کچە سەتڵیەکەی کەریمییان و نمایشەکەی بادپەروا
حەمەسوار عەزیز


یەکێک لە گرنگترین نمایشەکانی پازدەمین ڤیستیڤاڵی شانۆی سەقز، نمایشی کچە سەتلیەکەی شاری مەریوان بوو، ئەم شانۆییە لە نووسینی خانمە شانۆکار تریفەی کەریمییان و دەرھێنانی فاتح باد پەروا بوو.
وەک تێکست ئەم شانۆییە یەکێک بوو لە باشترین تێکستە شانۆییەکانی ئەو ڤیستیڤاڵە، بە تایبەتیش لە رووی فۆرمەوە، ئەم تێکستە ھەڵگری فۆرمێکی زۆر تایبەتەو بەشێوەیەکی بەرچاو دوورکەوتۆتەوە لە فەزای زۆرێک لەو تێکستە کوردییانەی کە لەنێو فەزایەکی لۆکالییدا گیر دەخۆن و ناتوانن بەسەرییدا باز بدەن، بە تایبەتی تێکستە کوردییەکانی ئەم ڤیستیڤاڵە، تریفە لەنێو فەزایەکی کوردی و بە چیرۆکێکی کوردی، بەڵام بە دیدگاو روئیایەکی داھێنەرانە دوور لەو کلێشە سواوەی کە بە بەر زۆرێک لە تێکستە کوردییەکان کراوە، تێکستێک دەنووسێتەوە کە بونیادەکەی لەسەر قوڵبوونەوە بەنێو سایکۆلۆژیای مرۆڤەکان و ھەستکردن بە نامۆبوونیان لەنێو ئەو جیھانەی کە ناتوانن راست و چەوت و نیشتمان پەروەری و خیانەتکاری تیادا جیا بکەنەوە، لەم تێکستە ئەگەرچی بە رواڵەت دوو مرۆڤ، پیاوێک و ژنێک دەبینرێن، کە بە رووکەش یەکێکیان وەک جەلاد و ئەویتر وەک قوربانی دەردەکەوێ، بەڵام لە ناخەوە ھەردووکیان جگە لە قوربانی شتێکی تر نین، پیاوەکە کە گوایە نوێنەری رژێمەو لێکۆلینەوە لەگەل ژنەکە دەکات کە ژنە گەریلایە، لە زۆر حاڵەتتدا ئەو دوو کارەکتەرە ئەوەندە لەیەک دەچن کە بینەر بۆی جیاناکرێتەوە کەمەیان قوربانییەو کامەیان جەلاد، ئەمەش جیھانبینی تریفەیە بۆ ئەو دۆخە سیاسییە بۆگەنە کە تیاییدا مرۆڤەکان بێ ئەوەی بزانن بۆ، دەکرێن بە گژ یەکترییدا و ھەوڵدەدەن یەکتری بسڕنەوە، وەک بەرداشێک یەکتری دەھاڕن.


ئەوە لێرەدا تریفە کردویەتی تەجاوزکردنی ئەو بیرکردنەوە لۆکالییەیە کە ھەمیشە لە تێکستە کوردییەکان رەنگی داوەتەوەو کارەکتەرەکان بەسەر رەش و سپییدا دابەش دەکرێن و ھەندێک وەک پاڵەوان و ھەندێکیش وەک جەلادو خوێنڕێژ وینا دەکرێن، تریفە وەک نوسەرێکی کارامە ھەوڵیداوە دیوەکەی تری کارەکتەرەکانی کەشف بکات و بچێتە نێو ئەو جیھانە ئاڵۆزەی کە مرۆڤ تیاییدا ھەموو ناسنامەکانی دەدۆڕێنێت و تەنانەت گومان لەوە دەکات کە ئایا ئەو کارەی ئەو دەیکات راستە یا ھەلەیە، نیشتمان پەروەرییە یا خیانەتە، ئەم حاڵەتە بەڕوونی لە ھەردوو کارەکتەرەکە سەرەکییەکەی تریفە بەدیدەکرێت، تەنانەت لە کارەکتەری ئەو سەربازەش کە ناتوانێت دۆڵابەکان بکاتەوەو سەھۆڵ بخاتە نێو شوێنی ھەڵگرتنی مردووەکان بۆ ئەوەی زیاتر بۆگەن نەکەن، ھەر بۆیەش تریفە ناوێکی بۆ کارەکتەرەکانی نییە و بە پیاو و ژن و سەرباز و پیاوی دیکە ناوزەدیان دەکات، چونکە ئیتر ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە خەریکە ھیچ ناسنامەیەک بوونی نامێنێت و مرۆڤەکان نازانن لە کامە بەر وەستاون و ئایا ئەو بەرەی تیاییدا وەستاون بەری نیشتمان پەروەرییە یا خیانەت، بەری مرۆڤدۆستییە یا شەڕانگێز، بەری ئاشتییە یا شەڕ؟


ئەم جیھانبیینەی تریفە کە لەو تێکستە کاری لەسەر کردووە تێکستەکە بەرەو جیھانی تەعبیری دەبات ئەگەرچی لە رووکاردا وەک چیرۆک و بابەت ، بە فۆرمی تێکستێکی ریالیزمی سایکۆلۆژی خۆی وێنا دەکات، بەڵام تریفە وەک نوسەرێکی شارەزا لەنێو فۆرمی دەرەوەی ئەو جیھانە گیر ناخوات کە لە رواڵەتتدا ئەفسەرێک لێکۆلینەوە لە ژنە سەربازێکی دیل دەکات، بەڵکو شۆڕدەبێتەوە بۆ وێنەکانی ئەودیو ئەو واقیعە ساختەیە، لەوێ بە ڕوونی پەردە لەسەر روخساری ئەو سیستمە روخاوە لادەدات کە نەوەکو ھەر دوژمنەکانی، دۆست و لایەنگرەکانیشی ئالودەو پەرێشان کردووەو وایکردووە کە گومان لە ھەموو ئەو دروشم و شیعارە ساختانە بکەن کە سیستمەکەی لەسەر دروستبووە، بەشێوەیەک پەرێشان و داماو دەبن کە زۆر کات لەگەل تەرم و زیندانییەکاندا جیاوازییەکییان نییە، ئەم کارکردنە لەسەر دیوەکەی تری کارەکتەرو کەشفکردنی جیھانە شاردراوەکەی لە رێگەی ھەست و نەستەوە، ئەمەیە فۆرمی تێکستەکە بەرەو تەعبیریەت دەباو دووری و ئەبعادی تر بە تێکستەکەو کارەکتەرەکانی دەبەخشێت، تەنانەت خودی رەنگدانەوەی کردارەکان بەسەر کارەکتەرەکان ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، ئەوەتا کە کچەکە ناوی ھاوڕێکەی بۆ ئەفسەرەکە ئاشکرا دەکات، ئەفسەرەکە ھەست بە ھیچ فەخرو سەرکەوتنێک ناکات، تەنانەت خودی کچەکەش ھەست ناکات کە خیانەتی کردووە، چونکە واقیعێکی تایبەت ھەیە کە ھەمووانی ناچار بەو دۆخە کردووە، لە کۆتاییشدا ژنەکە بە بڕیاری مەرگ و چوونە ریزھاوڕێکانی، نەوەکو ھەر وەک ژنێکی دۆڕاو و خۆفرۆش دەرناکەوێت، بەڵکو وەک کەسێک کە یارییەکەی بردۆتەوە،یارییەکە بە سەرکەوتنی ئەو تەواو بووە.


لەڕووی درامییەوە تێکستەکە وابەستەی ئەو فۆرمە تەعبیرییەیە کە نوسەر کاری لەسەر کردووەو دیالۆگەکان، دیالۆگی زیاتر بەرھەم ناھێنن، بە قەد ئەوەی وێنەی تایبەت لە زەین و یادەوەری بینەر دروست دەکەن، بە تایبەتی ئەو وێنەیەی کچە سەتلیەکە کە ھەمیشە بەدەیان پرسیار ئەندێشەی بینەر داگیر دەکات و ھەوڵ دەدات ئەو وێنەیە بە کەشی ئێستای نێو نمایشەکە ببەستێتەوە، بۆیە ھەڵچنین وکردە درامییەکان لەم تێکستە لەسەر ریزبەندی تەقلییدی دروستنەکراون، تێکستەکە وەک چۆن لەرووی سایکۆلۆژییەوە جیھانێکی ئالۆزی ھەیە، لە رووی درامییەوە لە ھەوڵدایە ھێلی درامی لە تێکستەکە فۆرمێکی تایبەتی ھەبێت و رێچکەشکێن بێت و خۆی بەو تەرزە فۆرمە واقیعییانە نەبەستێتەوە کە لە زۆرێک لەو تێکستانە بەدیدەکرێت ، لەم تێکستە لوتکەی دراماکە ساتی دانپیانانەکە نییە، بەڵکو لوتکەی دراماکە بۆ من ئەو ساتەیە کە کەشف دەبێت ئەفسەرەکە ھیچ جیاوازی نییە لەگەل قوربانییەکە، ئەوەتا ھەردووکیان ھەمان ھەستی بێزلەخۆبوونەوەو خۆبەکەمزانینان ھەیە، بۆیە کە دانپیانانیش روودەدات، کەسێکی سەرکەوتوو و کەسێکی دۆڕاو نابینین، بە پێچەوانەوە ئەوەی لە کۆتاییدا دەردەکەوێت ئەوەیە کە مرۆڤەکان لە ژێر پەرچەمی سیستمێکی ھاوشێوەدا ھەموویان دۆڕاون و تەنھا لە روخسارو ئاکاری دەرەوەیان جیاوازی ھەیە، دەنا لە ژوورەوە ھەمان ھەستی تێکشکان و پووچییان ھەیە.
لە رووی دەرھێنانەوە ھەڵبژاردنی ژێرزەمینێکی واقیعی بۆ نمایشکردنی ئەم تێکستە ھەڵبژاردنێکی یەکجار دروست بوو، رەنگە بەدیھینانی ئەو جۆرە فەزایە لە شانۆدا کارێکی سەخت بێت، ھەر چەندە چەندین جۆر کاریگەری دەنگی و رەنگی ھەیە، بەڵام کە دەرھێنەر نمایش دەخاتە شوێنێکی نزیک لە فەزای تێکستەکەو بینەر دەکاتە بەشێک لەو فەزایەو وەک ئەوەی ئەویش ھاوشانی کارەکتەرەکان لەو ژێر زەمینە ژیان بکات، ئەم جۆرە ئیحساسە سەختە لەسەر ستەیج بەرھەم بێت، بۆیە ھەڵبژاردنی ئەم شوێنە بۆ نمایش لەرووی سایکۆلۆژییەوە زۆر کاریگەر بوو، تەنانەت زۆر کات وەک بینەر لەگەل ھەناسەبڕکێی ئەکتەر تووشی شڵەژان و ھەناسە توندی دەبووین و ئیحساسی زەمان و شوێن زۆر بە سەختی بەسەرماندا زاڵ دەبوو، ھەرچەندە لەو نمایشە نە زەمەن ھەیەو نە شوێن، بەڵام زەمەن و شوێنێکی گریمانەیی بینەرو ئەکتەر لەو فەزایە کۆدەکاتەوەو بەیەکەوە ئیحساسی ھاوبەش بەرھەم دەھێنن.


لە رووی سینۆگرافیاوە ھەمدیسان دیکۆرو سینۆگرافیای کارەکە بەشدارییەکی کارای ھەیە لە رەسمکردنی فەزاو ئەتمۆسفیری نمایش و بەتایبەتی روناکی لەم کارەدا یەکجار کاریگەرە لە ویناکردنی دیوە تاریکەکەی نێو ناخی کارەکتەر، روناکی لەم نمایشە گوتاری تایبەت بە خۆی ھەیەو کارەکتەرێکی کارایە لەنێو یەکەی نمایش و خوڵقێنەری فەزای نمایشە، من خۆزگەم دەخواست زۆرینەی نمایشەکە لەسەر روناکی مۆبایلەکان کاری لەسەر بکرابووایەو دەرھێنەر لە روناکی گشتی دوورکەوێتەوەو فەزای سایکۆلۆژی و ئەتمۆسفێری خەون ئاسای نمایشەکە نەشێوێنێت.


پەنجەرەکەش کە دەبوو روناکی خۆی ھەبێت، لەم نمایشە نییەتی، ئەمەش لە رووی سیمۆلۆژیاوە ئەو وەھمە نیشاندەدات کە ھەمیشە پێمانوایە دەرگاو پەنجەرەکان ئومێدو فریادڕەسی مرۆڤەکانن، لە کاتێکدا مرۆڤەکان بەندی نێو چوار دیوارە راستەقینەکان نین، بە قەد ئەوەی دیلی دەستی ئەو دیوارە سەخت و تاریکەن کە لەنێو ناخیان ھەڵچَنراوەو نە توانای بازدانیان بەسەردا ھەیەو نە پەنجەرەیەکی تێدایە ئومێدیان پێ ببەخشێت.


تەوزیفکردنی دیکۆریش بەتایبەتی دۆڵابەکان لەم نمایشە لەرووی جوانناسییەوە کاریگەری خۆی ھەبوو، بە تایبەتی لە کۆتایی نمایشەکە کاتێ ئەو ھۆبانە روناکدەبنەوە کە گەریلاکانی تێدا ھەڵگیراوەو کەچی ژوورەکە ھەر لە تاریکی دەمێنێتەوە، یا ئەو کاتانەی کە ئاو لەنێو ئەو ھۆبانەی دۆڵابەکە دەڕژێت کە گەریلا مردووەکانی تێدا ھەڵگیراوە، کۆمەڵێک وێنەی سیمۆلۆژیین کە زۆر بە جوانی کاری تێدا کراوەو لەرووی فۆرمەوە وێنەی گرنگ بە نمایشەکە دەبەخشن، ئەمە جگە لە چەمکی (ئاو) کە وەک زمانێکی تایبەتی سیمۆلۆژی کۆمەڵێک سیمبوڵی جۆراو جۆر ھەڵدەگرن و ھەر لە بەکاربردنی کچە سەتلیەکە کە ھەمیشە سەتلی ئاوەکە دەخاتە نێو لێوەکانی، ئەمەش سۆزدارییە بۆ ژیان کە ئاو لەو وێنەیەدا سیمبواڵی ژیان و مانەوە دەنوێنێت، یا لە بەکاربردنە سیمۆلۆژییەکانی تر، کە دەبێتە رەمزی جوانی و ترس و پاکبوونەوەو ئەشکەنجەدان و نەمری.
لە رووی نواندنەوە ئەداکردنی ئەکتەر بۆ من جێگەی سەرنج بوو، بە تایبەتی ئەو ئەکتەرەی کە رۆڵی ئەفسەری لێکۆلینەوەی دەبینی (کامەران وەهابی)، زۆر بە شارەزایی مامەڵەی لە تەک ئەو کارەکتەرە دەکردو بە روونی لە رێگەی سیماو جولەی ناجێگیرەوە ئەو حاڵەتە دەروونییە سەختەی کارەکتەری نمایشدەکرد، کە تیاییدا وەک گەڕیدەیەکی وونبوو دەردەکەوێت و ناتوانێت بڕوا بەخۆی بکات کە ئاخۆ لەو شوێنەیە کە خۆی دەیخوازێت و یا ئەویش بەندکراوێکی تری نێو ئەو فەزایەیە، بە تایبەتیش کە چیرۆکی ژنەکەی و جیھێشتنی لە رووی سایکلۆژییەوە تێکیشکاندووەو والێکردووە کە گومان لە ھەموو ئەو حەقیقەتانە بکات کە پێشتر وەک راستی چەسپاو مامەڵەی لەگەل کردوون، ئەو ھێمنی و لەسەرخۆییە ساختەیەی کە لە سەرەتای نمایشەکە پێی دەردەکەوێت و ھەوڵدەدات کارەکتەرەکەی ناخی تیادا بشارێتەوەو دواییش بە ناچاری تەسلیمی ئەو ئیحساسە دەبێت، کە وەک مرۆڤێک خەریکە لە ھەموو ئیحساسەکانی مرۆڤبوون خاڵیدەکرێتەوەو لەناو بۆگەنخانەیەک خەریکە بۆن دەگرێت و کەڕوو دەکات.


بە ھەمانشێوە ئەو خاتوونەی رۆڵی ژنە گەریلاکە دەبینێت ( کەژاڵ راستبین) ، توانایەکی باشی ھەیە لە رەسمکردنی دژوارییەکانی نێو ئەو کارەکتەرە، کە ھەندێجار وەک قوربانی و ھەندێحار وەک تاوانبار خۆی دەبینێت و کۆمەڵە ھەستێکی دژوار لە یەککاتتدا بەسەرییدا زاڵدەبێت و ناخ و ناوەوەی دەبێتە مەیدانی بەرەنگاربوونەوەی ھەستە ناکۆک و دژوارەکان، خەریکە بە ئاو ئەو کەف و کۆڵە دابمرکێنێتەوەو ھەمیشە ھەوڵدەدات لە رێگەی خواردنەوەی ئاو ئەو گڕە سەختەی ناخی بکوژێنێتەوە، تا لە کۆتاییدا بە دانپیانان ھێمن دەبێتەوەو رێگەی سەرفرازی خۆی دەدۆزێتەوەو دەبێتە بەشێک لەو جەستە ھەڵگیراوانەی کە ھیماو سیمۆلۆژیای شکۆمەندی و مانەوەن و ھاوار دەکات :ئەو کێوەکان دەناسێ، کەس ناتوانێ بیگرێ. له په ره ی 3
http://www.upsara.com/images/rusd_photo_2018-12-02_20-27-43.jpg

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like