پەیوەندییه ون بووەکانی شانۆ و ئەدەبیات

رەحیم عەبدولڕەحیم زاده

شانۆ بەو تاریفه زاڵەی ئێستا هەیەتی و له یوونانی کەوناراوه به ئێمه گەیشتووه، دیاردەیەکی رۆژهەڵاتی نییه و هەر بۆیه شانۆ و شانۆنامه بنچینه و رەگەزێکی وای له ناو کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵات دا نییه و تەمەنی پتر له سەت ساڵ ناخایەنێ.

 هەربۆیەش سەر له بەری ئەدەبیاتی کوردی یا فارسی یان عەرەبی و تورکی لێک دەیەوه شتێک به ناوی سووننەتی ئەدەبیاتی شانۆیی نادۆزیەوه و هەر ئەمه وای کردووه له هەموو ئەم وڵاتانه شانۆ وەک دیاردەیەکی جیا له ئەدەبیات سەیر کرێ.

ئەمە له کاتێکدایه که له رۆژاوا شانۆ و شانۆنامه بەشێکه له جیهانی بەرفرەوانی ئەدەبیات یان ئەگەر واش نەڵێین تێکەڵاوییەکانی ئەم ئەم دوو جیهانه هێنده زۆره که یەکاڵا کردنەوەیان زۆر سەخته.

کاتێک دەگەرێینەوه بۆ سەرەتاکان ئەم دیاردەیه زۆر به ئاشکرایی وه دیار دەکەوێ.

ئەرەستوو کتێبی بووتیقا یان فەننی شێعری بەو مەبەسته نووسی که تێیدا باس له تیورییەکانی شێعر بکا بەڵام سەر له بەری ئەم کتێبه گرینگه باسی شانۆ و به تایبەت تراژێدییه.

 چون ئەو کات هیچ سنوورێک له نێوان شانۆ و شێعر دیاری نەکرابوو.

کاتێک چاو له کتێبی فەننی شیعری هوراسیش دەکەین دیسان ئەمه باسی شانۆ و تراژێدییه که زاڵه.

هەرچەن له دوای رۆنیسانسەوه سنووری نێوان شانۆ و ئەدەبیات دیاری دەکرێ و لێک جیا دەکرێنەوه بەڵام دیسان دەبینین ئەژمارێکی زۆری نووسەران و شاعیران له هەردوو بواردا کار دەکەن و له هەردوو بواریشدا سەرکەوتنی گەوره به دەست دێنن. ناسراوترینی ئەم کەسانه ویلیام شێکسپیەره که وەک گەورەترین شاعیری ئینگلیس دەناسرێ بەڵام له هەمان کاتدا شانۆنامەکانی له هەموو دونیا به رێزێکی تایبەتەوه پێشکەش دەکرێن.

له ئاڵمان کەسانی وەک گووته یان شیلێر وەک شاعیرانی گەورەی نەتەوەیی یان جیهانی دەناسرێن بەڵام هەر کام لەو شاعیره گەورانه خاوەنی چەندین شاکاری شانۆیین.

دوای بەدی هاتنی ژانرێکی نوێ به ناوی چیرۆک و رۆمان ئەم پەیوەندییانه نەک کز نەبوو بەڵکوو زۆر پتەوتریش بوون که هۆکارەکەی دەگەڕێتەوه بۆ ئەوەی که هاوبەشییەکانی نێوان چیرۆک و شانۆنامه زۆر زیاتره تا شێعر و شانۆنامه که دواتر زیاتر باسی ئەو هاوبەشییانه دەکەین.

سێروانتس که به نووسینی رۆمانی دۆن کیشۆت به پێشەنگی رۆمان نوووسی له جیهان دا دەناسرێ کاری خۆی به نووسینی شانۆنامه دەست پێکردووه و تا دێینه پێشتر ژمارەی ئەو نووسەرانەی شانۆنامەیان نووسیوه و ئەو شانۆنامه نووسانەی چیرۆک و رۆمانیان بڵاو کردۆتەوه زیاتر دەبێ.

 چیخۆف چەنده له جیهانی کورته چیرۆک دا بەناوبانگه دوو هێنده وەک شانۆنامه نووسێکی گرینگ دەناسرێ،

ماکسیم گوورکی جیا لەوەی خاوەنی رۆمانی گەورەی وەک دایکه کۆمەڵێ شانۆنامەی زۆر پتەوی نووسیوه

 و نیکولای گوگول جیا له چیرۆک گەلی شاکاری وەک شێنێل شانۆنامەی به هێزی وەک بازرەسی خولقاندووه.

جیا له نووسەرانی رووس ئەم هاوبەشییه دەتوانین له نووسەرانی گەورەی تری دونیاش دا ببینین که بەرچاوترینیان ژان پۆل سارتر و ئالبێر کامۆی فەرانسەوین.

سارتر جگه له چەندین رۆمانی گرینگ وەک رشانەوه خاوەنی شاکاری شانۆیی وەک شەیتان و خودا یان گۆشەگیرانی ئالتۆنایه کامۆش جگه لەوەی رۆمانی گەورەی وەگ بێگانه و تاعوونی خولقاندووه شانۆنامەی به هێزی وەک کالیگوولا و دادپەروەرانی هەیه.

ئەگەر لەولاشەوه چاو لێکەین زۆر شانۆنامه نووسی گەوره هەن که خۆیان له قەرەی چیرۆک نووسی داوه و بەرهەمی زۆر به پێزیان خولقاندووه که دیارترینیان سامۆئێل بێکێتی ئیرلەندییه.

بێکێت که خاوەنی شانۆنامەی گەورەی وەک له چاوەڕوانی گودۆ و کۆتایی گەمەیه رۆمان وچیرۆکی پتەوی وەک مالۆن دەمرێی نووسیوه یان هارۆلد پینتێر که خەڵاتی ئەدەبی نوبێلی 2005 ی وەرگرتووه جیا له شانۆنامه خاوەنی دەیان چیرۆکی ناسراوه.

هەموو ئەم نموونانه ئێمه دەگەیێنێته ئەو باوەڕەی پەیوەندییەکانی نێوان شانۆ و ئەدەبیات له رۆژاوا چەنده پتەو و به هێزه و ئەم پرسیارەمان لا ساز دەکا که شانۆ و ئەدەبیاتی کوردی تا چەند توانیویانه ئاوەها پەیوەندییەک ساز کەن؟

هۆکارەکانی کز بوونی ئەم پەیوەندییه کامانەن و دەسکەوتەکانی بوونی وەها پەیوەندییەک چین؟

له کوردستان پەیوەندییەکانی نێوان شانۆ و ئەدەبیات دەیتوانی زۆر بەهێز بێ و چی له وڵاتانی خاوەن سوننەتی شانۆیی نەمێنێتەوه. چما دەسپێکی شانۆ له کوردستان له لایەن ئەدیبان و نووسەرانەوه بوو.

یەکەم شانۆنامەی کوردی به ناوی مەمی ئالان له لایەن شاعیرێک به ناوی عەبدول رەحیم رەحمی هەکارییەوه نووسرا، دانانی زاراوەی شانۆ و هەروەها نووسینی یەکەمین ئۆپەرێت به زمانی کوردی له لایەن شاعیری گەورەی نەتەوەیی کورد گۆرانەوه بوو.

یەکەم رەخنە و لێکدانەوەکان له شانۆی کوردیدا له رۆژنامەی ژین و له لایەن شاعیر و رۆشنبیری ناسراو پیرەمێردەوه بوو.

 هەموو ئەمانه هەرچەن زۆر درەنگ بوو- چون میژووی هەموو ئەم رووداوانه تەنانەت ناگاته سەدساڵ- بەڵام دەیتوانی پەیوەندییەکی پتەو و بەهێز له نێوان شانۆ و ئەدەبیات له کوردستان دا ساز کا.

له کوردستانی ئێرانیش دیسان سەرهەڵدانی شانۆی کوردی دەگەڕێتەوه بۆ ئەدەبیات و هەرچەن نووسەری یەکەم شانۆنامەی کوردی له کوردستانی ئێران واته شانۆنامەی دایکی نیشتمان هێشتا نەناسراوه بەڵام ئەو چەن کەسەی که وا باس دەکرێ رەنگه نووسەرانی ئەم شانۆنامەیه بن هەموو یان شاعیرن یان نووسەر.

به ئاوەها بنەمایەکەوه شانۆ و ئەدەبیات دەیانتوانی هاودەنگ له کوردستان بێنه پێشێ و هەرکامیان یارمەتی بەرەو پێش چوونی ئەوی دی بن، بەڵام له دوای ئەم سەرەتایانه ئەم پەیوەندییه یەکسەر دەپچڕێ و هەر ئەم دابڕانەش دەبێته هۆی ئەوەی شانۆ و شانۆنامه له کوردستان به تەواوی له بیر بچێتەوه، ئەگەر چی ژانره ئەدەبییەکان دەتوانن بەردەوام بمێننەوه.

واته تا ئەورۆش و تا دوای ئەو شەپۆلەی گۆران و پیرەمێرد وەڕێیان خست شانۆی کوردی هەر له کزی داوه و تا ئەمڕۆش شانۆنامه نووسێکی گەوره له هەموو پانتای کوردستان سەری هەڵنەداوه.

ئەگەر چی له هەموو ئەو ساڵانەدا شانۆ و شانۆگەری له کوردستان بەردەوام بووه بەڵام هیچ کات نەبۆته هۆی خولقانی شانۆنامەیەکی بەهێز که خەڵک ئێستاش هەر بگەڕێنەوه سەری و باسی بکەن.

هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانەش دەگەڕێتەوه بۆ ئەوەی که نووسەران و شاعیرانی ئێمه وەک کەم ئەژمار کوردی زانەکانی ناو کۆمەڵگا شانۆیان یەکسەر له بیر چۆتەوەو شانۆکارانی ئێمەش هێنده سەرقاڵی شانۆنامەی فارسی و عەرەبی و تورکی و بیانی بوون، هێنده سەرقاڵی فستیواڵه ورد و درشتەکان بوون که بۆته هۆی مەرگی ساوایەک به ناوی شانۆی کوردی سەیرەکەش لەوەدایه که ئەم رەوته تا ئێستاش هەر بەردەوامەو نه ئەدیبانی ئێمه قۆڵێک بۆ شانۆ هەڵدەماڵن و نه شانۆکاران بیر له ساوایەک به ناوی شانۆی کوردی دەکەنەوه.

کەوابوو دەتوانین بڵێین لێک دابڕانی شانۆ و ئەدەبیات له کوردستان بەر له هەر شتێ بۆته هۆی له ناو چوونی شانۆی کوردی بەڵام ئەوە بەو مانایه نییه که ئەدەبیاتیش لەم لێک دابڕانه هیچ خەسارێکی بەر نەکەوتبێ.

له کوردستانی باشوور ساڵەکانی کۆتایی هەفتاکانی زایینی و سەرەتای هەشتاکان وەک سەردەمی زێڕینی شانۆ له کوردستان ناودێر دەکەن و هەر ئەمه دەکەنه بەڵگەیەک بۆ گەشەدار بوونی شانۆ له کوردستان، بەڵام له بەرامبەر ئاوەها وەهمێک دا دەکرێ ئەم پرسیاره بێنینه گۆڕێ که دەسکەوتەکانی ئەو سەردەمه زێڕینه کامانەن چەن شانۆنامه لەو سەردەمه ئێستا له کتێبخانەی کوردی دا ماوەتەوه؟

 چەن شانۆنامه هەن که ئێستاش بێنەوه سەر سێن؟

چەن لێکدانەوه و تیوری شانۆیی لەو سەردەمه جێ ماوه؟

ئەم پرسیارانه له بەرامبەر هەر سەردەمێکی زێڕینی شانۆیی له کوردستانی ئێرانیش دا هەیه که ناوی لێ بهێندرێ.

که وابوو سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی ئێستا دانەهاتووه و من دڵنیام تا کاتێ ئەو پەیوەندییه پچڕاوەی نێوان شانۆ و ئەدەبیات له کوردستان ساز نەبێتەوه هیچ کات ئەو سەردەمه زێڕینه دانایه واته تا ئەو رێگایەی گۆران و پیرەمێرد گرتیانه بەر دیسان دەست پێ نەکەینەوه ناتوانین باس له سەردەمی زێڕینی شانۆی کوردی بکەین.

هەر ئێستا له کوردستان سەدان چیرۆک نووسی خاوەن کتێب و به سەدان چیرۆک نووسی بێ کتێبمان هەیه که هەر کامه و تا رادەیەک به کەلێن و قوژبنەکانی گیڕانەوه ئاشنان، له سەر دەستی ئەو چیرۆک نووسانەیه که دەتوانێ شانۆی کوردی له دایک بێ یان به واتایەکی دروستتر له دایک بێتەوه.

ئێستا دەمانهەوێ باسی ئەو دەسکەوتانه بکەین که شانۆ دەتوانێ بیبەخشێ به ئەدەبیات، به واتایەکی تر ئەو شتانەی نەبوونی پەیوەندی ئەدەبیات و شانۆ له کوردستان بۆته هۆی کز بوونیان له ئەدەبیات و به تایبەت چیرۆکی کوردی.

1- زمان و راوێژ :

ئەگەر بڵێین ئەدەبیات یەکسەر زمانه و له گەمەکانی زماندایه که ئەدەبیات و گێڕانەوه بەدی دێ زۆر به هەڵه دا نەچووین.

 بەشێک له راوێژی زمان ئەو شتەیه وا زمانناسان وەک پارۆل یاخۆ زمانی رۆژەزاری خەڵک دەستەبەری دەکەن واته ئەو زمانەی خەڵک پێی دەئاخڤن.

له لایەکی تر شانۆ و شانۆنامه یەکسەر له دیالۆگی نێوان کەسایەتیەکان پێک دێ و هەر به پێی ئەوه بەشی زۆری زمان و راوێژی شانۆ راوێژی رۆژەزار یان موحاوێرەیه.

 واته هەر کەسایەتییەک به پێی چینی کۆمەڵایەتی و شوێن و کاتی خۆی دەدوێ و هەر ئەمه وا دەکا چەن دەنگی و چەن زمانی له شانۆدا دیاردەیەکی سەرەکی بێ. ئەمه راست ئەو شتەیه که ئەدەبیات پێویستییەکی زۆری پێیەتی و له ئەدەبیاتی کوردی دا به تایبەت بۆشاییەکەی به تەواوی هەست دەکرێ.

ئەمڕو ئەدەبیاتی ئێمه ئەدەبیاتێکی مۆنۆتۆنه و دەنگی جیاوازی زۆر کەم تێدا دەبیسترێ.

 واته زمانێکی ئەدەبی که زۆر دووره له زمانی خەڵک و ئەمه له چیرۆکی کوردی دا زۆر به ئاشکرایی دەبیندرێ چون هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ له نێوان راوێژی بێژیار و کەسایەتییه جیاوازەکانی ناو چیرۆک نابینین.

تەنانەت ئەم لایەنەی شانۆ دەتوانێ ببێته هۆی دەوڵەمەندتر بوونی زمانی شیعری کوردی و به تایبەت ئەو شاعیرانەی سەر به رێچکەی شیعری گوفتارن دەتوانن زۆر کەڵک لەو تایبەتمەندییەی شانۆ و شانۆنامه وەرگرن.

یەکێک له بەخششەکانی شانۆ بۆ ئەدەبیات دەتوانێ چەن دەنگی کردنەوەی ئەدەبیاتی ئێمه بێ به تایبەت به کەڵک وەرگرتن له زمانی رۆژەزار یان زمانی چینه جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا.

2- دیالۆگ:

یەکێک له ئامرازه گرینگەکانی چیرۆک چ بۆ ناساندنی کەسایەتی و چ بۆ ناساندنی شوێن و کات دیالۆگه،

 هەروەک ئاماژەشمان کرد شانۆ یەکسەر له دیالۆگ بەدی دێ واته هەرشتێ له شانۆدا دەخولقێ به هۆی دیالۆگەوەیه.

 ئەمه له کاتێکدایه که چیرۆکی کوردی هێندە سەرقاڵی وەسفه که دیالۆگ و کاردانەوەکانی له چیرۆکی کوردی دا یەکسەر له بیر چۆتەوه.

دووهەم بەخششی گەورەی شانۆ به ئەدەبیات چۆنیەتی کەڵک وەرگرتن له دیالۆک و گرینگی دان به دەوری دیالۆگ له گیڕانەوه دایه شتێک که بۆشاییەکەی له چیرۆکی کوردی به تەواوی دیار وله بەرچاوه.

3- کەسایەتی:

له شانۆدا به هۆی نەبوونی زۆر ماکی سەرەکی وەک وەسف یان فەزا سازی له دەرەوه و له لایەن نووسەر یان نەبوونی بێژیار باری زۆری قورسایی شانۆ دەکەوێته سەر شانی کەسایەتی و چۆنیەتی دارشتنی کەسایەتی به دیالۆگ، هەر ئەمه کەسایەتی دەکاته یەکێک له ماکه هەره گرینگەکانی شانۆ.

 له چیرۆکیش دا کەسایەتی دەورێکی زۆر گرینگ دەبینێ تا ئەو جێیەی زۆر یەک له نووسەران چیرۆکەکانیان بەپێی کەسایەتی دادەرێژن واته له پێشدا کەسایەتی دەخولقێنن ئەمجا ئەو کەسایەتییه دەخەنه دڵی رووداوەکانەوه.

تێکەڵاوی ئەدەبیات و شانۆ دەتوانێ مودێلەکانی دارشتنی کەسایەتی له چیرۆک دا زۆر دەوڵەمەندتر بکا به تایبەت به له بەرچاو گرتنی ئەو راستییەی که ئەمڕۆ یەکێک له گەورەترین کەمایسییەکانی چیرۆکی کوردی کەسایەتییه،

 واته نووسەری کورد هێندەی سەرقاڵی داڕشتنی فەزایه نیو هێنده خۆی به کەسایەتییەوه ماندوو ناکا هەر بۆیەش تا ئەورۆ چیرۆکی کوردی نەیتوانیوه کەسایەتی نەمر بخولقێنێ ئەو جۆرەی نموونەکانی له ئەدەبیاتی جیهاندا دەبینین و کەسایەتی وەک دۆن کیشۆت و تریسترام شێندی و…. یان له ئەدەبیاتی ئیران دا کەسایەتی وەک حاجی ئاقای هیدایەت و شازده ئیحتجابی گولشیری یان له تورکیه کەسایەتی وەک ئینجه مەمەدی یاشار کەماڵ ناتوانین کەسایەتیەکی بەرچاو له ئەدەبیاتی کوردی وەک نموونه بێنینەوه و زۆربەی کەسایەتییەکان یان زۆر لاوازن یان له ئاستی تیپ نارۆنه سەرتر.

دارشتنی بەهێزی کەسایەتی سێهەمین رەهەندێکه که شانۆ دەتوانێ به ئەدەبیاتی کوردی ببەخشێ بەڵام تا ئەورۆش دەبینین نووسەرانی ئێمه لەو هەموو ئیمکانه که دەتوانێ ئەدەبیاتی کوردی زۆر دەوڵەمەندتر کا چاویان قووچاندووەو تا ئەورۆش نەمانتوانیوه پردێکی بەهێز له نێوان شانۆ و ئەدەبیات له کوردستان ساز کەین.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like