دوو نووسەر و دوو خودکوژی

ڤرجینیا ۆڵفی ڕۆماننووسی بەریتانی و سلڤیا پلاثی شاعیری ئەمریکیی

ئامادەکردن و وەرگێرانی : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

ڤێرجینیا ۆڵف شاعیرێک پڕ لە قوربانی

ڤرجێنیا ۆڵفی وتارنووس و ڕۆماننووسی مۆدێرنیستی بەریتانی لەماوەی نێوان دوو جەنگی جیهانیدا یەکێک بوو لە فیگەرە هەرە دیارەکانی گروپی بلومزبێری(٢) لە لەندەن. هاوسەری ڕەخنەگری ئینگلیزیی لیونارد ۆلف بوو. لە هەژدە ساڵییەوە واتە ١٩٠٠ەوە بە دەستی بەنووسین کردووە. لە پەیوەندییەکی توند و پتەودا بووە لەگەڵ نووسەران و هونەرمەندان. دوای تەواوکردنی ڕۆمانی(لە نێوان کارەکاندا) کەدوای مردنی بڵاو بۆوە، ڤێرجینیا تووشی هەمان خەمۆکی دەبێتەوە کە پێشتر ئەزموونی کردوو. بەتایبەتیش دوای هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهانی و ڕوخانی ماڵەکەی لە لەندەن و پێشوازی ساردی خوێنەران لە کتێبێکی کە دەربارەی ژیانی هاوڕێیەکی کوچکردووی بوو. بۆیە لە ٢٨ی ئازاری ساڵی ١٩٤١ قاپووتەکەی لەبەر دەکات و گیرفانەکانی پڕ دەکات لە بەرد و خۆی فڕێ دەداتە ڕووباری ئٶوزەوە و خۆی دەخنکێنێ. ڤێرجینیا بەر لە کردەی خودکوژییەکە نامەیەک جێدەهێڵێ بۆ هاوسەرەکەی و لە نامەکەدا دەنووسێ :

ئەی ئازیزترین کەسم ..من دڵنیام شێت دەبم. هەست دەکەم ناتوانین جارێکی تر بەم ڕەوشە ناهەموارەدا گوزەر بکەین. باوەڕیش ناکەم تازە چاک ببمەوە. ئێستا دەنگەدەنگ دێتە گوێم. توانای تەرکیزم نەماوە. لەبەر ئەو هۆیە ئەو کارە دەکەم کە گونجاو بێت. تۆ بەختەوەرییەکی گەورەت پێبەخشیوم و باوەڕ ناکەم هیچ کەس هەست بەو ئاسوودەییە بکات کە من و تۆ هەستمان پێدەکرد. تا تووشی ئەم نەخۆشییە ناقٶڵایە بووم. لە ئێستا بەدواوە توانای بەرگریم نەماوە و ئەشزانم ژیانت تێک دەدەم. تۆ ڕەنگە بەبێ من ژیانێکی باشتر بژیت. من دڵنیام لەمە، تۆش وای نابینی؟ تەنانەت ناتوانم ئەم نامەیەش بە جوانی بنووسم. ناتوانم بخوێنمەوە. ئەوەی دەمەوێ پێت بڵێم ئەوەیە کە من پڕ بەپڕی ئاسوودەیی ژیانم قەرزاری تۆم. تۆ زۆر باش و بە پشوو بووی لە گەڵمدا. هەموو خەڵکیش ئەمە دەزانن. گەر هەر کەسێک بیتوانیایە ڕزگارم بکات ئەو کەسە تۆ دەبوو . من هەموو شتێکم لەدەست داوە تەنها باوەڕی ئەوە نەبێ کە کەسێکی باشیت و نامەوێ بەردەوام بم لە تێکدانی ژیانت و باوەڕیش ناکەم هیچ کەسێک هەست بە ئاسوودەیی بکات، وەک ئێمە هەستمان پێکرد.

ڤرجینیا ۆڵف

ئەم نامەیەی کە پڕاوپرە لە خۆشەویستی ڤێرجینیا بۆ هاوسەرەکەی دەرخەری ئەو ڕاستییەکە کە ڤێرجینیا جگە لەوەی نووسەرێکی بەهرەدار بووە، لەهەمان کاتیشدا ئینسانێکی مەزن بووە. ئینسانێک بووە پڕ لە قوربانی (قوربانی بەمانا عەمەلییەکەی نەک نە مانا موجامەلییەکەی). گەورەیی ڤێرجینیا لەوەدایە کە قوربانی دەدات بۆ خۆشەویستییەک کە ساڵانێک مایەی ئاسوودەیی بووە. ئەم نامەیە گەرچی نووسەرێک لەدوا ساتی خودکوژی خۆیدا نووسییەتی و دەزانێ ئیتر دوای ئەو بریارە گەرانەوە بۆ ژیان مەحاڵە، بەڵام پڕە لە ڕاستگۆیی. وشەکان بێ دەمامکن و هێندە سادەن جگە لە لێکدانەوەی وەفا و ڕاستگۆیی (صدق و ولاء) هیچیتر هەڵناگرێ.

ڤرجینیا ۆڵف و لیتن ستراچی ١٩٢٣

دوای مردنی ڤێرجینیا ۆڵف گەلی وتار و کتێبی لەسەر نووسراوە و گەلێ لایەنی نادیار و شاراوەی ژیان و بەهرەی بەدیارخراوە. ئیلین بارێت و پەتریشیا کرامەر پێیان وایە ڤێرجینیا فیمینیست بووە. ستێفن ترەمبڵێ لە دوو کتێبدا باس لەوە دەکات خودکوژی ئەم شاعیرە پەیوەندی بە بە دکتۆرەکەیەوە هەبووە. ڤێرجینیا و هاوسەرەکەی هەردوکیان گەرچی سۆزێکی جوولەکەبوونیان لەناخدا دەژیا،بەڵام لەهەمان کاتدا دژی فاشیزم بوون و ئەو بۆچوونەی خۆشیان نەشاردۆتەوە.

سلڤیا پلاث شاعیرێک تەژی لە ئیرەیی و خەمۆکی

سلڤیا پلاث

خانمە شاعیری ئەمریکیی سڵڤیا پلات(٣) لە بەرەبەیانی ڕۆژی یانزەی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ بڕیاری کۆتایی هێنان بە ژیانی خۆی دەدات. ئەم خۆکوشتنە لەنێو ناوەندی ئەدەب و کۆمەڵگەی ئەمریکیی بووە مایەی وردبوونەوە و لێکدانەوەی جیاواز. سڵڤیا مرد بەڵام مشتومرەکانی دوای کارەساتی خۆکوشتنەکە ڕەوتی بۆچوونەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەش کرد. بەرەی یەکەم پێی وابوو خۆکوشتنی سڵڤیا وەکو خودکوژی لێک بدرێتەوە. ئەم دیاردەیەش بە فراوانی لە کۆمەڵگەی ئەمریکیی بوونی هەیە. بەرەی دووەم پێیان وابوو کەسانێک لە چوارچێوەی پەیوەندییە کۆمەلایەتییەکانی سڵڤیا لە پشت ئەم کارەساتەوەن . بەواتەیەکی تر هۆکاری خۆکوشتنەکە هاوسەرەکەی یان دکتۆرەکەی بووە. ئەوەی مایەی سەرنجە، خەمێکی چڕ ئاڵابووە باڵای ژیانی سڵڤیا پلات. ئەم شاعیرە لە بیست و حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٣٢ لە بۆستن لە ئەمریکا لەدایک بووە. لە کۆلێژەکانی سمیس و نیونهام و زانکۆی کامبرچ خوێندویەتی. ساڵی ١٩٥٦ لەگەڵ هاوڕێی شاعیری تێد هیوز هاوسەرگیری دەکات و دوو منداڵیان دەبێ بە ناوەکانی فریدا و نیکۆڵاس. سڵڤیا لەتەمەنی هەشت ساڵییەوە دەستی بە نووسین کردووە و ڕۆڵی گرنگی گێراوە لە بردنە پێشەوەی شیعری ئەمریکی گەڵێ خەڵاتی وەرگرتووە. ئەم شاعیرە دەبوایە پەرستارەکەی لە کاتژمێر نۆی سەرلەبەیانی ڕۆژی یانزەی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ بگاتە شوقەکەی تا یارمەتی سڵڤیا و منداڵەکانی بدات. بەڵام کاتێ پەرستارەکە دەگات ناتوانێ بچێتە ژوورەوە. دواتر بە هۆی کۆمەکی کەسێکەوە کەلە باڵەخانەکە کار دەکات دەرگاکە دەکەنەوە و دەبینی سڵڤیا خۆی ژەهراوی کردووە و بەهۆی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن مردووە. سڵڤیا بە پەڕۆی تەڕ ژێر دەرگای مەتبەخەکە(مووبەق) و ژووری منداڵەکان جوان دەگرێت. کاتژمێر چوار و نیوی سەرلەبەیانی سەری خۆی دەخاتە ناو فڕنی مەتبەخەکەوە کە داگیرساوە.

سڵڤیا چەند ڕۆژێک بەر لە مردنەکەی، حەبی دژ بە خەمۆکی لەلایەن دکتۆر جان هۆردەرەوە کە هاوڕێیەکی نزیکی خۆی بووە، بۆ دەنووسرێت. دکتۆر جان زانیویەتی ژیانی سڵڤیا و دوو منداڵ بەتەنیا جێی مەترسییە و دەیوت هەموو ڕۆژێک سڵڤیا سەری لێداوم. دوایی هەوڵ دەدات لە خەستەخانە بیخەوێنێ بەڵام بێسوود دەبێ. دواتر دکتۆر جان هەوڵ دەدا پەرستار لە ماڵەکەیدا لەگەڵی بمێنێتەوە. چەند جارێکیش دکتۆر جان سڵڤیای ئاگادار کردۆتەوە کە ئەو حەبە بەکار نەهێنێ. سڵڤیا ئەو بەیانییە نامەیەکی بچکۆلە دەداتە دراوسێکەی کە ناوی تۆماسە و تێیدا هاتووە” تەلەفۆن بۆ دکتۆر هۆردەر بکە. ژمارە تەلەفۆنی دکتۆری تێدا نووسرابوو”. دوای مردنی سڵڤیا پڵاث، ئاڵ ئاڵڤێرێسی هاوڕێی و ڕەخنەگر لە کتێبێکدا لەساڵی ١٩٧١ سەبارەی بە خودکوژییەکەی سڵڤیا دەلێ ” خودکوژییەکەی سڵڤیا پڵاث گریانێکی بێ وەڵام بوو بۆ یارمەتی”. تێد هیوزی هاوسەری سڵڤیا دوای مەرگی ئەم شاعیرە پەیوەندی سۆزداری لەگەڵ ژنێکدا دروست دەکات بەناوی ئاسیا ویڤێڵ و ئەویش واتا ئاسیا لەساڵی ١٩٦٩ خۆی دەکوژێت . ئیتر تێد هیوز لەژێر پاڵەپەستۆی ڕای گشتیدا دەمێنێتەوە. خودکوژی ئاسیا کارێکی کرد کە سەبارەت بە خودکوژییەکەی سڵڤیاش پەنجەی تاوان بەرەو ڕووی تێد هیوز دەکرا. ساڵی ١٩٧٠ ڕۆبین مۆرگانی شاعیری ڕادیکاڵی فیمینست شیعرێکی نووسی و تێد هیوزی بە سەرچاوەی مەرگی سڵڤیا و ئاسیا دانا. گەلێ فیمینیستی ڕادیکاڵیتر خوازیار بوون تێد هیوز لە تۆڵەی سڵڤیا بکوژن. شایانی ئاماژەیە لە ساڵی ٢٠٠٩ نیکۆڵاس هیوز کوڕی سڵڤیا پڵاث و تێد هیوز لەناو ماڵەکەی خۆی لە ئالاسکا خۆی هەڵواسی و خودکوژی کرد.

توضیحات عکس در دسترس نیست.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like