سایكۆلۆژیای نواندن لە كەسایەتیی كورددا

کەسایێتی کورد و شانۆ
دەروازەیێک بەرەو گفتوگۆیێکی کراوە
خوێندنەوەیێک لەژێر ڕۆشنایی بیرکردنەوەی دکتۆر سەردار


فاروق هۆمەر

یێکێک لەو بابەتە گرنگانەی کە لەمیانەی زنجیرە گفتوگۆکانی شانۆ تیاتر خوڵقا، ئەو لێکۆڵینەوە پڕ بایەخەی دکتۆر سەردار بوو دەربارەی کەسایێتی کورد و شانۆ

. ئەوە بۆ یێکەمجارە شیکارێکی لەو تەرزە نەک هەر بە تایبەتی لە مێژووی شانۆی کوردی، بەڵکو لە پرۆسەی بیرکردنەوەی هونەریش بەشێوەیێکی سەرتاپاگیریش بخوڵقێت

سەرەتا دکتۆر سەردار گوتەیێکی گرنگی بۆ بیرکردنەوە دارشت، کە دەکرێ چیدی کورد لە خودی خۆیەوە نەناسین و لەوی دییەوە تەماشای بکەین.

Sardar Mahmud Saeed

کورد میللەتێکە ڕوانینێکی ڕۆشن و ووردی بۆ خودی خۆی نییە و ئەو بەدرێژایی بوونی لەناو بیرکردنەوەی ئەوی دیدا جوڵاوەتەوە و گوزارشتی لە خودی خۆی کردووە.

 لێرەوە بۆ ئەوەی وێنایێکی دروست بۆ کورد بدۆزینەوە دەبێ لە ڕوانینی عەرەب و فارس و بە تایبەتیش تورکەوە بۆ کورد بڕوانین.

هەموو ئەوەش کورد دەربارەی خۆی چی دەڵێ، هیچکات خاڵی نییە لە کاریگەری ئەوانی دی.

ئەو کاریگەرییەش هۆکارێک بووە بۆ ئەوەی کورد وەک مرۆڤێک  لەڕووی پێگەی ئاینی و کۆمەڵایێتی و سایکۆڵۆژییەوە کارەکتەری خۆی پێ دابڕێژێت.

 ئیدی دەکرێ هەموو هەڵکۆڵینێک بۆ کورد لە خودی خۆیەوە و بەبێ ڕوانینی ئەوی دی بمانباتەوە ناو ئەو ڕوانینە خاڵییە لە ڕۆشنگەری کە بەردەوام پشتی بەخودپەسندی و بەخۆڕازیبوونێکی ڕەها بەستووە.

هەمان ئەو بیرکردنەوەی دکتۆر سەردار لە درێژەی بابەتەکەی پێیان گەیشتووە، من لەڕێی هونەری چیرۆکەوە پێیان گەیشتووم و پەیم پێیان بردووە و کارم لەسەر کردوون.

دواجاریش لە پرۆسەی کارەوە زۆر بە تەڕ و نەرمی توانیم بگەمە قووڵاییەکانی ناسینی ئەو کارەکتەرە کوردییە.

هەر ئەو خاڵەش وا دەکات تێگەیشنی من بۆ بابەتەکەی ئەو ڕوونتر و بێ کێشە بێت

. کاتێک کوردستانم بەجێهێشت و لە ووڵاتی شام گیرسامەوە، زۆر بە قووڵی بەر وێنایێکی دی کەسایێتی کورد کەوتم کە تا لە نیشتیمانبووم من هیچکات درکم پێنەکردبوون.

کورد وەک ئەو مرۆڤەی ئەرمەنییەک یان عەرەبێک دەیبینێت.

کەسایێتی کورد کاتێک خۆی بە قارەمان و ئازادیخواز دەبینێت، وێنایێکە هیچ کوردێک ناتوانێ بەری پێبگرێت، چونکە جوامێری بۆ خۆی خاڵی نییە لە سەرسوڕمان.

 سەرسوڕمانێک کە لە دەمی چوونە ئاودەستیش وەک قارەمانێک دەرگاکەی دەترازێنین و لێوەی دەچینەژوورێ.

 لێرەدا کەرەستەیێک هەیە کە هەموومان لەگەڵ خۆمان هەڵمان گرتووە و پێی نازانین، ئەویش ماسکە. ماسک ئەو کەرەستە شانۆییە گرنگەیە کە خۆمان لەو دیووییەوە شاردۆتەوە، کەرەستەیێکی بەرجەستەنەکراو.

ئێمە لە پشتی ئەو ماسکەوە، کۆمەڵێک هەقیقەتمان دەربارەی خودی خۆمان شاردۆتەوە کە هیچکات نامانەوێت ددانی پێدا بنێین و بیانڵێین.

ئەو ماسکەش کاتێک دەکەوێتە خوارەوە کە بەر ئەوی دی دەکەوین و وێنای ئەو مرۆڤە قارەمانەش زۆر بەخێرایی دەکەوێتە خوارێ و ئیتر ناتوانێت گفتوگۆیێکی کراوە و بێ گرفتمان بۆ دابمەزرێنێت.

 با بڕوانینە ئەو شوێنکاتی شەڕانەی کە بۆیان دەچین، چۆن بە وورە و هێزیکی پۆڵاینەوە بەرەنگاریان دەبینەوە، چونکە خوێندنەوەمان تەنیا بۆ خودی خۆمان و هێز و توانای خۆمان هەیە و تەنیا هەق بە خۆمان دەبەخشین و ئەوی دی بە ترسەنۆک و هیچ لەبارانەبوو دەزانین، زۆر خێرا دەشکێین و لە گۆڕەپانەکە دەکشێینەوە.

دواجاریش کە دەکشێینەوە هەموو هۆی شکانەکەمان هەم بۆ هێزێک ناگێڕینەوە کە ئەوی دییە و بوونی هەیە، هەم بۆ خۆشمان کە نەبۆتە ووانەیێکی گرنگ و بتوانین خوێندنەوەی بۆ بکەین.

هەمیشە کۆمەڵێک بیانووی لابەلا بۆ شکستەکانمان  دەهێنینەوە.

لە هەقیقەتیشا ئەوەی کە بیرمان لێی نەکردۆتەوە ناسینی ئەو کارەکتەرە کوردیەیە و ڕەهەندی پێکهاتەکانێتی کە هیچکات نامانەوێ لێی بکۆڵینەوە.  

من لێرە بەدوا لەسەر خاڵێکی دی بابەتەکەی ئەو دەدوێم کە ئایا شانۆی کوردی مانای چی و شانۆیەک کە هەڵگری کارەکتەرێکی کوردی بێ دەکرێت ڕوو بدات.

 با بۆ بابەتێکی گرنگی لەو جۆرە کاتێک ئەو لەسەر کارەکتەری هاملێت ڕادەوەستێت من پەنا بۆ شانۆیی “دوژمنی گەل”ی هینریک ئەپسن دەبەم.

سەرەتا دەبێ ئەوە دیاری بکەین کە شانۆی کوردی لەو تێگەیەوە نەهاتووە، کە هەموو شتێک لەوێدا کوردی بێ، جلوبەرگ و نانخواردن … تاد.

هەر دەقێکی شانۆیی جیهان کە مرۆڤایێتی بەرهەمی هێناوە دەکرێ لە ڕێی ڕوانین و هەڵوەشانییەوە لە زەمینەیێکەوە بۆ زەمینەیێکی دی بگونجێت و کوردی بێت، بەبێ ئەوەش کە بەکوردی بکەین.

 تەنیا جیاوازییەک لێرەدا دێتە ڕێمان ناکرێت مرۆڤێکی ئەوروپی و کوردی، یێک ڕوانین و بیرکردنەوەیان بۆ دونیا هەبێت.

ئەوە دروستە کە هەردووکیان وەک یێک هەستوسۆزیان هەیە و وەک یێک خەمگین و وەک یێک خۆشی دەیانگرێ، هەردوکیان برسی و تینوو و حەز و ئارەزوویان هەیە.

 ئەی لە کوێدا جیا دەبنەوە.

 ئەوە ئەو ڕوانینەیە کە ئێمە دەمانەوێ لێی بدوێین.

ئایا دەکرێ من ڕۆڵی دکتۆر ستوکمان ببینم، چۆن دەبمە دکتۆر ستۆکمان؟

 دەکرێ من بەرەنگاری براکەم ببمەوە لە گرفتێکی گەورەی وەک پیسبوونی حەمامەکان و بچمە ناو شەڕێکەوە کە هیچ کەس لایێنگیرم نین و ووردە ووردە هەموویان لێم دەتەکێنەوە و تاکوتەنیا دەمێنمەوە؟

تا ئیستا چەندینجار ئەو دەقە لەسەر شانۆکانی ئێرە و ئەوێی کوردستان نەمایش کراوە و دواجار نەک تێگەیشتنێکی قووڵی لای بینەر و ڕووبەری بیرکردنەوەی کۆمەڵگای کوردی دا نەخوڵقاندووە، بەڵکو دواجار ئەکتەرەکانیشی نەگەیاندۆتە ئەو بڕوایەی کە من لێرەدا چ پەیامێکم هەبوو و ئەو مانایانە چیبوون کە من وویستم بیانگەیێنم.

ئایا گرفتەکە لە دەقی شانۆییەکەی هینریک ئەپسن دایە کە ناتوانێ مێشکی کۆمەڵگەی کوردی بخوێنێتەوە، یان لە مێشکی منی شانۆکار کە ناتوانم ببمە پردێک هوشیاری دەق و هوشیاری کۆمەڵگەی کوردی لێک نزیک بکەمەوە؟

 ئایا گرفتی حەمامەکان کە سەروکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی نەرویژی دا هەیە دەشێ بە هەمان قوڵایی سەروکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردیش دا هەبێ. ئایا دکتۆر ستۆکمان، دەکرێ بەو جۆرەی کە بۆ مرۆڤێکی ئەوروپی دەدوێ بۆ مرۆڤێکی کوردیش هەر وا بدوێ؟

دوژمنی گەل، دەقێکی شانۆییە دەربارەی ڕۆحی دیموکراسی سەدەی نۆزدەی ئەوروپا کە شەڕێکی گەورەی نەبڕاوەیە دژ بە بیروڕای  زۆرینە، چۆن دەشێ هەموو زۆرینەیێک بۆ خۆی گرفت بخوڵقێنێت. هێنریک ئەپسن بۆ خودی خۆی لە پشتی کارەکتەری دکتۆر ستۆکمانەوە ڕاوەستاوە و ئامادەیی هەیە. لێشاوی زۆرینەش کاتێک دەڕواتەوە ناو گرفت، بیرۆکە و تێگەیێکی دۆزراوەی هێنریک ئەپسن نییە، پێشی ئەو فەیلسۆفێکی سیاسی وەک جۆن ستیوارد مل، ئەو تێگە قووڵەی ووروژاندووە و لێرەوەش دەبێ گریمانەی ئەوە بکەین کە دوکتۆر ستوکمان ڕێکوڕەوان لەژێر هوشیاری بیرکردنەوەی هینریک ئەپسنەوە دەدوێت.

ئەپسنیش لە ڕەشبینی خۆیەوە بۆ حکومرانییەک کە لە لایەن زۆرینەوە پێشرەوی دەکرێت، ووانە و ڕوانینە ڕۆشنەکانی خۆیمان بۆ دادەڕێژێت و  پێشتریش لە شانۆیی “تارماییەکان” لەسەر درێژەی هەمان ئەو بیرۆکەیە کاری کردووە.

دکتۆر ستوکمان لە شانۆیی دوژمنی گەل، هیچ ماسکێکی لەگەڵ خۆی هەڵنەگرتووە و هەڵگری کەسایێتییەکە بەوپەڕی ڕۆشنی و پشتئەستوور بە ڕاستی دۆزارەوە و بیر لێکراوە بە بنەما زانستییەکان ووردە ووردە دەمانگەیێنێ بەو شوێنەی هەمیشە مرۆڤێکی تەنیا دەتوانێ بەرەنگاری زۆرینەیێکی وەک گورگ بێتەوە.

 ئەو لە درێژی ڕووداوەکان هەموو ئەو ماسکانە بەو کارەکتەرانەی دیش فڕێدەدات کە ڕۆژانە تێکەڵمان دەبن و لە شوێنێک هاوڕێ و لە شوێنێک دوژمنن

دکتۆر ستۆکمان خاوەنی بیرکردنەوەیێکە داوێنگیری مۆڕاڵ و زانستە، لە هەمانکاتیش هیچ سەروکارێکی لەگەڵ ئابووری و ڕامیاری دا نییە، بەڵکو لە درێژەی کارکردنی خۆی دووچاری ئەوە دێ مۆڕاڵ و زانستی ئەو زۆر بە تووندی بەر دیواری ئابووری و ڕامیاری بکەون.

ئەپسن لەڕێی کارەکتەرەکانەوە ئەوە ڕۆشندەکاتەوە کە چەند دژوارە لە کۆمەڵگەیێکی هاوچەرخدا بیروڕایێکی سازگارت هەبێ و لەبەردەم بیروڕایێکی زۆرینەی ناسازگاردا شکست بهێنێت.

لێرەدا دەپرسین ئەو شانۆییە لە کوێ دا لەگەڵ بیرکردنەوەی مرۆڤی کوردا دەگونجێت،

 ئایا بەدرێژایی مێژووی دوور و نزیکی بیرکردنەوەی مرۆڤەکانی ناو حوکمرانی کوردی کارەکتەرێک هەڵکەوتووە بیرکردنەوەیێکی سازگاری هەبێت و لەناو لێشاوی بیرکردنەوەی زۆرینە کەوتبێتە بەردەم گرفت؟

ئایا دەقی شانۆیی هەڵقوڵاویی ئەندێشەسازیێکە لە دەرەوەی دیوە سایکۆلۆژی و کۆمەڵایێتییەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەوە هەناسە دەدات و چرکەساتێکە بۆ چێژ و خۆشییەکی ڕووت و لە جێگیەک دێت و لە جێگەیێک دەڕوات بەبێ ئەوەی کارلێکمان تێدا بخوڵقێنێ، یاوەخوود دەق هەڵگری کۆمەڵێک ئاماژە و مانای قووڵن لەناو ناخی مرۆڤ و پەیوەندییە سایکۆلۆجی و کۆمەڵایێتییەکانی تاک و کۆمەڵگە و بەدوای خۆیدا چارەنووس و بیرکردنەوەشمان دەگۆڕن؟

ئایا شانۆ و بیرکردنەوەی شانۆیی تەنیا هونەرێکی ڕووتی بێبنەمان و بۆ سەرگەرمی مرۆڤن، یاوەخوود لەڕێی کارەکتەر و چارەنووسی کارەکتەرەوە چارەنووسی ئێمەش وەک مرۆڤ دەگۆڕێن و دەکەوینە بەردەم چرکەساتی ڕووە ترسناکەکانی شانۆوە؟

ئایا شانۆکاری کورد چۆن دەڕوانێتە ئەو چرکەساتە ترسناکەی شانۆ و هەوڵی ئەو هەر بە هەقیقی نزیککردنەوە و پێکگەیاندنی دیووە لێکچووەکانی کارەکتەری گریمانکراوی ناو دەقەکان و کارەکتەرە هەقیقییەکانی ناو ژیانە بە یەکدی، یاوەخوود لەڕێی پۆشین و نواندنی کارەکتەرە گریمانکراوەکانی ناو شانۆ لە چرکەساتێکی نەمایشی ڕووتکراوە لە ڕاستییەکان هەوڵی گێژکردن و کوشتنی کارەکتەرە هەقیقییەکانی ناو ژیان دەدات؟

لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەقێکی گەورەی ترسناکی وەک دوژمنی گەلەوە دەبینین چۆن شانۆکاری کورد لەڕێی کارەکتەرێکی گریمانکراوی وەک دکتۆر ستۆکمانەوە کە نزیکی و لێکچوونی ئەو لەناو زەمینەی کوردی دا بەبەرجەستکراوی نابینێت و نادۆزێتەوە، لە بنەڕەتەوە هەوڵێک دەدات بۆ کوشتنی هەموو ئەو کارەکتەرە هەقیقییانەش کە لەناو زەمینەی کوردیدا دوور و نزیک لە دکتۆر ستۆکمان دەچن و هەڵگری بیر و بۆچوونی سازگارن.

ئێمە بۆ لێروانینێکی وا دەکرێ بۆ کەسێتی عەبدولرەحمان زەبیحی بگەڕێینەوە کە لەژێر ئاڵا و واڵای ژێکاف دەمانخاتە بەردەم ڕۆشنی بیرکردنەوەیێکی لەو جۆرە.

 ئەو بڕوای وایە:

 (بۆ قووتاربوونی کورد و گەیشتن بە مەرامەکانی دەبێت کارەکتەری شێخ و مەلا و ئاغا ڕێگەیان پێنەدرێ بێنە ناو ژێکافەوە، ئەگەر هاتیشن هیچکات نابێ کاری ڕێبەرێتییان پێ بسپێردرێت)

هێند نابات لەژێر کاریگەری هێڵی وویست و ئارەزووەکانی بیرکردنەوەی ڕێبەرانی سۆڤێت و لەناو ئەو گرفتە گەورانەی لە بەربەرەکانێی ئینگلیز و سۆڤێت بۆ دابەشکردنی ئێرانەوە دەڕسکێن، بیرکردنەوەی سازگاری زەبیحی و هێڵی ڕۆشنی بۆچوونەکانی ژێکاف لەژێر فشاری مەرام و ئارەزووە پاوانخوازییەکانی زۆرینەدا ووردە ووردە هەڵدەوەشێرێنەوە و نەک شێخ و مەلا و ئاغا دێنە ناو بزووتنەوەی کوردایێتییەوە بەڵکو ئەوان ڕێبەرێتی بزووتنەوەکەش دەگرنە دەست و دواجار دەمانبەنە نێو ئەو ماڵوێرانییەی کە تا دەمی ئیستامان درێژ و درێژتر دەبێتەوە.

دکتۆر ستۆکمان؛ هەمان کەسایێتی زەبیحی هەیە لە جیهانی ئێمەدا، هەردووکیان یێک بیرکردنەوەی سازگاریان هەیە، ئەو لە پیسبوونی سەرچاوەی ئاوی ئەو کانیانەی کە بۆگەن بوون و نەخۆشی دەخەنەوە و کۆمەڵگە دەشوێنن، زەبیحیش لە پیسبوونی ڕەوتی کۆمەڵگە کە چۆن نوقمی بیرکردنەوەی لێشاوی تاریکیییە و سەرچاوەی کانییەکانی ژیان و ئازادی ئەو هەمان نەخۆشی دەخەنەوە کە کۆیلەبوونی مرۆڤی کوردە بەوانی دی.

ئێمە هەمووان لە شوێنێک زۆر سادە و بێ تێگەیشتن لە ترسناکی بیرکردنەوەی زەبیحی کە لەناو مێشک و هوشیاری کوردی دا جێکەوتەی چییە و دەرەنجامەکانی چۆن دەکەونەوە، چۆن لە لایێک پڕن لە جوانی و هەڵگری راستین و لە لایێکی دی ترسناکن و سەرچاوەی لەبەریێک هەڵوەشانی دیدی کۆنن، سەرەتا لێی کۆ دەبینەوە و دەبینە شوێنکەوتەی و دواجار هەمووان لە ترسی بەرژەوەندییەکانمان ووردە ووردە لێی دەتەکێینەوە.

دکتۆر ستۆکمان، لە درێژەی ڕووداوەکان شکست دەهێنێ و بیرکردنەوە سازگارەکەی لە لایەن زۆرینەوە بێ دۆست و لایێنگیر دەمێنێتەوە، زەبیحیش لە درێژەی ڕووداوەکان شکست دەهێنێ و هەم ژێکاف تەنیا و بێ لایێنگیر دەمێنێتەوە و هەم خۆشی لە ڕەوتی ڕووداوەکان تەنیا و فڕێدراو دەمێنێتەوە و کۆماری مهابادیش هەر وەک ڕەوتی حەمامەکانی ناو دوژمنی گەل، لە چرکەساتی دروستبوونییەوە مەلا دەیباتە ڕێوە و کۆمەڵی زۆرینەی شێخ و ئاغاکانی لێ کۆ دەبنەوە و دواجار میللەتێکیش دەبەنە ناو ئەو شکستە گەورەیەوە کە ئاشبەتاڵ و ڕووحانی کۆماری لێ دەڕسکێ.

واتە هەم حەمامەکان لە دوای دکتۆر ستۆکمان، بە سەرچاوە پیسەکانی خۆیەوە دەمێننەوە و هەمووان ژەهراوی دەکەن و هەم کۆماری مەهابادیش ئەو ژەهرە بۆگەنە بوو کە هەمووانی خنکاند و تا ئەمڕۆژ ژەهری بیرکردنەوەی شێخ و مەلا و ئاغاکان درێژەیان هەیە.

 دواجار دوکتۆر ستۆکمان وەک مرۆڤێکی ئایدیالیست لەناو شانۆییەکی سیاسی گەورەی وەک دوژمنی گەل تەنیا دەمێنێتەوە و لەژێر بەردبارانی هاوڕێ و خەڵکی شارەوە دەگاتە ئەو هەقیقەتەی کە دەڵێ مرۆڤێکی تەنیای سازگار هەمیشە لە زۆرینەیێکی گەمژە بەهێزترە.

هەمان چارەنووسیش زەبیحی دەگرێتەوە و دواجار تاک و تەنیا وەک مرۆڤێکی ئایدیالیست بەرەنگاری توانج و پلاری هاوڕێ و خەڵکی کوردستان دەوەستێتەوە و دەڵێ مرۆڤێکی تەنیای سازگار هەمیشە بەهێزترە.

لە شوێنێک حەمامەکان بێ ڕێنمایی تەندروستی دکتۆر ستۆکمان درێژە بە بڵاوکردنەوەی ژەهری خۆی دەدات، لە شوێنێکی دیش کوردستان دوور لە ڕێنماییە دروستەکانی زەبیحی درێژە بە ژیانی پڕ لە کولەمەرگی خۆی دەدات و ژەهری خۆی بڵاو دەکاتەوە.

شانۆییەکی وەک دوژمنی گەلی هێنریک ئەپسن، کارکردنێکە لەناو فڕێدانی دەمامکەکان دا، کاتێک شانۆییەکی سیاسی وا گەورە لە مێژووی شانۆی جیهان کە ڕەوتی بیرکردنەوەی جیهان دەگۆڕێت و ئاوڕێکی گەورە بە ساختومانی بیرکردنەوەی سیاسی جیهان دەدات و مافێک بۆ ڕەوتی کەمینە دەسازێنێت چۆن دەهێنرێتە ناو پانتایی بیرکردنەوەی شانۆی کوردییەوە.

ئەگەر لێرەدا ساتێک بگەڕێینەوە سەر بیرکردنەوەی دکتۆر سەردار، بۆ خوێندنەوەی کەسێتی کورد و شانۆ، کاتێک دەڵێ کورد مرۆڤێکە بە جیا لە مرۆڤەکانی جیهان جۆرێک لە نواندنی تایبەت بە خودی خۆیان هەیە، پەی بەو هەقیقەتە دەبەین کە کورد لە جیهان لە لایێک وەک میللەتێک و لە لایێکی دیش وەک مرۆڤ، دۆخێکی تایبەتیان هەیە کە لە هیچ میللەت و مرۆڤێکی دی ناچن.

تاقانەیی کورد لە جیهان وەک میللەتێکی دابەشکراوی لەت لەتکراو ناوازەییەکی ئەوتۆی پێبەخشیووە کە دەبێ زۆر بە دیقەت و ووردی بۆ هەموو کردارێکی بەخۆداچوونەوە و بنیادنان لەو ڕوانینە دوور بکەوینەوە کە تا ئیستا پێگە و کەسێتی ئەویان خوڵقاندووە.

ئەرکی هونەر و ئەدەب بە گشتی لێرەدا دژوارە و بەرپرسیاری گۆڕینی ئەو کارەکتەرەیان لە ئەستۆ گرتووە کە تا ئەمڕۆ لە جیهان دا سیما و ئەدگارێکی نەرێنی دیاری هەبووە بەرەو سیما و ئەدگارێکی دی کە دەشێ لە ئیستادا نادیاربێ و لە داهاتوودا بەرەو گۆڕان و دامەزراندن هەنگاو بنێ و باوەش بۆ دۆخێکی ئەرێنی واڵا بکات.

دکتۆر سەردار دەڵێت”کارەکتەر زاراوەیێکە لە درامادا هەیە، کارەکتەر ئەو مۆرکە دەگرێتەوە گوزارشت لە کۆمەڵایێتی بوونی کەسایەتی دەکاتەوە

واتە کەسایێتی لەناو کردارە کۆمەڵایێتییەکان دا تۆڕێکی چالاکی کارلێکردنی هەنوکەیی و ئایندەییە بەشێوەیێکی ڕاستەقینە و چاوەڕوانکراو لەگەڵ هەمان ئەو جیهانەی کە دەروون پێکدەهێنێت.

ئەگەر سیمای سەرەکی کەسایێتی بریتی بێت لە کارلێکردن، ئەوا لەسەر هەردوو ئاستی دەروونی و کۆمەڵایێتی دروست دێتەوە و کارەکتەر یاوەخوود کەسایێتی لەو دەمەی بە کارێک هەڵدەستێت کارلێکیش دەخوڵقێنێت.

لێرەوە دەکرێ دیاریکردنی دەقێکی وەک دوژمنی گەل، کە هەڵگری کارەکتەرێکی پاڵەوانئامێزی خاوەن دید و ڕوانینە ڕواوڕووی ئەو کارلێکە گەورەیەمان بکاتەوە کە لە دەروونی کۆمەڵگەدا بەجێیدەهێڵێت.

 لەناو ئەو جووڵە و کارەی دکتۆر ستۆکمانەوە لە مرۆڤێکی ئەرێنی و دۆزەرەوەوە کە دەردێک دیاریدەکات و پەنجە دەخاتە سەر زامەکان لەناو ناسازگاری بیرکردنەوەی ئەوانی دی دا شکست دەهێنێ و وەک باڵندەیێکی پەلوباڵ شکاو بە هێواشی بەرەوڕووی ئەو چارەنووسە دەبێتەوە کە ئەو ببێ بە دوژمنی گەل و هەموو سازگارییەکی بیرکردنەوەش دواجار بگەنە ناو ئەو بەربەستانەی کە مرۆڤێک بە تەنیا بەگژ زۆرینەیێکی ناسازگار و نا ئامادەدا بچێتەوە.

دوایین چرکەساتەکانی شانۆیی دوژمنی گەل ترسناکترین ئەو چرکەساتانەن کە دەبێ زۆر بە ووردی و ڕۆشنییەوە لەسەری ڕابوەستین.

دوژمنی گەل لەو شوێنەدا چیدی دەقێکی ئەوروپی زانراو نییە و سەروکاری لەگەڵ گرفتی حەمامەکان و پیسبوونی سەرچاوەی ئاوەکان نییە.

 بەڵکو هەموو کارکردنی ئەو دەقە لەو شوێنەدا وەردەگرین کە لەناو بیری سازگار دا چڕ دەبێتەوە. ئەگەر لەسەر پێگەی بیری سازگار ڕابوەستین، ئێمە بەر بیرکردنەوەی ڕۆشنی زەردەشت دەکەوین کە بیری سازگار بە کاری سازگارەوە دەبەستێتەوە.

هەموو کارێکی سازگاریش کارلێکێکی سازگار جێدەهێڵێت.

لێرەدا دەپرسین خودی نواندن چییە؟

 ئەکتەر چۆن دەتوانێ لەناو کار و کارلێکی کارەکتەردا بمێنێتەوە و بۆی بکرێ کارەکتەرێکی وەک دکتۆر ستۆکمان لەناو ڕووبەرێکی تاریکی ئەوروپییەوە بۆ ناو ڕووبەرێکی ڕۆشن بگوازێتەوە کە ڕووبەری دەسکارینەکراوی کوردییە.

 بە تایبەتی لەو دەمەدا کە لێکنزیکی هەردوو ڕووبەرەکە بە گواستنەوەی کەشوهەوای ئەوروپی بۆ کەشوهەوای کوردی دەدۆزینەوە و چارەنووسی کارەکتەری دکتۆر ستۆکمان لەناو چارەنووسی کارەکتەری عەبدولرەحمانی زەبیحی دەبینینەوە.

ئەگەر ئەو لێکچوونەش نەدۆزینەوە، ئەوا هەموو نیشاندانی ئەو شانۆییە لەناو رووبەری ئەندێشەسازی کوردیدا بێ کارلێک و مردوو دەمێنێتەوە.

نواندن بریتییە لە پۆشین یان لاساییکردنەوەی کەسێکی تر بەدەر لە خودی ئەکتەر، لێرەدا هەموو لاساییکردنەوەیێک جۆرێکە لە دروستکردنی گەمە.

واتە لە شوێنێک گەمە بۆ خۆی نواندنە و هەموو نواندنێکیش دواجار دەبێتەوە بە گەمە.

کاتێک ئێمە دەچین بۆ شانۆ هەموومان چ وەک بینەر و چ وەک ئەکتەریش لەسەر ئەوە کۆکین کە لەناو گەمەیێک هاوبەشی دەکەین و کەسێک لەناو جیهانی ئێمەوە ڕۆڵی دکتۆر ستوکمان یاری دەکات کە لە هەقیقەت دا ئەو نە دکتۆرە و نە ستۆکمانیش، بەڵکو کەسێکی دییە و هەموومان بە ناوی هەقیقی خۆیەوە دەیناسین و دوریش نییە کوڕ یان برای یەکێکمان بێت.

 ئەوەی لێرەدا دەخوڵقێت گەمەیێکە هەموومان تێیدا هاوبەشین، نووسەر و دەرهێنەر و ئەکتەرەکان پێکەوە لەناو پەیمانێکی پێش وەخت ئامادەکراودا لەگەڵ بینەردا ڕێککەوتوون لەسەر دامەزراندنی جیهانێکی گریمانەکراو.

ئیدی ئێمە بەر دوانەی هەقیقەت و ئەندێشە دەکەوین، نواندن هونەری ئەفراندنی ڕەسەنە لەسەر شانۆ. لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەکتەر ئەوەیە واقیع چییە و من چۆن دەتوانم بۆ خۆمی بکەم بە ڕاستەقینە.

ئیدی لێرەوە ئەرکی هونەری نواندن بەرجەستەکردنی وێناندنی ناو هۆشە، گەیاندنی ناوەڕۆک و سۆز و هەڵچوونە بە بینەر، ئەوەش بە نیازی دامەزراندنی پەیوەندییە سۆزدارییەکان.

مەبەستیش لەو دامەزراندنە خوڵقاندنی بیرێکی ڕۆشن و بووچونێکی ڕۆشنە کە بینەر لە درێژەی بینین و تێدا ژیانەوە لە مرۆڤێکەوە بەرەو مرۆڤێکی دی دەگۆڕێت.

ئەرکی هونەریش هەر لەوێدا کورت نابێتەوە کە بە تەنیا گەمەیێکی ئەندێشەکراو بخوڵقێنێ بەڵکو لەڕێی ئەفراندنێکی ڕەسەنەوە هەموو وێنایێکی ئەندێشەکراو بۆ خۆشی وێنایێکی بە هەقیقەتکراویشە.

سەرەتای رێگە بۆ نواندنێکی باش و ڕاستگۆ ئەوەیە کە ئەکتەر خودی خۆی بناسێت و بەکاربهێنێت. شوناسی ئەکتەر و خۆناسینی بریتییە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی هەر کارەکتەرێک کە ڕۆڵیان تیا دەبینێت.

خودی ئەکتەر هەر باشترین شتێک نییە کە بەدەستی ئەکتەرەوەیە بەڵکو هەموو شتێکە.

 بەردەوام ئەکتەر وەک تاکێکی کۆمەڵایێتی لە هەر کلتوور و شوێنێک ئەوەیە کە خۆی بەکاربهێنێت، ئەو سەرچاوانەی کە لەناو هەناوی پەروەردە و کلتووری خۆیەوە هاتوون.

 لەو شوێنەوە کە مێژووی دوێنێ و ئەمڕۆی پێکی هێناوە.

دەکرێ سەرنجی ئەوە بدەین کە دەقی شانۆیی دوژمنی گەل، بۆ ئێمەی کورد چیدی دەقێکی زیندوو نییە و لەناو ڕەفەکانی مێژوودا بە دەقێکی مردوو دەدرێتە قەڵەم.

هەر کارکردنێک بەو شێوە و هێڵانەی کە ئەپسن لەوێدا کێشاونی هیچ کەڵکێک بە دونیای ئێمە ناگەیێنێ. ئەگەر پێمان وابێ گرفتەکانی کۆمەڵگایێک لە هەر دەیەیێک دا گۆڕانگاری بەسەردا نەهاتووە ئەوا خوێندنەوەێکی دروستمان لە هۆشی خۆماندا بۆ جووڵە و کات لە شوێنی خۆی دا نییە.

لێرەدا لە خۆمان دەپرسین بۆچی شانۆکاری کورد زۆرترین کات پەنا بۆ هێنریک ئەپسن دەبات و لەناو دەقەکانی ئەویش بە تەنیا بۆ یەک دوو دەقی کە هەردوو شانۆیی “دوژمنی گەل” و شانۆیی “ماڵی بووکەشووشە” ن، لە کاتێکا ئەو نوسەرە گەلێک دەقی لەوە گرنگتری هەن و تا ئیستا کورد نایانناسێ و لەسەر تۆپی ئەو دەقانەش کە بۆ ئیستای ئێمە زیاتر دەگونجێت شانۆیی “مراوییە کێویی”ەکەیە.

دیدرۆید، دەڵێ”ئەکتەرەکان ناتوانن هەموو کارەکتەرێک یاری بکەن لەبەرئەوەی بێ کەسایێتین

ئەو دەربڕینەی دیدرۆید ڕێگەمان بۆ خۆشدەکات ئێمە بە ووردی لە کەسایێتی کورد بڕوانین، لەو مرۆڤە بکۆڵینەوە کە لە جیهان دا خۆی ناناسێت و هەمیشە لە دووی کارەکتەرێکی دی ئەندێشەکراو دەگەڕێ تا لە پشتییەوە هەقیقەتی خۆی بشارێتەوە.

 لەو شوێنەی کەسایێتی کورد لە خودی خۆی دەترسێ و ناتوانێ گەڕانی بۆ ئازادی ئاشکرا بکات، دەبێ کارەکتەرێک بدۆزێتەوە ئازابێ تا لەوێ دا ترس و بوودەڵەیی خۆی بشارێتەوە و لەناو ئەودا خۆی وەک پاڵەوانێک نیشان بدات.

دواجار ئەوە خودی نا منە، ئەوی دییە، بیری لێکراوەتەوە و ئەوی دییە کە هەڵگری بیری سازگارە و دەتوانێ لەڕێی هۆشێکی کراوەوە کۆمەڵگەیێکی سازگار بۆ خۆی بخوڵقێنێت نەک خودی من.

کاتێک لەناو ڕووبەری بیرکردنەوەی زەمینەی ئێمەدا هەموو ڕێگاکان لەسەر ئەوی دی تاقیدەکرێنەوە و خودی منی تێدا پشتگوێ خراوە، ئیدی من هەر لەناو ئەو زەمینەیەی کە منی وەک خۆم تێدا نەخوێندراوەتەوە هەر لە شوێنی خۆم و لەناو تاریکایی خۆم دەمێنمەوە.

 لەو شوێنەی کورد مرۆڤێکە بڕوای بە ئازادی ژن نییە و هەمیشە دیلی دەکات و ژن خراپترین ڕەوشی لە دونیای ئێمەدا هەیە، دەبێ کارەکتەرێک بدۆزێتەوە لەدووی ئازادی ژن بگەڕێ و هەموو نیاز و مەرامە دواکەوتووەکانی خۆی لەو دیوەوە حەشار بدات.

لە ماڵی بووکەشووشەدا ئەوەی دەرگای ماڵ دەترازێنێ و لە کۆتی خێزان و لە زیندانەکانی کۆمەڵگا دەڕواتە دەرەوە، کارەکتەری نورایە،  مرۆڤێکی ئەوروپی، ئەو نا منەی کە ئەوی دییە و دواجار بۆی دەکرێ لەدەرەوەی ماڵ لەسەر دوو پێی خۆی ئازاد و مرۆڤانە رابووەستێت و بەوپەڕی حورمەتەوە درێژە بە ژیانی بدات.

ئەو کارەکتەرەی لە شانۆیی ماڵی بووکەشووشە لە ماڵەکانی ناو زەمینەی کوردی کاتێک دەڕواتە دەرەوە، کەسێتی ژنی کورد نییە، ئەوە حەبێ یاوەخوود خەجێ نییە، دەڕواتە دەرەوە.

 ئێمە تا ئیستا بۆمان نەکراوە لەوە بکۆڵینەوە کاتێک ئەو ژنە کوردییە لە ماڵ دەڕواتە دەرەوە بۆی دەکرێ وەک خودێکی ئازاد و بە حورمەتی مرۆییەوە بمێنێتەوە، یاوەخوود دەبێ ڕوو بکاتە شەڵتەرەکان لەوێ سەرگەردان بێ و دواتر یان بکوژرێ یاوەخوود شوو بە پیاوێکی دی بکاتەوە کە دوو ژن و سێ ژنیان هەیە.

شانۆیی دوژمنی گەل و کارەکتەری دکتۆر ستۆکمان، ئەو ڕووبەرە هەڵخەڵەتێنەر و کارەکتەرە ئازا و جوامێرەیە کە شانۆکاری کورد زۆر بە سانایی دەتوانێ بیخوازێ و لە پشتی ئەوەوە ڕابوەستێت و هەموو بوودەڵەیی و ترسی خۆی تیا بشارێتەوە

شانۆیی ماڵی بووکەشووشە و کارەکتەری نوراش، هەمان ڕووبەری هەڵخەڵەتێنەری هەیە و کارەکتەرێکی نەترس کە شانۆکاری کورد بۆی دەکرێ هەموو ڕوانینی دژە ژنخوازی خۆی تیا بشارێتەوە.

با زۆر بە ڕاشکاوانە بپرسین لە دەمی نەمایشی ئەو شانۆییانەدا چ گۆڕانکارییەکی گەورەی لەناو پانتایی هوشیاری کۆمەڵگای کوردی دا گۆڕیوە؟

بەدرێژایی ژمارەی نەمایشەکانی شانۆیی ماڵی بووکەشووشە، ژمارەی ئەو کچ و ژنانەی کە دەکوژرێن بەراوورد بە ڕابردوو لە هەڵکشان و بەرزبوونەوەدان.

شانۆیی دوژمنی گەل وەک شانۆییەکی سیاسی قووڵ، تا ئیستا ئەوەی بۆ کراوە خەڵکانی کورد بە هەقیقەتی ڕاوەستانەوەی مرۆڤێکی خاوەن بیرێکی سازگار و نەترس ئاشنا بکات بەرانبەر بە زۆرینەیێکی ناسازگاری بوودەڵە، یاوەخوود بە پێچەوانەوە تا ئیستا چ پەیامی ئەو شانۆییە و چ ئەقڵی نەمایش وەک پێکهاتەیێکی هونەری باڵا لەناو ئەقڵی مرۆڤی کوردا شوێنێکی بۆ بیرکردنەوەیێکی ڕۆشن و کراوە بەرجەستە و واڵا نەکردووە.

کارەکتەری دکتۆر ستوکمان، هەمیشە کارەکتەرێک بووە لە دەرەوەی زەمینەی کەسایێتی کورد داڕێژراوە و بەردەوام وەک مرۆڤێکی ئەندێشەکراو نیشاندراوە کە عەقڵی نەمایش وەک دوایین ترۆپکی باڵای هونەر بۆی نەکراوە وەک مرۆڤێکی هەقیقی هاوتا و هاوجووتی لەناو کۆمەڵگای کوردی دا بۆ بدۆزرێتەوە.

 واتە ئەوەی بیرێکی سازگاری هەیە دکتۆر ستۆکمانە، نەک کەسایێتییەکی کورد لە نمونەی زەبیحی.

کاتێک ئێمە وەک بینەر دەچینە بینینی شانۆییەک یەکەم کارێک کە لێی دەگەڕێین دەربارەی ئەو زەمینەیەیە کە ڕووداوەکانی تێدا ڕوو دەدەن، هەر بەڕاستی ئەو زەمینەیە کوێیە؟

دواتر ئەو کارەکتەرەی کە هەڵگری کەسایێتی و ڕۆڵێکی کاریگەری هەیە بەسەر هەموومانەوە کێیە؟

هەردوو ئەو پرسیارە دەربارەی ئێرە کوێیە و ئەو کەسە کێیە، ئەو دوو پرسیارە گرنگ و قووڵەن کە لەناو هۆش و بیرکردنەوەمان کاریگەری گەورە جێدەهێڵن و دەبێت پەیوەندییان بە زەمینەی بینەر و کەسایێتی ئەوەوە ڕوون و دیاربن.

دواتر هەر ئەو نزیکی و پێگەیشتنەیە لە پرسیاری ئێرە کوێیە و ئەو کەسە کێیە، بەرەو پرسیارە گرنگەکانی دی پەلدەهاون لە نموونەی چۆن دەتوانم منیش ببمە ئەو کارەکتەرە گرنگە و چۆن بۆم دەلوێ هەڵگری بیرێکی ئاوا سازگار بم، کەی منیش وەک ئەو و لە کوێ دەتوانم هەمان جووڵە و بیرکردنەوە و هەڵوێست و بۆچوونی خۆم نیشانبدەم.

بە هەمان ڕەوتی کار و کارلێکی سەرەوە، بۆ شانۆیی ماڵی بوکەشووشەش بە هەمان شێوەیە کە شانۆکاری کورد بەردەوام نێوانێکی ڕەق و ئاسنینی لە نێوان کارەکتەری نورا و کەسایێتی بینەردا قووتکردۆتەوە کە لە دووی نەمایش هیچ بینەرێک دەروازەیێکی کراوەی ئەوتۆی بۆ واڵا نەکراوە نەک خۆی وەک نورا ببینێ بەڵکو هیچ نزیکییەکیش لەنێوان خۆی و کارەکتەری نورادا لە مێشکیا ناخوڵقێت.

ئەو دەقە شانۆییانه بەو شێوە ڕەق و مردووەی کە تا ئێستا شانۆکارانی کوڕد نەمایشیان دەکات، هەزارانجاری دی دووبارەش بکرێنەوە، بۆیان ناکرێ پنتێکی بچکۆلەش لەناو بیری کۆمەڵگەدا بخوڵقێنن و مانا و جوانی و بایەخی پڕ لە مۆڕاڵی بە ڕۆشنی بگەنە خەڵکی و گۆڕانکاڕی لە بینین و ڕوانینیان دا جێبهێڵێت.

با لێرەدا پرسیارێکی گرنگ بورووژێنین و بپرسین ئەمڕۆ کۆمەڵگەی کوردی کە ئەوپەڕی سەرپشکە لە دەست گەیشتنی بە تازەترین کەرەستە و جلوبەرگ و ژیاری ئەوی دی، ئایا وەک خودی خۆی مرۆڤێکی ئامادەی هەڵگری خاوەن خودێتی کوردانەیە یاوەخوود وەک نامنێک دەژی و لەناو جەستەی ئەوی دیدا خۆی شاردۆتەوە؟

ئێمە کاتێک دەڕوانینە ڕۆشنبیری کورد و کارەکانیان، زۆر بە سادەیی هەست بەو هەقیقەتە دەکەین کە ئەوان لە شوێنێکی دین، جەستەیان لە زەمینەیێک و ئەندێشە و بیریشیان لە زەمینەیێکی دی.

 ئەوان بە جەستە لەناو پانتایی ڕووبەری کۆمەڵگەی کوردی و لەناو خەڵکانی کوردان، بە ئەندێشەش لەبەردەم بینەرێک دا وەستاون کە بینەرێکی ئەوروپی ئامادەیە بە هەستوسۆز و بینین و بۆچوونی خۆیانەوە.

 ئەوەش بێ لە وێنایێک بۆ ڕۆشنبیر کە مرۆڤێکی نامۆیە چیدی هەڵناگرێ.

 ئەگەر بینەرێکی کوردی ووریا بە ووریاییەوە لەو کارانە بڕوانێ زۆر بەخێرایی ئەوەی لا روون دەبێتەوە کە ئەو لەبەردەم بەرهەمێکی هونەری دانیشتووە لەناو هۆڵی یەکێک لە شارەکانی ئەوروپا و گروپی شانۆکارانیش گشتییان هەڵگری هۆشێکی ئەوروپین و دواجار کە ئەو بینەرە بە ئەندێشەی ئەو شانۆییەوە دێتە دەرەوە بۆ ناو شەقام و کۆڵانەکان بەر کۆمەڵگەیێک دەکەوێ کە ئەو کۆمەڵگەیە نییە کە تۆزێک لەمەوبەر لێی بوو.

 لێرەدا ئێمە خۆمان لە هەموو ئەو وێنانەی گۆرانی بەناو هاوچەرخی کوردی و هەندێک لە فیلمەکانیش دەدزینەوە کە لەسەر کەنارەکانی زەریا و کۆشکە جوانەکانی ئێرە و ئەوێی دونیا و لەناو پۆلێک ژنی ڕووت و سەماکاردان و بەدەم خەمگینی و گریانەوە باس لە بێوەفایی یار و دووری و غوربەت و

 داماوی گەنجی کورد دەکەن، ناچارین بۆ ئیستا خۆمان لە سایکۆلۆژییەتی ماناکانیان ببوێرین.

کار و خوێندنەوەی هەموو ئەو سۆسۆلۆژیست و سایکۆلۆژیست و شاعیر و درامانووس و چیرۆکنووسانەش دەخەینە لاوە کە خەمباری و تەنگوچەڵەمەکانیان لە ژینگەییکی نامۆ و ڕووداوەکانیان لەناو کۆشک و ماڵی ڕازاوە و ماشێنی تازە و جلوبەرگی ئاڵوواڵا و مرۆڤانی

 هاوچەرخدان.

 قووڵایی ئەو ڕوانینەی سەرەوەمان دەگوازینەوە بۆ شانۆکاران کە بەشێکی گەورەی ڕۆشنبیرانی ئێمە پێکدەهێنن و ماناکانمان بەتەواوی لەوێ دا بەردەست دەکەوێ کاتێک شانۆکاران دەست بۆ دەقێکی شانۆی جیهانی دەبەن لە نموونەی مارا سادی پیتەر ڤایس و دەقەکانی چیخۆف و هەندێک لە کارەکانی ئەپسن.

شانۆکارانی ئێمە هەموو ئەندێشەیان لەناو جیهانی ئەوروپا و خەم و گرفتەکانی ئەوێ دا گیریان خواردووە و لەگەڵ بینەرێکی پڕ و سەرشار بە بینین و تێڕامان سەرقاڵن، بێئاگا لەوەی کە نە سلێمانی لەندەنە و نە هەولێریش پاریس.

نە خەڵکانی سلێمانی لە ئاستی ژیان و خۆشگوزەرانی خەڵکانی لەندەنن و نە خەڵکانی هەولێریش وەک پاریسییەکان لەبەردەم کۆشک و شەقامە پاکوخاوێن و ڕازەوەکانی پاریسدان و لەناو سیستەمێکی حوکومرانی دیموکراسی و کراوەدان.

کاتێک ئێمە بۆ نموونە لە شانۆیی دوژمنی گەل و ماڵی بووکەشووشەی ئەپسن دا کار دەکەین، کە دوو شانۆیی گشتگیر و پڕن بە ڕووداو و ژیان، چیدی ئەپسن بۆ خۆی لەوێ نییە و ڕۆیشتووە و شانۆییەکانی پڕ بە ژیان و مانا و قووڵایی بۆ جیهانی دوای خۆی بەجێهێشتووە.

 هەر کات ئێمە دەست بۆ شانۆیی ماڵی بووکەشووشە دەبەین دەڕوانین، خێزانێک و گرفتێکی گەورە لەوێ دا ئامادەیە و تا ئەو شوێنەش کە کارەکتەری نورا لە ماڵ ڕادەکات و دەرگا بە رووی هەمووان دا دادەخاتەوە، ئیدی شتێک جێنەماوە ئەپسن بە ئێمەی بڵێ.

ئەو زۆر بە ڕوونی بە ئێمەی گووت پێگەی خێزان و گەرموگوڕی ماڵ بەبێ ژن نە ژیانی تیایە نە مانا، ئەو بە ئێمەی گووت ژن هەر کات لە ماڵیش بچێتەدەر هەر ئەو مرۆڤە بەهێزەیە کە چۆن لەناو چوار چێوەی خێزان و ماڵ پاڵەوانێکی پتەوە لە دەرەوەش لەناو چوارچێوەی کۆمەڵگەدا هەر ئەو پاڵەوانە بەهێزەیە و ناڕوخێت و بەو جۆرە دەمێنێتەوە.

ئەپسن زۆر بە ڕوونی و بە هیچ جۆرێک بە ئێمە ناڵێ با خێزان هەڵوەشێتەوە و ژنەکان ماڵەکان بەجێبێڵن، بەڵکو دیار و نیشانی ئەوە دەکات ژن دەبێ لەناو خێزان و کۆمەڵگادا بێ و شوێنی ئەو بەبێ نەبوون و ئامادەیی ئەو خاڵی و بێ مانایە.

هەر هەمان دیدیش بۆ خێزان و پتەوی خێزان، لە شانۆیی دوژمنی گەل دا ڕوون و دیارە، ئەوەتا لە کۆتایی دا دکتۆر ستۆکمان کاتێک هەموو دونیا لێی دەتەکێتەوە هەم ژن و کچ و کوڕەکانی لە پشتی وەستاون و بەو کۆتاییە دەگەین کە پاڵەوانێکی وەک ستۆکمان هێشتا لە خێزان ڕووتنەکراوەتەوە و ئێمە لەبەردەم مرۆڤێکی تەنیادا نین بەڵکو لەبەردەم خێزانێکی تەنیاداین کە بەوپەڕی پتەوی بەرانبەر جیهان دەوەستێتەوە.

ئەپسن یەکێکە لەو نووسەرە گرنگانەی کە هەڵگری بیرێکی ڕۆشن و پڕ بایەخی ئەوتۆیە کاتێک جەخت لە بیری سازگار دەکاتەوە دەیەوێ هەنگاویش بۆ خوڵقاندنی خێزانێکی پەروەردەکراوی پتەویش بنێ وەک خێزانێکی سازگار.

ئێمە ئیدی لەناو کار و بیرکردنەوەی ئەپسن دەبێ ڕێگەیێک بدۆزینەوە بەرەو دۆزینەوەی کۆمەڵگەیێکی سازگاری کوردی و ئەو مرۆڤەی لەوێ دا دەژی و کۆشکێک بۆ سازگارکردنی جیهانی خۆمان هەڵبچنین.

ئایا ئەو دیدە بۆ شانۆییەکانی ئەپسن لای شانۆکارانی کورد ئامادەیە، ئەگەر ئامادەیە تا کوێ چاوەڕێیان بکەین بۆ ئەوەی بیری سازگار و مرۆڤی سازگار و خێزانی سازگار لێرەش ئامادەبن؟

ئەوەی لای ئێمە شوێنی پرسیارە دیدی هێنریک ئەپسنە بۆ ڕەوتی کۆمەڵگە و داهاتووی کۆمەڵگە، ئەو باسی دیدی شانۆ و گەڕانی شانۆمان بۆ ناکات و پێشمان ناڵێ چۆن شانۆ بکەین. ئێمە کاتێک لەناو دەقەکانی ئەو هەڵوێستەیێک دەکەین بە نیازی ئەوە ڕادەوەستین لەگەڵ پیاوێکی ئاقڵ دا ڕابوەستین و بیر بکەینەوە و لەگەڵی بکەوینە گفتوگۆ. گفتوگۆیێک دەربارەی مرۆڤ و مرۆڤێکی سازگار بدۆزینەوە.

 دەبێ بە دوو دەست لەناو بیری ڕۆشنی ئەو دا بین و هەردوو قاچیشمان لەسەر زەمینەی خۆمان گیر بکەین.

چونکە ئەوەی مرۆڤ ڕاگیر دەکات و دەهێڵێتەوە قاچەکانێتی و مرۆڤ بە دەستەکانی هەموو شتێک  دەخوازێ لەپێناوی ڕاگیرکردنی جەستەی خۆی دا.

لێرەوە لە چارەنووسی کارەکتەری نورا دەکۆڵینەوە، لەو شوێنەوە کە لە ماڵ دێتەدەر و تەماشای دەکەین بزانین ئەو ڕوو لە کوێ دەکات و بە نیازە چی بکات؟

هەڵبەت سەرەتا دەبێ لە نورا بڕوانین لەناو کۆمەڵگەی ئەوروپی دا بەرەو کوێ مل دەنێ، ئەودەم بیر لەوە بکەینەوە چۆن لەگەڵ نورادا کار بکەین کە لە کۆمەڵگەی کوردی دا بەرەو کوێ دەچێت.

 راستە ئەو وەک مرۆڤێکی تەنیا لە ماڵ هاتەدەر، بەڵام کارەکتەرێک بوو کە لەناو ڕابردووی خۆی دا پاڵەوانێکی بیرکەرەوە و خاوەن پێگەی هێز و ئەقڵ و توانای ململانێشی هەبوو.

 ئیدی دڵنیاین کە مرۆڤێکی ئاقڵی خاوەن هێز لەناو ڕابردوویێکی دروست دا ناکرێ و مەحاڵە بەرەو داهاتوویێکی ڕۆشن و کاریگەر، لەسەر ڕەوتی بیرکردنەوەی تاریک و پڕ بە ڕوانینی دواکەوتووی ئەودەمی کۆمەڵگەکەی هەنگاو هەڵنەگرێ.

هەمیشە لەناو ڕێگە داخراوەکان دا تەنیا مرۆڤێکی بەهێزی کاریگەر لەڕێی بیرکردنەوەیێکی سازگارەوە دەتوانێ ڕێگەی ئازادی بدۆزێتەوە و دواجار هەموو بەربەستەکانی ناو زەمینەکەی خۆی بە دروستی و سازگاری بیرکردنەوە تێکبشکێنێت.

رزگاری ژن لە ئەوروپادا لەڕێی عەقڵی پیاوەوە دەروازەی بۆ واڵاکرا و هەر ئەویش بوو لە پشتی ژنەوە ئامادەبوو، واتە نورایێکی سازگار بە پاڵپشتی ئەپسنێکی سازگار دەربازی بوو.

تاقە نورایێک بوو بە هۆی لە دایکبوونی هەزاران نورا و ئەمڕۆ ژنی ئەوروپی لەبەرهەمی ڕەنج و تێکۆشان و لەماڵ هاتنەدەرەوەی تاقە نورایێکەوە خاوەنی حورمەت و ئازادی ڕەهای خۆیەتی و هێشتاش لە چوون بەرەو ئازادی و دۆزینەوەی مرۆڤی سازگار کۆڵی نەداوە.

لە کاتێکا کە نورا دەروازەی ماڵ دەترازێنێ و دێتەدەرەوە ڕۆژگاری ئەوروپا نەک تاقە پەناگەیێکی پڕ لە دڵنیایی بۆ ژن نەبوو بەڵکو لەژێر هەڕەشە و زەبری پیاوانی ئایین دەیناڵاند.

 بەڵام کاتێک نورا لە ماڵ هاتەدەرەوە و چوارچێوەکانی خێزانێک هەڵدەوەشێنێت بە نیازی تێکشکانی پێگەی خێزان و هەڵوەشانەوەی چوارچێوەی خێزان ڕێگە نابڕێت.

 ئەو لە ماڵێک دێتەدەرەوە کە مرۆڤی تیا نییە و ڕێز لە ژن ناگرێت وەک مرۆڤ و هەوڵی دامەزراندنی ماڵێک دەدات مرۆڤی تیا بێت.

 نورا گەڕانی تاقە مرۆڤێکی بەهێزە بۆ مانابەخشین بە مرۆڤێکی سازگاری ئامادە بۆ ژیانێکی سازگار.

ئەگەر کۆمەڵگەیێک لەسەر ڕێزی تەواو بۆ مرۆڤ دانەمەزرێت هەرگیز بۆی ناکرێ خێزانێکی ئازاد و خاوەن حورمەتی مرۆیی بنیاد بنێ.

 نورا کاتێک لە ماڵ دێتەدەرەوە دڵنیایە لەوەی ماڵێک لەناو تاریکی و مرۆڤێک لەناو تاریکی دواجار بەرەو پووکانەوە دەڕوات.

نورا وەک مرۆڤێکی ڕۆشن دێتەدەرەوە و هەر مرۆڤی ڕۆشنیش بۆی دەکرێ شار بخوڵقێنێت و هەڵگری ئەقڵی شار بێت.

 ئەپسن ئەو ئەقڵە کراوە و ڕۆشنەیە کە لە ڕۆژگاری خۆی دا دەبێت بە باوکی مرۆڤی سازگار و ڕێگەش بۆ دروستبوونی خێزانی سازگار و  شاری سازگار دەکێشێت.  

ئایا شانۆکاری کورد بۆچی ڕوو دەکاتە شانۆییەکانی ئەپسن، بە کوێی ئەپسن سەرسامە؟

با لە شانۆکاری کورد بڕوانین کە چۆن ئەو بە درێژایی سی ساڵی ڕابردووی ئێمە لەناو کۆمەڵێک تیئۆرەی مردووی شانۆ گیری خواردووە کە بۆ جارێکیش لە خۆی ناپرسێ کە هەر تیئۆرەیک بۆ زەمینەی خۆی ڕەوایە و لە شوێنی خۆی دا دەتوانێ ژیان بگۆڕێت.

 ئێوە تا ئیستا شانۆکارێکتان بینی لە کۆمەڵگەی کوردی و شوێنی بیرکردنەوە لەو کۆمەڵگەیەدا بپرسێتەوە.

 ئەو هیچ کات بیری له مرۆڤی کورد و خێزانی کورد کردەوە کە لەبەردەم چ گرفت و تەنگژەیەکدا دەژین.

لێرەدا زۆر بەڕوونی دەبینین گواستنەوەی دەقێک بەو شێوەی خۆی و بیرلێنەکراوە بۆ زەمینەی خۆت چ ماڵوێرانیێک جێدەهێڵێت.

شانۆکاری کورد چونکە هەڵگری ڕۆحێکی تاریک و ئەقڵێکی تاریکە لەسەر دیالۆگ و پرسیار دانەمەزراوە هەمیشە هەر ڕەخنەیێک بەرەو ڕووی دەبێتەوە بە پەلامار بۆ خودی خۆی دەبینێت.

با پرسین ئەو ئەقڵە سازگارە کێیە کە لە کۆمەڵگەی کوردیی دا دەتوانێ دەرگا بۆ ژنێکی هوشیار بکاتەوە و لە پێگەی خێزانێکی دەردەداری بهێنێتە دەرەوە و حورمەت و ئازادی پێببەخشێت تا دواجار بتوانێ خێزانێکی پتەو دروستبکاتەوە.

ئەمڕۆ بە هەزاران ژن لە ماڵەکانیان ڕا دەکەن و بەدوای ئازادیی دا دەگەڕێن.

ئەوان کۆمەڵێک ژنی سازگار نین کە بۆیان بکرێ ماڵێکی دی لەسەر پێگەی ئازادی و خێزانێکی سازگاری پڕ لە ئازادی بنیادبنێنەوە.

ئەوان لە شوێنێک لە ئازادی دەگەڕێن و پەنا بۆ شوێنێکی دی دەبەنەوە کە جارێکی دی نەهامەتی و دەردەرییەکی گەورەتریان دێتە ڕێگە.

 ئێمە ئەمڕۆ مرۆڤێکی سازگارمان نەخوڵقاندووە کە بۆی بلوێ خێزانێکی سازگار و دواجار شارێکی سازگار بخوڵقێنن.

دەق لەسەر بیرکردنەوە دەخوڵقێت وبیرکردنەوەش دەرگا بۆ هەزاران پرسیار دەکاتەوە و پرسیاریش ڕۆحێکی کراوە و   مرۆڤێکی رەخنەگر و ئامادە بۆ ڕۆحی ڕەخنە دەخوڵقێنێت.

شانۆکارانی ئێمە کە دەبێ گەورەترین ڕۆشنبیرەکانی ئێمە بن  و بەدووی گەڕان و شیکار و لێپرسینەوەدا بگەڕێن بۆ خۆیان کۆمەڵێک ڕۆحی لاسایی کەرەوەی تاریکن کە هەموو پرسیارێک دەکوژن.

کاتێک شانۆیی ماڵی بووکەشووشە گەڕانە لە دووی مرۆڤی سازگار، ئەی هێنریک ئەپسن لە شانۆیی دوژمنی گەل دا لە چی دەگەڕێت؟

ئێمە دڵنیاین لەوەی کە هێنریک ئەپسن پیاوێکی بیرکەرەوەی گەورەیە و هەڵگری مێشکێکە هەموو جیهانی لەسەر دامەزراوە و هونەری شانۆش بۆی بووە بە دەست و قاچەکانی و ئەمڕۆ ئەپسن بە یەکێک لەو بیریارە هۆشمەندانە دەژمێرێت کە دەروازەیان بۆ ژیاری و ڕۆحی دیموکراسی جیهان واڵاکردووە.

ئەو لە شانۆیی بووکەشووشەدا وێنای مرۆڤێکی سازگاری لە ئەقڵ و جەستەی ژنێکا بۆ کێشاوین کە چۆن دەکرێ لەڕێی ئەو مرۆڤە سازگارەوە شارێکی سازگار و ڕۆحێکی سازگاری شار بخوڵقێت. ئەپسن گومانی لەوە نییە کە شار بەرلەوەی لەسەر دەستی پیاو دروستببێت، دەبێ ژن بە جەستە و ڕۆحێکی کراوە و مەزنەوە لەوێ ئامادەبێت، ئەوەش مانای ئەوە دەدات کە شار لەسەر پێگەی ئازادی ژن دەخوڵقێت.

لێرەوە دەگەڕێینەوە بۆ شانۆیی دوژمنی گەل و دەپرسین بۆچی دکتۆر ستوکمان لە دواجاردا دەبێتە دوژمنی گەل.

سەرەتا دکتۆر ستۆکمان ئەوە دەدۆزێتەوە کە سەرچاوەی ئاوی حەمامەکانی شار لیخن بوون. لیخنبوونی سەرچاوەی ئاوی حەمامەکان واتە بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئابووری بۆ پاکژکردنەوە. ئەو پاکژکردنەوەیەش پێویستی بە کات و پارەیێکی زۆر هەیە، بۆ ئەنجامدانی ئەوەش دەبێ سەرەتا بەگژ بیری ڕامیاری بەڕێوەبەرانی شاردا بچێتەوە.

شەڕی تاکە مرۆڤێکی زانستخواز بەگژ هەمووان دا.

ئەو درک بەوە دەکات ئەگەر شار بەو ژینگە لیخنەی خۆیەوە بەردەوام بێت دەبێتە سەرچاوەی بۆگەنی و بۆگەنیش لەناو ژینگەیێکی ئاوادا دەبێتە هۆی کوشتنی پێگەی مرۆڤ و  دواجار مرۆڤێکی بێ ڕۆح و بێ بیرکردنەوە جێدەمێنێت.

مرۆڤێکی بێ ئەقڵ و بیریش ووردە ووردە شار لە ژینگەیێکی خاوێنەوە دەگۆڕێت بۆ گوندێکی بچکۆلە.

شەڕی دکتۆر ستۆکمان، کە کارەکتەرێکی گرنگی ناو بیرکردنەوەی هێنریک ئەپسنە بەرلەوەی ڕاوەستانەوەی مرۆڤێکی سازگار بێ دژ بە زۆرینەیێکی ناسازگار، ڕاوەستانەوەی  مرۆڤێکی شارنشینیشە دژ بە ئەقڵی  مرۆڤی گوندنشین.

شەڕی ئەقڵ و بیرکردنەوە بەرانبەر داخران و بچوکبوونەوە.

ئەو هەر لە سەرەتای هەنگاوەکانی درک بەوە دەکات کە بۆ لە دایکبوونی ژینگەیێکی خاوێن پێوستیت بە زانست هەیە. زانست و ئابووری دوو پێداویستی گرنگن بۆ لە دایکبوونی مرۆڤ.

مرۆڤی سازگاریش دەتوانێ خێزانێکی سازگار دروستبکات و ئەو خێزانەش بە تەنیا بۆی دەکرێ تۆوێیکی خاوێن بۆ دروستبوونی شار و ڕۆحی شار بڕێژێت.

ئەگەر شانۆکاری کورد لەو بیرکردنەوە گرنگەوە بیرکردنەوەی ئەپسن بۆ ئێمە بگوازنەوە کە کۆمەڵگەی کوردی بەر لە هەموو شتێک دەبێ پێیەکی لەناو زانست بێ و هەموو سەرچاوەکانی ئابووریش بخەنە خزمەتی زانستەوە بۆ ئەوەی مرۆڤێکی ناوازەی خاوەن پێگەی ئازادی بێتە دەرەوە، ئەوا بێگومان ئەمڕۆ ئێمە لە شوێنێکی دی دەبووین و لەناو جەرگەی شانۆی کوردییەوە گوتاری مرۆڤسازی گەورە و گرنگ دەهاتەدەرەوە.

ئەمڕۆ شانۆکارانی کورد بەبێ ئەوەی بەخۆیان بزانن تەنیا لاساییەکی کوێرانەی کۆمەڵێک شانۆیی نەخوێنراوە و خوازراوی بێگیانی دوورە زەمینە دەکەنەوە و ئەو لاساییکردنەوەیێش کارلێکی پێچەوانەی لێ کەوتۆتەوە، هەر وەک بە دوو چاوی خۆمان دەبینین لەجێی ئەوەی گەڕانەکانمان بۆ لەدایکبوونی مرۆڤێکی سازگار بێ کە چۆن لە شانۆیی ماڵی بووکەشووشە کارەکتەری نورا فێری کردین، لەجێی ئەوەی بۆ خوڵقاندنی خێزانێکی سازگار بێ کە چۆن دکتۆر ستۆکمان نیشانی داین، مرۆڤێکی ناسەخڵەم و خۆپەرست و بچکۆلەمان هێناوەتە گۆڕێ.

شانۆکاری کورد لەڕێی تێنەگەیشتن و خراپ شیکردنەوەی کۆدەکانی هێنریک ئەپسن کۆمەڵگەی کوردییان بۆ مرۆڤە ناسازگارەکان جێهێشتووە و بوونەتە هێزێک لە پشتی ئەوانەوە ڕاوەستاون.

هیچ جێی گومان نییە ئەو جیهانەی کە هەردوو کارەکتەری نورا و دکتۆر ستۆکمان بەگژیا دەچنەوە، لە جیهانی ئێمەدا هەر بە گۆشت و خوێنەوە لێرەن و هەناسەدەدەن و لە شارەکانی ئێمەدا سەروەرن و بوون بە هۆکاری ئەوەی شارەکانمان هەر هێندەی گوندێکیان لێ بمێنێتەوە و ڕۆژانە بە بەرچاوی جیهانەوە دەست بنێنە ئەوکی مرۆڤانی کوردەوە.

شانۆکاری کورد ئەمڕۆ لە جێی ئەوەی لەناو لابۆرە گەورەکانی شیکار و لێپێچینەوە و خوێندنەوەدابن و کۆمەڵگەی کوردی لێکهەڵبوەشێنن و ڕاڤەی بکەن، هەموویان لەناو چایخانەکان کۆبوونەتەوە و وەک گشتێک لەناو یێکا تۆپەڵبوون.

 ئەقڵی تۆپەڵبووش کە لەناو چایخانەوە هەڵدەقووڵێت پێمان دەڵێ گوند و چایخانە دوانەیێکی لێکجیانەکراوەن و هیچکات بۆیان ناکرێ ببنە خاوەنی دیدی قووڵ و زانستی.

لێرەدا جارێکی دی دەگەڕێینەوە سەر بیرکردنەوەی عەبدولرەحمانی زەبیحی و بە ووردی لێی دەڕوانین کە ئەو لەو ڕۆژگارەدا دەڵێ:

 “دەبێ سەرەتا کۆمەڵگەی کوردی ئامادە بکەین بۆ ئەوەی مرۆڤێکی هوشیار و زانستخوازمان هەبێت.

هەر کاتێکیش توانیمان ئەو مرۆڤە ئامادە بکەین ئەودەم هێزی ئەو مرۆڤانە دەتوانن شۆرش بۆ ئازادی خۆیان بەرپا بکەن

 ئەوەش پێداگیری زەبیحییە لە هێزی زانست بە هاوجووتی لەگەڵ هێزی ئابووری.

ئەو مرۆڤانە دواجار بەبێ هێزی زانست و ئابووری بۆیان ناکرێ شۆرش و ئازادی بخوڵقێنن و شار دروستبکەن کە شار هێزی بیرکردنەوە و دامەزراندنە.

واتە مرۆڤی هوشیار بە بیرکردنەوەی دروست شار و ژیاری دەهێننە بوون.

من بۆ خودی خۆم لە درێژەی سی ساڵی کاری خۆم لەسەر پڕۆژەی چیرۆک، پێم وابوو چیرۆک ئەو ژانرە گرنگەیە بۆ ڕۆشنبیرانی کورد کە لە نێوانی ڕۆحی ڕۆمان و ڕۆحی شانۆ وەک هێڵێکی ناوەند و نزیک درێژ دەبێتەوە و بۆی دەکرێ بۆ خوێندنەوەی کۆمەڵگەی کوردی بە پاڵپشتی زانستەکانی سۆسۆلۆژی و سایکۆلۆژی کە دوو دەروازەی گرنگی زانستین کۆمەڵگەی کوردی بە تەواوی بخوێنێتەوە.

 لە هەر چوار کۆمەڵە چیرۆکی”سەرگەردانییەکانی پیاوێک” ” نیگایێک پڕ لە گرفتاری” “سلێمانییەکان” ” هەتا هەم چیرۆک دەگێڕمەوە

زۆر بە قووڵی و بەتەواوی مانای زانستی دەربارەی مرۆڤی ناسازگار و خێزانی ناسازگار و کۆمەڵگەی ناسازگار دواووم و پەنجەم خستوونەتە سەر ئەوەی کە ئێمە خاوەنی شارنین و شار و ڕۆحی شار لە جیهانی ئێمەدا ناخوڵقێن.

لە کۆتایی دا ئەوەی لەبەردەستی ئێمەیە شانۆکاری کورد لە درێژەی کارکردنی هەڵەی خۆیدا کە خوێندنەوەی دروستی بۆ پێگەی مرۆڤ و کۆمەڵگەی کوردی نەبووە چ تاریکستانێکی خوڵقاندووە:

با بڕوانینە پێگەی ژن؛ سەرباری هەموو ئەو زانکۆ و ڕێکخراوی ژنان و پەناگەی ئافرەتانەی هەمانە، ئەمڕۆ ژن لە خراپترین ڕەوشی ژیاندا دەژی و خاڵی و چۆراوەیە لە هێزی مرۆڤبوون و کارەکتەرێکی بوودەڵە و بێدەرەتانن.

 ئەو مرۆڤانەش کە لە پشتی ماڵەکانی پەنادانەوە خۆیان شاردۆتەوە هەر وەکو شانۆکاران خاڵین لە خوێندنەوەی ماناکانی پێگەی ژن و ماناکانی گەورەیی ژن.

پێگەی خێزان؛ سەرباری ئەوەی کە دونیای کوردی ساڵانی شەستەکان و پێشی هەفتاکان نییە کەچی هێشتا خێزانی ئێمە ترسناکترین شوێنە بۆ پەروەردەکردنی منداڵان و بۆی ناکرێ نەوەیێکی دروست و سازگار لەوێوە بێتە دەرێ.

ئەوانەی بەناوی پەروەردە و مانا قووڵەکانی پەروەردەوە لە پشتی پرۆسەی پەروەردەییەوە لەناو قوتابخانە و زانکۆکانی ئێمەدا خۆیان حەشارداوە بە هەمان ئەقڵ و بیرکردنەوەی شانۆکاران لەناو چایخانەکان و باڕەکانی خواردنەوە مەست و بێئاگا خەریکی خەونبینن و چاوەڕوانی ئەفسوون و جادوون کۆمەڵگەیان بۆ بگۆڕێت.

ژینگەی کوردی؛ ئەمڕۆ بە چاوێکی خێرا و بێماندوبوون زۆر سادە بۆمان دەکرێ پەی بەو هەقیقەتە ببەین کە ژینگەی کوردی وەک دارستانێکی لێهاتووە و مرۆڤ بە ئاشکرا لە مرۆڤەکانی هاوسێ و هاوزمانەکانی خۆی دەترسێ.

 ئەوانەی دەربارەی ڕۆحی دەروون و گرنگی مێشک و بیرکردنەوە بەناوی زانستە گرنگەکانی کۆمەڵناسی و مرۆڤناسییەوە خۆیان شاردۆتەوە بە هەمان شێوەی شانۆکاران بێئاگا و هاوبەشن لەگەڵ مرۆڤە سیاسییەکان و دەستیان بۆ درێژکردوون و هێز و ووزەی داخانکردنی مرۆڤیان پێدەدەن.

ئەمڕۆ لەناو شەقامی کوردیی دا ڕۆژانە دەیان ڕووداو و ئاماژەی قووڵمان دێتە ڕێ کە نیشانمان دەدەن ئێمە لەناو کۆمەڵێک شاری ترسناک دا دەژین کە بێ لە گوندێکی بچکۆلە شتێکی دی نین.

من لێرەدا ئاماژە بەو ڕووداوە گرنگە دەکەم کە لە شاری هەولێر لەو پیاوە ڕووی دا کە بە سێ کەس کیژۆڵە بچکۆلەکەیان ئەتک کردبوو.

ئەو ڕووداوە ئەگەر چی دواجار بە سیاسی کرا، بەڵام دەبێ بپرسین بۆچی ڕووداوێکی وا گەورەی مۆڕاڵی گرنگ بە سیاسی دەکرێ؟

بە سیاسی کردنی ڕوداووێکی لەو جۆرە کتومت ئەو خوێندنەوەی ئێمە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئێمە لەبەردەم ئەو جۆرانەداین لە مرۆڤ کە بە مرۆڤانی ناسازگار دەدرێنە قەڵەم و ئەوێ ڕۆژێ هەردوو کارەکتەری نورا و دکتۆر ستۆکمانیش لە دژی ڕاپەڕین و شۆرشیان بەرپاکرد.

شانۆکاری ئێمە بە ئەقڵی ڕەقهەڵاتووی خۆیانەوە ناتوانن لەناو چایخانەکانەوە نیشان و مانا قووڵەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی و ڕوداووێکی وا گرنگبخوێننەوە.

دواجار ئەو پیاوە بۆ خۆی دکتۆر ستوکمانێکی هەقیقییە و بەگژ نادادی و لیخنی سەرچاوەکانی ژیان دا هاتۆتە دەرەوە

لە کۆمەڵگەی کوردی دا کاتێک کیژۆڵەیێک ئەتک دەکرێ، لە کۆتاییدا دەبێ بشارێتەوە و بە دزییەوە سەرنگوم بکرێ یاوەخوود بە ئاشکرا و بۆ شۆردنەوەی پەڵەی شەرەفی مرۆڤی کورد بکوژرێت.

کەچی باوکێک بە هوشیارییەکی کراوەوە و لەجێی شانۆکار و کۆی رۆشنبیرانی ئێمە لەناو ئەو شارانەی کە چیدی خاڵین لە مرۆڤی باڵا و سازگار، بۆ یێکەمینجار کیژۆڵەیێکی خوێناوی دەهێنێت و هەردوو پێکەوە بەوپەڕی بریندارییەوە بەرانبەر بە هەموو جیهان ڕادەوەستنەوە و هەموو مرۆڤایێتی ئێمە دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەو ڕوداووە ناوازە و گرنگە و تازەش بە کۆمەڵگەی کوردییە، بۆ یێکەمینجار بە ئێمە دەڵێ ئەو پێگە گرنگەی کە ناوی شاری سازگارە و دەبێ پڕی خێزانی سازگار و مرۆڤی سازگار بێ لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا هەرگیز دروستنابێ. ئەگەریش دروستبێت ئەوا لەڕێی خوێندنەوە و شیکاری ڕۆشنبیرانی  کوردەوە دروستنابێ و بە هاوکاری و کۆششی ئەوان هیچکات دەرگایێک لەسەر شاری سازگار و جیهانێکی سازگار ناکرێتەوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

You may also like