نان
وۆڵفگانگ بۆرشێرت
وەرگێڕان: رەحیم عەبدولڕەحیم زاده


ژنەکه له پڕ خەبەری بۆوه. کاتژمێر دووی نیوەشەو بوو. بۆ چرکەیەک بیری لەوه کردەوه بۆ وا راچڵەکیوه:”دەنگێک له چێشتخانەوه هات”. گوێی هەڵخست ئیتر دەنگ نەدەهات. کاتێک دەستی بە سەر پێخەفەکەدا کێشا تیگەیشت کەسی لێ نییه. ئەو بێدەنگییه له بەر ئەوه بوو که دەنگی هەناسەی شووەکەی نەدەهات. هەستا و به کوێره کوێر له ناو ژووره تاریکەکەوه بەرەو چێشتخانه چوو. لەوێ تووشی یەک هاتن. کاتژمێر له دوو لای دابوو. چاوی به شتێکی سپی کەوت که له بەردەم رەفەکان راوەستاوه. چراکەی هەڵکرد. هەردووکیان به جلی خەوەوه بەرامبەر یەک راوەستابوون. کاتژمێرله دوو لای دابوو و ئەمان له چێشتخانه بوون.
سەوەتەی نانەکه هێشتا لەوێ بوو و ژنه چاوی بەوه کەوتبوو که پیاوکه لەتێک نانی بۆ خۆی لێ کردۆتەوه. چەقۆکه هێشتا لەوێ بوو له پەنا دەورییەکه و ورکه نانیش رژابوو. شەوانه بەر له خەوتن ژنەکه میزی چێشتخانەکەی دەسڕی، هەموو شەوێک، بەڵام ئێستا ورکه نان رژابوو و چەقۆکەش لەوێ بوو. ژنه هەستی کرد سەرمای کاشییەکان به لەشی دا هەڵدەگەڕێ. چاوی له سەر سەوەتەی نانەکه و چەقۆکه هەڵگرت.
پیاوەکه گوتی: ” گوێم له دەنگێک بوو”. دواتر سەیری دەور و پشتی خۆی کرد.
ژنه گوتی: ” ئەرێ منیش”. بیری کردەوه که شەوانه چەنده له جلی خەودا پیر دەنوێنێ، به قەت تەمەنی شەست و سێ ساڵ. به رۆژدا جاری وابوو گەنجتری دەنواند. پیاوەکەش بیری لەوه کردەوه که ژنه چەنده پیر بووه. لەو جلی خەوانەدا بەڕاستی پیر دیاری دەدا، بەڵام رەنگه له بەر قژی بێ، ئەوه قژه که دەبێته هۆی ئەوەی ژنان شەوانه پیر بنوێنن. قژ کوت و پڕ ژنان ئەو هەمووه پیر دەکا.
” دەبوو سەرپاییت له پێ کردبا، نەدەبوو به لاقی رووتی بێی، له سەر ئەو کاشییه ساردانه سەرمات دەبێ” .
ژنه چاوی لێ نەکرد. تاقەتی درۆکانی نەبوو. تاقەتی نەبوو دوای سی و نۆ ساڵ ژیان درۆی له گەڵ بکا.
پیاوەکه دیسان گوتی: ” پێم وا گوێم له دەنگێک بوو”. به خێرایی چاوێکی له دەور و پشتی کرد ” پێم وابوو شتێک رووی داوه.”
” منیش گوێم له دەنگێک بوو بەڵام وا دیاره هیچ نەبووه.” دەورییەکەی له سەر میزەکه هەڵگرت و ورکه نانەکانی به دەست کۆکردەوه نێو دەورییەکه. پیاوەکه به دڕدۆنگییەوه گوتی: ” ئەرێ وادیاره هیچ نەبووه.”
ژنه هاته یارمەتیی. ” وەره بڕۆین. حەتمەن دەنگی دەرێ بووه. با بگەڕێینەوه نێو جێگاکەمان. له سەر ئەو کاشییه ساردانه سەرمات دەبێ.”
پیاوەکه له پەنجەرەوه روانییه دەرێ ” ئەرێ حەتمەن دەنگی دەرێ بووه. من پێم وابوو هی ئێرەیه.”
ژنه دەستی برد بۆ کلیلی چراکه. بیری کردەوه: دەبێ چراکه بکووژێنمەوه دەنا چاوم دەچێته سەر دەورییەکه، بەڵام من نابێ چاوی لێ کەم.
گوتی: ” وەره با بڕۆین” و چراکەی کووژاندەوه. ” حەتمەن دەنگی دەرێ بووه. هەرکات بای دێ پلووسکەکه له دیوار دەدرێ. حەتمەن دەنگی پلووسکەکه بووه. هەرکات بای بێ تەقه تەق دەکا.”
هەرکیان به کوێره کوێر له داڵانه تاریکەکەوه بەرەو دیوی خەوەکه گەڕانەوه. دەنگی لاقه پێخاوسەکانیان له سەر عەرز تایبەت بوو.
پیاوەکه گوتی:” دەنگی بایه. هەر له دەمەو ئێوارێوه دەستی پێ کردووه.”
کاتێ له سەر جێگاکەیان راکشان، ژنه گوتی: ‘ ئەرێ له دەمەو ئێوارەوه بای دێ، حەتمەن دەنگی پلووسکەکه بووه.”
پیاوەکه وەک ئەوەی به دەم خەوەوه بدوێ گوتی: ” ئەرێ پێم وابوو دەنگەکه له چێشتخانەوه دێ، مەڵێ دەنگی پلووسکەکه بووه.”
ژنه تێگەیی دەنگی مێردەکەی کاتێ درۆ دەکا نائاساییه.
گۆتی:” سارده” هێواش باوێشکی دا. ” دەچمه بن لێفەکه، شەو خۆش.”
پیاوەکه گوتی: ‘ شەوی تۆش خۆش” و دیسان گوتی: ” ئەرێ زۆر سارده.”
دوایه بێدەنگی وڵاتی تەنی. دوای چەن خولەک ژنه ئاگای لێ بوو پیاوەکه هێواش و له سەرەخۆ شتێک دەجاوێ. به یانقەست هەناسەی قووڵ و هەڵدەکێشا تا مێردەکەی وەنەزانێ بەخەبەره. بەڵام دەنگی جاوینی کابرا هێنده دووپاته و له سەرەخۆ بوو که ژنه خەو بردییەوه.
شەوی دواتر کاتێک پیاوەکه گەڕاوه ماڵێ ژنه چوار لەت نانی له بەردەم دانا. پیاوەکه شەوانی تر تەنیا سێ لەتی دەخوارد. ژنه گوتی: ” لەمەوبەدوا دەتوانی چوار لەت نان بخۆی.” له رووناکی چراکه دوور کەوتەوه.” دڵم زۆر ئەم نانه نابا. ئەو لەتەشیان تۆ بیخۆ.”
چاوی لێ بوو پیاوەکه تەواو به سەر دەورییەکەی دا نووشتاوەتەوه. پیاوەکه سەری هەڵنەهێنا. ژنه بەزەیی پێی دا هات.
پیاوەکه له کاتێک دا بە سەر دەورییەکەدا نووشتابۆوه گوتی: ‘ بەڵام دوو کوت نان بۆ تۆ زۆر کەمه.”
” نا کەم نییه. شەوانه دڵم نایبا. تۆ بیخۆ.”
دوای ماوەیەک ژنەکه له پشت میزەکه و لە ژێر تیشکی چراکه دانیشت.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like