قەتیس
رەحیم عەبدولڕەحیم زاده


چاوم بڕیبووه جەستەی خوێناوی ئەو. نازانم بۆ له ناو ئەم هەموو تەرمەدا که خەڵتانی خوێن بوون، ئەو تەرمه سەرنجی راکێشابووم.
جگەرەیەکی پاڵ ماڵم داگیرساند وەک ئەوەی بمهەوێ خۆ لەو تەرمه گێل کەم و دیسان وەک هاوڕێکانم دەستم کرد به گەڕان به ناو تەرمەکان دا بەشکوو شتێکم گیر کەوێ، سەعاتێک بڕێک پووڵ یان چەقۆیەک، بەڵام زیاتریان وێنەیەکیان پێ بوو له ژنێک یان ژنێک و مناڵێک که بزەیەک له سەر لێویان قەتیس مابوو.

دیسان بێ ئەوەی بزانم بۆ ئەو تەرمه خوێناوییه سەرنجی راکێشام. ئەمجارەیان لێی نزیکتر بوومەوه، هەستم دەکرد سیمای ئاشنایه. به پەله خوێنی سەر دەم و چاویم سڕی. زۆر ئاشنا بوو وەک ئەوەی ساڵانێک لەمەوبەر ناسیبێتم، بەر له شەڕ.
زیاتر لێی ورد بوومەوه زۆر شێوەی خۆمی دەدا، بەڵام زۆر گەنجتر وەک سی ساڵ لەوه پێشی خۆم، بەر له شەڕ. شڵەژام، دەستم به گیرفانەکانی دا گێڕا، تەنیا وێنەیەک و پاکەتێک جگەرەی پاڵ ماڵ. سەیری وێنەکەم کرد، ژنەکەم و مناڵەکەم که بزەیەک له سەر لێویان قەتیس مابوو.

******************


رووت

#رەحیم عەبدولڕەحیم زاده

وەک هەمیشه بەیانی زوو بەرەو ئیداره رێ کەوتم. کەسێک به پەله به تەنیشتم دا تێپەڕی، هیچ شتێکی سەرنج راکێش نەبوو جگه لەوەی بەم گەرمایه پاڵتۆیەکی رەشی درێژی له بەر و کڵاوێکی رەشی له سەر کردبوو. گوێم نەدایه و له دڵی خۆم دا کوتم رەنگه له بەر سەرمای بەرەبەیان بێ…. به من چی.

وەک هەمیشه یەکەم کەس گەیشتمه ئیداره و یەکسەر چوومه پشت میزەکەم. دوای چەن خولەک یەکەم هاوکارم هاته ژوورێ و بێ ئەوەی پاڵتۆکەی داکەنێ چووه پشت میزەکەی، هەر ئەو پاڵتۆ رەشه درێژه و و هەر ئەو کڵاوه. به بزەیەکی تەوساوی سەیرم کرد بەڵام ئەو ئاگای لێ نەبوو. که بەرپرسی ئیداره هەر بەو کڵاو و پاڵتۆیەوه له بەرامبەر ژوورەکەی ئێمه تێپەڕی شک دایگرتم. هەستام و سەرم به ژوورەکانی تر دا کرد، هەموو هەربەو کڵاو و پاڵتۆیەوه دانیشتبوون. به خۆم کوت دەشێ ئەمه خەونێکی ناخۆش بێ و من هێشتا خەبەرم نەبۆتەوه. به شڵەژاوی رام کرده دەرێ چەن دانه له هاوکارەکانم به پاڵتۆی رەش و کڵاوەوه دەهاتنه ژوورێ بەڵام تەنانەت نەمتوانی وڵامی سڵاوەکەیان یان بزه تەوساوییەکەیان بدەمەوه.

هەڵاتمه شەقامەکەی بەرامبەر ئیداره، دووکانەکان خەریک بوو دەکرانەوه، منداڵان بەرەو قوتابخانه دەچوون و خەڵک وەدەر دەکەوتن بەڵام هەموو به پالتۆیەکی درێژ و کڵاوێکەوه تەنانەت منداڵەکان که پاڵتۆکەیان به دوویان دا دەخشا و کڵاوەکه بەر چاوی گرتبوون. هەستم دەکرد له ناو ئەم هەموو پاڵتۆپۆشەدا رووتم و هیچم له بەردا نییه، هەستم دەکرد هەموو چاو له من دەکەن. گەیشتمه پارکی نزیک چوار رێیانەکه، به پەله خۆم به ئاودەستخانەکەدا کرد تا شڵپێک ئاو به دەم و چاوم دا دەم بەڵکوو لەو خەونه ناخۆشه به خەبەر بێم.

پێش ئەوەی ئاوەکه بگاته دەم و چاوم، له ئاوێنه ژەنگاوییەکەی ئاودەستخانەکەدا خۆم دی به پاڵتۆیەکی رەشی درێژ و کڵاوێکی رەشەوه. ئاوەکەم رشته سەر عەرز و بەرەو ئیداره رێ کەوتمەوه.

*******************


پاڵتۆ

#رەحیم عەبدولڕەحیم زاده

پێشکەش به شێنێلەکەی گووگوول که هەموومان هەر له بن ئەو هاتووینەته دەرێ

کاکۆ ئەو رۆژه زۆر کەیف ساز بەرەو ئیداره رێ کەوت. دڵنیا بوو ئیتر له ئیداره کەس گاڵتەی پێ ناکا و به تەوسەوه پێی ناڵی کاکاکۆ تەنانەت پێی وابوو ئەمجار رێزیشی لێ دەگرن. ئەو دەبوو هەموو ئەو رێگا دوورەی ماڵەکەی که له قەراغ شار بوو تا ئیداره که له ناوەندی شار بوو به پێیان بکوتێ چون نە وەک بەرپرسەکان و هێندێ له کارمەندەکان ماشێنی هەبوو نه پووڵی تاکسی، هەرچەن ئەمجاره رێی ئیداره جیاواز بوو و ئەو کەیفیشی پێ دەکرد.  ناوەڕاستی زستان بوو و تەواوی عەرز بەستبووی بەڵام ئیتر هەستی به سەرما نەدەکرد و له بوومەلێڵی بەیانی ورد ورد هەنگاوی هەڵدێناوه و بیری لەوه دەکردەوه که بەرپرسی ئیداره لەوانەیه پلەی ئەو بەرێته سەرێ. هەموو ئەم کەیف خۆشی و بیرانەی به مێشکی کاکۆ دا دەهات له بەر پاڵتۆیەکی تازەی پەشمی گران بوو که دوای یەک ساڵ و دوو مانگ و نۆزده رۆژ دەست پێوه گرتن و پووڵ کۆکردنەوه کڕیبووی و ئێستا ئەویش دەیتوانی له ئیداره فەخر بفرۆشێ که وەک گەوره پیاوان جلی پۆشیوه.

دەڵێن بەڕه لای تەنکییەوه دەدڕێ راست وایه، له گەڵ دەرکەوتنی یەکەم تیشکەکانی خۆر و به مەودایەکی زۆر کورت وڵات گەرم داهات و وای لێ هات کاکۆ چین چین ئارەقەی دەڕشت بەڵام دڵی نەدەهات پاڵتۆکەی داکەنێ. هەرچی خۆرەکه زیاتر هەڵ دەکشا گەرماکه تاقەت پرووکێن دەبوو وەک ئەوەی چلەی هاوین بێ. نەک هەموو زوقم و سەهۆڵی سەر عەرزی دەتواندەوه بەڵکوو یەکسەر دەیکرده هەڵم و بەرەو ئاسمان هەڵدەکشا. کاکۆ دوو سێ جار ویستی پاڵتۆکەی داکەنێ و خۆی له دەست ئەم گەرما و ئارەقەیه رزگار کا، بەڵام بیری لەوه دەکردەوه که چارەنووسی ئەو له ئیداره و تەنانەت له ناو خەڵکیش دا بەم پاڵتۆیه بەستراوەتەوه هەر بۆیه پەژیوان دەبۆوه. توندتر هەنگاوی هەڵدەگرت تا زووتر بگاته ئیداره بەڵام رێگاکە هەر له بەر چاوی درێژتر دەبۆوه. ئەم رۆیشتنه به پەلەیەش هێندەی تری گەرم داهێنابوو. له پڕ هەستی کرد سووک بووه، هێنده سووک که تەنانەت شنەبایەک دەتوانێ رایشەکێنێ. ئیتر هەنگاوی هەڵنەدەگرت بەڵکوو بەرەو سەرێ هەڵدەکشا و عەرز له بەر چاوی بچووک و بچووکتر دەبۆوه

****

ئەو رۆژه و تا دوو رۆژی تر گەرما هەروا بەردەوام بوو. نه بەرپرسان و نه کارمەندەکانی تر به پێ و سۆراغی ئەوه نەچوون که کارمەندی سادەی بەشی بایەگانی بۆ نەچۆتەوه سەر کار و دوای سێ رۆژ حوکمی دەرکردنیان بۆ لێ دا. هەر ئەو رۆژەی حوکمەکەیان لێ دا بارانێکی توند دایکرد ناوه به ناوه له گەڵ دڵۆپه بارانەکان پیاوێکیش له ئاسمانەوه دەهاته خوارێ که پاڵتۆیەکی پەشمی درێژی له بەردابوو و کاتێک دەکەوته خوارێ ئەویش وەک دڵۆپه ئاوەکان رۆ دەچووه نێو عەرز.

==============********—————–


گۆڕهەڵکەن

رەحیم عەبدولڕەحیم زادە

دوایین مرۆڤی سەر زەوی گۆڕهەڵکەنێک بوو که شەوانه له ناو گۆڕێک دا دەخەوت.
ئەو بەیانییەش وەک هەموو رۆژەکانی دوو ساڵی رابردوو،له خەو هەستا تا بچێته ناشتنی ئەو تەرمانەی له هەموو جێیەک بڵاو ببوونەوه. هەرجارەی که گۆڕێکی پڕ دەکردەوه بزەیەک ئاوێتەی ترس دەنیشته سەر لێوی و له بەر خۆیەوە دەیکوت:”ئاخرین ئینسانی سەر زەوی” و دیسان دەچوو بەرەو ناشتنی تەرمێکی تر که دەتکوت قەت کۆتاییان پێ نایه.
له پڕ چاوی به گۆڕێک کەوت که ئەو هەڵی نەکەندبوو. بزەیەک ئاوێتەی ترس نیشته سەر لێوی. پاچ و پێمەڕەکەی فڕێ دا و دەمانچەکەی دەرهێنا. هێندێ دەور و پشتی پشکنی و ئەم جار سیلەی گرت رووەو گۆڕهەڵکەنێک که سەت میتر ئەولاتر خەریکی ناشتنی تەرمەکان بوو.

****//////////******/////******//////


زەیستان

رەحیم عەبدولڕەحیم زادە

سەرەتا خۆشحاڵ بوو لەوەی زگی پڕه، نۆ مانگ به خولیای مناڵێکی خوێن شیرین و رەزاسووک هەڵدەستا و دەخەوتەوه. دوای نۆ مانگ ترس کەوته دڵییەوه: ” بۆ له دایک نابی؟ چم لێ هاتووه؟”  دوای ساڵێک ترسەکانی بوون به ئازارێکی
جەرگ¬بڕ، هەستی دەکرد شتێک له ناوەوه خەریکی هەموو ئازای لەشی دەخوا. دوای دوو ساڵ ئیتر دوکتوورەکانیش دەستیان لێ شتەوه و رایان گەیان نه دەوا و دەرمان کاری لە سەر دەکا و ئەگەر نەشتەرگەریش بکا خۆی و منداڵەکەی دەمرن. دوای سێ ساڵ بەم وەزعه راهات و به خۆی دەکوت منداڵەکەم له زگی خۆم دا بەخێو دەکەم. دوای حەوت ساڵ کێشی هێنده چووبوه سەرێ ئیتر نەیدەتوانی له جێی خۆی ببزوێ و خواردنی دوو هێندەی جاران ببوو. دوای دوازده ساڵ هێندەی جەزرەبه دیبوو که مووی سەری هەموو سپی بوون و چرچ کەوته پێستییەوه جگه له پێستی زگی که هەر لێک دەڕەوییەوه. دوای هەژده ساڵ پێستی به تەواوی لێک رەوییەوه و خۆشی بوو به چەن کوتەوه. له نێوان خوێن و خوڕەکەیەوه کوڕێکی هەژدە ساڵان وەدیار کەوت و بێ ئەوەی کەس بدوێنێ یان تەنانەت سەیری جەستەی بێ¬گیانی دایکی بکا ملی رێگای گرته بەر و رۆیی.

ئەو منداڵەی قەت له دایک نابێ

رەحیم عەبدولڕەحیم زاده

له لایەن رێکخراوەی پزیشکه بێسنوورەکانەوه ناردبوویانین بۆ ئەم ناوچەیه تاکوو بتوانین یارمەتی پەنابەرەکان بدەین. دیاره کەسانی سەیر و سەمەرەم دی به چارەنووسی جیاوازەوه بەڵام له هەموویان سەیرتر ئەو ژنه دووگیانه بوو که له نێو تەوژمی خەڵکەکەدا به هێواشی هەنگاوی هەڵدێناوه و ئارەقه له ئازای ئەندامی دەتکا. نیگەرانی بووم چوومه پێشێ و حاڵیم پرسی. سەیرێکی جل و بەرگی پزشکییەکەمی کرد و به ناڵەوه کوتی: ” ئەوه بۆ دوو ساڵ دەچێ دووگیانم. دەڵێ نایەمه دەرێ”

به سەرسووڕمانەوه کوتم: ” شتی وا چۆن دەبێ مەگه له گەڵت قسه دەکا؟”

له کاتێکدا ئارەقەی تەوێڵی دەسڕی و شەکەتی به نێوچاوانییەوه دیار بوو وڵامی داوه:” ئەی چۆن. دەڵێ تەنیا له شوێنێک دێمه دونیا که شەڕی تێدا نەبێ. ئەوه من دوو ساڵه دەگەڕێم و ئەو هەر پێمل نابێ.”

لەو کاتەدا یەکێک له پاسەوانانی سەر سنوور به بڵیندگۆیەکەوه هاته دەرێ و هەموو هورووژمیان برد بۆ ئەو لایه و ژنە دووگیانەکەش له ناو ئاپۆرەی خەڵک دا ون بوو. ئەو ژنەی دڵنیام ئێستاش هەر به دووگیانی دەخولێتەوه.

=*=*====*====*====*====*

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like