین نییە کە کاریگەری خستبێتە سەر ئەفسانەی هیندی و تەواوی ئاسیا. سیدهارتا گاوتاما لە نیپاڵی ئێستا لەدایکبووە لە دەوروبەری سەدەی شەشەمی پێش زاییندا. بووە بودا، چەندین شوێنکەوتووی بەدەستهێنا و فێرکارییەکانی لە هیندستانەوە بەتەواوی کیشوەرەکەدا بڵاوبۆوە، کاریگەری خستە سەر ئەفسانەکانی گەلانی وەک ژاپۆن، چین و کۆریا. لە سەدەی ١ی پ.ز بەدواوە، تۆمارکردنی چیرۆکەکان لە سەرانسەری ئاسیادا بووە شتێکی باو. ئەفسانەکان بە زمانی سانسکریت تۆمارکران، کە بووە زمانی نووسینی سەرەکی هیندۆسی و ئایینەکانی تر کە لەو ناوچەیەوە سەریانهەڵدا.

گێڕانەوە نووسراوەکان

یەکەمین شانشینی چین لە دەوروبەری ٢٢٠٠ی پ.زدا پەیدابوو. بە درێژایی سەردەمەکان، دەسەڵاتی سیاسی ئەم پاشایانە لە بنکەی دەسەڵاتیانەوە لە ناوەڕاستی چینەوە بۆ ئاسیا فراوان بووە. لە ماوەی هەزارەی یەکەمی پێش زاییندا، زمانی نووسینی چینی دروستبوو. ئەمە بووە هۆی ئەوەی توێژەرە چینیەکان بتوانن ئەفسانەکان تۆمار بکەن لە کارەکانی وەک کلاسیکی چیاکان و دەریاکان و دواتر تۆمارە مێژوویەکانی سێ شانشینە ئاسمانیەکە و پێنج خوداوەندەکەی شو ژیانگدا. تۆماری ژاپۆنی، کۆجیکی، بە شێوازی چینی نووسراوە، هەروەک سامگوک یوسای کۆری.

لە هەندێک بەشی ئاسیادا، ئەفسانەکان تەنها لە سەدەی ٢٠دا نووسراونەتەوە، بەهۆی گەڕیدە خۆرئاواییەکانەوە. بۆ نموونە، ئفوگاۆکانی فلیپین، بەردەوامبوون لە گواستنەوەی ئەفسانەکانیان بەزارەکی بۆ زیاتر لە ١٠٠٠ ساڵ، چەندین وەشانی جیاوازیان دروستکردووە، کە تەنها لە ساڵانی ١٩٤٠ وە دەستکرا بە کۆکردنەوەیان لە لایەن ئەنسرۆپۆلۆجیستەکانەوە.

تەکوزی و ئاژاوە

تێمای سەرەکی ئەفسانە ئاسیاییەکان گەڕانە بەدوای هاوسەنگیدا، هەم لە ئاسمان و هەم لە زەویدا. مەردۆک، خوداوەندی بابلی، یارمەتی چەسپاندنی تەکوزیدا بە تێکشکاندنی هێزە شەیتانیەکانی ئاژاوە و ناونانی هەموو شتەکانی گەردوون. ئەم گەڕان بەدوای هاوسەنگیەدا لە چیرۆکەکانی وەک ئەوەی پانگودا دەردەکەوێت، کە لە هێلکەیەکەوە پەیدابوو – ئەفسانەیەک کە لە ئەفسانەی کۆری جومونگدا دەردەکەوێتەوە – بۆ هێنانی تەکوزی بۆ گەردوونی بێ شێوە و مسۆگەرکردنی هاوسەنگی لە نیوان هێزەکانی ین و یانگدا. چەمکی دهارما – ژیان بە هاوسەنگی لەگەڵ گەردوون و دونیادا – تێمای سەرەکیە لە چیرۆکی ڕامای خوداوەندی هیندۆسیدا. ئەفسانەی ژاپۆنی ڕکابەری نێوان خوداوەندنی ئاماتێراسو و سوسانوش ئەم پێکدادانەی نێوان تەبایی و ئاژاوە پیشان دەدات.

ئەفسانەی زەردەشتی لەسەر بنەمای بیرۆکەی دووانەی گەردوونی دامەزراوە. خوداوەند ئاهورامەزدا دونیایەکی خاوێنی دروستکرد، کە ئەهریمەن بە پیری، نەخۆشی و مەرگ هێرشی کردە سەر. ئاهورامەزدا و ئەگریمەن دووانە خوداوەندێک بوون کە کتومت پێچەوانەی یەکتر بوون: دروستکەر و لەناوبەر.

خوداوەندەکان و دامەزرێنەرەکان

بیرۆکری ئەوەی کە خوداوەندەکان شوناس و شێوەی جۆراوجۆر وەردەگرن باوە لە زۆربەی ئەفسانەکانی دونیادا، بەڵام بە تایبەتی لە ئاسیادا. ڤیشنو، خوداوەندێکی بنچینەی هیدۆسی و پارێزەر لە سێییەکەدا، چەندین ئاڤاتاری هەیە کە دەجێتە سەر شێوەیان بۆ گێرانەوەی تەکوزی بۆ دونیا.

کەسایەتی دامەزرێنەری ئەفسانەیی تێمایەکی ترە لە ئەفسانە ئاسیاییەکاندا. هەندێکیان خوداوەندن کە تەواوی وڵاتێکیان دروستکردووە، وەک ئزاناگی و ئزانامی لە ژاپۆن. ئەوانی تر مرۆڤگەلی ئەفسانەیین، وەک دانگیوم وانگیۆم، کە یەکەمین شانشینی کۆریی دامەزراند، یان یی، تیرئەندازی ئەفسانەیی کە دونیای لە دە خۆری گڕدار ڕزگار کرد.

نیگار/ گلگامێش گای گەردوونی دەکوژێت -ئرنێست والکەسنز

تصویر ممکن است موارد زیر را شامل شود: ‏‏فضای باز‏‏

ئەمریکای باکوور و باشوور

یەکەمین مرۆڤەکان کە لە ئەمریکاکاندا نیشتەجێبوون هیندیەکانی پالاییۆ بوون، کە لە ئاسیاوە پەڕینەوە بۆ ئەمریکای باکوور نزیکەی ۲۲٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر. لە هەزارەی دواتردا، بەرەو باشوور کۆچیانکرد و هەتا ۱٦٥٠٠ی پ.ز، پەتەگۆنیا لە لێواری باشووری ئەمریکای باشوور خەڵکانی وەک تواڵچی لێ نیشتەجێ بوون.

لە نزیکەی ۳٥٠٠ پ.ز بەدواوە، ژیارە میسۆئەمریکیەکان پەیدابوون لە ئەمریکای ناوەڕاستدا، یەکەمین شارەکانیان تێدا دروستکرد لە دەوروبەری ۱۸٠٠ پ.ز. چیرۆک و ئەفسانەکانی ئەم خەڵکە سەرەتاییانە کاریگەریەکی گەورەی کردۆتە سەر ژیارەکانی دواتر، وەک مایا، کە لە ۷٥٠ی پ.ز بۆ سەدەی ۹ی ز گەشایەوە، هەروەها ئیمپڕاتۆریەتی ئازتیک، کە لە سەدەی ۱۳ بۆ ۱٦ی زایینی گەشەی سەند. لە ئەمریکای باشوور، ئنکا دەسەڵاتی پەیدا کرد و گەشەی بە ئەفسانەکەیدا لە سەدەی ۱۲ وە بۆ ۱٦ی ز. خەڵکە ڕەسەنەکانی ئەمریکای باکووریش، کلتوور و ئەفسانەگەلی هەمەجۆریان گەشەپێدا ـ لە ئنیوتەکانی جەمسەری باکوورەوە، کە لە سەدەی ۱۱دا پەیدابوون، بۆ نەتەوەی ناڤاجۆ، کە بۆ باشووری خۆرئاوا کۆچیانکرد لە دەوروبەری ۱٤٠٠ی زایینیدا.

جیهانی کۆن لە بەرامبەر جیهانی نوێدا

گەیشتنی ئەوروپیەکان لە کۆتایی سەدەی ۱٥ دا جیهانی نوێی گۆڕی؛ ئەو نەخۆشیانەی لەگەڵ خۆیان هێنابوویان ملیۆنان کەسی کوشت و گۆڕین بۆ مەسیحیەت و بەخۆرئاوایکردن چەندین ئەفسانەی ڕەسەنی سڕیەوە. لەکاتێکدا ئەو زیانەی بەر ئەمریکاکان کەوت بە گەیشتنی ئەوروپیەکان هەژمار ناکرێت. یەکەمین پەیوەندیگرتنی دواتر لەگەڵ خەڵکە ڕەسەنەکە واتای ئەوەیە کە لە سەدەی ۱٦ بەدواوە، گەلێک ئەفسانە بۆ یەکەمجار بە نووسین پارێزران.لە لایەن نووسەرە ئەوروپیەکانی وەک جۆهانێس ویلبێرتەوە تۆمارکران، ناوچە دوورە دەستەکانیان پشکنی کە پێشتر لە لایەن جیهانی کۆنەوە نەدۆزرابونەوە. هەرچەندە، گەلێک ئەفسانەی ئەمریکیە ڕەسەنەکان و یەکەمین نەتەوەکانی کەنەدا لەناوچوون لە کۆتایی سەدەی ۱۸ دا کاتێک دانیشتوان و کۆڵۆنیە نوێیەکان هێرشیان کردە سەر کلتوورە ڕەسەنەکان و ناچارین کردن لە شێوازی ژیانی دانیشتوانە تازەکاندا بتوێنەوە.

میتۆدەکانی گێڕانەوە

ئەمریکیە ڕەسەنەکان بەگشتی زمانی نووسراویان بەکارنەدەهێنا هەتا یەکەمین بەرکەوتنیان لەگەڵ نیشتەجێبووە سپی پێستەکاندا. هەموو لقەکانی ئەفسانەی ئەمریکی پێشتر بەهۆی گێڕانەوەی زارەکیەوە پارێزرابوون، بەڵام هەندێک لە گەلە میسۆئەمریکیەکان، وەک مایا و ئازتیک، سیستەمگەلی هیرۆگلیفیان گەشەپێدا کە ڕێگەی دەدان ئەفسانەکانیان ە کۆکراوەی وەک پۆپۆل ڤوه و دەستووسی چیمالپۆپۆکادا تۆمار بکەن. خەڵکانی تر سیستەمی جیاوازتەیان بەکاردەهێنا بۆ تۆمارکردنی چیرۆکەکانیان. بۆ نموونە ئنکا ڕەنگە پەتی گڕێداریان بەکارهێنابێت.

سەرەتای هاوبەش

بەگشتی، زۆرینەی نەتەوەکانی ئەمریکا باوەڕیان بە خوداوەندی دروستکەر هەیە. گەلێک لە ئەفسانە بنچینەیەکانی ئەمریکیەکان وردەکاری تێدایە دەربارەی ئەوەی چۆن ئاسمان، زەوی و هەموو بوونەوەرە زیندووەکان دروستکراون. بۆ ئینکا، ئەوە ڤیراکۆچایە، کە گەردوونەکانی دروستکرد. کووچ، باوکە ئاسمانی تواڵچی، ڕۆڵێکی هاوشێوەی هەیە. ئەزتیکەکان بڕوایان وایە گەردوون سەرەتا لە لایەن خوداوەندی دوو ڕەگەزی ئۆمێتئۆتلەوە هێنرایە بوون، کە چوار خوداوەندە یەکەمینەکانیشی دروستکردووە. کەسایەتیەکی تری گرنگی دروستکەر دایکە زەوییە، کە وەک جاڵجاڵۆکە دەردەکەوێت لە زۆرێک لە ئەفسانەکانی ئەمریکیە ڕەسەنەکاندا و مامۆستای مرۆڤایەتیە.

ئەو پاڵەوانەی کە یارمەتی یان مرۆڤایەتی فێردەکات تێمایەکی دووبارەبوەوەیە لە ئەفسانە ئەمریکیەکاندا. گەلی واراۆی ئەمریکای باشوور ڕێز لە کەسایەتیەک دەگرن بەناوی هابوری کە بەلەمی دوگۆوتی داهێناوە. ” دووانە پاڵەوان”کەی مایا یارمەتی مرۆڤەکانیاندا بە تێکشکاندنی پاشاکانی جیهانی ژێرەوە، مرۆڤەکانیان لە قوربانی ڕزگار کرد. هەروەها دوانە پاڵەوانەکە تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە لەگەڵ خوداوەندە تەڵەکەبازەکاندا. ئەم خوداوەندە زیرەکانەش باون لە ئەفسانەکانی ئەمریکای باکووردا، وەک چیرۆکەکانی قەلەڕەشی ئنویت و خەڵکانی نەتەوەی یەکەم.

تێگەیشتن لە گەردوون

ئەفسانەکانی ئەمریکیەکان بەقووڵی بە تێڕوانینی ڕۆحی و ئایینی خەڵکە ڕەسەنەکەوە گرێدراوە. بەتایبەتی، پەیوەندی قووڵی نێوان مرۆڤ، سروشت و گەردوون پیشان دەدات. ئەفسانە ئەمریکیەکان گەردوونەکانیان بە شێوازگەلی بێهاوتا چەمکاندووە. بۆ نموونە، ئەفسانەی پەیدابوونی چێرۆکی، جیهان وەک دوورگەیەکی سەرئاوکەوتووی نێو دەریا وێنا دەکات، کە گوریسگەلێک ڕاگیرکراوە، لەکاتێکدا گەلی واراۆ جیهانەکەیان وەک بارستە خاکێک وێنا دەکەن کە بەتواوەتی بە زەریا دەوردراوە.

زۆرجار ئەفسانە ئەمریکیەکان تەنە ئاسمانیەکانیشی تێدایە. ڕکابەری نێوان خۆر و مانگ تێمایەکی باوە، لە چەندین ئەفسانەی ئازتیک، ئینکا و تواڵچیدا ڕوودەدات. بۆ ئازتیکەکان بەتایبەتی، بوون لەسەر بنەمای سووڕی پێنج خۆر و سەردەمە، هەریەکەیان بە وێرانبوون کۆتایی دێت و قوربانیدان بە مرۆڤ بنچینەییە بۆ ڕێگرتن لە کەوتنی خۆری پێنجەن و کۆتایی ـ لەگەڵیشدا، کۆتایی دونیا.

نیگار/ داپیرە جاڵجاڵۆکە

تصویر ممکن است موارد زیر را شامل شود: ‏‏یک یا چند نفر‏‏

میسری دێرین و ئەفریکا

کیشوەری ئەفریکا دەوڵەمەندە بە ئەفسانە، کە دابەشدەبێت بەسەر دوو کاتیگۆریدا: ئەفسانەی میسری دێرین، کە بەهۆی نووسراوە هەڵکۆڵراو و دەستنووسەکانەوە دەیزانین؛ هەروەها ئەفسانەی هەمەچەشن و پڕ وزەی ئەفریکای خوار بیابانی ساهارا، کە لەڕێی گێرانەوەی زارەکی تۆکمەوە دەیزانین کە لە سەدەی ١٩وە دەست بە تۆمارکردنی کراوە لە لایەن ئەنسرۆپۆلۆجیستەکانەوە.

ئەفسانەی میسری

گەشەسەندنی میسری دێرین دەکرێت بەگشتی ڕێکبخرێت بۆ سێ سەردەمی سەرەکی: شانشینی کۆن (٢٦٨٦ – ٢١٨١ پ.ز)، شانشینی ناوەند (٢٠٥٥-١٦٥٠ پ.ز) و شانشینی نوێ (١٥٥٠-١٠٦٩ پ.ز) بەڵام ڕەگەکانی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شانشینی سەرەتا کە لە ٣١٠٠ی پ.ز دەستپێدەکات، مێژووەکەی درێژدەبێتەوە بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی ڕۆم و سەردەمی نوێ. سەردەمێکی هێدە درێژ – کە هەر سەردەمێکی جیاوازی بە گەشەی کلتووریدا دەناسرێتەوە – پێشنیاری ئەوە دەکات کە ئەفسانەی میسریش پەرەی سەندووە، بەڵام لەڕاستیدا یەکێتیەکی ناوازە هەیە لە سەرانسەری مێژووی میسردا. بەشێکی لەبەرئەوەیە کە ئەفسانە هەمیشە ورد و گونجاو بووە، لەتوانایدا بووە جیاوازی و دژیەکەیان هەڵمژێت.

دەقە میسریەکان باسی ” دەیان هەزار هەزار خوداوەند” دەکەن، بەڵام هەموو ئەم خوداوەندانە، لە جەوهەردا، ڕووکاری دروسکەری بنەرەتین، ” خوداوەندی بێسنوور”. کەواتە، دەکرێت خوداوەندەکان دابەش بکرێت بۆ دوو بەش، یان هاوبەش لەگەڵ خوداوەندەکانی تردا. فیرعەون ئەخناتون (١٣٥٢-١٣٣٦ی پ.ز) هەوڵیدا گۆلاوی پڕی خوداوەندە میسریەکان بە عەقڵانی بکات و هەموو پەرستشی چڕکردەوە لەسەر ئاتێن، بینراو بە دیسکی ئاشکرای خۆر، وەک تاکە کردگار و پەروەرێنی دونیا داینا. ئەم جووڵە ڕادیکاڵیە میسری خستە پشێویەوە. هەڵکۆڵڕاوێک بەناوی پاشای جێگرەوەی ئەخناتون، پاشا توتئەنخئامونی لاو، باسی ئەوە دەکات چۆن، ” پەرسگای خوداوەند و خوابانووەکان تەختی زەوی کران. … خاکەکە سەرەوژێرکراو و خوداوەندەکان پشتیان تێکرد. … ئەگەر هەرکەسێک نزای بۆ خوداوەندەکان یان خوابانووەکان بکردایە بۆ هاوکاری، بە هانایەوە نەدەهاتن. دڵیان شکابوو.”

لە ماوەی ٣٠٠٠ ساڵدا، لایەنەکانی ئەفسانەی میسری کە سەرەتا تەنها بەسەر پاشاکاندا جێبەجێ دەبوو درێژبۆوە، هەتا ئەو کاتەی میسریەکان دەیانتوانی هیوا بۆ ژیانێکی نوێ بخوازن دوای مەرگ، لە کێڵگەی قامیشەکاندا. ئەم ڕوانینە نموونەییەی ژیانی میسریەکان لە دەلتای نیلدا دەکەوتە خۆرهەڵاتەوە ئەو شوێنەی خۆری لێ هەڵدەهات. ئەو هەڵکۆڵراوی تەلیسم و نزایانەی کە سەرەتا لە هەڕەمەکانی فیرعەونەکانی شانشینی کۆندا دەرکەوتن (دەقەکانی هەرەم) هەڵگیرانەوە بۆ بەکارهێنانی تایبەت لە شانشینی ناوەنددا (دەقەکان تابووت)، لە لایەن شانشینی نوێشەوە ڕێکخرانەوە لە بەناوبانگترین دەقەکانی میسریەکاندا، کتێبی مردووان. زۆبەی ئەفسانە میسریەکان پێکەوە بەستران لەڕێی باسکردنیان لەو تەلیسمانەدا، بەڵام هەندێکیان نووسرانەوە بە شێوازی گێڕانەوە، بەناوبانگترینیان ڕکابەری هۆروس و سێسە – چیرۆکێکی توندوتیژ و کۆمیدی تەڵەکەبازی و ڕکابەری نێوان دوو خوداوەند.

چیرۆکەکانی خوار ساهارا

ئەنانسی تەڵەکەبازی ئەکام-ئەشانتی، کە هەم مرۆڤ بوو هەم جاڵجاڵۆکە، بنا‌‌غەی گێڕانەوەی کۆمیدی و توندوتیژە، چیرۆکەکانی ئەنانسیش بە خۆرئاوای ئەفریکادا بڵاوبوونەوە، بۆ کاریبی و ئەمریکا. چیرۆکبێژیی زارەکی شل و خۆگونجێنە، دەتوانرێت بەئاسانی بەم جۆرە بە سنوورەکاندا بگوازرێتەوە. خوداوەند و نەریتەکانی خەڵکانی خۆرئاوای ئەفریکا وەکو یۆروبا و فۆن لەگەل کۆیلە ئەفریکیەکاندا بۆ جیهانی نوی گەشتی کرد، لەوێ بوونە بناغە بۆ ئایینی نوێی ” ڤوودو”. لێگبا، هاوتا فۆنەکەی خوداوەند ئشوی یۆروبا، بووە خوداوەند لێگبای ڤۆدوو.

ئەگەر سێتتەمی باوەڕی ئفای پێشبینی کردنی کۆنتڕۆڵکرابوو لە لایەن ئشوەوە – خوداوەندێک کە دەیتوانی ٢٥٦ شێوەی جیاواز وەربگرێت – ئاڵۆز دەربکەوێت، هیچ نییە کاتێک بەراورد دەکرێت بە مێتافیزیکی ئەفسانە تێکچڕژاوەکەنی دۆگۆنەکانی مالی. سێتتەە باوەڕییە فرە ئاڵۆزەکەیان بەرجەستەکەری ئەو بیرۆکە بنچینەییەیە کە مرۆڤایەتی ” تۆو”ی گەردوونە، هەروەها شێوەی مرۆڤ دەنگدانەوەی یەکەم ساتی دروستبوون و تەواوی گەردوونی دروستکراوە. هەر گوندێکی دۆگۆن لە شێوەی جەستەی مرۆڤدا دروستکراوە، هەروەها وەک شتێکی زیندوو هەژمار دەکرێت.

ئایینە زیندووەکان

کاریگەری ئەفسانەکانی خوار ساهارا لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی هێشتا بوون هەیە. ئەفسانەی ئن – کای خۆرهەڵاتی ئەفریکا کە ڕەشەوڵاخی دروستکرد و بە ماسای بەخشی بناغەی شێوازی ژیانی بۆ خەڵکەکە داڕشتووە. ئەفسانە شیعریەکانی جەنگەڵنشینانی سان لە بیابانی کالاهاری لە باشووری ئەفریکادا، چیرۆکی کارەکانی ڕەگەزی سەرەتایی بوونەوەرەکان دەگێڕێتەوە کە هەم مرۆڤ بوون هەم ئاژەڵ، وەکو کانگی دروستکەر. کە هەم مرۆڤ بوو هەم کوللە حاجی، کانگ خەونی بە بوونی دونیاوە بینی. ئێستا، شەمانەکانی سان هێشتا دەچنە هەمان دۆخی خەونەوە بۆ گەشەپێدان بە تواناکانی باران باراندن، چارەسەر کردن، یان ڕاوکردنی جادوو.

نیگار/ لاپەڕەیەک لە کتێبی مردووانی هونیفێر- ١٢٧٥ی پ.ز.

توضیحات عکس در دسترس نیست.

ئۆقیانیا

جگە لە گەورە خاکی ئوستراڵیا، ئۆقیانیا پێکدێت لە دوورگەگەلێک کە بە ڕووبەری ۸,٥ ملیۆن کلیۆمەتر چوارگۆشە ( سێ ملیۆن مایلی چوارگۆشە) بە زەریای هێمندا بڵاوبوونەتەوە. ئەفسانەکانی خەڵکانی ئۆقیانیا زۆرجار جیاوازن لە یەکتری بەزۆری بەهۆی ئەو مەودا جوگرافیا گەورەیەی نێوانیان. بەتایبەتی ئوستڕالیە ڕەسەنەکان نەریتگەلێکیان هەیە کە زۆر جیاوازە لە تەواوی ئۆقیانیا. خەڵکانی ڕەسەنی ئوستراڵیا یەکەمین خەڵکانێک بوون لە ئۆقیانیادا نیشتەجێ بن، ئەگەری هەیە لە دەوروبەری ٦٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر لە باشووری ئاسیاوە هاتبن.

دووەم گروپی سەرەکی کە گەیشتنە ئۆقیانیا پاپواکان بوون، کە گەیشتنە گینیای نوێ زیاتر لە ٤٠٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر. بنەڕەتی زۆرێک لە چیرۆکە ئۆقیانیەکان دەکرێت بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەم سەردەمە. لەکاتێکدا ئوستراڵیا لەڕووی کلتووریەوە دابڕاو بووە هەتا گەیشتنی ئەوروپیەکان لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا، پاپواکان تێکەڵاویەکی زیاتریان هەبوو لەگەڵ ئەو کەسانەی سەردانی ئەم دوورگانەیان کردووە. لەنێوان ٥٠٠٠ بۆ ۳٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، شەپۆلێکی نوێی کۆچبەرە دەریایەکان لە باشووری خۆرهەڵاتی ئاسیاوە گەیشتنە مێلانیسیا، باکووری خۆرهەڵاتی ئوستراڵیا، لە دوورگەکانی وەک فیجی و سەلەمۆن نیشتەجێبوون. لە ۱٠٠٠ پ.ز دا، نیشتەجێبووەکان خۆیان لە دوورگەکانی میکرۆنیزیادا لە خۆرئاوای زەریای هێمندا جێگیرکرد، لە باکووری مێلانیسیا.

شەپۆلی دواتری کۆچکردن، لە دەوروبەری ۲٠٠٠ ساڵ لەمەوبەردا بە ئاڕاستەی خۆرهەڵاتدا بوو بۆ پۆلینیزیا. لەماوەی سەدەکاندا، سامۆوا، تۆنگۆ، تاهیتی، دوورگەی ئیستەر ( ڕاپا نوی) و دوورگەکانی هاوایی خەڵکی تێدا نیشتەجێبوو. نیوزلاند کۆتا ناوچەی گەورەی ئۆقیانیا بوو کە مرۆڤی تێدا نیشتەجێ ببێت؛ ماۆریەکان لە دەوروبەری سەدەی سیانزەی زایینیدا گەیشتە ئەوێ. خەڵکی پۆلینیزیا لە گروپێکی مێلانیسیا داکەوتون بەناوی لاپیتا، کە کەشتیوان و گەڕیدەی لێهاتوو بوون. دابەشبوو بۆ چەندین خێڵ و تیرە، لاپیتا لە کۆمەڵە دوورگەی بسمارکی باکووری خۆرئاوای گینیای نوێ نیشتەجێبوون لە ۲٠٠٠ی پ.زدا، هەروەها لە خۆرئاوای زەریای هێمندا نیشتەجێبوون لە ۱٦٠٠ی زایینی بەدواوە.

تێما سەرەکیەکان

تێمای سەرەکی لە ئەفسانەکانی ئۆقیانیادا پەیدابوونی دونیایە. لە زۆربەی ئەفسانەکانی خەڵکە ڕەسەنەکەدا، پەیدابوون لە ماوەی ” کاتی خەوندا” ڕوویداوە، سەردەمێک کە ڕۆحەکان و بوونەوەرە نائاساییەکان بە دونیادا گەڕاون، سروشتیان پێکهێناوە. لەکاتێکدا پەیدابوون لای خەڵکانی ڕەسەن وەک پڕۆسەیەکی بەکاوەخۆ باسکراوە، لە فۆلکلۆری پۆلینزیادا زۆر پڕ جووڵە و گۆڕانکاریترە ـ جیادەکرێتەوە بە بڵاوبوونەوەی فراوانی تاۆرا، خوداوەندێک کە لە قەپێلکەکەیەوە تروکا بۆ ئەوەی هەموو شتێک بێنێتە بوون. ئەفسانەکانی پەیدابوون باسی دروستبوونی مرۆڤایەتیش دەکەن. لە گێڕانەوەی ماۆریدا، تەین ـ خوداوەندێکی دارستان کە لە زۆربەی کلتوورە پۆلینیزیەکاندا دەردەکەوێت ـ مرۆڤی دروستکرد بە کردنی هەناسەی ژیاندا بە لم و قوڕدا. لە ئەفسانەکانی دوورگەکانی ئیستەردا، مەیکمەیک، خوداوەندی باڵندە دەریاییەکان، ژیانی دروستکرد بە تۆوکردنە قوڕی وشکراوەوە، لەکاتێکدا ئەفسانەکانی پاپوا دەڵێن مرۆڤ لە بنەڕەتدا ماسیەکەی بێ تایبتمەندی بووە کە کراوە بە مرۆڤ لە لایەن خوداوەندە پێشینەکانی ناسراو بە دێماوە.

ئەفسانەکانی دوورگەنشینان

جوگرافیای دوورگەکابی ئۆقیانیا کاریگەریەکی گەورەی هەیە لەسەر چیرۆکەکانی. بۆ وێنە، ئەفسانەی ماکرۆنیزی ئەلۆلوی، جەختدەکاتەوە لەسەر گرنگی کەشتیوانی و گەڕیدەیی.ماوی خوداوەندی تەڵەکەچی کە لە گەلێک لە ئەفسانە پۆلۆنیزیەکاندا دەردەکەوێت؛ وەک ماسیگرێکی بەتوانا کە هەموو دوورگەکانی لە بنکی زەریاوە هەڵکێشاوە بۆ سەرەوە، بنەڕەتی ئەفسانەیی هاوایی و نیوزلاندی دەدرێتەپاڵ، کە تیایاندا ڕاوەماسی بنچینەیە بۆ ژیان. لە فۆلکلۆری ماۆریدا، دوورگەی باکووری نیوزلاند ئەو ماسیەیە کە ماوی گرتوویەتی و دوورگەی باشووریش بەلەمەکەیەتی.

گێڕانەوەی زارەکی

ئەفسانەکانی ئۆقیانیا لەسەر بنەمای گێڕانەوەیەکی شیعری دێرینە. ئەمە زۆربەی کات بە نزیکی گرێدراوە بە ئایینی خەڵکەکەوە، وەک ئەوەی کاهینەکان بەردەوام کۆگای ئەفسانەکانن. چیرۆکەکان نەوە بە نەوە پارێزراون لەڕێی ئەزبەرکردنی بلیمەتانەوە.

لەبیرمانی ئەم چیرۆکانە بنچینەیی بوون لەبەرئەوەی زۆربەیان بنچینەی بنەمەڵەیەک یان هۆزێکیان دامەزراندووە. ماۆریەکان پێشینانیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو بەلەمەی کە یەکەمین پێشینانیانی بۆ نیوزلەندا هێناوە، خێڵەکانی پاپواش خۆیان بە خوداوەندە پێشینەکانیانەوە دەبەستن، دێما. هەروەها ئەفسانەکان یارمەتی دامەزراندنی “مانا”یان داوە ـ چەمکێکی گرنگی ئۆقیانیا بە مانای ” هێز” یان ” شکۆ” ـ هی تاکەکان و شوێنەکان، هەروەها تۆمارکردنی ئەوەی یاساغ و قەدەغەیە.

ئەفسانەکانی ئۆقیانیا بنچینەش بوون بۆ مانەوەی سرووت. بۆ وێنە، لە چیرۆکی لوما ـ لومادا، زەبەلاحەکە سرووتگەلی پیرۆزی فێری گەلی گونوینگوی باکووری ئوستراڵیا کرد بەرلەوەی بیکوژن. چیرۆکگەلی لەم جۆرە لا لایەن مرۆڤناسە ئەوروپیەکانەوە دەستکرا بە نووسینەوەیان لە سەدەی نۆزدەدا، بەڵام لە بنەڕەتدا بۆ ئامادەبووان گوتراونەتەوە و ئەزبەریان کردووە و گوێزراونەتەوە لە ئەرکێکی پیرۆزی سرووتیدا.

#پێشەکی_ئەفسانە

نیگار/ نیگارێکی سەردەمی خەونبینینی ئوستراڵییە ڕەسەنەکان

توضیحات عکس در دسترس نیست.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like