شانۆی پۆست دراماتیککێشەی شانۆی کوردی

#سیا مەمەند

کێشەی بنەڕەتی تاکی کورد ئەوەیە لەبەر ئەوەی زۆر حەز بە قسەکردن و خۆنمایشکردن دەکات، وایلێهاتووە کە بەتەنها بە “بیستن” ئاسودەبێت.

بەشێوەیەکی گشتی بیستن بوە بەڕێگەی یەکەم بۆ زاکیرە و بیرەوەرییەکانی.

ئەم دەردە کوشندەیە زۆر بە قڵیش هاتووەتە نێو ناوەندی شانۆیی و نمایشە شانۆییەکانەوە.

ئێمه کاتێک دەچین بە دیار شانۆیەکی کوردییەوە دادەنیشین بەس گوێمان لە قسە دەبێت، واتە نمایشەکە یەک پارچە دیالۆگە-مۆنۆلۆگە.

ئەکتەر و دەرهێنەری کورد خۆیان دەکوژن بۆئەوەی زۆرترین قسەبکەن بە گوێی بینەرەکانیاندا، هاواردەکەن، ڕادەکەن، یەک مەبەست بە سەد دێڕ دەگەیەنن، ئەو سەد دێڕەش بۆ ئەوەی بگات سەد جاری تر بەشێوەی جیاواز دوبارەی دەکەنەوە.

تەنانەت کاتێک تێکستی نوسەرانی بیانی وەک شکسپیر و کێ و کێ دەخەنە سەر شانۆ دورودرێژترین دیالۆگ و مۆنۆلۆگەکان دەهێڵنەوە و ئەویتری فڕێ دەدەن.

ئیدی ئەوەی کە ئامادەیی نییە، درمایە”Dram” بەجۆرێک بەس ڕاکە ڕاک و هاتوو هاوار دەمێنێتەوە بۆ پیشاندان. ئەوەی کە جەوهەری درامایە بەشێکی زۆری بێدەنگی و وەستانە کە لە شانۆی کوردی من نەمبینیوە.

بینەرانی شانۆی کوردیش وەک شانۆکار لەبەر ئەوەی سەر بە هەمان پاشخانی کۆمەڵایەتین، زۆر چێژ لە “بیستن” دەبینن.. هەمیشە حەزیان لێیە گوێیان لە دیالۆگە درێژەکان و پڕ شیعری و شیعارییەکان بێت، حەزەکەن بە چەمک و وشەی فەلسەفی سوواو مێشکیان جامبکرێ، جا ئەمەش دابەشی دوو ئاست بووە..

ئاستی یەکەم ئەو بینەرەسادە و کەم ڕۆشنبیریانەن کە باشترین نمایش لایان ئەو نمایشەیە کە وەک مۆزی پاک کراو هەموو شتێک دەخرێته بەردەمیان و بە ئاسانترین شێوە لێی تێدەگەن.

ئاستی دووەمیش ئەو بینەرە خوێندەوار و پڕ خزورانەی فەیسبوکن کە خۆیان زۆرلا گەورەیە، ئەمانە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە زۆر موسەقەفن، بەتەواوی دژ به ئاستی یەکەم و ئەو جۆرە نمایشانە.

ئەمانە عاشقی ئەو جۆرە شانۆیانەن کە زۆرترین ناڕەزایی و جوێنی به کۆمەڵگە و دەسەڵات تێدابێت، یاخود چەمکی فەلسەفی ئاڵۆز و جوڵەی پێچاو پێچ کە دەرهێنەرەکە خۆشی نازانێت بۆ وایکردووە، یانی هەتاوەک و نمایشەکە ئاڵۆزبێ و کەس لێی تێنەگات ئەم جەماعەتە زیاتر بەدڵیانە.

لەکاتێکدا لە شانۆدا ئێمه پێویستمان بەو دوجۆرە نییە، ئەوەی پێویستمانە ڕوونی و ڕەوانییە چی لە وشەدا بێ، یاخود لە کردار و جوڵەدا.

Salome (2019)

دیمەنێک لە شانۆیی “salomè” لە دەرهێنانی ڕۆمێو کاستۆلۆچی لە ساڵی 2019.

کێشەیەکی تری بنەڕەتی شانۆی کوردی مانەوەو چەق بەستنێتی لە هەمان دۆخی ئامادەیی هەمیشەیی.

لە ساڵانی هەشتاکانەوە لەلایەن ئەو گەنجانەی کە ئامادەییەکی باشیان هەبوو لە ناوەندی شانۆی کوردی، تا ئێستاشی لەسەربێت نەیان توانیوە ئەو قۆناغە باوەی شانۆ تێپەڕێنن کە لەو ساڵانەدا لە نێو شانۆی عێراقی و عەرەبی باوبوون.

شانۆکاری کورد کە لەو کاتەدا خوێندنیان بەعەرەبی بووە و شارەزایی زمانی عەرەبییان هەبووە، بەتەنها بەعەرەبی خوێندویانەتەوە و وەرگێڕانیان بۆ بابەتە شانۆییەکان کردووە.

گەنجانی شانۆکاری پاش ڕاپەڕین تا ئێستا لەبەر ئەوەی شارەزایی زمان نین و سەرچاوەی یەکەمیان ئەو کتێب و بابەتە کەمانەن کە بە کوردی نوسراون و وەرگێڕانیان بۆ کراوە لە عەرەبییەوە لە هەمان دۆخی ساڵانی هەشتاکانن.

سەیرەکە لەوەدایە شانۆکاری کورد ئەوانەشی لە دەرەوە دەژین تا ئێستا بەشوێن هەمان وەهمی شانۆی عەرەبی و عێراقییەوەن.

گەورەترین و داهێنەرترین دەرهێنەر و مۆدێرنترین و پۆست مۆدێرن ترین شانۆکار لایان ئارتۆ و گرۆتۆڤسکییەو تازەترین نوسەر لاش نۆرێنە.

ئیدی بێ ئاگا لەوەی کە بەقەد خێرایی گۆڕانی ژیان و تەکنۆلۆژیا لەماوەی ئەگەر سەدەی بیست و یەکەم بە نمونە وەرگرین سەدان و بگرە هەزاران نوسەر و دەرهێنەری مۆدێرن و پۆست مۆدێرن هاتوونەتە بوون.

ــــــــــــــــــــــــــــــ

ــــــــ

وێنەکان چەند گرتەیەکە لە شانۆیی passager لە دەرهێنانی دەرهێنەری ئیسپانی fabien plasson لە ساڵی 2019

خاڵێک هەیە بۆ من زۆر سەرنج ڕاکێشە، ئەویش ئەوەیە کاتێک شانۆکاری کورد زۆر بانگەشەی چەمکە شانۆییەکان دەکات و باس لە ڕەوتە نوێکانی شانۆ دەکات، وەک لە بەشی دووەم ئاماژەم پێکرد تا ئێستا نەیتوانی ئارتۆ تێپەڕێنێت و لێ تێبگات، بۆ نمونە کاکی دەرهێنەر بانکەشە بۆ شانۆکەی دەکات لە سەر شێوازی ئارتۆ بەڵام هەموو نمایشەکەی پڕە لەقسە و حیکایەت و پاڵەوان.. کاکی دەرهێنەر سەرسامی خۆی بۆ تێکستەکانی لاش نۆرێن و جیخەڤ دەردەبڕێت، بەڵام نمایشە شانۆییەکەی سیخانەخە لە شیعار و قسەی باقو بریق و بێ مانا.

بانگەشه بۆ شانۆیەکی نوێ دەکات و لافی پۆست مۆدێرن و پۆست دراماتیک لێدەدات، بەڵام نمایشەکەی پڕە لەکارەکتەر و ستراکتوری نمایشەکەی لە شێوەی هەرەمییەو شانۆکەی پڕکردووە لە گرێ و پلۆت.

ئەمە چەندە کارەسات و لێتێنەگەشتنە لە لەلایەن ئەو جۆرە لەشانۆکارانەوە کە ژمارەشیان زۆرە، هێندەش دەرخەری ئەو نەخوێندنەو کوشندەو بێ ئاگاییەیە کە لەلایەن شانۆکارانی تر و ڕەخنەگرانی بواری شانۆدا هەیە، کە ئامادەنین بە کاکی دەرهێنەر بڵێن: بووەستە کاکە ئەمەی تۆ دەیڵێی وانییە..

ــــــــــــ

هاوپێچ دیمەنێک لە نمایشی Kontakthof

لە دەرهێنانی pina bausch

💢شانۆی پۆست دراماتیک
🔹کێشەی شانۆی کوردی
⭕️#سیا مەمەند
☑️به فۆرماتی
✳️(PDF)
❇️کرته لێره‌بکه

https://upinja.com/up1/شانۆی-پۆست-دراماتیک.pdf

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like