📋 رەحیم عەبدولڕەحیم زاده

کەسایەتی و گەڵاڵە لە چیرۆکدا *** ڕەحیم عەبدولڕەحیم زادە

له بابەت کەسایەتی له چیرۆکی کوردی دا حەزم کرد چەن خاڵێک ئاراسته کەم:
کەسایەتی راست ئەو شوێنەیه که هەست به بۆشاییەکەی له چیرۆکی کوردی و به تایبەت چیرۆکی مۆدێڕنی کوردی دا دەکەی. چیرۆکی مۆدێڕنی کوردی له رۆژهەڵاتی کوردستان و و لەم بیست و چەن ساڵەی سەرهەڵدانییەوه چیرۆکێکی فەزا تەوەر بوو واته هێندەی داڕشتنی کەش و فەزای مۆتەکه ئاسا به لای نووسەرانەوه گرینگ بووه خولقاندنی کەسایەتی گرینگ نەبووه و کەسایەتی چیرۆکی ئێمه زیاتر یان نووسەر خۆی یان لانی کەم کەسێکی زۆر نزیک له نووسەر بووه. رۆشنبیرێکی تەریک و تەنیا که کۆمەڵگا تەرەی کردووه و هیچیان لێک حاڵی نین و هەر بۆیه کاراکتێر گەڕاوەتەوه بۆ دەروونی خۆی و کابووسەکانی خۆی.
تەنانەت لەو چیرۆکانەش کەوا له گەڵ کەسایەتی ئاسایی کۆمەڵگا رووبەڕووین دیسان سێبەری  ئەم رۆشنبیره دوەرخراوەیه دەبینین.که نموونەی سەرەکییان قارەمانەکانی رۆمانەکانی عەتا نەهایین که هەرچەن حەول دراوه له چین و توێژه جیاوازەکانی کۆمەڵگا هەڵبژێردرێن له پشت سەریانەوه دیسان ئەم کەسایەتییه رۆشنبیره راوەستاوه. هەر ئەوه وای کردووه چیرۆکی مۆدێڕنی کوردی له رۆژهەڵاتی کوردستان خاوەن کەسایەتی هەرمان نەبێ که له مێشکی خوێنەردا جێگیر بێ و تەنانەت لەم رووەوه چیرۆکی سوننەتی ئەم بەشەی کوردستان سەرکەوتووتر بووه و لانی کەم کەسایەتییەکی قارەمان ئاسای وەک میرزا له رۆمانی میرزای فەتاح ئەمیری دەتوانی بدۆزییەوه. هەڵبژاردنی راوێژی یەکەم کەسیش که زۆر دەروونی کراوەتەوه پەرەی بەم قەیرانه له چیرۆکەکانی ئەم بەشەی کوردستان داوه.
له چیرۆکی مۆدێڕنی باشووری کوردستان دۆخەکه جیاوازتره که دواتر حەول دەدەم باسی له سەر بکەم.

چەن تێبینییەک له سەر گەڵاڵه له چیرۆکی کۆردی دا
گەڵاڵه زیاتر له هەر شوێنێکی تری چیرۆک دەرخەری دەسەڵاتی نووسەره و ئەو شوێنەیه که نووسەر وشیارانه له گەڵ چیرۆک هەڵس و کەوت دەکا. زۆرجار له کارگه باسی ئەوه کراوه که چیرۆک وەک ئیلهامێکی خێرا دەنووسرێ یان کارێکی پلان دارێژراوه. به بڕوای من مادام باسی گەڵاڵه له چیرۆک دا بکرێ واته وشیاری و کاری وشیارانەی نووسەر هەمبەر به چیرۆکەکەی. گەڵاڵه گرێ دراوه به دوو چەمکی گرینگی تر له چیرۆک دا یەکەم رووداو و دووهەم کات. واته ئەو نەخشەیەی که نووسەر بۆ چۆنیەتی چنینی رووداوەکان له بەستێنی زەمانیی چیرۆکەکەی دا دایدەڕێژێ.
بیرمەندانی بواری گێڕانەوه که سەرەتاکەی دەگەڕێتەوه بۆ فۆرمالیسته رووسەکان، سەبارەت به گەڵاڵه باسی دوو چەمک دەکەن: یەکەم چیرۆک و دووهەم گەڵاڵه یان به پێی زاراوەی فۆرمالیستەکان سووژێت و فابیۆلا یان به پێی زاراوەی ئەمڕۆیی تر ستۆری و پلات. له چیرۆک یان پوختەی چیرۆک دا ئێمه تەنیا له گەڵ داستان به پێی زەمانی هێڵی رووبەڕووین واته ئەو جۆرەی رووداوەکان دوابەدوای یەک روو دەدەن، بەڵام له گەڵاڵەدا ئێمه جێگوڕکێ به کات و تەرتیبی رووداوەکان دەکەین له پێناو خۆشتر بوون و سەرن راکێش بوونی چیرۆک یاخۆ مەنتقی چیرۆک یان هەر هۆکارێکی تر که مەبەستی چیرۆک بێ.
ئەوەندەی من سەرنجی چیرۆک و رۆمانی کوردیم دابێ به داخەوه له باسی گەڵاڵەدا زۆر هەژارین. واته زۆرینەی چیرۆکەکانی ئێمه یان هەر کەڵک له زەمانی هێڵی وەردەگرن یان ئەوپەڕی فلاش بەکێک که له نزیک به کۆتاییەوه دەست پێ دەکا و دیسان دێتەوه سەر زەمانی هێڵی.
واته ئەگەر بڵێین رووداوەکانی چیرۆک به پێی کات 1،2،3،4،5 بن ئێمه له گەڵاڵەدا جێگوڕکێ بەم کات و رووداوانه دەکەین و بۆ نموونه ئاوای لێ دێ 4،1،3،5،2 . بەڵام چیرۆکی کوردی یان هەر 1،2،3،4،5 ه یان لەوپەڕی خۆی دا 4،1،2،3،5 و ئەمه به داخەوه له زۆرینەی چیرۆکه مودێرنەکانیش دا دەبینین. ئەمه لە کاتێک دایه که له چیرۆکی ئەوڕۆی دونیا به راستی کاری نوێ به گەڵاڵه دەکرێ و له ئاستێکی زۆر بەرز و داهێنەرانه کەڵکی لێ وەردەگیرێ که زۆر له گەڵ ئەو ئولگووه ساکارانەی ئێمه جێاوازییان هەیه.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like